ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:42 - 19/09/2020

دوای تەقینەوەكەی لوبنان ، بۆچی فەرەنسا ئاوڕ لە لوبنان دەداتەوە؟‌

پەیسەر


لەكاتێكدا كە نوێنەرانی پێشووی پەرلەمانی لوبنان بە وەلید جونبوڵاتی سەرۆكی دروزییەكانی لوبنانیشەوە خەبات بۆ ئەوە دەكەن كە فەرەنسا وەك كۆتا هەلی دەربازبوونی وڵاتەكەیان وێنا بكەن و جەختی لەسەر دەكەنەوە كە تاكانە دەرووی لوبنانیەكانە، بەڵام ژمارەیەك لە میدیاكانی دیكەی لوبنان بە پێچەوانەی ئەوەوە هەوڵ و نزیكبوونەوەكانی فەرەنسایان خستووەتە ژێر پرسیارەوەو پێیان وایە بەدوای بەرژەوەندی خۆیدا دەگەڕێت و خەونی داگیركاریی و ئیستیعمارییان هەیە.

جونوبڵات لە 16 سێبتەمبەرلە توێتێكدا نوسیبووی : بۆ ئەوەی لوبنان ڕێگریی لە تیاچوونی خۆی بگرێت دەبێت گوێ لە دووربینی وپلانەكانی ئیمانۆئێل ماركرۆن بگرێت و باوەشی بەخێرهاتنی بۆ بكاتەوە.

سەر لەبەیانی هەمان رۆژ رۆژنامەی –الاخبار-ی لوبنانی كە یەكێكە لە میدیاكانی نزیك لە حیزبوڵا و ئاماژەی بەوە كردووە كە پەیوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و فەرەنسا هێلكەیەكەو لەسەری لوینانیەكاندا دەشكێنن بۆیە لە مانشێتی سەرەكیدا نوسیوویەتی : ئاگری واشنتۆن دەكرێت بەسەر ماكرۆن دا.

 ئەمەریكا لە ڕێگەی هاوكاریكردن و پشتیوانی ئیسرائیلەوە دەیەوێت سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لە ژێر هەژموونی حزبوڵای دۆستی ئێران و یەكێك لە حیزبە تیرۆرستیەكان دەربهێنێت، لە لایەكی تریشەوە فەرەنسا چەندین جار نەیاری ئەوە بووە كە حزبوڵا بچێتە لیستی تیرۆر، كە ئەو حیزبە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی كراوە و بە نوێنەری سیاسەتی ئێران لەناوچەكەدا دێتە ئەژمار.

ئەگەر سەرنج بدەین لایەنگران و دۆست و ئەندامەكانی حزبوڵاو میدیاكانی لایەنگریی ئەوە بوون كە پێشوازیی بەهێز لە ماركۆن بكەن و زەقی بكەنەوەو باس لە ڕۆڵی فەرنسا بكەن لە مێژووی ئەو ولاتە و داهاتووشدا.

حەسەن نەسروڵا كەسایەتی ئەمینداری حزبوڵای لوبنان لە كۆتایی مانگی پێشوودا لە ڕێگەی بەیاننامەیەكەوە ڕایگەیاند كە ئەوان بە فەرمی پێشوازیی لە هاتنی ماكرۆن دەكەن و پێیان وایە دەروویەكی نوێیە بۆ لوبنان.

نەسوڵا لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنەكەی –المنار- دا گوتی: ماكرۆن لەكۆتا سەفەری خۆیدا بۆ لوینان داوای كرد ڕێككەوتنی نوێ لەگەڵ لوبنان ئەنجام بدرێت، ئێمە پێشوازیی لەو بیرۆكەیە دەكەین، تەنها مەرجێك كە هەمانە ڕەزامەندی سەرجەم حیزبەكانی لوبنانە لەسەری.

بە گومانەوە لەو پەیوەندییە دەڕوانن:
دوای تەقینەوە بەنابانگەكەی لوبنان و سەدانی ماكرۆن بۆ ئەو وڵاتەو لە ڕووی ڕای گشتییەوە كاریگەریی زۆری هەبوو، سەردانی ماكرۆن بۆ لای خانمە هونەرمەندی ئەو وڵاتە –فەیروز- و ناشتنی درەختی سنەوبەر لەسەر شەقامێك و قسەوباس لەسەر بابەتە ئابوورییەكان، بەو مانایە دێت كە پەیوەندییە سیاسییەكانیش بەرەو پێشەوە دەچن.

بە پێداچوونەوەیەكی مێژووی بە پەیوەندییەكانی نێوان لوبنان و فەرەنسادا دەگەینە ئەو نهێنییەی كە بۆچی فەرنسا وەك یەكەمین وڵاتی ئەوروپی لە دوای تەقینەوەكەی لوبنان سەرۆكەكەی دێتە ئەو وڵاتەو دەچێتە ناو جەماوەرو پشتیوانی خۆی بۆیان دەردەبڕێت.

لە لایەكی دیكەوە مانەوەی ماكرۆن بۆ ماوەیەكی درێژ لەو وڵاتەو پاشان پەیمان پێدانیان كە لە ماوەیەكی نزیكدا سەردانیان دەكاتەوە، پرسیاێك لای هەمووان دروستبوو، كە ئەو هەموو گرنگی پێدانەی فەرەنسابۆ لوبنان چییە؟ بۆچی لوبنان بووەتە ئەو وڵاتەی كە مێشكی ماكرۆنی داگیركردووە؟

بە پێی وتەی نەیارانی ئەو دۆخە رێبەرانی سیاسی و دەسەڵاتدارانی ئەووڵاتە بوونەتە مایەی نەهامەتیەكان و سەرجەم سێكتەرەكانی وڵاتیان داغان كردووە، ئەوەی كە ماوەتەوە خاكی لوبنانە ئەوا خەریكە ئەویش دەفرۆشن و لەدەستی دەدەن.
بە پێی بۆچوونی نەیارەكان  بەندەرە وێرانەكەی بەیروت ، سێكتەری تەلەفۆن و كارەبا، بەشێكی زۆری فڕۆكەوانی میدل ایست  لە دەستی لوبنانیەكاندا نەماوەو كەرتی بیانی سەرپەرشتی دەكات و دراوە بە  فەرەنسییەكان.

 وەك نەیارەكان باسی دەكەن ماكرۆن سوودی لەو هەلومەرجە وەرگرتووەو لە كاتێكدا كە وڵات بە هۆی تەقینەوەكەوە لە پشێویی گەورەدا بووە، بە دەست ئەنقەست بەناو شەقامەكاندا ڕۆشتووەو هەندێك كاری كۆمەڵایەتی ئەنجامداوە بۆ ئەوەی سەرنجی شەقام بۆ خۆی ڕابكێشێت و خەیاڵیان بۆ لای پرۆژە ڕاستەقینەكانی فەرەنسا نەچێت كە ئەوان لە لوبنان چییان كردووە، بۆ ئەوەی خەڵك لە بیریان بچێتەوە ئەو كەسانەی كە هاوڕێی سەفەری یەكەمی ماكرۆن بوون لە رۆژی 1 ئەیلوول كێ بوون و پرۆژە بازرگانی و ئابوورییەكانیان لە لووبنان چی بووە؟

بە پێی بەدواداچوونەكان یەكێك لەوانەی لەگەڵ ماكرۆن هاتبوو – رۆدۆڵف سعادە- بووە كە بەڕێوەبەری كارگێڕیی كۆمپانیای گۆاستنەوەی – سی ام ای سی جی ام- ی فەرەنسییەو خۆی خەڵكی وڵاتی لوبنانە، بە پێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەوانی ئەو كۆمپانیایە ئیدارەی بەندەری گەورەی شاری تەرابولسی لوبنانی بەدەستەوەیە كە بەیەكێك لە بەندەرە سەرەكییەكانی لوبنان دێتە ئەژمار و لە دوای تەقینەوەكەی بەندەری لوبنانیش چاویان چووەتە سەر ئەو كارەش كە لە ڕێگەی جیاوازەوە دەستیان پێی بگات.

بە پێی بەدوادا چوونە رۆژنامەوانیەكانی لوبنان –نەجیب میقاتی- سەرۆك وەزیرانی پێشوو بە یەكێك لەو كەسانە دادەنرێت كە پشكیی هەیە لە بەندەری تەرابلوس دا، هەر بۆیە بەردەوام ئەو جۆرە كارانە دوو نیە لە بواری ئابووری و پێیەكیان لەناوبازرگانیدا هەیەو ئەویش بەیەكێك لەوانە دێتە ئەژمار كە لایەنگریی دەستێوەردانی فەرەنسان لە لوبنان.

بەریەك كەوتنی توركیا و فەرەنسا:
دەمێكە توركیا سەرقاڵی فراونخوازییەكانی خۆیەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین هەنگاوی جۆرواجۆری ناوە، لوبنانیش بەیەكێك لەو شوێنانە دادەنرێت كە توركیەكان مەرامیان پێیان هەبووەو ویستوویانە دەستی پێبگەیەنن، بەڵام كاتێك تەقینەوەی بەندەرەكەی لوبنان دێتە پێشەوەو فەرەنسا دەستوەردان دەكات ئیدی بەریەككەوتنی بەرژەوەندییەكانی هەردوو وڵات دێتە پێشەوە. توركیەكان پێیان وایە فەرنسا لەسەردەمی بەهاریی عەرەبیدا شكستی هێناوە لە دەستوەردان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ئێستا دەیانەوێت بەجۆرێكی دیكە بێنەوە ناوچەكەو دەیانەوێت سەردەمی داگیركاریی و كۆڵۆنیالستی بەیاد بهێننەوە و بگەڕێنەوە ئەو ناوچانەی كە لە كۆتایی سەدەی نۆزدەو سەرەتای سەدەی بیستەم دەستیان بەسەر هەندێك لەناوچەدا گرتبوو، لەوانەش لوبنان.

بە پێی بەدواداچوونەكان بەندەرەكانی وسوریا لە لایەن روسیاو ئێرانەوە ئیدارە دەدرێن و هەورەها بەندەرەكانی حەیفاو ئشدود لە لایەن ئیسرائیل و ئەوانەی تری كە دەكەونە بەشی باشووری دەریای سپی بەدەست شانگەهای چینیەوەن، هەربۆیە فەرەنساش دەیەوێت لەوناوەدا ڕۆڵێكیان هەبێت و لەناوچەكەدا بمێننەوە.

یەكێك لەو كێشانەی كە لەنێوان توركیا و فەرەنسادا هەیە چاودێریكردنی ئەو بۆرییانەیە كە لە میسرو لوبنان و ئیسرائیل و یۆنانەوە بەرەو ئەوروپا ڕۆشتوون بە بەشێك  لەئابووری ئەو وڵاتانە دێتە ئەژمار.

لە لایەكی دیكەشەوە یەكێك لە ئامانجەكانی فەرەنسا پارێزگاریی كردنی ئەو سەربازانەیەتی كە لەسنووری یۆنانەوە لەناو قوبروسدا هەن و دەیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ یۆنان تێكدنەدات و بەردەوامیش ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان پێكەوە هەیەو ئەوەش جێگەی ڕەزامەندی توركیا نییە، بەو پێیەی توركیا و یۆنان لەسەر دوورگەی قوبروس كێشەی لە مێژیینەیان هەیە.

ئەوەی كە فەرەنسا دەیكات بۆ ئەوەیە كە دەبێت فەرەنسا لایەنی ڕەزامەندی ئەمەریكیەكان بەدەست بهێنێـت و باشترین ڕێگەش ئەوەیە كە پارێزگاریی لە بەرژەوەندییەكانی ئیسرائیل – هاوپەیمانی ئەمەریكا- لەناوچەكە بكرێت.

لە كاتێكدا كە پەیوەندییەكانی نێوان عەرەب و ئیسرائیل بەرەوە ئاسایی بووەنەوە دەچێت و بەشێك لەوڵاتانی عەرەبی سەقاڵی گفتوگۆن و ژمارەیەكیشیان واژۆیان كردووە، ئەگەر فەرنسا بتوانێت خزمەتێك بەو پرۆسەیە بكات، ئەوا هەنگاوەكانی بەرەو پێشەوە دەڕوات و دوور نییە ئەمەریكا پشتی هەمووانی بۆ لە عەرز بدات، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر كارەكانی فەرەنسا لە لوبنان بە خواستی حزبوڵاو ئێران و رووسیەكان بشكێتەوە ئەوا لوبنان دەبێتە لیتەیەكی بەرفراوان بۆیان دەرچوونی بە بێ باج و سانا نابێت...