ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:05 - 07/08/2020

هیرۆشیما و بەیروت... ئایە ئەم ڕووداوە لە بەغداد دووبارە دەبێتەوە؟‌

پەیسەر

هەموو ئەو رەگەزانەی كارەساتەكەی بەیروت لە بەغداد هەن و مەترسی ئەوە هەیە هەمان ڕووداو پایتەختی عێراق بهەژێنێت. به‌لام له‌ كات و شوێنی جیاوازدا. ئایا له‌ عێراق هه‌مان شت دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، ئه‌و شوێنانه‌ كوێن چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییان تێدا هه‌ڵگیراوه‌؟

ئەو تەقینەوە گەورەی لە شاری بەیروتی پایتەختی لوبنان ڕوویدا، یان وردتر بڵێین ئەو كارەساتەی كە بەیروتی هەژاند و بووە هۆی تێكدان وێرانكاری و هاوكات بوو لەگەڵ ساڵیادی هێرشە ئەتۆمیەكەی سەر شاری هیروشیمای ژاپۆنی بەوپێیەی لە 6/8/1945 ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا بە بۆمبی ئەتۆمی و لەچوارچێوەی جەنگی جیهانی دووەم هێرشی كردە سەر ئەو شارەی ژاپۆن و بەهۆیەوە زیانێكی گیانی و مادی گەورە بە شارەكە كەوت.

دوای ڕووداوەكەی بیروت بەخێرایی لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان و میدیاكانەوە هێرشەكە بە هاوشێوەی هێرشەكەی هیرۆشیما چوێندرا، لەئێستادا چاودێران باس لەوە دەكەن كە بەدوورنازاندرێت شاری بەغدادی پایتەختی عێراق ڕووبەڕووی هێرشێكی هاوشێوە ببێتەوە لەچەند رۆژی داهاتوودا.

هاوشێوەی بەیروت لە بەغداد
كارەساتە مەترسیدارەكەی بەیروت ئەگەری ئەوەی هەیە لە بەغدادش دووبارە ببێتەوە، بەتایبەتیش كە گەڕەكەكانی وەك كەرادەی خارج و كەرادەی داخل و شارع فەلەستین و بەلەدیات و ناوچەكانی باشور و باكوری بەغداد ،بوون بە شوێنی كۆكردنەوەی چەكی بەكارهاتوو لەلایەك و لەلایەكی تریشەوە كۆگای چەك و تەقەمەنی ئەو گروپانەی كە بانگەشەی ئەوە دەكەن كە سەر بەهێزەكانی حەشدی شەعبین.

بەشێك لەو چەكانە لەدەرەوەی دەسەڵات و یاسان و تەنانەت هەڕەشەن بۆسەر خودی دەوڵەت، لەگەڵ ئەوەی ڕووبەرێكی فراوانی ناوچەكانی كەرادە و شارع فەلەستین و ناوچەجیاجیاكانی باشور و باكوری شاری بەغدادیان داگیركردووە، ئەو ناوچەیەش چڕی دانیشتوانی زۆرە و ژمارەیەكی زۆری شوێنی بازرگانیشی لەخۆ گرتووە، هەروەها چەندین چێشتخانە و كۆڕبەندی ئابوری و رۆشنبیری و پیشەیی و فەرمانگەی گرنگی دەوڵەت و كۆلێژی جیاجیایان تێدایە.

بەڵام ناوچەكانی كەرادەی خارج و داخل و مەسبەح وەك مۆڵگەی مەترسیدار بۆ دانیشتوانی شاری بەغداد ئەژمار دەكرێت، ئەمەش وایكردووە چاودێران بەدووری نەزانن كە بەغدادش ڕووبەڕووی هەمان ئەو گەردەلولە ببێتەوە كە بەیروتی گرتەوە، بەهەمان پلە و هەمان ئاستی مەترسی، بەدڵنیاییەوە لەكاتی ڕوودانی وەها ڕووداوێكدا زیانەكانی لەوەی بەیروت كەمتر نابێت.

ئەركی سەرشانی حكومەت
پێویستە حكومەتی بەغداد بەخێرایی دەست بكات بە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ هەموو كۆگاكانی چەك و مادە تەقەمەنیەكان كە لەناو شاری بەغداد كۆگاكراون، ئەگەرچی بەغدایەكان قەبارەی ئەو چەكانە نازانن كە لەشارەكەیان كۆگا كراوە بەڵام ترسی ئەوەیان هەیە، ڕووبەڕووی ڕووداوێكی هاوشێوەی ئەوەی بەیروت ببنەوە، بۆیە پێویستە لەسەر بەرێز كازمی و دەزگا ئەمنیەكانی پایتەخت كە دەست بكەن بە هەنگاوێكی ئازایانەی فراوانی گەڕان و پشكنین، و داواش لە هاوڵاتیان بكەن كە زانیاریان دەربارەی ئەو شوێنانە پێ بدەن كە گومان دەكەن كۆگای چەك و مادەی سوتێنەر و تەقەمەنین، خەڵاتی گرانبەهاش دیاری بكەن بۆ ئەو كەسانەی زانیاریان لەبارەی ئەو كۆگایانەوە پێ دەدەن.

پێش ماوەیەك  بەغداد ڕووبەڕووی ژمارەیەك تەقینەوە بۆتەوە كە زیانەكانیان زۆر نەبوون، بانكێكی حكومی لە گۆڕەپانی فیردەوس لە كەرادە سوتا و خراپ بوو، بەهۆی ئەوەی مادەی سوتێنەر لە باڵەخانەیەكی دراوسێی بانكەكە هەڵگیرابوو، دەسەڵاتداران هۆكاری ئاگرەكەیان ئاشكرا نەكرد، بەهۆی ئەوەی وەك دەگوترێت مادە كۆگاكراوەكە خاوەنداریەتیەكەی گەڕاوەتەوە بۆ یەكێك لە گروپەكان.

ئەوەی لە بەیروت ڕوویدا زەنگێكی ئاگاداركەرەوەی مەترسیدارە بۆ عێراقیەكان و وڵاتانی تری ناوچەكە بەوەی عێراق لە داهاتوودا ڕووبەڕووی تەقینەوەی فراوان دەبێتەوە هاوشێوەی ئەوەی لە بەیروت ڕوویدا، و پێویستە ئەو ئەگەرە بەجدی وەربگیردرێت، و هەموو رێكارێكی پێویست بگیردرێتە بەر، بۆ ڕێگری لە ڕوودانی ئەگەر تەقینەوەیەك بە قەبارەی تەقینەوەكەی بەیروت لە بەغداد ڕووبدات ئەوە وێرانكاری و كاولكاری و ئەوەندە قوربانی لێدەكەوێتەوە كە مێژوو بەخۆیەوە نەبینیوە.

پێویستە پێداچوونەوە بەهەموو شوێنە سەربازیەكان و كۆگاكانی هەڵگرتنی چەك لە بەغدا بكرێت، بۆ ئەوەی هاوشێوەی ئەوەی نیرون رۆمای سوتاند دووبارە نەبێتەوە.