04:20 - 09/08/2020
ئەڵمانیا چۆن ڕووبەڕووی شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا بۆتەوە؟
تائێستا ئەڵمانیا تاڕادەیەك سەركەوتوو بووە لە
گەمارۆدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كاریگەریەكانی لەسەر تەواوی ئاستەكان، بەڵام ئەو وڵاتە
چۆن ڕووبەڕووی شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا دەبێتەوە، لەكاتێكدا خوێندنگاكان كراونەتەوە و
ژمارەیەكی زۆری گەشتیاری توش بووی كۆرۆنا گەڕاونەتەوە؟
كۆرۆنا و ساڵی نوێی خوێندن
ساڵی نوێی خوێندن لە هەندێك لە ویلایەتەكانی ئەڵمانیا
دەستی پێكردۆتەوە، ئەوەش دوای تەواوبوونی پشووی هاوینە، و دوای ئەوەی كە لەمانگی
ئازاری رابردووەوە خوێندنگاكان داخران بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، و پرۆسەی
خوێندن كرایە خوێندنی ئۆنلاین لە دوورەوە لەرێگەی بەكارهێنانی ئینتەرنێت، و تەنها
لەهەندێك وانەدا خوێندكاران بانگ دەكرانەوە بۆ ئەوەی لە پۆلەكاندا ئامادەبن.
كردنەوەی دەرگای خوێندنگاكان بەخۆپارێزی و پابەندبوونە
بە رێكارەكانەوە،لەگەڵ ئەوەشدا ژیانی رۆژانەی خوێندكاران گۆڕانی بەسەرداهاتووە،
كاتژمێرەكانی دەوامكردن و پشوو و ریزبونیان وەك جاران نیە، بەڵام هۆشداریش دەدرێت
لەوەی كە بەهۆی قەرەباڵغی هۆیەكانی گواستنەوەوە ئەو رێكارە خۆپارێزیانە سودێكی ئەوتۆیان
نەبێت، ماركوس ریمیر بەرێوەبەری خوێندنگایەكی دواناوەندی لە شاری روستوك لە باكوری
ئەڵمانیا دەڵێت" هیچ سودی نیە ئەگەر بەیانیان خوێندكاران لەناو هۆكارەكانی
گواستنەوەدا قەرەباڵغی دروست بكەن و پاشان لەناو خوێندنگا پابەندی دووركەوتنەوە لەیەكتر
بن"
ئەو بەرێوەبەرە لەسەرەتای ساڵی نوێی خوێندن بە
خوێندكارەكانی گوتووە " لەدەرەوەی خوێندنگاكان لەیەك دووربكەونەوە و لەناو پۆلەكاندا
بەڕیز لەنزیك یەكتر دابنیشن"
لە ویلایەتی باكوری راین / فیستڤالیا خوێندكاران
و مامۆستایان لەپۆلی پێنجەوە پابەند كراون بە بەستنی دەمامك، و ویلایەتەكانی تر پێیان
وایە ئەو پرسە زیادەرەوی تێدایە.
سوزانا یوهنا سەرۆكی كۆمەڵەی پزیشكانی ئەڵمانیا
دەڵێت " ئێستا ئەڵمانیا چۆتە ناو شەپۆلی دووەمی كۆرۆناوە ئەوەش بە رەچاوكردنی
بەرزبونەوەی ژمارەی توش بووانی كۆڤید 19 دەردەكەوێت"
دەستپێكردنەوەی رێكارەكان
سوزانا یوهنا دەڵێت " تەنها رێگەیەك بۆ كۆنترۆڵكردن
و گەمارۆدانی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسەكە پابەندبوونە بە دووركەوتنەوەی هاوڵاتیان لەیەكتر
و جێبەجێكردن و پابەندبوون بە بنەماكانی پاك و خاوێنی، تا ئەو كاتەی چارەسەری ئەو ڤایرۆسە
یان ڤاكسینێكی بۆ دەدۆزرێتەوە"
كەی پشكنین دەبێتە زۆرەملێ؟
ینس شبان وەزیری تەندروستی حكومەتی فیدراڵی ئەڵمانیا
كار لەسەر ئەوە دەكات كە یاسایەك دەربكات بۆ ئەوەی پشكنینی كۆرۆنا بكرێتە زۆرەملێ،
بۆ ئەمەش رەشنوسێكی ئامادەكردووە و دەیەوێت لەگەڵ ویلایەتەكان گفتوگۆی لەسەر بكات،
لەئێستادا پشكنینی كۆرۆنا لە فرۆكەخانە و وێستەگەكانی شەمەندەفەر دەكرێت، و ئەگەر
رەشنوسەكەش ببێت بەیاسا ئەوە كەرەنتینەی زۆرەملێ بەسەر هەموو ئەو كەسانەدا دەسەپێندرێت
كە لەدەرەوە دێنەوە و ناوچەكانیان وەك ناوچەی مەترسیدار دانراوە.
وەزیری تەندروستی ئەڵمانیا لە تویتێكدا رایگەیاند
لە داهاتوودا پێویستە هاوڵاتیانی وڵاتانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا ئەنجامی پشكنینەكانیان
پێ بێت كە چەند كاتژمێرێك زیاتری بەسەردا تێنەپەری بێت ، بۆ ئەوەی رێگەیان پێ بدرێت
بێنە ناو یەكێتی ئەوروپاوە.
لەئێستادا بەشێكی كەم لە هاوڵاتیان پابەندی رێكارەكانی
كەرەنتینەن لەوناوچانەی كە پەتاكەیان بەشێوەیەكی بەربڵاو تێدا بڵاوبۆتەوە، بەنمونە
ئەوانەی لە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكاوە دەگەڕێنەوە لە فرۆكەخانەكان نوسراوێكیان
پێ دەدرێت بۆ ئەوەی سەردانی لایەنە تەندروستیەكان بكەن لەشوێنی نیشتەجێ بوونیان، بەڵام
هیچ ئاڵوگۆڕێكی زانیاری لەنێوان دەسەڵاتدارانی سنورەكان و بەرپرسانی تەندروستی نیە،
بۆ ئەوەی بزانن ئەو كەسانە دوای گەڕانەوەیان دەچنە ناوەندە پزیشكیەكان یان نا، هەروەها
ئەو كەسەی لەناوچە مەترسیدارەكان دەگەڕێتەوە رێگەی پێ دەدرێت لەگەڵ كەسە نزیكەكانی
لەهەمان ماڵ بە ئازادانە هاتوچۆ بكات.
ئولریكە بروتسر زانای ئەڵمانی بواری ڤایرۆسەكان
لە چاوپێكەوتنێكی كەناڵی یەكی ئەڵمانی هۆشداریدا لە ئەنجامی پشكنینەكان كە رەنگە هەندێك
جار نێگەتیڤ بێت بەوپێیەی ڤایرۆسەكە لەقۆناغی سەرەتایدایە و ئەنجامەكە دوای چوار رۆژ
دەبێتە پۆزەتیڤ.
ستراتیژیەتی وەزارەتی تەندروستی ئەڵمانیا بۆ ڕووبەڕووبونەوەی شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا خۆی لە ئاشكراكردنی مۆڵگەی ڤایرۆسەكە و گەمارۆدانی ئەو ناوچانەی تێدا دەردەكەوێت دەبینێتەوە.
سیاسەتمەدارانی ئەڵمانیا تاو ئەوپەڕی توانا هەوڵ دەدەن ژیانی رۆژانەی خەڵك بەشێوەیەكی ئاسایی بڕوات، ئەوان دەیانەوێت خۆیان لە داخستنی تەواوەتی كۆمپانیا و كارگە و خوێندنگاكان بەدووربگرن.