ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:32 - 26/09/2020

نەخشەیەكی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندییەكانی نێوان عەرەب و ئیسرائیل‌

پەیسەر

دوای ئەوەی بەسەرپەرشتی ئەمەریكا هەنگاوێكی دیكە ئیسرائیل لەناوچەكەدا هاتە پێشەوەو ڕێككەوتنی ئاشكرای لەگەڵ ئیمارات و بەحرەین ئەنجامداو چەن وڵاتێكی دیكەی تری عەرەبی بەڕێوەن پەیوەست بن بەو زنجیرە ڕێككەوتنەی كە دەستیان پێكردووە لە بەشی ئاسیادا عەرەبستانی سعودییە لە پێشەنگی كاروانەكەدایەو لە بەشی كیشوەری ئەفەریقاش سوودان، كە هەردوكیان سەردەمانێكی زۆر ڕێبەرایەتی بزووتنەوە ئیسلامیەكانی جیهانیان كردووەو ئەجێندای كاری خۆیان لەسەر بنەمای دژایەتی كردنی ئیسرائیل بونیاد نابوو.

لە دوای ئەو ڕووداوانەوە بەپێی ڕاپۆرتە نێو دەوڵەتییەكان جارێكی دیكە نەخشتەی سیاسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەڕێژرێتەوەو بنەمای كاركردن لەسەر پێكەوبوون و هاوكاریی و تیم بەڕێوەدەچێت كە بەزۆرینەی پێشبینیەكانی لەتەوەری ئیسرائیلدا دەخولێتەوەو بەرژەوەندییەكانی ئەو لەپێش هەمووانەوە لەبەرچاودەگیرێت، بەڵام ئەوەی كە لەو بازنەیە دەكرێتە دەرەوە ئەوانەن كە لەبازنەی دژدا خۆیان دەبیننەوە كە ئەوانەن لە خولگەی تاران و هاوپەیمانەكانیدا خۆیان دەبیننەوە، وەك شرۆڤەكاران باسی دەكەن، ئەنكەرەش لەگەڵ ئێران نابێت و لەنیوەڕێ بەجێی دەهێڵن، لەبەر ئەوەی لە هەموو دۆخە ناهەموارەكانیشدا ئەنكەرەو ئەردۆگان ئامادەنەبوون پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانیان لەگەڵ تەلئەبیب ببڕن، وەك شرۆڤەكاران باسی دەكەن سەرڕای ئەوەی داتەپینی ئابووری ئێران بەهۆی سزا ئابوورییەكانی ئەمەریكاو كۆرۆناوە تەنگی پێهەڵچنییون، ئەم دۆسییە نوێیەش نسكۆیەكی دیكە دەبێت بۆ ئێرانیەكان.

شرۆڤەكارانی ستراتیژیی و ئابووری باس لەوە دەكەن یەكێك لە پلانەكانی ئیسرائیل بۆ ئەوەی ڕێیككەوتن لەگەڵ عەرەبەكان بكەن ئەوەیە بە هاوشانی دەریای سپی ناوەڕاست كەخۆی دەسەڵاتی بەسەر بەشێكیدا دەڕوات و دەیەوێت ئەو هەژموونە بەرەو دەریای سوور و دەریای عەرەبی و كەنداویش ببات و لەو ڕێگەیەوە ئامانجیەتی دەستی بەو پێگە ستراتیژییانەی ئابووری و سەربازیی بگات، ئەوە سەرەڕای ئەوەی كە ناوبانگی خۆی لە دوژمنەوە دەگۆڕێت بۆ دۆست بەوەش لانیكەم دەتوانێت هەنگاوی باش ببڕێت و لە قۆناغی یەكەمدا لەنێو بیروباوەڕی عەرەبەكاندا دەتوانێت نوێ ببێتەوەو عەرەبەكانیش ئاشنا بكات بەو وڵاتەی كە لە 1948 ەوە دوژمنایەتی خۆیان بۆ دەربڕییوە.

نەخشەی نوێی سیاسی و ئابووری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووی لەگۆڕانكاریی كردووە بەڵام ئەو گۆڕانكارییانە كاتێك بە قورسی هەستی پێدەكرێت كە هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا ئەنجام بدرێـت و ئەجێندای سەرۆكایەتی نوێ و پلانەكانیان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بچێتە بواریی جێبەجێكردنەوە كە ئەوەش كەمتر لە 40 رۆژی ماوەو ئەو ماوەیەش بۆگۆڕانكارییەكی مێژوویی لەو شێوەیە نەك هەر زۆر نییە بەڵكو دەكرێت وەك ئامادەكاریی سەیری بكرێت و بە چاو تروكاندنێك هەموو شت كۆتایی دێت.
 وەك بەشێك لە شارەزایانی سیاسی باسی دەكەن ئەگەر ترامپ بەچڕیی كاری لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كردبێت و لە قۆناغبەندیدا لە ڕیزی پێشەوەی دانابێت، ئەوا كاندیدی دیموكراتەكان –جۆبایدن- كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە پلەی چوارەمدا جێكردووەتەوەو بەوەش پێدەچێت بەشێكی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە سەركردایەتی گۆڕانكارییەكان بۆ خودی ئیسرائیلییەكان بەجێبهێڵێت و بیەوێت سروشتی تر بەرچاو بكەوێت و ڕۆڵی ئەمەریكای تێدا تۆخ نەبێتەوە.

لە لایەكی دیكەوە ئەو هەنگاوەی بایدن هاوكاتە لەگەڵ جێگە دەستەكانی چین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێدەچێت نەیەوێت لە ئێستادا بەریەككەوتنیان هەبێت و بە پێچەوانەی ترامپەوە لەگەڵ چینییەكان بوارێك بهێڵێتەوە. چینیەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەرقاڵی وەگەڕخستنی پرۆژەی زەبەلاحن، لە دروستكردنی بەندەری گەورەو سەربازگەی مۆدێرن و بەگەڕخستنی سەرمایەكانیان، هەموو ئەوانەش لە میانەی پرۆژەیەكدایە كە خۆیان ناویان لێناوە – پشتوێن و ڕێگە-پشتوێنێك بۆ ئەوەی بتوانن بەرژەوەندییەكانیان لەناوچەكەدا بپارێزن و ڕێگەیەكیش بێت بۆ ئەوەی دەستیان بگاتە وڵاتانی ناوچەكە.

چین لەڕێگەی ئەو پرۆژە ستراتیژییەیەوە كە لە 2013 هێناویەتیە بەرباس و كەوتووەتە جیبەجێكردنی بۆ ئەوە بووە بەردی بناغەی ئابووری و هەژموونی خۆی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابنێت، تا لە نێو كیشوەرەكاندا ئابوورییەكەی زیاتر جێگەی خۆی بكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پەنای بۆ پرۆژە ستراتیژییەكانی وەك دروستكردنی بەندەر، هێڵی شەمەندەفەر، و ڕێگەوبان و ناوچەی پیشەسازیی دەگرێتەوە، هەموو ئەوانەش جگە لە داهات و پتەوكردنی پایەی ئابووری ناوچەكەش بۆ ماوەیەكی زۆر بە سیاسەتی چینیەكانەوە دەبەستێتەوە چ لەكاتی كاركردن و چ لەكاتی نۆژەنكردن و دابینكردنی پێداویستیەكانیانەوە.

ئەو توێژەرانەی لەناوچەكەدا لە دژی ئەو پرۆژەیە قسەدەكەن، پێیان وایە چین لە ڕێگەی ئەو پرۆژانەوە وڵاتان دەخاتە ژێرباری قەرزی درێژخایەن و وزیانی زۆری ژینگەیشیان لێدەدات، ئامانجی سەرەكی هەژموونە نەك شتی تر.

 بە پێی وتەی توێژەرانی سیاسی ڕێككەوتنی نیوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی هەمە لایەنەیەو تەنها ڕێككەوتنی سیاسی و ڕاگرتنی هەڵمەتەكانی ڕاگەیاندن نیەو گۆڕینی هەناسەی خەڵك نییە لەبارەی ئیسرائیلەوە بەڵكو گۆڕینی سەراپای پەیوەندییەكانی وەك بازرگانی و ئابووری و تەكنۆلۆژیاو تەنانەت ئاڵوگۆڕیی ئەمنیشە، هەربۆیە دەكرێت بگوترێت ڕوو بەڕوو بوونەوەی داهاتوو لەناوچەكەدا لەنێوان ئیسرائیل و هاوپەیمانەكانی لە وڵاتانی عەرەبی دەبێت لەگەڵ چین و بەرژەوەندییەكانی.

هەموو ئەم گۆڕانكارییانە بۆ ئەو ڕێككەوتنە سەرەكییە دەگەڕێتەوە كە لە 15 سێبتەمەبەردا لەگەڵ هەریەك لە ئیمارات و بەحرەین بەسەرۆكایەتی دۆناڵد ترامپ واژۆكرا، پێدەچێت ژمارەیەكی دیكە لە وڵاتانی تریش پەیوەست ببن بەو ڕێككەوتنەوە،  هەرچەندە پێشتریش لە 1979 میسرو 1994 یش ئەردەن ڕێككەوتنیان كردووە بەڵام ڕەنگدانەوەی ئەوتۆی نەبووە نە لەڕووی سیاسی و نە لەڕووی ئابورییەوە.