02:21 - 28/09/2020
پەیوەندیەكانی ئەمریكا و عێراق لە دۆخێكی نائاساییدا
پەیوەندیەكانی ئەمریكا و عێراق بەدۆخێكی نائاساییدا تێدەپەڕێت، بەغداد داوای هێوركردنەوە لە تاران دەكات، میدیاكانی عێراقیش دەڵێن ئەگەر ئەمریكا باڵیۆزخانەكەی دابخات هاوكاریە سەربازیەكانی بۆ عێراق دەوەستێنێت.
ئەمریكا باڵیۆزخانەكەی لە بەغداد دادەخات
رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریكی بڵاویكردەوە، بەهۆی زیادبوونی هێرشی سەر هێزەكانی ئەمەریكا، واشنتۆن هەڕەشەی داخستنی باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا دەكات و رەنگە ماوەی داخستنەكەی 90 رۆژ بخایەنێت.
رۆژنامە ئەمریكیەكە لەزاری بەرپرسێكی باڵای نووسینگەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە بڵاویكردەوە كازمی لەڕێگەی چەند وڵاتێكی ئەوروپییەوە سەرقاڵی لۆبی كردنە بۆ ئەوەی ئەمریكا لە بڕیاری داخستنی باڵیۆزخانەكەی پاشگەز بێتەوە، و سێ وڵاتی ئەوروپیش ئامادەن دوای كشانەوەی ئەمریكاش باڵیۆزخانەكانیان لە بەغداد بهێڵنەوە
بەپێی زانیاری میدیا عێراقیەكانیش پێشتر مایك پۆمپێیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ چەند سەركردەیەكی عێراق هەڕەشەی داخستنی باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە عێراق كردووە، ئەگەر حكومەتی عێراق رێگری لە هێرشە مووشەكییەكان نەكات.
باڵیۆزی ئەمریكا لە هەولێرە
ماڵپەری " صوت العراق" بڵاویكردەوە ماسیو تولر باڵیۆزی ئەمریكا لەعێراق شاری بەغدادی جێهێشتووە و لەئێستادا لە كونسوڵخانەی وڵاتەكەیەتی لەشاری هەولێر.
كەناڵی " العربیە" لە چەند سەرچاوەیەكی ئەمریكیەوە بڵاویكردەوە كە" زانیاریان هەیە پلانی ئەوە هەیە هێرش بكرێتە سەر باڵیۆزخانەكە و كارمەندانی ناو باڵەخانەكە بە بارمتە بگیردرێن"
15 باڵیۆزخانەی تر دەكشێنەوە
كەناڵی دجلە بڵاویكردەوە 15 باڵیۆزخانەی تر لە بەغداد دەچنە پاڵ بڕیاری باڵیۆزخانەی ئەمریكا و باڵەخانەكانیان لەشاری بەغداد دادەخەن.
زیانەكانی كشانەوەی ئەمریكا
كەناڵی دجلە دەڵێت ئەگەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەعێراق دابخرێت ئەوە هاوكاری سەربازی ئەمریكی بۆ عێراق دەوەستێت و سزای ئابوریش بەسەر بانكی ناوەندی عێراقدا دەسەپێندرێت.
بەغداد داوای هێوركردنەوەی لە تاران كردووە
فواد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەچەند رۆژی رابردوودا سەردانی تارانی كرد وئێوارەی دوێنێش كۆتایی بەسەردانەكە هێنا، رۆژنامەی شەرق الاوست دەڵێت بەغداد داوایكردووە تاران دۆخەكە هێوربكاتەوە، و هەرەشەی ئەمریكاشی بۆ بەرپرسانی ئێران ڕوون كردۆتەوە كە باڵیۆزخانەكەیان دادەخەن ئەگەر هێرشی میلیشیاكانی نزیك لە تاران بۆسەر ناوچەی سەوز بەردەوام بێت.
لەبەرامبەردا عەلی شەمخانی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئێران كە یەكێك بوو لەو كەسانەی لەگەڵ فواد حوسێن كۆبۆوە لە تویتێكدا نوسیویەتی " كەمترین سزدانی ئەمریكا لەبەرامبەر كوشتنی قاسم سولەیمانی چوونە دەرەوەی دەستبەجێی هێزەكانیانە لەناوچەكە و بەتایبەتیش عێراق"، رەنگە پەیامەكەی شەمخانی بۆچوونی تەواوی بەرپرسانی ئێران بێت كە درێژە بە هێرشەكانیان دەدەن دژی بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا.
هێرشەكان فراوان بوون
لەچەند رۆژی رابردوودا چەند كاروانێكی هێزەكانی هاوپەیمانان لەچەند ناوچەیەكی عێراق كەوتنە بەرهێرش و پەلامار كە دواهەمینیان هێرشەكەی دوێنێ بوو لەپارێزگای زیقار، گومانیش دەكرێت لایەنگرانی تاران لەپشت ئەو هێرشانەوە بن.
هەڵبژاردنی ئەمریكا و كاریگەریەكانی
بڕیارە رۆژی 3ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا بەرێوەبچێت، بەرای چاودێرانی سیاسی تاران دەیەوێت بەهۆی ئاڵۆزكردنی دۆخی عێراقەوە كاریگەری لەسەر دەنگدەرانی ئەمریكا دروست بكات، وەها پیشان بدات كە ترەمپ لەناوچەكە شكستی هێناوە، بەوپێیەی دەرچوونەوەی ترەمپ كاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخی كۆماری ئیسلامی دروست دەكات، بۆیە ئەگەر بەهێزەكە ئەوەیە تا ئەوكاتە ئاڵۆزیەكانی ئەمریكا و ئێران لەناوچەكە بەردەوام بێت.