ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:44 - 19/08/2020

بەرەی دژە ئەمریكا لە عێراق هەڕەشەی لەكارخستنی كازمی دەكەن‌

پەیسەر

سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە بایەخی سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن كەمدەكاتەوە و رایدەگەیەنێت سەردانەكەی نە مێژوییە و نە گرنگییەكی ئەوتۆی هەیە چونكە ستراتیژی واشنتۆن بەرامبەر عێراق بە سەردانێكی سەرۆك وەزیران ناگۆڕدرێت.

مالكی: من چەندجار چومە واشنتۆن
نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە لە ساڵانی 2006 تا 2014 سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو، لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا كە لە بارەی سەردانەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن پرسیاری لێكرا رایگەیاند، ستراتیژی ئەمریكا بەرامبەر عێراق دیارە كە خواستی مانەوەی هێزەكانی هەیە و بە سەردانێكی سەرۆك وەزیران ئەو ستراتیژە ناگۆڕێت.

هەر لەو دیدارەدا مالیكی ئاماژە بەوەشدەكات، سەردانەكە مێژوویی نییە وەك ئەوەی كە بانگەشەی میدیایی بۆ دەكرێت، لەو ساڵانەی منیش سەرۆك وەزیران بووم 5 جار سەردانی واشنتۆنم كرد، بەڵام نە ئەمریكا و نە هیچ وڵاتێكی دیكە ستراتیژی خۆی بەرامبەر وڵاتێكی دیكە بە سەردانێك ناگۆڕێت.

لەقاڵبدانی حەشدی شەعبی
ئەگەرچی یەكێك لەو خوێندنەوانەی بۆ سەردانەكەی كازمی دەكرێت ئەوەیە كە ئەمریكا جارێكی دیكە داوا و فشار لە سەرۆك وەزیران دەكات بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی گروپە میلیشیاكان كە ئەو بە نزیك لە ئێران ناویان دەبات، لەگەڵ لەقاڵبدان و كەمكردنەوەی رۆڵی حەشدی شەعبی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساش هەمان بۆچوونی هەیە و پێیوایە ئەمریكا فشار لە سەرۆك وەزیران دەكات رۆڵی حەشد كەمبكاتەوە.

نوری مالیكی لەوبارەیەوە دەڵێت داوای ئەمریكا بۆ سەردانی كازمی لەم كاتەدا زیاتر لە پیلانێكی ئەمریكییەكان دەچێت بە ئاراستەی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و هەوڵدان بۆ كەمكردنەوەی رۆڵی ئێران.

هەیمەنەی تاران لە بەغداد
ئەگەرچی لەو رۆژەی دەستبەكار بووە، مستەفا كازمی بەردەوام دەیەوێت وای نیشان بدات كە حكومەتەكەی بە یەك مەسافە لە هەمووان دوورە بەتایبەت لەنێوان ئەمریكا و ئێراندا، بەڵام بە سروشتی خۆی عێراق لە چەند ساڵی رابردوودا هێندەی ناونیشان بووە بۆ گۆڕەپانی ململانێی سارد و گەرمی هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان، چەندین هێندە كەمتر ناونیشان نەبووە بۆ وڵاتێك كە خۆی خاوەنی بڕیاری سەربەخۆی خۆی بێت، ئێستاش بەردەوام رەخنە لە كازمی دەگیرێت كە نەك ناتوانێت رووبەرووی هەیمەنەی بیانی سەر خاكی وڵاتەكەی ببێتەوە، بەڵكو خودی خۆی لە ئەنجامی ئەو ململانێیانە گەیشتووەتە سەر كورسی سەرۆك وەزیران، بەڵام جارێكی دیكە نوری مالیكی كە بە یەكێك لە سیاسییە كاریگەرەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق دادەنرێت رەخنە لە سیاسەتی حكومەتی عێراق بەرامبەر هێزە ئیقلیمییەكان دەگرێت و دەڵێت ئێران هیچ سەربازگەیەكی لەناو خاكی عێراقدا نییە، بەڵام ئەمریكییەكان بە ئاشكرا هەن و ئامادەش نین بڕۆنەوە، ئێمە ئێستا چ پێویستمان بە هێزی ئەمریكییە لە خاكی عێراقدا، دەشێ‌ هەندێك راهێنەریان بمێنێتەوە كە راهێنان لەسەر چەك و كەرەستە سەربازییەكان بە هێزە عێراقییەكان بكەن، بەڵام ناكرێت هێزی سەربازییان لێرە بمێنێتەوە.

هۆشداریش دەدات لەوەی كە لەكاتێكدا عێراق لەرێگەی پەرلەمانەوە بڕیاریداوە كە هێزە بیانییەكان خاكەكەی بەجێ‌ بهێڵن، نابێت رێگە بدرێت ئەمریكا بەشێك لە هێزەكانی بباتەوە و بەشێكیان بەناوی جیاواز جیاواز بەجێبهێڵێت.

هەڕەشە لە كازمی
دەشێ‌ هەڕەشەكان لەسەر مستەفا كازمی دوای سەردانی بۆ ئەمریكا لە سنورێكی دیاریكراودا نەمێنێتەوە، بەتایبەت كە بەرەی دژە ئەمریكا تادێت سەقفی هەڕەشەكانیان بەرزدەكەنەوە، لەماوەی چەند كاتژمێری رابردووی گەیشتنی كازمیش بە واشنتۆن، بەردەوام هەڕەشەكان لەسەری زیاتر دەبن، زیاد بە ئەندازەیەك كە چ بەرەی سادیقون و چ دەوڵەتی یاسا بە ئاشكرا دەڵێن ئەگەر كازمی لەگەڵ ئەمریكییەكان هەر جۆرە رێككەوتنێك بكات بۆ مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە خاكی عێراقدا، ئەوا نەك رێككەوتنەكانی جێبەجێ‌ ناكرێت بەڵكو لەگەڵ گەڕانەوەیدا بۆ عێراق لەرێگەی پەرلەمانەوە متمانەی لێوەردەگیرێتەوە و لە پۆستەكەی لادەبرێت.