11:36 - 01/09/2020
ئەرشیفە گرنگەكەی حیزبی بەعس لە ئەمەریكاوە گەڕێنرایەوە عێراق
رۆژنامەی (ول ستریت جۆرناڵ)
ئاشكرای كردووە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئەرشیفی دێرینەی حیزبی بەعسی
لەناوچووی گەڕاندووەتەوە بۆ عێراق، دوای ئەوەی لە ساڵی 2003 و داوی پرۆسەكە بە
نهێنی بردوویەتی، ئەو ئەرشیفەش گرنگی و بایەخی تایبەتی هەیە، بە پێی ڕاپۆرتی
رۆژنامەكەی بە فڕۆكەیەكی سەربازیی و بە نهێنی هێنراوەوتەوەو ئێستا لەبەردەستی مستەفا كازمیدایەو ژمارەیان 6 ملیۆن بەڵگەنامەیە.
بە پێی ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییەكە
هەنگاوێكی دیكەی دەستپێشخەرییەكانی ئەمەریكایە بۆ پشتیوانی كردن لە مستەفا كازمی و
ئاشكرا كردنی ئەو نیەتەیە كە بەرامبەر سەرۆك وەزیرانی نوێ هەیانەو خوازیاری ئەوەن
كابینەكەی سەركەوتوو بێت، بە پێی
ئەوسەرچاوە رۆژنامەوانییە ئەمەریكا بەهای ئەو ئەرشیفەی زانیوە بۆیە بردوویەتی و
پاشان پارێزگاریی كردووە و تا ئێستا هەڵێگرتوون و لە دوای گەڕانەوەی مستەفا كازمی
لەسەردانە ناوازەكەی بۆ كۆشكی سپی بۆی دەگەڕێننەوە، لەو ماوەیەی كە مستەفا كازمی
بەرپرسی یەكەمی دەزگای هەواڵگریی عێراق بووە بۆی دەركەوتووە كە بەشێكی زۆری
ئەرشیفی عێراق لەناو نەچووە، بەڵكو دەستی ئەمەریكیەكان كەوتووەو دوای بەداوادا
چوون ئەمەریكیەكان پەیمانیان پێداوە بۆی بگەڕێننەوە.
15 ساڵ بەر لە ئێستا، دوای ئەوەی
كە توندوو تیژییەكان لە عێراقی دوای سەدام حسین پەرە دەسەنێت، لە ڕێگەی یەكێك لە
بەرپرسە كۆنەكانی حیزبی بەعسەوە ڕادەستی دەزگای هەواڵگریی -بەسەرۆكایەتی كازمی- دەكرێت و دواتر بەمەبەستی پاراستنی ڕادەستی ئەمەریكیەكان دەكرێت، بە پێی ڕاپۆرتە
رۆژنامەوانییەكە ئەرشیفەكە 6 تۆن كاغەزەو تایبەتە بە گروپ و ڕێكخراوەكانی عێراق و
ئەو بەرپرسەش بۆیە ڕادەستی ئەمەریكیەكانی كردووە لەوە ترساوە كە دەستی ئێرانیەكان
بكەوێت و ئەوانیش نەتوانن وەك پێویست سوودی لێوەربگرن. ئەم كارە زۆ بە نهێنی
كراوەو بەرپرسانی ئەو كاتی عێراقی ئاگایان لەو كارە نەبووە، بەڵام ڕاپۆرتە
رۆژنامەوانییەكە نە ئاماژەی بە ناوی برپرسە كۆنەكەی عێراق كردووەو نە باسی لەوەش
كردووە كە لە بەرامبەر چیدا ئەو كارەی بۆ ئەمەریكیەكان كردووە.
لەبارەی ئەوی بۆچی پێشتر ئەو
ئەرشیفە نەگەڕێنراوەتەوە بۆ عێراق بەرپرسێكی ئەمەریكی بە رۆژنامەكەی گوتووە لەوە
ترساون ئەوانەی كە نزیكی ئێران بوون بە خراپی سوودی لێوەربگرن و بەتایبەتیش ناوی
نوی مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراقی هێناوە، ئەرشیفەكە بریتیە لە مێژووی
دامەزراندنی بەعس و چۆنیەتی پەیوەندی كردنی سەدام حسین بە بەعسییەكانەوە لە 1957
دا تا ئەو كاتەی كە عێراق لە لایەن هێزی هاوپەیمانی و ئەمەریكیەكانەوە پەلاماردرا
لە 2003 دا.
وەك شارەزایان باسیان كردووە، حیزبی بەعس لەبەر ئەوەی لەڕووی
ئایدۆلۆژییەوە كاری كردووەو دژی هەموو جموجوڵێكی سیاسی و نەتەوەیی و ئاینی بووە،
لە هەمان كاتیشدا تاكە حیزبی دەسەڵات بووەو ڕێگەی بە دروستبوونی ئۆپۆزسیۆن نەداوەو
بەردەوام كاری بۆ سەركوتكردنیان داوە، پێدەچێت بەشێكی زۆری ئەو ئەرشیفە پەیوەست
بێت بە گروپ و ئەحزابی كوردی و عەرەبییەوە، لە چۆنیەتی دامەزراندن و كاركردن و
كارەكتەرەكانیانەوە، هەروەها بە دووریشی نازانن بەشێك لەو ئەرشیفە تایبەت بێت بەو
كەسانەی كە لەناو گروپ و دەستەكاندا كێ پەیوەندی ژێربەژێریی هەبووە پێیانەوە،
هەربۆیە پێدەچێت لەكاتی شەن و كەو كردنی ئەو ئەرشیفەدا لەلایەن مستەفاكازمییەوە
بەشێك لە ڕاستیەكان دەربكەون و بە جۆرێك لە جۆرەكان بكەونە دەرەوەو باس لە دیوە شارەواكانی
ڕووداو كەسایەتیەكان بكات .
كەنعان مەكییە مامۆستای زانكۆو
شارەزای مێژوو باس لەوە دەكات سەرۆك وەزیرانی ئێستا مستەفا كازمی كاتێك بەڕێوەبەری
(مؤسسة الذاكرة العراقية)بووە ژمارەیەكی زۆر بەڵگەنامەی لە ژێرزەمینێكی بەغداد دەستكەوتووە، وەك خۆی باسی دەكات بە پشتیوانی ئەمەریكیەكان
توانیویەتی ئەو بەڵگەنامانە بگەیەنێتە ئەمەریكاو لە ماڵێكی تایبەتدا پارێزگارییان لێبكات
لەبەر گرنگی بەڵگەنامەكان نەیوێراوە لە هیچ شوێنێكی دیكە دایان بنێت.
وەك رۆژنامەكە باسی دەكات لە سەرو
بەندی شەڕی ناوخۆو نائۆقرەیی عێراقدا ئەگەر ئەمەریكیەكان نەبوونایە ئەوا هیچ شتێك
نەدەمایەوە ناوی ئەرشیفی عێراق بێت، هەموویان لەژێر ناوو پاساویی جۆراوجۆردا یان
دەبرانە دەرەوە یان لەناو دەدران.
رۆژنامەكە باس لەوە دەكات
ئەمەریكیەكان لە پاراستنی ئەو ئەرشیفەدا رۆڵی سەرەكییان بینیوەو نەیانهێشتووە
لەناوبچێت، بەڵام رۆژنامەكە ڕوونی نەكردووەتەوە لەماوەی ئەو هەموو ساڵەدا كە ئەو
ئەرشیفە لە ئەمەریكا بووەو لەناو ئەو هەموو دەزگا جۆراوجۆرەی ئەمەریكادا چییان لێكردووەو
چۆن مامەڵەیان لەگەڵ كردووە، تەنها ئەوەندەی ڕوونكردووەتەوە كە بەگەشتنی
بەڵگەنامەكان ڕادەستی دامەزراوەیەكیان كردووە بەناوی –هوفر- كە وەك لە پێناسەی
رۆژنامەكەدا هاتووە دامەزراوەیەكی فیكری پارێزكاری ئەمەریكایەو سەربە زانكۆی
ستانفۆردی ویلایەتی كالیفۆڕنیایە، ساڵی 2008 لەڕاگەیەنراوێكدا ئەو دامەزراوە
ڕایگەیاندووە كە ژمارەو زنجیرەیان داناوە بۆ ئەرشیفەكەو ڕێكیان خستووەتەوە.
ئەوەش بەو مانایەدێت كە زۆ بەباشی
و بە وردی توێژینەوەی خۆیان لەبارەی ئەرشیفەكەوە كردووە و سەرجەم زانیارییەكانیان
تۆماركردووەو ئەگەری زۆریش هەیە هەموو ئەو ئەرشیفە نەگەڕێنرابێتەوەو بەشێكی
تایبەتیان لێ جیاكردبێتەوە، یان لانی كەم كۆپییەكیان لێوەكردبێت.
رۆژنامەكە باسی لەوە كردووە لە
ئەمەریكاو كەنەدا دامەزراوەی تایبەتی بە ئەرشیف و هەلگرتنی بەڵگەنامەكان هەیە،
كۆمەڵەی ئەرشیفی ئەمریكی وكۆمەڵەی ئەرشیفی كەنەدی داوای گەڕاندنەوەی ئەو بەڵگەنامانەیان بۆ حكومەتی عێراق كردوە، ڕەزامەندییان نواندووە بۆ گەڕاندنەوەی بۆ حكومەتی عێراقی و كابینەكەی مستەفا
كازمی، وەك كەنعان مەكیە باسی دەكات، حكومەتی عێراقی ئاگای لە ڕێكخستنەوەی
ئەرشیفەكە بووەو خۆیان ڕەزامەندییان نواندووە لەسەر ئەو كارە، بەڵام ئاماژەی بەوە
نەداوە ئاخۆ لایەنی ڕەزامەند لە حكومتی عێراقیدا كێ بووەو لەسەر چی بنەمایەك كارەكە
كراوە، هەروەها ئاماژەی بەوەش نەكردووە كە حكومەتی عێراقی نوێنەری هەبووە لەو
لیژنەیەدا یان نە.
بەڵام زۆرینەی گومانەكان بۆ ئەوە
دەگەڕیتەوە كە مستەفا كازمی لەیەكێك لەو سەردەمانەدا ئاگای لەو بارودۆخە بووبێت كە
دامەزراوەی هوفر ئەنجامی داوە،جارێك لەسەردەمی (مؤسسة الذاكرة العراقية)یان ئەو كاتەی كە بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی عێراق بووە.
هەرچۆنێك بێت گەڕانەوەی ئەرشیفی 6
تەنی حیزبی بەعسی هەڵوەشاوەو حكومەتی پێشووی عێراق، لەبواری مێژوویی و زانستی و
ژیاریی و تەنانەت بەڕێوەبردنیشدا كاریگەریی خۆی دەبێت ئەگەر وەك پێویست سوودی
لیوەربگیرێت، لە هەمان كاتیشدا ڕووی ڕاستەقینەی بەشێكی زۆر لە سیاسی و لایەنە
سیاسییە عێراقیەكان نیشان دەدات و ئاو دەكرێتە ژێر بەشێك لەوانە، ئەوەی دەمێنێتەوە
ئەوەیە: ئایا مستەفا كازمی چۆن سوود لەو ئەرشیفە وەردەگرێت؟ ئایا ئەو ئەجێندایەی
ئەمەریكا هەیەتی لەناردنەوەی ئەرشیفەكە دەهێنێـتە دی؟ یان ئەوەیە وەك ئەرشیفێك مامەڵەی
لەگەڵ دەركرێت و لەسەر ڕەفەی فەرمانگەیەك دادەنرێت، كەس نازانێت.