ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:18 - 15/08/2020

لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا ئەمریكا بۆچی شكستی هێنا؟‌

پەیسەر

رۆژی هەینی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی شكستی هێنا لە تێپەراندنی پرۆژەیەك بۆ هێشتنەوەی قەدەغەی فرۆشتنی چەكی كلاسیكی بە ئێران كە بەپێی رێككەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج كۆیەك لەمانگی تشرینی یەكەمی داهاتوودا قەدەغەی سەر فرۆشتنی چەك بە ئێران هەڵدەگیردرێت.

نەیارەكانی واشنتۆن دژی دەنگیاندا و دۆستەكانی پشتیان تێكرد
پرۆژەكەی ئەمریكا لەلایەن روسیا و چینەوە ڤیتۆ نەكرا بەهۆی ئەوەی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا نەیتوانی 9 دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش بەدەست بهێنێت بەوەش پێویستی نەكرد، روسیا و چین مافی ڤیتۆ بەكاربهێنن، 11 ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشیش كە لەناویاندا فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا هەبوون دەنگیان نەدا و بێدەنگیان هەڵبژارد، وڵاتانی چین و روسیا دژی پرۆژەكەی ئەمریكا دەنگیاندا و ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا و دۆمینیكان دەنگیان بەپرۆژەكەدا.

بەپێی پرۆژەكەی ئەمریكا دەبوایە گەمارۆی فرۆشتنی چەك لەسەر ئێران درێژ بكرێتەوە كە ماوەی 13 ساڵە بەسەریدا سەپێندراوە و بەپێی رێككەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و وپێنج وڵاتە هەمیشەییەكەی ئەنجومەنی ئاسایش كە لە 2/4/2015 لەشاری لۆزانی سویسرا واژۆكرا دەبێت لەمانگی تشرینی یەكەمی داهاتوودا قەدەغەی فرۆشتنی چەك لەسەر ئێران هەڵبگیردرێت، بەڵام ئیدارەكەی دۆناڵد ترەمپ لە 8ی ئایاری ساڵی 2018 لە رێككەوتنەكە كشایەوە، بەرای چاودێرانیش بڕیاری كشانەوەی تاك لایەنەی ئەمریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمی وایكرد رۆژی هەینی هاوپەیمانەكانی پشتی تێ بكەن.

چین: ئەوە بەرهەمی بڕیاری تاك لایەنەیە
لە دوای بڕیارەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی چانگ چون باڵیۆزی چین لە نەتەوەیەكگرتووەكان لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند" ئەوە سەلماندی كە رێكاری تاك لایەنە پشتیوانی بەدەست ناهێنێت و ڕووناكی نابینێت و شكست دەهێنێت"

ئەمریكا كۆڵ نادات
دوای شكستی پرۆژەی وڵاتەكەی، كیلی كرافت باڵیۆزی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا لە نەتەوەیەكگرتووەكان لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند " وڵاتەكەی لەچەند رۆژی داهاتوودا هەموو هەوڵەكانی چڕ دەكاتەوە بۆ درێژكردنەوەی قەدەغەی ناردنی چەك بۆ ئێران"

ئێران خۆشحاڵیشە و هەڕەشەش دەكات
لای خۆیەوە مجید تەخت راوانجی باڵیۆزی ئێران لە نەتەوەیەكگرتووەكان لەبەیاننامەیەكدا هۆشداریدایە ویلایەتەیەكگرتووەكان لە پەنا بردنە بەر سەپاندنەوەی سزا بەسەر وڵاتەكەی و رایگەیاند " سەپاندنی سزا یان كۆت و بەند وادەكات ئێران لەبەرامبەردا وەڵام بداتەوە و بژاردەكانیشیان دیاریكراونین، و ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا و هەر كیانێكی تر تەواوی بەرپرسیاریەتی رەفتاری نایاسایی هەڵدەگرن"

لای خۆیەوە عەباس مووسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران  لە تویتێكدا نوسیویەتی "لە مێژووی 75 ساڵەی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەمریكا بەو جۆرە پەراوێزنەخراوە"

پۆتن پێشنیاری نوێ دەكات
رۆژی هەینی ڤلادیمێر پۆتن سەرۆكی روسیا لەبەیاننامەیەكدا پێشنیاری كرد لەرێگەی ئینتەرنێتەوە كۆبونەوەیەك لەنێوان ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا و فەرەنسا و بەریتانیا و چین و ئەڵمانیا و ئێران بكرێت، بۆ ئەوەی ئاڵۆزی و پێكدادانی زیاتر  دروست نەبێت لەناو نەتەوەیەكگرتووەكاندا لەسەر پرسی ئێران، بەیاننامەكە دەڵێت بەدیلی ئەو كۆبونەوەیە ئاڵۆزی زیاتر و مەترسیدارە، و دەبێت ئەو سیناریۆیە دووربخرێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە وەڵامی پێشنیارەكەی پۆتندا بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند گوێ لەو پێشنیارە بووە بەڵام تا ئێستا ئاگادار نەكراوە، كۆشكی سەرۆكایەتی فەرەنساش رایگەیاند ئیمانوێل ماكرۆن ئامادەیە بەشداری ئەو كۆبونەوەیە بكات.

سزاكانی سەر ئێران
ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا لەساڵی 1979 وە سزای بەسەر ئێراندا سەپاندووە بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی باڵیۆزخانەكەی لە تاران و بە بارمتەگرتنی ژمارەیەك ئەمریكی لەناو باڵیۆزخانەكەی.

نەتەوەیەكگرتووەكان لە مانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2006 سزای فراوانی بەسەر ئێراندا سەپاند بەپێی بڕیاری ژمارە 1737 بەپێی بڕیارەكەش رێگری دەكرێت لە فرۆشتن و گواستنەوەی هەموو مادە و تەكنەلۆجیایەك كە ببێتە هۆی چالاكیەكانی تایبەت بە پیتاندن یان ئاوی قورس.

لەمانگی ئازاری ساڵی 2007 ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری ژمارە 1747ی دژی ئێران پەسەند كرد بەمەبەستی زیادكردنی فشارەكانی سەر تاران پەیوەندیدار بە بەرنامە ئەتۆمی و موشەكیەكانی ئێران بەوەش هەموو جۆرە مامەڵەیەك لەگەڵ بانكی سوپا و 28 كەسایەتی و رێكخراوی پەیوەندیدار بەچالاكیەكانی سوپای پاسدارانی ئێرانی قەدەغە كرا.

لەمانگی ئازاری ساڵی 2008 بڕیاری ژمارە 1803 لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەرچوو كە پارەی ئێرانی لەدەرەوە بلۆك كرد و رێگری كرد لە هاتنەدەرەوەی چەند كەسایەتیەكی ئێرانی.

نەیارەكانی ئێران دوای شكستەكەی ئەمریكا
پێشتر هەرشەش وڵاتەكەی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو و ئیسرائیل پاڵپشتی خۆیان بۆ پرۆژەكەی ئەمریكا دەربڕی و لەدوای شكستی پرۆژەكەی ئەمریكاش ترسیان هەیە باڵادەستی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەراست زیاتر بێت.

ئەمریكا دڵنیایی دەدات هاوپەیمانەكانی
دوای شكستی پرۆژەكەی واشنتۆن مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند" واشنتۆن هیچكات پشتی دۆستەكانی لە ناوچەكەدا بەرنادات كە چاوەڕوانییەكی زیاتریان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەبوو، ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە كاركردن بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی حكومەتی ئێران ئازادیی كڕین و فرۆشتنی چەكی نییە بۆئەوەی نەتوانێت هەڕەشە لە ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكانی دیكەی جیهان بكات".