05:28 - 13/09/2020
به‌زاز..ئه‌و سه‌رۆكه‌ى سه‌دام ئاوخواردنه‌وه‌ى لێ قه‌ده‌غه كرد
عه‌بدولره‌حمان عه‌بدوله‌تیف به‌زاز، ناوێكى ده‌گمه‌نه له مێژووى سیاسى عێراقدا، له ناوه‌ڕاستى سه‌ده‌ى رابردوو كه‌ڵكه‌ڵه‌ى ئه‌وه‌ى له‌سه‌ردابوو كه حوکمى قه‌ڵه‌م له وڵات پیاده بكات و كۆتایى به عه‌سكه‌رتاریه‌ت بهێنێت، هاوكات به‌رنامه‌یه‌كى تۆكمه‌ى هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ى حوكمى مه‌ده‌نى له وڵات بچه‌سپێنێت، له‌وانه‌ش سه‌رووتر ئه‌و پیاوه روئیایه‌كى روونى بۆ كێشه‌ى كورد هه‌بوو كه جه‌ختى له چاره‌سه‌رى ئاشتییانه ده‌كرده‌وه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌بوو رۆڵ به كورد بدرێت.
عه‌بدولره‌حمان به‌زاز(١٩١٣بۆ ١٩٧٣) ژیاوه، كه‌سایه‌تییه‌كى قانونى و سیاسى بووه، له‌ماوه‌ى هه‌ردوو سه‌رۆك كۆمار، عه‌بدولسه‌لام عارف و عه‌بدولره‌حمان عارف سه‌رۆكى كابینه‌ى وه‌زارى بووه له ساڵى ١٩٦٥ بۆ ١٩٦٦، ته‌نها سێ رۆژیش به وه‌كاله‌ت ساڵی ١٩٦٦ پۆستى سه‌رۆك كۆمارى به‌ڕێوه‌بردووه، دواى مردنى عه‌بدولسه‌لام عارف.
به‌زاز كه‌سایه‌تییه‌كى ئه‌كادیمى و پیشه‌یى هه‌بوو، پێش ئه‌وه‌ى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ربگرێت، باڵیۆزى عێراق بووه له ژماره‌یه‌ك ده‌وڵه‌ت، ئه‌م سه‌رۆكه‌ش سه‌ره‌ڕاى ئه‌و ماوه كورته‌ى له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ى هه‌بوو به‌ڵام كۆتاییه‌كى تراژیدى هه‌بوو سه‌دام حسێن خستییه كونجى زیندان و تا دوایین سات ژیانى به ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ى كاتى زیندانه‌وه به‌سه‌ر برد.
یه‌كه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانى مه‌ده‌نى
له‌مێژووى عێراقدا، عه‌بدولره‌حمان به‌زاز به یه‌كه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانى مه‌ده‌نى داده‌نراو بیرۆكه‌ى به مه‌ده‌نیكردنى كۆى سیسته‌مى حكومڕانى له‌سه‌ردابوو، هه‌روه‌ها یه‌كه‌م سه‌رۆك كۆمارى مه‌ده‌نیشه بۆ ئه‌و سێ رۆژه‌ى سه‌رۆك كۆمار بوو.
سازشى له كورسى سه‌رۆكایه‌تى كرد
دواى مردنى عه‌بدولسه‌لام عارف، به‌پێى دەستوورى كاتیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و ئه‌نجومه‌نى به‌رگرى نیشتمانى پابه‌ندبوون به‌وه‌ى كه كۆبوونه‌وه بكه‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكێكى نوێ، له ئێواره‌ى ١٦ى مانگى ٤ى ساڵى ١٩٦٦ كۆبوونه‌وه به‌ڕێوه‌چوو بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى نوێ، كاندیده‌كان بریتیبوون له عه‌بدولره‌حمان عارف براى سه‌رۆك كۆمارى پێشوو کە سه‌رۆكى ئه‌ركانى سوپا بوو له‌گه‌ڵ عه‌بدولره‌حمان به‌زاز سه‌رۆك كۆمار به وه‌كاله‌ت و سه‌رۆك وه‌زیرانیش بوو، هه‌روه‌ها عه‌مید عبدالعزیز العقیلى وه‌زیرى به‌رگرى كاندید بوو.
به‌زاز یه‌كه‌م جه‌وله‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى برده‌وه، ١٤ ده‌نگى به ده‌ستهێناو عارفیش ١٣ ده‌نگى هێنا، عقیلیش ته‌نها یه‌ك ده‌نگ، ده‌نگه‌كه‌ى خۆى به‌ده‌ستهێنا، ده‌ستوور به مه‌رجى گرتبوو كه سه‌رۆك ده‌بێت دوو له‌سه‌ر سێى ده‌نگى به ده‌ستبهێنێت.
به‌زاز له جه‌وله‌ى دووه‌م كشایه‌وه‌و رایگه‌یاند، كشانه‌وه‌ى وه‌ك به‌رپرسیارێتییه‌كى مێژوویه له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى وڵات و پاراستنى یه‌كێتى وڵات و تواناكاى.
كورد و به‌زاز
به‌زاز باوه‌ڕى به چاره‌سه‌رى پرسى كورد هه‌بوو به‌ڵام كوده‌تا و هه‌ڵچون و داچوونى سیاسى له عێراق ده‌رفه‌تیان پێنه‌دا، سه‌رۆك وه‌زیرانى به‌یانى ٢٩ی حوزه‌یرانى ساڵى ١٩٦٦ى ده‌ركرد، ئه‌وه‌ش دواى دانوستان له‌گه‌ڵ كورد، به سه‌ركردایه‌تى مه‌لا مسته‌فا بارزانى.
به‌زاز بانگهێشتى لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی كرد، بۆ به‌شدارییان له ئاماده‌كردنى یاساى هه‌ڵبژاردن، هاوكات داواى به‌شدارى كرد له دانانى ده‌ستووریى هه‌میشه‌یى، جه‌ختیكرده‌وه، كه ئه‌نجومه‌نێك هه‌ڵده‌بژێردرێت كوردیش نوێنه‌رایه‌تى رێژه‌یى له ئه‌نجومه‌نه‌كه‌دا ده‌بێت، هاوكات جه‌ختیكرده‌وه، كه هه‌موو مافێكى یه‌كسانیان هه‌یه له‌گه‌ڵ هه‌موو نه‌وه‌كانى دیكه‌ى عێراق.
به‌زاز هاوكات شاندێكى دانوستانكارى له كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تى كورد نارد بۆ لاى مه‌لا مسته‌فا بارزانى، داواكارییه‌كەى شاندى كوردى وه‌رگرت، هاوكات چاوى به مام جه‌لالیش كه‌وت، پرۆژه‌یه‌كى گشتگیرى بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌ى كورد ئاماده كردبوو، جه‌ختى له دانانى ئاستێك ده‌کرده‌وه بۆ دۆخى ئاڵۆزى كوردستان و هاوكات رایگه‌یاند، گه‌لى كورد ده‌توانن موماره‌سه‌ى مافى نه‌ته‌وه‌یى خۆیان بكه‌ن، له‌سه‌ر بنه‌ماى لامه‌ركه‌زیى، هاوكات پێش راگه‌یاندنى رێككه‌وتنه‌كه له كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، برایانى كورد بانگهێشت ده‌كه‌ن بۆ پاراستنى یه‌كێتى وڵات و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى توێژه‌كانى گه‌ل، گوتى هه‌موو داواكارییه‌كانى كورد جگه له داواكارى جیابوونه‌وه به‌دیدێن.
له رۆژى ٢٩ى حوزه‌یران له شاشه‌ى ته‌له‌فیزیۆن ده‌ركه‌وت و جه‌ختى له جدییه‌تى حكومه‌ت كرده‌وه بۆ دانانى ئاستێك بۆ گرژییه‌كانى باكوورى عێراق، له به‌یانێكدا به فه‌رمى گوتى، عێراق یه‌ك نیشتمانه و له دوو نه‌ته‌وه‌ى سه‌ره‌كى پێكدێت، عه‌ره‌ب و كورد، هه‌ردوولا یه‌كسانن له‌هه‌موو ماف و ئه‌ركه‌كاندا یه‌كسانن، مێژوونوسان ده‌ڵێن، به‌یاننامه‌ى حوزه‌یرانى ١٩٦٦ى به‌زاز له هه‌ندێك ڕووه‌وه له ١١ى ئازاریش باشتر بووه، چونكه له به‌یاننامه‌ى ١١ى ئازار هه‌ندێك گوزارشتنى تێدا بوو كه كورده‌كانى پێ قه‌ڵس ده‌بوو وه‌ك ئه‌وه‌ى (كورده‌كان به‌شێكن له نه‌ته‌وه‌كانى عه‌ره‌ب)، هه‌روه‌ها ڕسته‌ى(په‌یماننامه‌ى كارى نیشتمانى).
هاوكات به‌زاز مافى به هه‌ر یه‌كه‌یه‌كى ئیدارى دابوو له‌سه‌ر بنه‌ماى لامه‌ركه‌زى ئیداریى ئه‌نجومه‌نێك بۆخۆى هه‌ڵبژێرێت، هاوكات كورد به‌پێى رێژه‌ى دانیشتووان كورسى بۆ ته‌رخانكرابوو له ئه‌نجومه‌نه‌كانى ده‌سه‌ڵاتن، جگه‌لەوەی به‌كارهێنانى زمانى كوردى هاوشانى زمانى عه‌ره‌بى سه‌پێندرابوو. هه‌موو فه‌رمانبه‌رانى ناوچه كوردییه‌كانیش ده‌بێت كورد بن، چه‌ندین مافى سیاسى و مه‌ده‌نى دیكه‌ى به كورد به خشیبوو. به‌زاز نوسه‌رێكى به‌توانا بوو ١٣ كتێبى دانراوى یاسایى و سیاسى هه‌بوو.
گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ مه‌رگ
كاتێك شۆڕشی ١٧ی تەموزی ساڵی ١٩٦٨ بە سەرکردایەتی حزبی بەعس روویدا، به‌زاز له لوبنان بوو گه‌مارۆى عه‌بدولره‌حمان عارف دراو ناچاریان كرد ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه، بەرامبەر بەوەی واز لەخۆی و کوڕەکەی بھێنن کە ئەفسەر بووە لە سوپا، عه‌بدولره‌حمان عارف تا هه‌شتاكان له ئه‌سته‌نبووڵ مایەوە، ساڵى ١٩٦٩ وه‌ك ئه‌وه‌ى قه‌ده‌ر بۆ چنگى به‌عس كێشى كردبێت، عه‌بدولره‌حمان به‌زاز گه‌ڕایه‌وه عێراق و كۆشكى نیهایه بووه چیرۆكى كۆتایى ئه‌میش، پاش ماوه‌یه‌ك سه‌دام حوسێن بڕیارى ده‌ستگیركردنى دەرکرد.
دایكێك له زیندان ئاوى پێدا
به‌زاز پێگه‌یه‌كى جه‌ماوه‌رى باشى له‌نێو خه‌ڵكى عێراق-دا هه‌بوو دڵى خه‌ڵكى به‌لاى خۆیدا راكێشابوو، ئه‌و كاته‌ى له زیندان بووه سه‌دام حوسێن ئاوخواردنه‌وه‌ى لێ قه‌ده‌غه ده‌كات، له دره‌نگانى یه‌كێك له شه‌وانى زیندانى پاسه‌وانێكى زیندانه‌كه به‌نهێنى ئاو ده‌بات بۆ به‌زاز و تینوێتى ده‌شكێنێت، به به‌زاز ده‌ڵێت، ئه‌م كاره‌ى له‌به‌ر داواكارى دایكى كردووه، چونكه له ماڵه‌وه باسیكردووه بۆ دایكى كه عه‌بدولره‌حمان به‌زاز لاى ئێمه زیندانییه و سه‌دام ئاوخواردنه‌وه‌ى لێ قه‌ده‌غه كردووه، دایكى پێى گوتووه،"كوڕى من نیت ئه‌گه‌ر ئاوى نه‌ده‌یتێ".
ئه‌شكه‌نجه كوشتى
به‌زاز له زیندان دووچارى ئه‌شكه‌نجه‌ى زۆر بووه‌وه، تا واى لێهات له زیندان جه‌ڵته‌ى ده‌ماغ لێیدا، بۆ چاره‌سه‌رى ره‌وانه‌ى له‌نده‌ن كرا به‌ڵام سوودى له چاره‌سه‌ر وه‌رنه‌گرت، تیمى پزیشكى وتیان بێئومێدن له چاره‌سه‌ركردنى، ئه‌وه‌ش به‌هۆى ئه‌و هه‌موو ئه‌شكه‌نجه‌ى زیندانیه‌وه بوو.
له رۆژى پێنجشه‌ممه ٢٨ى حوزه‌یرانى ساڵى ١٩٧٣ له به‌غدا گیانى سپارد و له گۆڕستانى خزیران به‌خاك سپێردرا، مه‌ناف واعزى خوشكه‌زاى ده‌ڵێت، خاڵى دواى برینداربوون به شه‌له‌ل مرد، دواى ئه‌وه‌ى له سێ ساڵى زیندان دووچارى ئه‌شكه‌نجه‌ى به‌رده‌وام بوو به فه‌رمانى سه‌دام، ئه‌مه‌ش پزیشكه‌كان پێیان راگه‌یاندوون.