11:54 - 06/08/2020
كازمى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌ختى بۆچییه؟
پێده‌چێت مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق خواستى زۆرى هه‌بێت، تا هه‌ڵبژاردن پێش ئه‌وه‌ى بگاته كاتى ئاسایى خۆى ئه‌نجامبدرێت، دواى ئه‌وه‌ى كاتى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌ختى دیاریكرد، ئێستا حكومه‌ته‌كه‌ى داكۆكى له‌و بڕیاره ده‌كات، گوته‌بێژى كابینه‌كه‌ى كازمى پێداگیرى ده‌كات له‌وه‌ى بڕیاره‌كه سیاسیى نییه و ئه‌وان سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى خاڵى سه‌ره‌تاى كارنامه‌كه‌یان جێبه‌جێبكه‌ن، كه هه‌ڵبژاردنى پێش وه‌خته.
ئه‌گه‌رچى هه‌ندێك ئه‌و بڕیاره‌ى كازمی وه‌ك شان خاڵیكردنه‌وه له به‌رپرسیارێتى و فڕێدانى تۆپه‌كه بۆ گۆڕه‌پانى نه‌یاره‌كانى لێكده‌ده‌نه‌وه، به‌و پێیه‌ى هه‌ڵبژاردن كات و پاره‌و ئاماده‌كارى زیاترى ده‌وێت، به‌ڵام ئێستا كزه‌باى سیاسى دۆخه‌كه رووه‌و لایه‌ك ده‌ڕوات، كه هه‌ڵبژاردن بكرێت یاخود دوابخرێت، كازمى به‌رهه‌مى خۆى له مشتدایه و دوایی کەسە کە زیانمه‌ند بێت.
هه‌ڵبژاردنى بۆ چییه؟
*كازمیى له ماوه‌یه‌كى كه‌مدا جوڵه‌یه‌كى زۆرى خستووه‌ته‌وه گۆمى مه‌نگى سیاسییه‌وه و به‌ڵێنى گه‌وره‌ى داوه، ئه‌گه‌ر كاتى ئه‌م كابینه‌یه‌ى زۆر بخایه‌نێت و ئه‌و ماوه یاساییه‌ى كه ماویه‌تى ته‌واوى بكات، پێده‌چێت سیحرى به‌ڵێن و گه‌ڕان و به‌رنامه چاكسازییه‌كه‌ى كازمى به‌تاڵ بێته‌وه‌و خه‌ڵكى به كرده‌وه بۆیان ده‌ربكه‌وێت، كه ئه‌میش ته‌نها دروشم بووه، ئه‌وكات به پێگه‌ى به‌هێزه‌وه ناچێته گه‌مه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه، پێچه‌وانه‌ى ئێستا كه سۆزى شه‌قامى عێراقى به‌لاى خۆیدا راكێشاوه‌و به‌م حاڵه‌ى ئێستایه‌وه بچێته هه‌ڵبژاردن جیاواز له حزبه‌كان ئه‌م جێ پێى به‌هێزه.
*كازمى خۆى له هه‌ركه‌س زیاتر ده‌زانێت چه‌نده ئاسته‌نگ و گێره‌و كێشه‌ى له به‌رده‌مه، بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌و به‌ڵێنه قورسانه‌ى داویه‌تى، بڕینى ده‌ستى گه‌نده‌ڵكاران، چه‌ك ته‌نها لاى ده‌وڵه‌ت بێت، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى میلیشیاكان، بڕینى مووچه نا یاساییه‌كان، وه‌رگرتنه‌وه‌ى ده‌روازه سنورییه‌كان له میلیشیاكان، چاره‌سه‌رى قه‌یرانى دارایى..هتد..خۆى له كاتى ده‌ستبه‌كاربوونى لاى چه‌ند په‌رله‌مانتارێك گوتبووى سه‌ره‌خۆشى ده‌وێت نه‌ك پیرۆزبایى، بۆیه‌ش ئه‌گه‌ر چاوه‌ڕوانى خه‌ڵكى عێراق بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌م به‌ڵێنانه ماوه‌یه‌كى زۆر بخایه‌نێت، ئه‌و هه‌له‌ى له كیس ده‌چێت كه متمانه‌ى خه‌ڵكى له هه‌ڵبژاردن به ده‌ستبهێنێت، باشترین رێگه چاره ئه‌وه‌یه له نزیكترین كاتدا بچێته نێو هه‌ڵبژاردنه‌وه.
*مسته‌فا كازمى زووبه‌زوو دواى ده‌ستبه‌كاربوونى هه‌وڵه‌كانى له پشت په‌رده‌وه ده‌ستپێكرد، بۆ دروستكردنى هاوپه‌یمانییه‌كى سیاسى تا هه‌م پشتیوانى كابینه‌كه‌ى بن و هه‌م له هه‌ڵبژاردنیش به‌شداربن، كازمى پێچه‌وانه‌ى هه‌موو لایه‌نه‌كانى د‌یكه ته‌نها كه‌سه كه مایه‌ى نییه و له هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌رچه‌ند كورسى و ده‌نگ بهێنێت هه‌ر له قازانجدایه، گونجاوترین كاتیش بۆ ئه‌و ئێستایه، كه له‌سه‌ر كورسى سه‌رۆك وه‌زیرانه و ده‌ست ئاوه‌ڵایه‌و ده‌توانێت لیستێكى به‌هێز دروست بكات و كاریگه‌رى زیاترى هه‌بێت له گۆڕه‌پانى هه‌ڵبژارندا.
*مسته‌فا كازمى به پلیكانه‌ى واشتن-دا بۆ سه‌ر كورسى سه‌رۆك وه‌زیران سه‌ركه‌وت، ئێستاش ئەمریکا خوازیاره له‌رێگه‌ى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌وه گورزێك له زۆرینه‌ى ره‌هاى دۆستانى ئێران بدات له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، كاریگه‌رى ئه‌م زۆرینه‌یه له‌كاتى ده‌ركردنى بڕیارى ده‌ركردنى هێزه بیانییه‌كان له عێراق ده‌ركه‌وت، كاتێك په‌رله‌مانتارانى شیعه بێ به‌شدارى سوننه و كورد به ئاسانى نیسابى یاساییان ته‌واوكرد و بڕیاریاندا.
*هیچ كات هێنده‌ى ئێستا لایه‌نه سیاسییه‌كان شوێن پێیان له‌ق نه‌بووه، ئه‌وه‌ش به‌هۆى ناڕه‌زایى و بێزارى خه‌ڵكه‌وه له خراپى گوزه‌رانیان، بۆشاییه‌كى گه‌وره دروستبووه كه بۆ هێزێكى نوێ و روخسارێكى نوێ پڕكردنه‌وه‌ى ئه‌و بۆ شاییه ئه‌سته‌م نییه، كازمى ده‌خوازێت پێش ئه‌وه‌ى حزبه‌كان بێنه‌وه مایه ئه‌و بۆشاییه پڕبكاته‌وه، بناغەی خەونی سیاسی خۆی لەم بۆشاییەدا دابنێت.
*به‌پێى هه‌نگاو و گوته‌كانى بێت، مسته‌فا كازمى به‌رنامه‌یه‌كى گشتگیرى بۆ چاكسازى و به نیشتمانیكردنى سوپا و ئابووریى ده‌ستپێكردووه، ره‌نگه حزبه‌كان له كاتى نزیك له هه‌ڵبژاردن و هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردن، نه‌توانن به ئاشكرا ئاسته‌نگ بۆ هه‌نگاوه‌كانى دروست بكه‌ن، بۆنمونه ئێستا لایه‌نه‌كان به ده‌گمه‌ن نه‌بێت هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت ره‌تناكه‌نه‌وه له كاتێكدا كه زۆرینه‌ى ره‌هایان دژى ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ن، ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان ده‌رفه‌تیان هه‌بێت سڵ ناكه‌نه‌وه له دژایه‌تى كردنى ئه‌و به‌رنامه چاكسازییه.
*ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنى پێش وه‌خت بكرێت، ئه‌م كابینه‌ى كازمى به‌رپرسیارێتى هه‌ڵناگرێت، چونكه له‌گه‌ڵ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى په‌رله‌مان ده‌بێته حكومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌رو چاودێریشى به‌سه‌ره‌وه نامێنێت و ماوه‌یه‌كى كه‌مى له پێشه، بۆیه‌ش كابینه‌كه له‌به‌رده‌م خه‌ڵكدا خۆى به به‌رپرسى قه‌یرانه‌كان ناناسێنێت.
*ره‌نگه یاساى نوێى هه‌ڵبژاردن، یارمه‌تیده‌رێكى باش بێت بۆ ئه‌وه‌ى مسته‌فا كازمى بتوانێت كورسى په‌رله‌مانى زۆر به‌رێته‌وه، به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ى دروستى ده‌كات، هاوپه‌یمانییه‌كى فراوان بێت و جێگه‌ى ره‌زامه‌ندى خه‌ڵك بێت، به‌و پێیه‌ى كورسى هه‌ر بازنه‌یه‌كى هه‌ڵبژاردن بۆ براوه‌ى یه‌كه‌م ده‌بێت و ده‌نگى لیسته‌كانى د‌یكه ده‌سوتێت، ئێستا لایه‌نه‌كان ناتوانن گره‌و له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ى ژماره‌یه‌كى زۆر بازنه‌ى هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، ترسیشیان هه‌یه ئه‌گه‌ر كازمى هاوپه‌یمانییه‌كى به‌هێز دروست بكات زۆرینه‌ى بازنه‌كان به‌رێته‌وه.
*له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ش ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته به‌ڕێوه‌نه‌چێت، هێشتا سه‌رۆك وه‌زیران گرفتى ئه‌وتۆى نییه، به‌وپێیه‌ى خواستى خۆى بۆ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت راگه‌یاندووه‌و ده‌توانێت بڵێت، كه ئه‌وه ئه‌و نییه رێگره له هه‌ڵبژاردن، جگه له‌وه‌ش له پۆسته‌كه‌ى خۆیدایه.
*ئه‌و به‌ڵێنه زۆرانه‌ى كازمى داویه‌تى، پێویستیى به كات و سه‌قامگیرى سیاسى هه‌یه تا جێبه‌جێیان بكات، له كاتێكدا ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت بكرێت، كات له به‌رده‌مى نامێنێت و سه‌قامگیرى سیاسیش بوونى نامێنێت، پێده‌چێت كازمى له بنه‌مادا ئامانجى له‌و هه‌موو به‌ڵێن و جموجوڵه، هه‌نگاونان بێت به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت نه‌ك جێبه‌جێكردنى هه‌موو ئه‌وه‌ى كه وتویه‌تى.