ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:02 - 24/08/2020

كه‌ی فرۆكه‌كانی ئیسرائیل له‌ عه‌ره‌بستانی سعودییه‌ ده‌نیشنه‌وه‌؟‌

پەیسەر

پۆمپیۆ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌و كێشه‌ گه‌رمه‌كانی ناوچه‌كه‌ش به‌رده‌وام له‌ گۆڕانكاریدان، له‌یه‌كێك له‌ هه‌نگاوه‌ نوێیه‌كانی دوای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل دروستكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ نوێیه‌كانی ئه‌و وڵاته‌یه‌ له‌گه‌ڵ وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كان، هه‌ندێك به‌ فرسه‌تی عومری ده‌زانن و به‌ مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵ ئه‌رزی واقیع له‌یه‌كی ده‌ده‌نه‌وه‌، هه‌ندێكی دیكه‌ش به‌ خه‌نجه‌ر له‌پشتدانی ده‌زانن به‌ پێشده‌ستی ئیمارات كه‌ وه‌ك سه‌رده‌ق شكێنو ڕچه‌یه‌كی شكاندن ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی له‌ قۆناغی نهێنییه‌وه‌ ئاشكرا كرد ، كردو پێشبینیش ده‌كرێت به‌شێك له‌وڵاتانی دیكه‌ی عه‌ره‌بی به‌دوادا بێت و بچنه‌ ڕیزیی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل و چیتر به‌دیدگای دوژمنكارانه‌وه‌ لێی نه‌ڕوانن..

ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌مێنیێته‌وه‌ بوونی دوژمنێكی دیكه‌ی ئیسرائیله‌ له‌ناوچه‌كه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌ سنووری جوگرافی لێیه‌وه‌ دووره‌، به‌ڵام به‌ هه‌ژموون و ده‌سه‌ڵات تا ڕاده‌یه‌كی زۆر لێوه‌ی نزیكه‌، به‌و پێیه‌ی له‌ڕێگه‌ی دۆست و لایه‌نگرو گوێڕایه‌ڵه‌كانی خۆیه‌وه‌ كاره‌كانی دژ به‌ ئیسرائیل ئه‌ندام ده‌دات كه‌ ئه‌ویش ئێرانه‌.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو وڵاتانی دونیاوه‌ جووه‌كان به‌ره‌و ئیسرائیل شۆڕبوونه‌ته‌وه‌و ئێستای ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل پێكهاته‌یه‌كی ئیتنیكی ئاینییه‌، به‌ڵام جووه‌كانی ئێران به‌شێكی زۆریان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌و به‌ پێی وته‌ی چاودێرانیش ئه‌و كاره‌ به‌ هه‌ڕه‌مه‌كی و سۆزداریی نازانن و پێیان وایه‌ ئه‌و كاره‌ به‌رنامه‌ بۆداڕێژراوه‌و ئه‌وانه‌شی كه‌ دژایه‌تی ئێران ده‌كه‌ن پییان وایه‌ ئێران و ئیسرائیل هه‌میشه‌ دوژمنی ئاشكراو دۆستی نهێنی بوون، ئه‌وه‌ی كه‌ ڕوو ده‌دات ڕووه‌ میدیاییه‌كه‌یه‌تی ئه‌وهی كه‌ ڕاسته‌قینه‌یه‌ باس ناكرێت.

هه‌رچۆنێك بێت پۆمپیۆ كاتێك له‌گه‌ڵ بنیامین نه‌تانیاهۆی سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل كۆبوویه‌وه‌و دواتر له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا پشتیوانی له‌ پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئیسرائیل ده‌كات و پابه‌نده‌ به‌ به‌ڵێنه‌كانی له‌و باره‌یه‌وه‌، ئه‌مه‌ دووپاتكردنه‌وه‌ی دوژمنایه‌تی ئه‌و وڵاته‌ نیشانده‌دات بۆئێرانیه‌كان، هه‌روه‌ها كاتێكیش ده‌ڵێت پێشوازی له‌ ڕێكه‌وتنی نێوان ئیمارات و ئیسرائیلیش ده‌كه‌ین، به‌و مانایه‌ دێت چیتر عه‌ره‌به‌كان یه‌ك ده‌نگ نه‌ماونه‌ته‌وه‌ له‌ دژایه‌تی كردنی ئیسرائیل دا و مامه‌ڵه‌ی ئه‌وان له‌ مامه‌ڵه‌یه‌كی ئایدۆلۆژییه‌وه‌ گۆڕاوه‌ بۆ مامه‌ڵه‌یه‌كی واقیع بینانه‌.

پۆمپیۆ له‌و كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌دا ده‌ڵێت به‌هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌وڵاتانی دیكه‌ی عه‌ره‌بی بۆ ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و به‌رقه‌رار بوونی ئارامی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست مسۆگه‌ر ده‌كات، كه‌واته‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌ بۆئیسرائیل یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وام حسابی خۆیانی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، بوونی ده‌نگی به‌رزی ئێرانیه‌كانه‌ كه‌ له‌ هه‌موو كات و ساتێكدا ده‌ڵێن: (مرگ بر امریكا، مرگ بر اسرائیل)، به‌خستنه‌ پاڵی ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌ له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ مانای خۆی هه‌یه‌و واته‌ به‌یه‌كچاو سه‌یری هه‌ردوكیان كردن. هه‌ربۆیه‌ ئیسرائیلیش جگه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی خۆی بۆ ئه‌وه‌ی نه‌هێڵێت ئێران ده‌ستی به‌ دۆسیه‌ مه‌ترسیداره‌كانی وه‌ك چه‌كی ئه‌تۆمی و مووشه‌كی دوورهاوێژه‌ ، له‌ هه‌مانكاتدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ وڵاتێكی زلهێزی وه‌ك ئه‌مه‌ریكا پشتیوانی لییكات له‌و بابه‌ته‌دا، هه‌ر بۆیه‌ پۆمپیۆ به‌ئاشكرا به‌ نه‌ته‌نیاهۆی گوت: ئێمه‌ ناهێڵین ئێران ده‌ستی به‌و چه‌كه‌ بگات.

نه‌تانیاهۆش جگه‌ له‌ خۆشحاڵیه‌كانی خۆی به‌ پشتیوانی ئه‌مه‌ریكا له‌ پرۆژه‌كانی، ئیسرائیل و به‌تایبه‌تی پرۆژه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی، به‌ڵام ده‌ستگه‌شتنی ئێران به‌ سنووره‌كانی ئیسرائیل و دروستكردنی كێشه‌ی ته‌قینه‌وه‌و تیرۆر و كاری ژێربه‌ژێریی به‌تایبه‌تی له‌ لایه‌ن وه‌كیل و ده‌سته‌دووه‌كانه‌وه‌ به‌ یه‌كێك له‌ كێشه‌ سه‌ره‌كی و ئه‌منیه‌كانی خۆی ده‌زانێت كه‌ له‌ڕاستیدا ئێران له‌و بواره‌دا تا كاتی كوشتنی قاسم سوله‌یمانی ده‌ستێكی باڵای هه‌بوو. نه‌تانیاهۆ نه‌یشاردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئێران له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌و كارانه‌ به‌ناوبانگه‌و ڕێگرییه‌كانی به‌رده‌می لاوازن.

به‌پێی سه‌رچاوه‌كان یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ سه‌رده‌مانێكی زۆر ڕابه‌رایه‌تی جیهانی ئیسلامی كردووه‌ به‌تایبه‌تی له‌ باكووری ئه‌فه‌ریقاو ئیسلامی سیاسی تیایدا تا پله‌ی سه‌رۆك كۆماریی  رۆشتووه‌ و به‌ناوبانگیش بووه‌ له‌ دژایه‌تی كردنی ئیسرائیل، سوودانه‌، هه‌ربۆیه‌ پۆمپیۆ بۆ دڵنیابوونه‌وه‌ له‌و هه‌وڵانه‌ی كه‌ سوودانیش وه‌ك یه‌كێك له‌ ده‌وڵه‌ته‌ دیاره‌ ئیسلامییه‌ سونه‌كانی باكووری ئه‌فه‌ریقا ده‌خوازێت ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ئیسرائیل بكات، بۆیه‌ پۆمپیۆ ڕوو له‌و وڵاته‌ش ده‌كات و به‌ ده‌ست له‌ پشتدانی به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌ ڕێگه‌ بۆ وڵاتانی دیكه‌ش ده‌كاته‌وه‌و دوور نیه‌ به‌دوای ئه‌ویش دا ولاتانی دیكه‌ی ئه‌فه‌ریقی بێنه‌ ڕیزه‌كه‌وه‌. ومه‌ك شرۆڤه‌كاران باسی ده‌كه‌ن هه‌موو ئه‌م كارانه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئیسرائیل ڕووبه‌ری هه‌ژموونی نادیاری خۆی زیادبكات و گه‌وه‌رترین گۆڕانكاریی بێنێـته‌ ئاراوه‌ ئه‌ویش تێڕوانینی عه‌ره‌به‌كانه‌ له‌ دوژمنایه‌تییه‌وه‌ بۆ دۆستایه‌تی، ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ ته‌نها شێعه‌كانی گوێڕایه‌ڵی ئێرانن و هیچی تر، ئه‌ویش خۆی له‌ سوریاو به‌شێكی لوبنان و به‌شێكی عێراق و به‌شێكی یه‌مه‌ن دا خۆی ده‌بینێته‌وه‌.

دوای كۆتایی هاتنی گه‌شتی سودان، پۆمپیۆ به‌نیازه‌ سه‌رێكی كه‌نداویش بدات و ئه‌وانه‌ی كه‌ ماونه‌ته‌وه واداریان بكات به‌ ئه‌نجامدانی ڕێكه‌وتنی ئاشكرا له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و به‌مه‌ش ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ پۆمپیۆ به‌ شكێنه‌ری ته‌لیسمی نیگه‌رانیه‌كانی عه‌ره‌ب داده‌نرێت و ئه‌گه‌ر به‌رپرسه‌ بچووكه‌كانی دیكه‌ ژێر به‌ژێریی ده‌ڵاڵی ڕێككه‌وتنه‌كان بووبن و له‌و نێوه‌نده‌دا قسه‌یه‌كیان هه‌بوو بێت ئه‌وا ئه‌و ئاشكرای كردووه‌و هیچ بوارێكی بۆ ئه‌وه‌ نه‌هێشتوه‌ته‌وه‌ كه‌ گومان له‌وه‌ بكرێت ئایا ئه‌مه‌ریكا پێشوازیی له‌و ڕێكه‌وتنانه‌ ده‌كات یان نه‌.

شاره‌زایان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌وه‌ ڕاست نییه‌ كه‌ ئیمارات یه‌كه‌م وڵاتی عه‌ره‌بی بێت كه‌ ڕێككه‌وتنی له‌ گه‌ڵ ئیسرائیل كردبێت، به‌ڵگه‌ی ئه‌وان ئاسایی كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان میسر1979 و ئه‌رده‌ن 1994 به‌ به‌ڵگه‌ ده‌هێننه‌وه‌و پێیان وایه‌ ئه‌وڕچه‌یه‌ هه‌ر ئه‌و كاته‌ شكاوه‌، به‌ڵام بۆیه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی به‌دوای خۆیدا نه‌هێنا له‌به‌ر ئه‌وه‌ بوو كه‌ هێشتا به‌ هه‌مووان خوازیاریی ئه‌وه‌ بوون گه‌وره‌نه‌كرێت نه‌بادا كاردانه‌وه‌ی خراپی لێبكه‌وێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا كه‌ هه‌رخۆیان خوازیاری ئه‌وه‌ن كه‌ باس بكرێت ئه‌و لایه‌نه‌یان مسۆگه‌ر كردووه‌، ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئیسرائیل نه‌ك نابێته‌ عه‌یبه‌ به‌ڵكو وه‌ك شتێكی ئاسایی و بگره‌ وه‌ك ده‌ستكه‌وتیش لێكده‌درێته‌وه‌.

وه‌ك نه‌تانیاهۆ له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌یدا گوتی فرینی فڕۆكه‌كانمان به‌سه‌ر ئاسمانی عه‌ره‌بستانی سعودییه‌دا به‌ره‌و ده‌وحه‌و ئه‌بوزه‌بی، ڕیاز ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه‌ ده‌بێت رۆژێك له‌ رۆژان ئه‌و فڕۆكانه‌ له‌وێش بنیشنه‌وه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا نه‌یارو نیگه‌ران و پێویستی به‌كات هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی ده‌بێت له‌ كۆشكی سپی واژی نیوانیان بكرێت وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ نێوان ئیمارات و ئیسرائیل دا ڕوو ده‌دات و ئه‌وه‌ی كه‌ ڕێگره‌ كاته‌ نه‌ك شتی تر، نه‌تانیاهۆ له‌و كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌دا له‌باره‌ی كێشه‌كانی فه‌له‌ستین له‌ 1967 ه‌وه‌ تا ئێستا به‌ یه‌ك ڕسته‌خسته‌ ڕوو‌ كه‌ گوتی: پرۆسه‌ی پێكه‌وه‌لكاندن به‌رده‌وامی ده‌بێت).

ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ تارانه‌، تارانیش په‌ڕوو باڵی كراوه‌، به‌تایبه‌تی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، چاودێران پییان وایه‌ ئه‌گه‌ر هیلالی شیعی به‌ته‌واوه‌تی شكستیش نه‌هێنێت، مسته‌فا كازمی له‌به‌ر مانه‌وه‌ی خۆشی بێت ناچار ده‌كرێت لاوازیی بكات، چوون سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ واشنتۆن و پێشوازییه‌ فراوانه‌كه‌ی مانای ئه‌وه‌ن كه‌ ده‌بێت له‌به‌رامبه‌ر ئێراندا قسه‌ی خۆی هه‌بێت، قسه‌یه‌ك كه‌ نه‌ك دڵی ئیسرائیلیه‌كان ناخۆش نه‌كات، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر گومانێكیشیان هه‌بێت ببێته‌ مایه‌ی ڕه‌واندنه‌وه‌ی...