ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:27 - 06/09/2020

87 ملیار دۆلاری عێراق لەدەرەوەی وڵات بلۆككراوە‌

پەیسەر

عێراق وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌نده‌، سه‌رخان و ژێرخانی ئابوورییه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده‌ ده‌بێت كه‌ عێراق له‌ ڕیزبه‌ندی وڵاته‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی دونیادا بێته‌ ئه‌ژمار، قه‌رزێكی زۆری هه‌یه‌ له‌سه‌ر وڵاتانی دونیاو تا ئێستاش ئه‌و قه‌رزانه‌ وه‌رنه‌گیراونه‌ته‌وه‌. پرسیار ئه‌وه‌یه‌ بۆچی ئاماده‌نین ئه‌و قه‌رزانه‌ بده‌نه‌وه‌؟ ئه‌مه‌ریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی بۆچی وه‌ك پشتیوانی كردن له‌ عێراق ئه‌و پارانه‌ ناگه‌ڕێننه‌وه‌؟ئه‌گه‌ر سه‌ركوه‌زیرانه‌كانی پێشوو جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندی ئه‌وان نه‌بوون. خۆ مسته‌فا كازمی جێگه‌ی متمانه‌ی ئه‌وانه‌، ئایا بۆ پشتیوانی كردنی ئه‌مه‌ریكا فشار بۆ قه‌رزاره‌كان ده‌هێنێت؟

 

87 ملیار دۆلاری عێراق لە دەرەوەی وڵات بلۆككراوە، ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت ئەگەرچی كابینەی ئێستای حكومەتی عێراق دڵخوازی ئەمریكایە بەڵام هێنانەوەی ئەو پارەیە قورسە، دەشڵێت بەگەرانەوەی ئەو 87 ملیار دۆلارە عێراق دەتوانێت هەموو قەیرانەكانی تێپەڕێنێت...

هێنانەوەی ئەو پارانە قورسە
شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپەیسەرپرێسی راگەیاند هێنانەوەی ئەو پارانە قورسە و ئاسان نیە، و پێویستە حكومەتی بەغداد هەنگاو بنێت بۆ گەرانەوەی ئەو پارانە.

حكومەتی عێراق دڵخوازی ئەمریكایە
شیروان میرزا دەڵێت ئەم كابینەیەی ئێستا لە عێراق هەیە دڵخوازی ئەمریكایە و واشنتۆن دەتوانێت هاوكاربێت بۆ گەرانەوەی ئەو پارانە لەگەڵ ئەوەی ئەو پرۆسەیە ئاسان نیە هەرچەند حكومەت دەتوانێت دەست بەپرۆسەكە بكات و پارێزەر و كۆمپانیا یاسایە نێودەوڵەتیەكان بگرێت بۆ گەرانەوەی پارەكانی، بەڵام ئەمە پشتیوانیەكی نێودەوڵەتی گەورەی دەوێت و هەولێكی زۆری حكومەتی عێراقی پێویستە، و تا ئێستاش ئەم هەوڵانە نین.

عێراق دەتوانێت بەو پارانە قەیرانەكانی تێپەڕێنێت
شیروان میرزا دەڵێت بەو 87 ملیار دۆلارە كە دەكاتە دوو لەسەر سێی بودجەی ساڵێكی عێراق بەدڵنیاییەوە حكومەت  دەتوانێت هەموو قەیرانەكانی تێپەڕێنێت.

87 ملیار دۆلاری عێراق لەدەرەوە

٨٧ملیار دۆلاری رژێمی پێشوو لە ٥٥ وڵات بلۆك كراوە، كە دەگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی ١٩٩٠ و داگیركردنی كوەیت، ئەو پارەیە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گەڕاندنەوەی پارەكانی سەر بەدەستەی دەستپاكی بە ٨٧ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، لەساڵی ٢٠١١ وە حكومەتی بەغداد ئەو بەڕێوەبەرایەتییەی دروستكردووە و كار لەسەر گەڕاندنەوەی ئەو پارانە دەكات، كۆی ئەو پارەیە بە بڕیاری ٦٦٠ و ٦٦١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەدەرەوەی عێراق بلۆك كراون..

زۆرینەی ئەو قەرزە لەسەر وڵاتانی ئەوروپایە و دوای ئەویش لەسەر وڵاتانی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو و دوای ئەوانیش وڵاتانی ئەمریكای لاتینی دێت، بەشێك لەو قەرزانەش گەرانەوەیان قورسە وەك ئەو قەرزەی لەسەر یۆگۆسلاڤیا  كە ئێستا ئەو وڵاتە نەماوە..

یەكێك لە گرێبەستەكان لەگەڵ ئیتاڵیا لەكۆتایی هەشتاكانی سەدەی رابردوو واژۆكراوە، بۆ دروستكردنی كەشتیگەلی دەریایی كە ١١ كەشتی لەخۆ دەگرێت، بە بەهای ملیارێك و ٣٥٠ ملیۆن دۆلار، عێراق پارەكەی لەرێگەی نەوت و پارەی نەختینەیەوە رادەستی ئیتاڵیا كرد بەڵام عێراق كەشتیەكانی وەرنەگرت، سەرباری ئەوەش ئیتاڵیا لەدوای ٢٠٠٣ لەسەر ئەو پرسە سكاڵای لەسەر عێراق تۆماركردووە، جگە لەوەش عێراق قەرزێكی ١١ ملیۆن دۆلاری لەسەر ئیسپانیا هەیە، ئێستا لێكتێگەیشتنێك هەیە بۆ ئەوەی ئیسپانیا لەرێگەی پێدانی كەل و پەلەوە ئەو قەرزە بداتەوە..

بەپێی زانیاریەكانیش وڵاتانی وەك ئیسپانیا، فەرەنسا و بەرازیل ئامادەییان دەربریووە بۆ دانەوەی قەرزەكان، وڵاتانی وەك ئوردن و لوبنان، گفتوگۆی دیبلۆماسی لەگەڵیان هەیە، وڵاتانی تری وەك یۆنان، پاكستان و هندستانیش لەرێگەی رێكاری یاساییەوە هەوڵ دەدرێت پارەكانیان لێ وەربگیرێتەوە، بەڵام دۆسیەكە قورسە و عێراق هەوڵ دەدات بە وەرگرتنەوەی پارەكانی یان جێبەجێكردنی گرێبەستەكان یان جێبەجێكردنی پرۆژە كە حكومەتی بەغداد دیاریان دەكات نەك وڵاتی قەرزدار، پارەكانی وەربگرێتەوە..

عێراق بەو پارەیە ئاوەدان دەكرێتەوە
بەپێی راپۆرتی حكومەت، عێراق پێویستی بە ٨٠ بۆ ٩٠ ملیار دۆلار هەیە بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ١٨٠  شار و شارۆچكە و ناحیە، كە بەهۆی شەڕی رێكخراوی داعشەوە لەناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٤ وە وێران بوون، ساڵی ٢٠١٧  تەواویان كۆنتڕۆڵكران و رووبەرەكەیان سەدا ٤٩ی خاكی عێراقە، سەرباری ئەوەی رێژەی هەژاری بەپێی راپۆرتی وەزارەتی پلاندانان سەدا (٢٢.٥)ە كە دەكاتە هەشت ملیۆن و ٦٠٠ هەزار كەس، و گەرانەوەی ئەو پارانە كاریگەری گەورە لەسەر ئابوری وڵات دروست دەكات..

بۆ ورده‌كاریی زیاتر كلیك لێره‌ بكه‌