01:15 - 21/09/2020
ژنان لە جەنگی عێراق و ئێراندا
22 ئەیلوول ساڵرۆژی هەڵگیرسانی شەڕی هەشت
ساڵەی نێوان عێراق و ئێرانە، شەڕێك كە ماڵوێرانیەكی وەهای بەدوای خۆیدا هێنا كە تا
ئێستاش شوێنەوارەكەی بەسەر هەردوو وڵاتەوە دیارە، كوژراوەكانی هەردوولا بوونە
ئازارێكی مرۆیی گەورەو كەمئەندامەكانیشیان تا ئێستا گیرۆدەن، هەرچەندە ژمارەیەك لە
شارو شارۆچكەو گوندەكانی سەر سنووریش هێشتا بە وێرانی ماونەتەوەو وەك بڵێیت كەلاوە
بەجێماوەكانی جەنگن. ئەوە سەرەڕای ئەو هەموو دیل و بێ سەرو شوێنانەی تا ئێستاش كەس
نازانێت چارەنووسی تیاچوونیان چی بووە. لەو جەنگەدا جگە لەوەی زۆرینەی سووتەمەنی
ڕاستەوخۆی پیاوان بوون، بەڵام ژنان و منداڵانیش ژمارەیان ئەوەندە زۆر بوو كە ببوە
جێگەی سەرنجی میدیا رۆژئاوییەكانی ئەو سەردەمە، ژنان جگە لەجەرگی سوتاوو بێوەژن
كەوتن، پەرستاربوون، چەكدارو ئێشك گری سەنگەرەكانی بەرەكانی جەنگیش بوون.
چل ساڵ بەر لە ئەمڕۆ بەهۆكاری جیاواز
جەنگی نێوان دوو دراوسێ هەلگیرسا، هاڵاوو گەرمای جەنگەكە بەشێكی زۆری لە وڵاتانی
نزیك و دووری داپۆشیی، بگرە دونیای دابەشی دوو بەرەو كردوو هەرەیەكەیان بەرگرییان
لە یەكێكیان دەكرد، هەرچەندە گۆڕێنی ڕژێمی سیاسی لە ئێران هێشتا پێی نەنابوویەوە
ساڵێكی تەمەنیەوە دەرگیریی ئەو جەنگە بوون و هەشت ساڵێ ڕەبەق درێژەی كێشاو تا
دواجار لە 8/8/1988 كۆتایی هات، رۆڵی ژنان لەو جەنگەدا چی بوون و لە ئێستادا چییان بۆكراوە؟
هەرچەندە سەرجەم چیرۆكەكانی جەنگی ئەو
هەشت ساڵەیە گیڕانەوەیەكی پیاوانەیە، بەڵام رۆڵی ژنان زۆر بەرچاو بووە. بە پێی
ئامارە فەرمییەكانی ئێران ژمارەی ئەو ژنانەی كە لەو جەنگەدا گیانیان لەدەستداوە
6428 ژنن و زیاتر لە 500 یان لەناو بەرەكانی شەڕدا كوژراون، بەڵام لە عێراق
ژمارەكە بەڕوونی دیار نییە، بەڵام وەك شارەزایان باسی دەكەن، لەبەر ئەوەی ئەرشیفی
بەعس و سەردەمی سەدام حسین وەك پێویست لە بەردەستدا نەماوە، ژمارەی ڕاست و دروست
لەبەردەستدا نییە، بەڵام وەك شارەزایان باسی دەكەن كەمترین ژن لەبەرەكانی شەڕ
بەشدارییان كردووە، ئەوانەشی كە بەشدارییان كردووە زۆرینەی ڕەهایان لە بواری
پەرستارییدا بووەو وەك هەمیشەش پەرستارەكان لەناو بەرەكاندا بوونیان هەبووە،
هەرچەندە بە فیعلی لەبەشی دواوەی بەرەكانی شەڕ سەرقاڵی كاری خۆیان بوون..
سەرچاوە ئێرانییەكان باس لەوە دەكەن
ژمارەیەكی زۆر لەو ژنانە لە كاتی پەرستاریی و گەیاندنی خواردن بۆ بەرەكانی جەنگ
گیانیان لەدەستداوە، گەرچی لە ئێران جەنگی هەشت ساڵە بەردەوام لە زیندوو
ڕاگرتندایەو لە هەموو بۆنە جیاوازەكاندا بیرەوەرییەكان دەگێڕنەوەو لە نێو
میدیاكانیشدا پانتایی تایبەت بەخۆی هەیەو زۆرێك لە سێكتەرەكانی دەسەڵات بەردەوام
كاری لەسەر دەكەن، بەڵام ڕۆڵی ژنان تیایدا لاواز دەبینرێت، شارەوانییەكان و لایەنی
پەیوەندیداری شارەكانیش كەمتر وێنەی ژنانی چەكداری سەردەمی جەنگ لەسەر دیوارەكان
دەنەخشێنن، بە پێچەوانەی پیاوەكانەوە كە زۆریترین پانتایی سەر شەقام و دیوارەكانی
داگیركردووە.
لە لایەكی دیكەشەوە یەكێكی دیكە لە
زیندوو هێشتنەوەی ئەو جەنگە ناوی كوچەو كۆڵان وشەقام و شوێنە گشتییەكانی شارەكانە
بەناوی شەهیدە پیاوەكانەوە، ئەوە لە كاتێكدا كە ساڵی پار لە ژێر فشاری هەندێك
لەژنانی ئەو وڵاتەدا شارەوانی تاران بڕیاریداوە بەشێك لەو كۆڵان وشەقامەكان بكات
بەناوی ئەو ژنانەوە كە لە جەنگی هەشت ساڵەدا گیانیان لەدەستداوە.
سیمین كە ئێستا تەمەنی لە 60 ساڵ نزیك
بووەتەوەو لەسەردەمی شەڕی هەشت ساڵەدا پەرستار بووە بە بی بی سی فارسی گوتووە: من
پەرستار بووم لەكاتی جەنگدا، هەر لەكاتی شەڕەكەشدا سوكاریەتی زۆرمان پێدەكرا، چوون
پیاوەكان جەنگیان بە كارێكی پیاوانە دەزانی و پێیان سەیربوو كە ئێمە بەشداری
بكەین، ئەوان پێیان وابوو ئێمە ئەبێ هەر لە ماڵەوە بین و سەرقاڵی چێشتخانەو ئەو
شتانە بین، كۆمەڵگەی ئەو كاتەش هەروا سەیری ژنی دەكرد.
وەك شارەزایان باسی دەكەن ڕۆڵی ژنان
لەلای ڕێبەری رۆحی ئەوكاتی ئێران –خومەینی- لەبەرچاو بووەو چەند جارێكیش لە
وەتەكانیدا ئاماژەی ڕاستەوخۆی پێداوە، ئەو لەیەكێك لەوتەكانیدا گوتوویەتی: ئەو
كارانەی ژنانی پشتی بەرەكانی جەنگ ئەنجامی دەدەن بۆ بەدەست هێنانی پلەو پۆست نیەو
چاوەڕوانی ئەوە ناكەن شتێكیان دەست بكەوێت.
مینو بەدیعی ، رۆژنامەونوسێكی سەردەمی
جەنگەو و چەند جارێك چووەتە بەرەكانی جەنگ لەو باوەڕەدایە كە ئەوەی بەرامبەر ژنان
كراوە سیاسەتی وڵاتەكە بووە، هیچ جیاوزییەك نیە لەنێوان پارێزگاران و ئیسڵاحیەكاندا،
ئەوان هەردوو لایان پێیان وایە كاری ژن لەناو ماڵەكان و چێشتخانەدایەو كاری سەرەكی
ئەوان منداڵ هێنانەدونیا و بەخێوكردنیانە، لەبەر ئەوەی تێڕوانینی ئەوان
تێڕوانینێكی نێرسالارانەیە.
ئەو خانمە رۆژنامەنووسە باس لەوە دەكات
لەسەردەمی جەنگەكەدا 7 تا 8 مانگ لە رۆژنامەی كەیهانەوە خەریكی ئەوەبوون كە
ڕەزامەندی بدرێت بۆ ئەوەی 3 لە رۆژنامەنووسانی ژن بچنە بەرەكانی جەنگ، دوای ئەوەی
كە ڕەزامەندیی وەرگیرا بۆمان، لەناو ڕەزامەندییەكەدا هاتبوو، لەبەر ئەوەی
هەرسێكیان ژنن، دەبێت پیاوێكیان لەگەڵ بێت،ئەو پیاوەی لەگەڵیان ناردین نە
رۆژنامەنووس بوو، نە دەیزانی كاریی ئێمە چییە، تەنها ئەوەندە هەبوو كە نێر بوو. من
پێم وایە هرەچەندە ئێمە تابۆكەمان شكاند، بەڵام هێشتا لەبەرەكانی جەنگ بە چاوی
سووك سەیریان دەكردین، ئەوەی كە ئێستا گرنگە ئەوەیە رۆڵی ژنان لەناو مێژووی ئەو
چەند ساڵەدا بنوسرێتەوە.
ئەوەی كە دەبێت بگوترێت ئەوەیە لە جەنگی
هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێراندا زۆر بەكەمی باس لە رۆڵی ژنان كراوە، ئەوەی كە
هەیە بوونی ئەوانە لەنێو سێكتەری پەرستاریی و گەیاندنی خواردن بەبەرەكانی جەنگ،
ئەگەر ئەم وتەیە بۆ وڵاتی ئێران ڕاست بێت كە خاوەنی شارستانیەتێكی گەورەو مێژوویین
و رۆڵێ ژنانیان هەمیشە لەبەرچاوگرتووە، دەبێت حاڵی ژنان لە سەردەمی جەنگی هەشت
ساڵەدا چۆن بووبێت؟
وەك سەرچاوە ئێرانییەكان باسی دەكەن وەنەبێت
ژنان تەنها لەبەرەكانی جەنگ ڕۆڵیان هەبووبێت و پەراوێزخرابن، بەڵكو هاوسەری
شەهیدەكان –بەتایبەتی گەنجەكانیان- بوونەتە بەشێك لەو شەڕە ناوخۆییەی كە لەناو
دەوڵەتەكەدا هەبووەو بۆمەبەستی خراپەكاریی بەكارهێنراون، ئەوەی سەرنجی هەمووانی
ڕاكێشا بەرپرسێكی ئێرانی سەر بە باڵی ئۆپۆزسیۆن – عەبدوڵا ناسریی- بڵاوی
كردبوویەوە كە دەسەڵاتی ئێرانی لە كاتی جەنگدا سوودی خراپی لە بێوەژنان و كەس و
كاری شەهیدان وەرگرتووەو لەڕێگەی بەركارهێنانی ئەوانەوە چەندین كەسیان
تێوەگلاندووەو ئەو كەسانەی مەبەستیان بووە لە دۆسیەی گەندەڵی ڕەوشتییەوە
تێوەگلاون، ئەو بەرپرسە باس لەوەش دەكات كە دەزگای هەواڵگریی ئەو ژنانەی بەمەبەست
بەكارهێناوەو ئەوانەشی كە تووش بوون زۆر بوون لەناو ئەوانەشدا ناوی وەزیری
رۆشنبیریی هێناوە عەتائوڵا موهاجرانی لەسەردەمی محەمەد خاتەمی داو چەندین وەزیری
دیكەی سەردەمی مەحموود ئەحمەدی نەژاد، بەڵام ئەو هەواڵە هەڵایەكی زۆری بەدوای
خۆیدا هێناو چەندین كاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، بۆیە بەناچاری داوای
لێبوردنی كردو پۆستەكەی سڕییەوە.
شەڕی ئێران و عێراق ئەیلوولی 1980 - ئابی 1988
شەڕێکی چەکداری بوو لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و كۆماری عێراق بۆ ماوەی 8 ساڵ بەردەوام بوو،
لە 22 ئەیلوول دەستی پێكردوو لە 8 ئابی 1988 كۆتایی هات.
بۆ زانیاری زیاتر لەبارەی جەنگەكەوە كلكیك لێرە بكە