ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:20 - 15/08/2020

دوو روویی توركیا لە پرسی فەڵەستیندا‌

پەیسەر

توركیا یەكەم دەوڵەتی زۆرینە موسڵمان بووە كەدانیناوە بە دەوڵەتی ئیسرائیل، پەیسەرپرێس لەم راپۆرتەدا دووڕووی توركیا لە پرسی فەلەستین دەخاتەڕوو..

ئەنكەرە و تەلئەبیب دوو هاوپەیمانی ستراتیژی
ئەگەرچی لە وتاری فەرمی توركیادا ئیسرائیل وەك دوژمن وێنا دەكرێت، بەڵام لەراستیدا ئەنكەرە و تەلئەبیب دوو هاوپەیمانی ستراتیژی یەكترن، لەزۆر بواردا ئەوەش وایكردووە بەشێك لە چاودێران هەڵوێستەكانی ئەنكەرە بەرامبەر پرسی فەلەستین بە دووڕووی وێنا بكەن.

توركیا بەبەردەوامی پشتیوانی خۆی بۆ پرسی فەلەستین دەردەبڕێت ئەوەش لەپێناوی بەدەستهێنانی هاوسۆزی شەقامی عەرەبی، لەبەرامبەردا سورە لەسەر ئەوەی دوژمنایەتی بۆ ئیسرائیل لەچوارچێوەی هێرشی راگەیاندن بهێڵێتەوە.

پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا بەبەردەوامی خۆپیشاندان لە ئیستەنبوڵ رێكدەخات بۆ پاڵپشتی پرسی فەلەستین، لەبەرامبەردا ساڵانە لە باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ئەنكەرە ئاهەنگ و مەراسیم رێكدەخرێت بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلیەوە.

ئەم دیمەنە لەچوارچێوەی ئەو یاریە دایە كە سەرۆكی توركیا دەیكات لەپێناوی بەدەستهێنانی پشتیوانی شەقام لەلایەك و هێشتنەوەی هاوپەیمانیەتی ستراتیژی نێوان ئەنكەرە و تەلئەبیب لەلایەكی ترەوە.

توركیا یەكەم دەوڵەتی زۆرینە موسڵمان دانیناوه‌ بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا
لەڕووی مێژوویەوە توركیا یەكەم دەوڵەتی زۆرینە موسڵمان بوو كە دانینا بەدەوڵەتی ئیسرائیل لەساڵی 1949، ئەوەش لەكاتێكدابوو تەنها یەك ساڵ بوو دەوڵەتی ئیسرائیلی راگەیەندرابوو،  و هەمان ساڵیش پەیوەندی دیبلۆماسی لەنێوان توركیا و ئیسرائیل دروست بوو، بەهاتنەسەركاری پارتی داد و گەشەپێدانیش لەساڵی 2002 هیچ گۆڕانكاریەك لە پەیوەندیەكانی ئەو دوو وڵاتە دروست نەبوو.

پارتی داد و گەشەپێدان و ئیسرائیل
پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا لەدوای هاتنەسەركاری، هەوڵیدا پەیوەندیەكانی لەگەڵ تەلئەبیب بەهێز بكات، بۆ ئەمەش ساڵی 2005 رەجەب تەیب ئەردۆغان كە ئەو كاتە سەرۆك وەزیران بوو سەردانی ئیسرائیلی كرد و سەردانەكەشی بە گرنگ وەسف كرد.

دوای ئەوە ئەگەرچی لەساڵی 2009 ئەردۆغان لە كۆربەندی داڤۆس هاتەدەرەوە دوای ئەوەی دەنگەدەنگی لەگەڵ شیمۆن پێرێز سەرۆكی ئەوكاتەی ئیسرائیل دروست كرد لەپەخشی راستەوخۆدا، بەڵام ئەو دەنگە دەنگە هیچ كاریگەریەكی لەسەر پەیوەندیەكانی هەردوو وڵات دروست نەكرد، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی لە دواتردا هەڵوێستەكەی ئەردۆغان بە " شانۆگەریەكەی داڤۆس " وەسف بكرێت.

لەساڵی 2010 دا ڕووداوی كەشتی مەڕمەڕە ڕوویدا بەڵام دواتر لەچوارچێوەی ئاشت بوونەوەدا ئەو پرسە كۆتایی هات، ئەگەرچی لەڕووی واقعیەوە ڕووداوەكە كاریگەریەكی ئەوتۆی لەسەر پەیوەندیەكانی نێوان هەردوو وڵات دروست نەكرد.

توركیا و چەكی ئیسرائیلی
توركیا بەدووەم وڵات دادەنرێت لەدوای ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا كە زۆرترین كارگەی چەكی سوپای ئیسرائیلی لەخۆ گرتووە، ساڵی 2015 هەردوو وڵات رێككەوتنێكیان لەبواری سەربازی واژۆكرد كە بەهاكەی زیاتر بوو لە سێ ملیار دۆلار.

بازرگانی نێوان توركیا و ئیسرائیل
كۆمپانیای فرۆكەوانی توركیا بە گەورەترین هێڵی گواستنەوە دادەنرێت بۆ ئیسرائیل و بەپێچەوانەشەوە، كەناڵی سكای نیوز دەڵێت ساڵی 2018 توركیا زیاتر لە یەك ملیۆن تۆن چیمەنتۆی بۆ ئیسرائیل ناردووە بەمەبەستی پاڵپشتی دروستكردنی ئۆردوگا جولەكەنشینەكان.

جگە لەوەش رێكخراوی ئونروا كە ئاژانسێكی سەر بەنەتەوەیەكگرتووەكانە بۆ پاڵپشتیكردنی ئاوارەكانی فەلەستین لە راپۆرتەكانی ساڵانەیدا ناوی توركیا ناهێنێت وەك ئەو وڵاتانەی كە هاوكاری ئاژانسەكە دەكەن.

توركیا و وڵاتانی عەرەبی
لەسەردەمی دەسەڵاتداریەتی پارتی داد و گەشەپێداندا، وڵاتانی عەرەبی بەدەست دەستوەردانەكانی ئەنكەرەوە دەناڵێنن، توركیا، بنكەیەكی سەربازی لە نزیك شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر كردۆتەوە بەناوی بنكەی سەربازی تارقی كوڕی زیاد، لەپرسی تێكچوونی پەیوەندیەكانی قەتەر و ژمارەیەك لە وڵاتانی عەرەبی دەستوەردانی لەبەرژوەندی دەوحە كرد، ئەوەش لەكاتێكدابوو ئەو وڵاتانە قەتەریان بە پاڵپشتی تیرۆر تۆمەتبار دەكرد و بۆ ئەمەش ژمارەیەك بەڵگەیان بڵاوكردەوە.

هەروەها توركیا بەیەكێك لە وڵاتانە تۆمەتبار دەكرێت كە هەر لەسەرەتای شۆرشی گەلانی سوریادا دەستوەردانی لەو وڵاتە كرد و لەساڵی 2011 وە پاڵپشتی جیابونەوەكانی ناو سوپای سوریای كرد و سوپایەكی نوێی لەژێر ناوی سوپای سوریای ئازاد بۆ دروستكردن، 24ی ئابی ساڵی 2016 سوپای توركیا هێرشی راستەوخۆی بۆ سەر خاكی سوریا دەست پێكرد، لەئێستادا توركیا 8835 كیلۆمەتری لەخاكی سوریا داگیركردووە.

توركیا بە پاڵپشتیكردنی گروپە توندرەوە ئیسلامیەكانی سوریا تۆمەتبار دەكرێت و لەرابردووشدا چەند جارێك دەزگا هەواڵگریەكانی جیهان راپۆرتیان لەو بارەیەوە بڵاوكردۆتەوە.

لە نوێترین لێدوانیشدا جۆ بایدن كاندیدی دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا رەجەب تەیب ئەردۆغان بەوە تۆمەتبار دەكات كە رێكخراوی تیرۆرستی داعشی دروستكردووە، بەڵێنی ئەوەش دەدات كە ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەرێتەوە ئەوە سزای دەدات.

جگە لەوەش توركیا لەناو خاكی عێراق 30 بنكەی سەربازی كاتی هەیە و 40 كیلۆمەتر هاتۆتە ناو خاكی عێراق و دەستی بەسەر نەوتی هەرێمی كوردستاندا گرتووە، لە تازەترین هەڵوێستیشدا فواد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەحمەد ئەبو غەیت، ئەمینداری گشتی كۆمكاری عەرەبی و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی  میسڕ، ئوردن، سعودیە و كوەیت و بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا ئەنجامداوە، تیایدا وردەكاری  بۆردومان و دەستوەردانەكانی توركیای لەخاكی عێراق بۆ ڕوونكردنەوە و داوای هاوكاری و پاڵپشتی لێكردن بۆ ئەوەی سنورێك بۆ پێشێلكاریەكانی ئەنكەرە لەناو خاكی عێراق دابنرێت.

لە لیبیاش توركیا دەستوەردان دەكات لەپێناوی هێشتنەوەی حكومەتەكەی فایز سەراج كە رەچاوی بەرژەوەندیەكانی توركیا دەكات، كەناڵی عەرەبیە بڵاویكردەوە، عومەر كەبیر پارێزگاری بانكی ناوەندی لیبی لە رۆژی 2/7/2020 بڕی 8 ملیار دۆلاری لەبانكی ناوەندی لیبیا دایە توركیا بە قەرزی 4 ساڵ بەبێ هیچ سویەك بەمەبەستی پاراستنی بەهای لیرەی توركی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی، مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووش كابینەكەی سەراج رێككەوتنێكی لەگەڵ توركیا كرد دەربارەی پشكی لیبیا لە ئاوەكانی دەریای ناوەراست ئەوەش ئەنكەرەی باڵادەست كرد لەدەریای ناوەراست، هەروەها توركیا دۆخی لیبیا قۆستۆتەوە بۆ ئەوەی دەست بەسەر ئابوری و وزە و خێر و بێری ئەو وڵاتەدا بگرێت و چەند رێككەوتنێكی لەگەڵ حكومەتەكەی فایز سەراج كردووە، كە رێگە بەكۆمپانیا توركیەكان دەدات وەبەرهێنان لە لیبیا بكەن و خاوەنی باڵادەستی بن لە ئاوەدانكردنەوەی ئەو وڵاتەدا، هەر ئەمەش وایكرد توركیا هێزی سەربازی و چەند گروپێكی میلیشیای بنێرێت بۆ پاراستنی سەراج لەبەرامبەر هێزەكانی خەلیفە حەفتەر.

  دەستوەردانەكانی توركیا لە وڵاتانی عەرەبی لەلایەك و پاڵپشتیكردنی بە زارەكی بۆ پرسی فەلەستین وایكردووە وڵاتانی عەرەبی بەگومانەوە لە هەڵوێستەكانی ئەنكەرە بڕوانن.