ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:07 - 07/09/2020

ساڵێكی دارایی سەخت چاوەڕوانی عێراق دەكات‌

پەیسەر

عێراق ئامادەكاری بۆ پرۆژە بودجەی ساڵی 2021 دەكات، بەپێی زانیارییەكانیش پشكی هەرێمی كوردستان دەستنیشان دەكرێت، بەڵام كورتهێنانێكی گەورە چاوەڕوانی بودجەكە دەكات و بەپێی هەندێك هەڵسەنگاندنیش كورتهێنانی گشتی لە 80.000.000.000.000 (80 تریلیۆن) دینار نزیكدەبێتەوە.

دواین پێشهات چییە؟
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق و محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبوونەوە و بەپێی راگەیەندراوی رەسمیش تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكەیان ئامادەكاری پرۆژە بودجەی ساڵی 2021ی عێراق بووە.
نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە كە سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمان لەبارەی چەند پرسێكی گرنگ كۆبوونەتەوە لەنێویشیاندا برۆژەیاسای بودجە.
بەپێی راگەیەندراوەكە، چ سەرۆكی پەرلەمان و چ سەرۆكی حكومەت كۆك بوون لەوەدا كە پێویستە لە بودجەكەدا چاكسازی دارایی لەبەرچاو بگیرێت.

پەرلەمان ئامادەكاری كردووە؟
 هەر لەبارەی ئامادەكردنی پرۆژەیاسای بودجە، لیژنە تایبەتمەندەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئامادەكارییان كردووە و هەندێك پەرلەمانتاریش رەخنەیان هەیە كە وەك پێویست لە رابردوودا رێژەی پارێزگاكان رەچاو نەكراوە و داوادەكەن لە بودجەی 2021 ئەو نادادییە دووبارە نەكرێتەوە.
وەلید ئەلسەهلانی، سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزاری و بونیادنانەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، پێویستە پێش 3 مانگ لە هاتنی سالًَ، بودجەی ئەو ساڵە ئامادە بكرێت و بەوپێیەش ئێستا كاتێكی زۆر كەم لەبەردەمی حكومەتی عێراقدا ماوە بۆ ئامادەكردنی بودجەی ساڵی 2021.
بە وتەی ئەلسەهلانی، ئێستا كە كاتی ئامادەكردنی بودجەی 2021ە، هێشتا وەك پێویست پەرلەمان بەرچاوی روون نییە لە چۆنێتی خەرجكردنی بودجەی 2020، بەتایبەت كە زۆرێك لە پارێزگاكان بەشی خۆیان لە بودجەكەدا بۆ خەرج نەكراوە و دەستی ئاوەدانكردنەوەیان بۆ رانەكێشراوە.
رەخنەی پەرلەمانتاران لە بودجە تەنها نادادی نێوان پارێزگاكان نییە، بەڵكو یەكێكی دیكە لەو رەخنانەی لەسەر حكومەتن ئەوەیە كە بەشی هەرەزۆری بودجەكە بۆ خەرجییەكانی بەكاربردن وەك مووچەو نەسریەی وەزارەتەكان دەڕوات و بودجەی وەبەرهێنان لە ئاستی پێویسدا نییە.

ساڵی رەشی دارایی
ئێستا كە عێراق خۆی بۆ بودجەی 2021 ئامادەدەكات، ئامادەكارییەكەی لە كاتێكدایە كە سەروو لە سەدا نەوەدی بودجەكەی پشت بە هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، ئەوەش لە سەردەمێكدا كە نرخی نەوت هیچ گرەوێكی لەسەر ناكرێت بەهۆی لێكەوتە ئابورییەكانی پەتای كۆرۆنا.
لە لایەكی دیكەوە كۆرۆنا تەنها لێكەوتەی لەسەر بۆرسە و بازاڕەكانی نەوت بەجێنەهێشتووە و عێراق تەنها لەم روەوە زیانمەند نەبووە، بەڵكو لە ناوخۆی وڵاتەكەشدا كۆرۆنا لێكەوتەی دارایی هەبووە كە دەستی كار وەستاوە و داهاتی ناوخۆی نا نەوتی تا دێت رێژەكەی كەمدەكات، هەروەك خەرجییەكانی رووبەروو بوونەوەی پەتاكە تا دێت بەرزتر دەبنەوە.
ئەگەرەكان بەو ئاراستەیەن كە ساڵێكی ناهەمواری گرەنتی نەكراو چاوەڕوانی دارایی عێراق دەكات و هیچ دوور نییە قەیرانێكی سەخت بەرۆكی بگرێت.

بەشی كورد لە بودجەدا
تا ئێستا هەولێر و بەغداد رێككەوتنێكی كۆنكرێتییان لەبارەی بودجە و داهات و مووچە و چارەسەری كێشە داراییەكان واژۆ نەكردووە، بەڵام بەپێی ئەو لێكتێگەیشتنانەی كە هەن، هەرێمی كوردستان رۆژانە تا سنوری 650 هەزار بەرمیل نەوت رێگەپێدراوە بەو مەرجەی داهاتی 250 هەزار بەرمیلی بگەڕێتەوە بۆ عێراق و لە باقی نەوتەكەش هەرێمی كوردستان كرێی خزمەتگوزاری كۆمپانیاكانی نەوت و قەرز و تێچووی بەرهەمهێنان دابین بكات.
هاوكات یەكێكی دیكە لە تێگەیشتنەكانی نێوان هەولێر و بەغداد ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بە ئیدارەدانی هاوبەش بەشێك لە داهاتی خاڵە سنورییەكان بۆ بەغداد بگەڕێنێتەوە، لە بەرامبەریشدا حكومەتی ناوەندی پابەند دەبێت بەوەی كە مانگانە لە 300 ملیار تا 400 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی كوردستان بكات، بەڵام هەرێمی كوردستان بەو بڕە پارەیە ناتوانێت تەنانەت مووچەی مووچەخۆرەكانی دابین بكات.
هەربۆیە پشكی كورد لە بودجەی عێراقدا بەندە بە رێككەوتنە سیاسییەكان، چونكە لە ساڵانی رابردووشدا بەتایبەت لە ساڵانی تەمەنی كابینەكەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووتردا، كە كێشەكانی هەولێر و بەغداد لە ترۆپكدا بوون، بەردەوام لە پرۆژەبودجەی ساڵانەی عێراقدا پشكی هەرێمی كوردستان دانراوە، بەڵام دانانەكە تەنها مرەكەبی سەر كاغەزی بودجەكە بووە و دواتر حكومەتی عێراق پێوەی پابەند نەبووە و هیچ پارەیەكی بۆ هەرێم نەناردووە.

ساڵی رەشی دارایی
هەموو پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن كە عێراق كورتهێنانێكی كەمەرشكێنی لە بودجەدا دەبێت و هەڵسەنگاندنەكان نزیكن لە 80 تریلیۆن دینار كورتهێنان، بەتایبەت كە كورتهێنانی بودجە بۆ ئەمساڵ نەك هەر عێراق بەڵكو هەموو وڵاتانی نەوتی گرتووتەوە، بۆ ئەمەش هێشتا هیچ پلانێكی ورد لەلایەن عێراقەوە بەدیناكرێت بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانەكەی جگە لە بژاردەی قەرزی نێودەوڵەتی، هەربۆیە ئەگەر لە پرۆژە بودجەكەشدا عێراق بتوانێت بەشێوەی تەخمینی قەبارەی كورتهێنانەكەی كەمبكاتەوە، ئەوا هیچ گرەنتی نییە كە لە واقیعدا بتوانێت چەند مانگێكی بێ‌ كێشە لە ساڵی 2021 بەڕێبكات، بەتایبەت ئەگەر رەوشی ئابوری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست یان دروستتر ئەگەر رەوشی ئابوری وڵاتانی نەوتی وەك ئێستا بمێنێتەوە.