ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:10 - 25/08/2020

تاران چی له‌ رافائیل گروسی ده‌وێت؟‌

پەیسەر

رافائیل گروسی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزه‌ی ئه‌تۆم دوو رۆژه‌ له‌ تارانه‌، ئه‌و له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ به‌ كه‌سێكه‌ توندو لایه‌نگری سیاسه‌تی لایه‌نگرانه‌ بۆ رۆژئاوا ناسێنراوه‌، به‌ڵام ئه‌و هه‌میشه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كه‌سێكی بێ لایه‌ن و نائایدۆلۆژییه‌و ته‌نها له‌ ڕوانگه‌ی كاره‌كه‌یه‌وه‌ بۆ هه‌موو دۆسیه‌كان ده‌ڕوانێت و كاری ئه‌ویش ته‌نها لایه‌نی هونه‌ریی و چۆنیه‌تی به‌ڕیوه‌چوونی كاره‌كانه‌و دووره‌ له‌ ململانێ سیاسیه‌كان و ئه‌و كاری به‌سه‌ریانه‌وه‌ نییه‌.

 

گه‌رچی ساڵی 2015 هه‌ندێك له‌ سزاكانی سه‌ر ئێران سووك كران، به‌ڵام به‌ هاتنه‌ سه‌ر كاری دۆناڵد ترامپ و كشاندنه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌ ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێرانی خسته‌ به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك سزای دیكه له‌ ساڵی 2018 دا‌، ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وپێشیش فشاری دروستكرد بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش له‌و باره‌یه‌وه‌ بڕێارێك بدات، به‌ڵام به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ بڕیاری توندكردنه‌وه‌ی سزاكان ڕه‌تكرایه‌وه‌و 14 وڵات ئاماده‌یی خۆیان ده‌رنه‌بڕێی و یه‌كێك له‌ ڕێككاره‌ ئیدارییه‌كانی ئێران سه‌ری گرت، كه‌ ده‌یگوت: ئه‌مه‌ریكا خۆی ئه‌ندامی ئاژانسه‌كه‌ نییه‌و كشاوه‌ته‌وه‌ مافی ئه‌وه‌ی نیه‌ قسه‌ی تێدا بكات، بۆیه‌ به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ پرۆژه‌ی فرۆشتنی چه‌ك به‌ ئێران په‌سه‌ند نه‌كرا.

دوا به‌دوای ئه‌و بڕیاره‌ش رافائیل گروسی بڕیاری ئه‌وه‌ی دا له‌ نزیكه‌وه‌ سه‌ردانی تاران بكات و له‌ڕه‌وشی ئه‌تۆمی ئه‌و وڵاته‌ بكۆڵێێته‌وه‌، گه‌رچی شاره‌زایان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌م سه‌رادنه‌ی ڕافائیل كۆتا سه‌ردانی ده‌بێت تا دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی تشرینی دووه‌می ئه‌مه‌ریكاو  به‌ شێوه‌یه‌ك لێكی ده‌ده‌نه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان دروست بكات.سه‌فه‌ری ئه‌مجاره‌شی له‌نێو میدیا جیهانیه‌كاندا ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆری به‌داوی خۆیدا هێنا.

ئاژانسی ئاسۆشێتدپرێس له‌ ڕاپۆرتێكیدا له‌و باره‌یه‌وه‌ نوسیوییه‌تی: ئه‌و ولاتانه‌ی كه‌ واژۆی ڕێكه‌وتننامه‌كه‌یان كردووه‌ و بریتین له‌ روسیا، چین، به‌ریتانیاو فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا هه‌موویان دانیان بوه‌دا ناوه‌ داواكارییه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا نایاساییه‌ و ناتوانرێت له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كاندا وه‌ك به‌ڵگه‌ نامه‌ی یاسایی به‌كار بهێنرێت و سزاكانی سه‌ر ئێرانی پێ زیادبكرێت.

ئاژانسه‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كه‌ باسی له‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ ئه‌و سه‌ردانه‌ی ڕافائیل له‌ دوای شكستی پرۆژه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆسزادانی زیاتری ئێران ده‌بێته‌ هۆی پشتیوانی ئێرانیه‌كان. رۆژنامه‌ی –جوزالم پۆست- ی ئیسرائیلیش نوسیویه‌تی: كاری ئه‌و ته‌نها چاودێركردن و به‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ ئێرانیه‌كانه‌و هیچی تری پێناكرێت.

ئاژانسی رۆیته‌رزیش نوسیویه‌تی دوای ئه‌وه‌ی ئێران ئه‌مه‌ریكا تێكچوونه‌وه‌ له‌ 2018 تا ئێستا ئێران دوو پرۆژه‌ی تری خستووه‌ته‌ ڕێ، گرۆسی بۆ به‌سه‌ر كردنه‌وه‌و دڵنیابوونه‌وه‌ له‌و دوو پرۆژه‌یه‌ سه‌ردانی ئێرانی كردووه‌. ئێرانیش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی نكوولی ناكات له‌و  كاره‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌وان به‌ پێی یاسای نێو ده‌وڵه‌تی ئاژانسی وزه‌ی ئه‌تۆم كاره‌كانیان كردووه‌و هیچ یسه‌رپێچییه‌كیان ئه‌نجام نه‌داوه‌. له‌ هه‌مان كاتدا ئه‌و ئاژانسه‌ ئینگلیزییه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ سه‌ردانی گوروسی بۆ پێداچوونه‌وه‌و نوێ كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئێران و ئاژانسی وه‌زه‌ی ئه‌تۆمه‌.هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و ئاژانسه‌ له‌ سه‌ر زاریی سه‌عید خه‌تیبزاده‌ ی وته‌ بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێرانه‌وه‌ گواستویه‌تیه‌وه‌ كه‌ گوتوویه‌تی: تا ئه‌و كاته‌ی ئاژانسی وزه‌ی ئه‌تۆمی سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بێلایه‌نی خۆی بپارێزێت و به‌ پێی یاساو ڕێنماییه‌كان كاره‌كانی خۆی به‌ڕێوه‌ ببات، هیچ كێشه‌و گرفتێك له‌ له‌نێوان ئێمه‌و ئه‌و ئاژانسه‌دا نایه‌ته‌ گۆڕێ.

رادێۆی ئه‌وروپای ئازاد له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی گروسییه‌وه‌ بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌ه‌ كه‌ ئامانجه‌كه‌ی به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو لایه‌ له‌باره‌ی وه‌به‌رهێنانی وزه‌ی ئه‌تۆمه‌وه‌، وابڕیاریشه‌ جگه‌ له‌ عه‌لی ئه‌كبه‌ر ساڵحی سه‌رۆكی سازمانی ئه‌تۆمی ئێران سه‌رۆك كۆماری ئه‌و ولاته‌ حه‌سه‌نی رۆحانیش ببینێت.

سه‌فه‌ره‌كه‌ی گروسی له‌ نێو میدیاكانی فه‌ره‌نساشدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوو، جگه‌ له‌ورده‌كارییه‌كانی چۆنیه‌تی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی داواكارییه‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا ، وته‌یه‌كی جه‌واد زه‌ریفی به‌ نوونه‌ هێناوه‌ته‌وه‌و نوسیویه‌تی: وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران گوتوویه‌تی كه‌ ئێران خوازیاری هاوكاریكردنی ئاژانسی وزه‌ی ئه‌تۆمه‌ به‌و مه‌رجه‌ی لایه‌نگرانه‌ بریار نه‌دات و ڕاپۆرته‌كانی به‌رزنه‌كاته‌وه‌. هه‌روه‌ها رۆژنامه‌ فه‌ره‌نسیه‌كان نوسیویانه‌ له‌سه‌ر داوای ئێرانیه‌كان بووه‌ سه‌ردانه‌كه‌و ئه‌ویش یه‌كسه‌ر قبوڵی كردووه‌.

گروسی به‌رله‌وه‌ی به‌ره‌و تاران سه‌فه‌ر بكات له‌ توێتێكدا نوسیبووی: به‌مه‌به‌ستی كۆتایی هێنان به‌ كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان تاران و ئاژانسه‌كه‌ی سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كات.

به‌ پێی وته‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران ته‌نها كێشه‌ی ئه‌وان له‌گه‌ڵ گروسی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بێلایه‌نانه‌ ڕه‌فتار بكات و ئه‌ویش دڵنیای كردوونه‌ته‌وه‌ كه‌ كاری ئه‌و ته‌نها لایه‌نی هونه‌رییه‌و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ بواری سیاسی و چۆنیه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌وه‌ نییه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا.