ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:35 - 26/08/2020

عێراق چاوی لە بوژانەوەی دوای لوتكەی ئوردنە‌

پەیسەر

لوتكەی عەمان كە لەنێوان عێراق و میسر و ئوردندا بەڕێوەچوو، چەندین لێكتێگەیشتن بەدوای خۆیدا دەهێنێت و كازمیش دەڵێت لوتكەكە بۆ هەڵاتنی خۆرێكی نوێیە لە بواری ئاوەدانكردنەوە و بونیادنان.

لوتكەی عەمان چییە؟

لوتكەی عەمان كۆبوونەوەی سێ بەرپرسی باڵابوو كە پێكهاتبوون لە هەریەك لە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و شا عەبدوڵای دووەم  پاشای ئوردن و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر، ساڵی رابردووش لوتكەكە لە میسر بەڕێوەچوو و تێیدا پاشای ئوردن و سەرۆكی میسر چەند رێككەوتنێكیان واژۆكرد، ئەمساڵیش لە ئوردن ئەنجامدرا و جگە لە كۆبوونەوەی سێ‌ قۆڵی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەجیا لەگەڵ هەریەك لە سەرۆكی میسر و پاشای ئوردن كۆبۆوە.

خۆری نوێ‌

مستەفا كازمی لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، لوتكەكە بە خۆرێكی نوێ‌ بۆ ئاوەدانكردنەوە و بوژاندنەوە ناودەبات و دەڵێت، كۆبوونەوە لەگەڵ براكانمان كە مەبەستی سیسی و شا عەبدوڵایە، وەك خۆرێك وایە بۆ ئاوەدانكردنەوە و بوژانەوە و پەرەپێدانی رۆحی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن بۆ سەقامگیری ناوچەكە.

هەر لەو تویتەدا كازمی نوسیویەتی، عێراق پابەندە بە ستراتیژێكی باڵاوە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە.

لە لوتكەكەدا چی وتر؟

بەپێی پرۆتۆكۆلی لوتكەی عەمان، لە لوتكەكەدا جگە لە كۆبوونەوەی سێ‌ قۆڵی، عێراق و ئوردن و میسر بە جیا كۆبوونەوەی دوقۆڵییان ئەنجامداوە، كۆبوونەوەی یەكەمی كازمی لەگەڵ شا عەبدوڵا بووە، بەپێی ئەوەش كە بڵاوكراوەتەوە لەو كۆبوونەوەیەدا پاشای ئوردن و سەرۆك وەزیرانی عێراق گفتوگۆیەكی زۆر لەبارەی سنوورەكان و هەماهەنگی ئەمنی كراوە، ئەوە جگە لە گفتوگۆ بەبارەی پەرەپێدانی بازرگانی و ئاسانكاری هاتوچۆی چ هاوڵاتیان و چ بازرگان و كۆمپانیاكانی هەردوو وڵات.

كۆبوونەوەی كازمی و شا عەبدوڵا بەر لە دەستپێكردنی لوتكەكە ئەنجامدراوە و دوای پێشوازی رەسمی و پرۆتۆكۆلی ئەو دوو سەرۆكە كۆبوونەتەوە و دواتریش كە لوتكەكە دەستیپێكردووە كۆبوونەوەی گشتی سێ‌ قۆڵی ئەنجامدراوە.

هاوكات دیوانی پاشایەتی ئوردن لە راگەیەندراوێكدا باسی لە كۆبوونەوەی پاشای وڵاتەكەیان و سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە و نوسیویەتی كۆبوونەوەكە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندی و تاوتوێكردنی ئەو دۆسێیانە بووە كە لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەن و ئەنجامی كۆبوونەوەكەش پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی عەمان و بەغداد دەبێت.

كازمی: ئێمە براین

مستەفا كازمی لە دەستپێكی لوتكەی عەماندا رووی دەمی كردە هەریەك لە پاسا عەبدوڵای دووەم و عەبدولفەتاح سیسی و وتی ئێمە براین.
هاوكات باسی لەوە كرد كە ناوچەكە ئێستا پێویستی بە جەنگی تازە و ملامنێی دیكە نییە، بەڵكو پێویستی بە هاوكاری و هەماهەنگی و سەقامگیرییە، لەو بارەیەشەوە هەموو ئامادەییەكی عێراقی نیشاندا كە ببێتە بەشێك لە ستراتیژی ئارامی ناوچەكە و پێكەوە كاركردن.

سیسی: ئێمە ئامادەین

عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆكی میسر لە لوتكەی عەماندا وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ وتەكانی مستەفا كازمی وتی ئێمە ئامادەین كە هاوكار بین.
سیسی وتیشی، میسر بە هەموو توانایەوە پشتیوانی دامەزراوەكان دەكات بۆ گەڕاندنەوە و پاراستنی ئاشتی و ئارامی و سیادەی ناوچەكە.
هاوكات باسی لەوەش كرد كە پێویستە هاریكاری بازرگانی و ئابوری بەرفراوانتر بكرێت لەنێوان قاهیرە  و عەمان و بەغداد.

پشت لە تاران و روو لە كەنداو

لوتكەی عەمان لەكاتێكدایە كە دوای دەستبەكاربوونی وەك سەرۆك وەزیران، لەپاڵ ئەوەی یەكەم سەردانی مستەفا كازمی بۆ تاران بوو، بەڵام هەنگاو بە هەنگاو دووركەوتنەوەی بەغداد لە تاران دەردەكەوێت، بەتایبەت دوای سەردانی كازمی بۆ واشنتۆن، لە ئێستاشدا تەنانەت لە كڕینی كارەبا و وزەوە تا رێكخستنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییكان بە زەقی دەردەكەوێت كە عێراق دەیەوێت بگەڕێتەوە بەرەو كەنداوی عەرەبی، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا كازمی بۆی دەچێتە سەر كە عێراق لەژێر هەیمەنەی ئێران دەربهێنێت، لەكاتێكدا چەندین گروپی بەهێزی سیاسی و سەربازی و ئەمنی لە عێراقدا لەسەر هێڵی ئێران یەكلایی بوونەتەوە؟