ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:25 - 02/08/2020

تۆمه‌تبارانی تيرۆری خاشوقچی كێن، بۆچی توركیا دادگایی كردن؟‌

پەیسەر

پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی -میدڵ ئیست ئای- بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ توركیا بكوژه‌كانی خاشوقچی دادگایی كردووه‌ به‌بێ ئاماده‌بوونی خۆیان، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ كێن؟ له‌ پێناوی چیدا ئه‌و كاره‌یان كردووه‌؟ توركیا بۆچی به‌ ئه‌ركی خۆی ده‌زانێت دادگاییان بكات له‌ كاتێكدا نه‌ هاوڵاتیه‌كه‌ی هاوڵاتی وڵاتی خۆیه‌تی و نه‌ تۆمه‌تباره‌كان و نه‌شوێنی ڕووداوه‌كه‌ش؟

به‌ پێی ڕاپۆرته‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ رۆژی هه‌ینی ڕابوردوو بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ یه‌كێك له‌ دادگاكانی شاری ئه‌ستانبوڵی توركیا 20 كه‌سی سعودیی له‌ پله‌و پۆستی جیاوازدا له‌سه‌ر دۆسیه‌ی جه‌مال خاشوقچی دادگایی كراون و بۆ هه‌ریه‌كه‌یان بڕیاری جیاواز ده‌ركراوه‌.

دوای ئه‌وه‌ی له‌ مانگی ئۆكتۆبه‌ری 2018 له‌ناو كۆنسوڵخانه‌ی عه‌ره‌بستانی سعودییه‌ له‌ شاری ئه‌ستانبوڵی توركیا رۆژنامه‌نوسی دیاری ئه‌و وڵاته‌ كوژراو لاشه‌كه‌ی پارچه‌پارچه‌ كراو به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ هه‌ڵایه‌كی گه‌وره‌ی میدیایی و مرۆیی و دبلۆماتیش له‌سه‌ر ئاستی جیهان دروست بوو، توركیا به‌ سوكایه‌تیه‌كی گه‌وره‌ی بۆ وڵاتی خۆی له‌یه‌ك دایه‌وه‌و به‌ئه‌ركی خۆی زانی كه‌ چی پێده‌كرێت ئه‌نجامی بدات و بۆیه‌كه‌مجاریش له‌ڕیگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ ڤیدیۆی چوونه‌ ژووره‌وه‌ی خاشوقچی بۆ نێو كۆنسوڵخانه‌كه‌ بڵاوكرایه‌وه‌و ئیتر نه‌هاته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ پێی وته‌ی به‌رپرسانی دادی توركیا ئه‌و 20 كه‌سه‌ی دادگایی كراون هاوده‌ست و یاریده‌ده‌ری محه‌مه‌د بن سه‌لمان بوون ، به‌شێكیان له‌نێو ده‌زگای هه‌واڵگریی سعودییه‌دا كاریان كردووه‌و به‌ڕواڵه‌ت خۆیان به‌ دبلۆماتكاری كۆنسوڵخانه‌كه‌ی له‌قه‌ڵه‌م داوه‌، زۆرینه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ش له‌ناو خه‌ڵكیدا نه‌ناسراوبوون ، به‌ڵام رۆژنامه‌ی میدڵ ئیست ئای به‌دواداچوونێكی كردووه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌و چۆنیه‌تی كاركردنیان و پشكیان له‌و تاوانه‌دا.

ئه‌حمه‌د عوسه‌یری:
عوسه‌یری له‌كاتی تیرۆركردنی خاشوقچیدا جێگری فه‌رمانده‌ی هه‌واڵگریی سه‌ربازیی بووه‌ له‌ سعودییه‌، پێشتر له‌ دادگایه‌كی وڵاته‌كه‌ی خۆی، چووه‌ته‌ به‌رده‌م دادوه‌رو سكاڵای له‌سه‌ر بووه‌ كه‌ گوایه‌ ده‌ستی هه‌بووه‌ له‌و تاوانه‌دا به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ڵگه‌ی پێویست له‌به‌رده‌ستدا نه‌بووه‌ دادگا بڕیاری بێتاوانی بۆده‌ركردووه‌، به‌پێی به‌دواداچوونه‌ رۆژنامه‌وانیه‌كان عوسه‌یری یه‌كێكه‌ له‌ كه‌سه‌ هه‌ره‌ نزیكه‌كانی محه‌مه‌د بن سه‌لمان، له‌نێو میدیا جیهانیه‌كانیشدا ناوی ئه‌و به‌ تاوانباری سه‌ره‌كی هاتووه‌.
شه‌علان شه‌علان، وته‌بێژی جێگری داواكاری گشتی عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ ڕایگه‌یاندووه‌: لێكۆڵینه‌وه‌كان ئه‌وه‌یان پشتڕاستكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ عوسه‌یری هه‌وڵی داوه‌ خاشوقچی بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ وڵاته‌كه‌ی ، به‌ڵام نه‌یویستووه‌ بكوژرێت، هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ تیمه‌كه‌یدا- گروپی پڵنگ- بوون ڕووبه‌ڕوو بوون له‌گه‌ڵ خاشوقچی له‌ ژێر فه‌رمانی عوسه‌یری و سعود قه‌حتانیدا بوون، ئه‌و كه‌سانه‌ یه‌كه‌یه‌كی ڕاهێنراوبوون و فه‌رمانیان له‌وانه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌.

پێگه‌ی میدڵ ئیست ئاینوسیویه‌تی -تیمی پڵنگ- پێشینه‌ی تریان له‌ تیرۆردا هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكجار ئه‌و تیمه‌ به‌ناوی گروپه‌كه‌ی عوسه‌یری به‌ناوبانگ بوون، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ كاروچالاكی گروپه‌كه‌ی عوسه‌یری به‌ میدڵ ئیستی گوتووه‌: عوسه‌یری له‌ناو هاوڕێكانیدا به‌ پڵنگی باشوور به‌ناوبانگه‌، له‌و كاته‌وه‌ی كه‌ جه‌نگ له‌ یه‌مه‌ن درووست بووه‌، ڕاگه‌یاندنه‌كانی سعودییه‌ ناوی ئه‌و به‌ - زه‌به‌لاح-ده‌هینن، له‌ڕاستیشدا ئه‌ویش ئه‌و نازناوه‌ی پیخۆشه‌، به‌رله‌وه‌ی پله‌ی فه‌رمانداریی له‌ ده‌زگای هه‌واڵگرییدا پێبدرێت، عوسه‌یری وته‌بێژی ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ بووه‌ كه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی سعودیه‌ به‌شداریی شه‌ڕی وڵاتی یه‌مه‌نیان كردووه‌.

له‌ راپۆرتێكی تایبه‌ت به‌ كوشتنی خاشوقچیدا هاتووه‌ كه‌ بڕیارده‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان –ئه‌نیس كالامار-گوتوویه‌تی: به‌ڵگه‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌مان له‌به‌رده‌ستدا نیه‌ كه‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان ڕاسته‌وخۆ ده‌ستی هه‌بێت له‌ كوشتنی خاشوقچیدا، به‌ڵام هه‌موو ژیریی و به‌ڵگه‌كان پێمان ده‌ڵێن كه‌ هێڵیكی نه‌بینراو هه‌یه‌ بۆ سه‌ركردایه‌تی كردن و بڕیار له‌سه‌ردانی كۆتایی خاشوقچی، چوون ئه‌و كاره‌ به‌ته‌نها ئه‌نجام نادرێت، ئه‌و به‌رپرسه‌ له‌ درێژه‌ی وته‌كانیدا گوتوویه‌تی ئه‌و 15 كه‌سه‌ی به‌شداربوون له‌ كوشتنی جه‌مال خاشوقچیدا پێویستی به‌ هه‌ماهه‌نگی حكومه‌ت و سه‌رچاوه‌ی دارایی و بڕیار هه‌بووه.

ڕاپۆرته‌كه‌ درێژه‌ی پێداوه‌: ئه‌وه‌ی كه‌ سعودییه‌ ده‌ڵێت كارێك بووه‌ ئه‌حمه‌د عوسه‌یری خۆی بڕیاری له‌وشێوه‌یه‌ی داوه‌، هه‌موو شاره‌زاو پسپۆڕه‌كانی دونیا كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ توانای وه‌ها كارێك به‌ بێ ئاگاداریی شازاده‌ی ئه‌و وڵاته‌ شتێكه‌ ناچێته‌ ژیریی هیچ كه‌سێكه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌و وڵاته‌وه‌ كۆمه‌ڵێك تۆمه‌تی گه‌وره‌ خرابووه‌ شوێن خاشوقچی كه‌ خه‌ریك بوو ده‌كه‌وته‌ سه‌رپێ و له‌ده‌ست ده‌ربچێت، ئه‌وان به‌و كوشتنه‌ كۆتاییان به‌ هه‌موو شت هێنا.

‌سعود قه‌حتانی، په‌یوه‌ندی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ باڵیۆزخانه‌:
سه‌رچاوه‌كانی هه‌ردوو وڵاتی توركیا و سعودیه‌ش ئه‌وه‌یان پشتڕاستی ئه‌وه‌یان كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ سعود قه‌حتانی له‌كاتی تیرۆركردنه‌كه‌ی جه‌مال خاشوقچیدا له‌ڕێگه‌ی سكایپه‌وه‌ به‌رده‌وام په‌یوه‌ندی هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ باڵیۆزخانه‌كه‌، قه‌حتانیش به‌یه‌كێك له‌ كه‌سه‌ هه‌ره‌نزیكه‌كانی شازاده‌ بن سه‌لمان ده‌ژمێردێت، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ به‌ڵكو یه‌كێكه‌ له‌ ڕاوێژكاره‌ گه‌وره‌كانی، ئه‌و به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ بڕیارده‌رو فه‌رمانده‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی نوسینگه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی بن سه‌لمانی شازاده‌ی سعودیه‌یه‌.

له‌ دوای تیرۆركردنه‌كه‌ میدڵ ئیست ئای بڵاوی كردبوویه‌وه‌ كه‌ قه‌حتانی به‌شێكه‌ له‌ پرۆسه‌كه‌و له‌سه‌ركرده‌كانی گروپه‌كه‌ی پڵنگه‌كانه‌، كه‌به‌ ئاڕاسته‌ی شازاده‌ی سعودییه‌ كاره‌كانیان ده‌كه‌ن، له‌داوی ئه‌نجامدانی كاره‌كه‌ش قه‌حتانی به‌فه‌رمی له‌ كاره‌كه‌ی دوور خراوه‌ته‌وه‌و سعودییه‌ی به‌جێهێشتووه‌، هه‌رچه‌نده‌ قسه‌و هه‌واڵ زۆر بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كرابێت و ڕێگری لێكرابێت كه‌ سعودییه‌ به‌جێبهێڵیت، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا هیچێك له‌وانه‌ ڕاست نین و تا ئێستاش به‌ ئازادی ده‌سوڕێته‌وه‌، ده‌ركردنیشی له‌ پله‌ی ڕاوێژكاریی به‌ هۆی فشاره‌كانی حكومه‌ته‌وه‌ بووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ستی هه‌بووه‌ له‌و پرۆسه‌یه‌دا.

به‌ پێی وته‌ی هه‌ردوو وڵاتی توركیا و سعودیه‌ قه‌حتانی له‌ڕێگه‌ی سكایبه‌وه‌ هێرشیكردووه‌ته‌ سه‌ر جه‌مال خاشوقچی و به‌ ئه‌ندامه‌كانی گوتووه‌ له‌ كۆڵی بكه‌نه‌وه‌.
به‌پێی به‌دواداچوونه‌كان قه‌حتانی چه‌ند مانگێك به‌ر له‌و كاره‌ تیرۆرستیه‌ له‌ توێتێكدا نوسیویه‌تی: خه‌ڵك واده‌زانێت من بۆخۆم مل به‌ شته‌كانه‌وه‌ ده‌نێم، من فه‌رمانبه‌رم، جیبه‌جێكاری فه‌رمانه‌كانی پاشای گه‌وره‌م و شازاده‌مم.

به‌ پێی ڕاپۆرته‌كه‌ی میدڵ ئیست ئای قه‌حتانی سه‌ركردایه‌تی سوپایه‌ك شاره‌زای بواری ئه‌نته‌رنێتی كردووه‌ ناویان –مێش- بووه‌، كاریان بۆ په‌كخستن و ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ بووه‌ كه‌ نه‌یاری كاره‌كانی عه‌ره‌بستانی سعودییه‌ بووه‌. چاودیری تۆڕی كۆمه‌لایه‌تی و ئه‌نته‌رنیتیان كردووه‌.

له‌مانگی ئه‌یلوولیش دا توێتێكی دیكه‌ی كردووه‌ نوسیویه‌تی وازی له‌ هه‌موو كاره‌كانی پێشووی هێناوه‌.ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ناوخۆی سعودیه‌دان و په‌یوه‌ندییان به‌ كاروباری ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ هه‌یه‌و هه‌موو ئه‌و كارانه‌ش كه‌ له‌ ئیماراتی عه‌ره‌بی ئه‌نجامی داون.

  سه‌ڵاح محه‌مه‌د ته‌بیقی‌: مشار به‌ده‌ست:
سه‌ڵاح محه‌مه‌ پسپۆڕی بواری پزیشكی دادوه‌رییه‌، مامۆستای زانكۆی پزیشكییه‌، چه‌ندین توێژینه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌ بواری دی ئێن ئه‌ی و هه‌ڵدڕین و شیكاری جه‌سته‌ی مردوو، له‌كاتێكدا كه‌ خاشوقچی تیرۆر كراوه‌ ناوی له‌ ڕیزی ئه‌و پزیشكانه‌دا هه‌بووه‌ كه‌ شاره‌زاییان له‌ پزیشكی شه‌رعیدا هه‌یه‌ له‌ ئیداره‌ی ئه‌میندارێتی گشتی وڵاته‌كه‌یدا.

‌به‌ پێی ڕاپۆرته‌كانی وڵاتی توركیا سه‌ڵاح هه‌ڵگری ئه‌و مشاره‌ بووه‌ كه‌ جه‌سته‌ی خاشوقچی پێ له‌ت و كوتكراوه‌و له‌ سعودیه‌وه‌ بردویه‌تیه‌ ئه‌ستانبوڵ،به‌ پێی به‌دواداچوونه‌كان دوای كوشتنه‌كه‌ی سه‌ڵاح ته‌رمی خاشوقچی له‌سه‌ر مێزێكی باڵیۆزخانه‌كه‌ داناوهو به‌ مشاره‌ تایبه‌ته‌كه‌ی‌ له‌ت و په‌تی كردووه‌، وه‌ك سه‌رچاوه‌ توركیه‌كان باسی ده‌كه‌ن كاتێك سه‌ڵاح سه‌رقاڵی كاره‌كه‌ی بووه‌ هێشتا به‌ ته‌واوی گیانی ده‌رنه‌چووه‌، لایه‌نی په‌یوه‌ندیداریی توركی ده‌نگی خاشوقچییان له‌و كاته‌دا تۆماركردووه‌ كه‌ هێشتا گیانی ده‌رنه‌چووه‌و ڕاده‌ستی دادگایان كردووه‌.

چی له‌ته‌رمه‌كه‌ كراوه‌؟
به‌ پێی سه‌رچاوه‌كان هه‌موو پرۆسه‌كه‌ 7 خوله‌كی خایاندووه‌، له‌كاتی ده‌ستبه‌كاربوونی سه‌ڵاحدا هیدفۆنێكی كردووه‌ته‌ گوێی و گوێی له‌ مۆسیقاگرتووه‌، فه‌رمانی كردووه‌ به‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ به‌رده‌ستیدا بوون هه‌مان كار بكه‌ن، سه‌ڵاح پێشتریش به‌ تیمه‌كه‌ی به‌رده‌ستی گوتووه‌ هه‌ركاتێك جه‌سته‌یه‌كتان توێكاریی كۆد گوێ له‌ مۆسیقا بگرن!

به‌ پێی توێژینه‌وه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان پیش له‌ پرۆسه‌كه‌ سه‌ڵاح زۆرنیگه‌ران بووه‌له‌و كاره‌، به‌ڵام كاتیك خراوه‌ته‌ نێو پرۆسه‌كه‌وه‌ به‌خێرایی ده‌ستی به‌كاره‌كه‌ كردووه‌و شاره‌زایانه‌ كاری خۆی به‌ئه‌نجام گه‌یاندووه‌.

به‌ پێی ئه‌و وتانه‌ی سه‌ڵاح كه‌ ده‌ست ی ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا كه‌وتووه‌ ، گوتوویه‌تی به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌م به‌م كاره‌ ئاگادار نیه‌، به‌ڵام دواتر سه‌ڵاح ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌و پێنج كه‌سه‌ی كه‌ به‌تاوانی كوشتنی خاشوقچی له‌ عه‌ره‌بستانی سعودیه‌دا بڕیار بووه‌ له‌ سێداره‌ بدرێت، به‌ڵام منداڵ و كه‌س و كاری خاشوقچی لییان خۆش بوون.

ماهیر عه‌بدولعه‌زیز موتریب سه‌رۆكی تیمه‌كه‌یه‌:
پێشتر ماهر له‌ نێو تیمی پارێزگاریی تایبه‌تی شازاده‌ بووه‌ له‌ پاشكۆی سه‌ربازیی كۆنسوڵخانه‌ی سعودیه‌ بووه‌ له‌ له‌نده‌نی پایته‌ختی به‌ریتانیا، به‌ڵام وه‌ك سه‌رۆكی تیمی تیرۆركردنی خاشوقچی و گروپی پڵنگ ره‌وانه‌ی ئه‌ستانبوڵ كراوه‌.

په‌یوه‌ندی نێوان موتریب و خاشوقچی بۆ ئه‌و كاته‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كۆنسوڵخانه‌ی سعودیه‌ له‌ له‌نده‌ن، سه‌ر له‌به‌یانی ئه‌و رۆژه‌ی كه‌ خاشوقچی تێدا تیرۆركرا ماهیر ده‌چێته‌ ناو كۆنسوڵخانه‌ی سعودیه‌ له‌ ئه‌ستانبوڵ و له‌ كامێرای چاودێرییه‌كانه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌،به‌ قاتێكی ره‌ش و كراسێكی سپییه‌وه‌، دوای ده‌ ده‌قیقه‌ له‌ چوونه‌ ژووره‌وه‌ی ماهیر خاشوقچیش ده‌چیته‌ ژووره‌وه‌، به‌پێی ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه‌ تۆماركراون، ماهر ئه‌ڵێت:ئاژه‌ڵی قوربانیه‌كه‌ گه‌شت، لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌كیان ناسیوه‌ پێشتر له‌ له‌نده‌ن زۆر به‌ خێرایی ناكۆكی له‌ نێوانیاندا دروست ده‌بێت و ماهیر به‌ خیرایی ده‌رزییه‌كی بێهۆشی ده‌دات له‌ خاشوقچی كه‌ ماده‌ی خه‌ویی تێدابووه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك به‌ میدڵ ئیستی گوتووه‌:توركیا توانیویه‌تی ئاگادار بێت له‌ 12 په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنی موتریب له‌ رۆژی كوشتنه‌كه‌ی خاشوقچی 2/11 دا، 7 له‌و ته‌له‌فۆنانه‌ له‌ كۆشكی شازاده‌ی عه‌ره‌بستانه‌وه‌ بۆی كراوه‌، دوای ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌ره‌بستان تاوانبارییان بۆیه‌كلایی بوویه‌وه‌ فه‌رمانی له‌ سێداره‌دانی بۆ ده‌رچوو به‌ڵام منداڵه‌كانی لێی خۆش بوون و نه‌یانهێشت له‌ سێداره‌ بدرێت.

مسته‌فا محه‌مه‌د مه‌ده‌نی، رۆڵی خاشوقچی ده‌گێڕێت له‌ دوای كوشتنه‌كه‌ی:
مه‌ده‌نی له‌لایه‌ن گروپی تیرۆره‌كه‌وه‌ ڕۆڵبینینان بۆ دیاریكردبوو، له‌كامێرای چاودێرییه‌كانه‌وه‌ وه‌ك خاشوقچی ده‌رده‌كه‌وێت، جلوبه‌رگه‌كه‌ی ئه‌وی پۆشیوه‌و عه‌ینه‌كه‌كه‌ی وه‌ك ئه‌و كردووه‌ته‌ چاوو ڕیشێكی ده‌ستكردیشیان بۆ داناوه‌و به‌دیارچاو كامێراكانه‌وه‌ له‌ ده‌رگای پشتی كۆنسوڵخانه‌كه‌وه‌ ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌. به‌پێی وته‌ی هه‌ندێك له‌ شایه‌تحاڵه‌كان یه‌كسه‌ر سواری ته‌كسییه‌ك بووه‌و چووه‌ بۆ مزگه‌وتی سوڵتان ئه‌حمه‌دی به‌ناوبانگ، له‌وێ له‌نێو یه‌كێك له‌سه‌ر ئاوه‌كاندا جلو به‌رگه‌كه‌ی ده‌گۆڕیت و جل و به‌رگه‌كانی خۆی له‌به‌ر ده‌كاته‌وه‌.

به‌پێی ڕاپۆرتێكی واشنتۆن پۆست مه‌ده‌نی له‌نێو باره‌گای سه‌ره‌كی ده‌زگای هه‌واڵگریی عه‌ربستانی سعودییه‌دا كاری كردووه‌، دوای ئه‌وه‌ی دادگا به‌ تۆمه‌تی كوشتن لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدا، به‌ڵام دواجار بێتاوانی بۆ ده‌ركردو ئازادیان كردو هیچ تاوانێكی له‌سه‌ر ساغ نه‌بوویه‌وه‌.

تاوانباره‌كانی تر كێن:
مه‌شعه‌ل سه‌عد ئه‌لبوستانی، به‌رپرسی دابینكردنی پێداویستییه‌كان، ئه‌و پله‌ی ملازمی هه‌یه‌ له‌ نێو سوپای ئاسمانی عه‌ره‌بستانی سعودییه‌دا، خه‌ڵكی جده‌یه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ده‌ریای سوور، به‌رپرسیاری به‌شی لۆجستی و دابینكردنی پێداویسته‌كانی ئه‌و ڕۆژه‌ بووه‌.

به‌ پێی ئه‌و ئه‌كاونته‌ی كه‌ ناوو وێنه‌ی خۆیی له‌سه‌ربووه‌، پێش چه‌ندرۆژێك له‌ تیرۆركردنی خاشوقچی سڕاوه‌ته‌وه‌، زیانیاری ئه‌وه‌ی تێدابووه‌ كه‌ له‌ زانكۆی لیوزفیڵی  ویلایه‌تی كنتاكی ئه‌مه‌ریكا خوێندكاره‌، به‌ڵام به‌هۆی ڕوداوی ئۆتۆمبێله‌وه‌ له‌پاش چه‌ند رۆژێك له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ ئه‌ستانبوڵ له‌ 2018 گیانی له‌ده‌ستداوه‌، تا ئێستاش ئه‌وه‌ یه‌كلایی نه‌بووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئایا ڕووداوه‌كه‌ ئاسایی بووه‌ یان حاڵه‌تی نائاسایی بووه‌.

فه‌هد شه‌بیب به‌له‌وی:
فه‌هد ته‌مه‌نی 34ساڵ بووه‌ ، له‌نێو پاسه‌وانه‌شاهانه‌كانی سعودیه‌دابووه‌، هه‌رچه‌نده‌ لایه‌نی توركیا زانیاری ئه‌وتۆی له‌سه‌ر كاره‌كانی فه‌هد له‌ڕۆژی تیرۆركردنه‌كه‌دا بڵاونه‌كروه‌ته‌وه‌ به‌ڵام دڵنیابوون له‌وه‌ی له‌ناو تیمه‌كه‌دا ڕۆڵی هه‌بووه‌، له‌ مانگی كانوونی یه‌كه‌می 2018 دا فه‌رمانی له‌ سێداره‌دانی بۆ ده‌رچووه‌ له‌ لایه‌ن دادگای سعودییه‌وه‌ به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وهی منداڵه‌كانی خاشوقچی لێی خۆش بوون له‌ سێداره‌ نه‌درا.

‌عه‌بدولعه‌زیز محه‌مه‌د ئه‌لحه‌ساویی:
حه‌ساوی به‌ یه‌كێك له‌و تیمه‌ ئه‌منیه‌ی شازی سعودییه‌ داده‌نرێت كه‌ له‌ هه‌موو گه‌شته‌كانیدا هاوڕێی كردووه‌، كۆتا گه‌شتی حه‌ساوی له‌گه‌ڵ شازاده‌ی سعودیه‌ محه‌مه‌د بن سه‌لماندا بووه‌ له‌ مانگی ئازاری 2018 و به‌رله‌ تیرۆركردنی خاشوقچی بووه‌.

دیۆه‌زمه‌كه‌ی  شازاده‌ی سعوود‌:
هه‌رچه‌نده‌ ماوه‌یه‌ك به‌سه‌ر كوشتنی جه‌مال خاشوقچیدا تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاره‌ساته‌كه‌ چه‌ندین باگراوندی هه‌یه‌و له‌چه‌ند لایه‌كه‌وه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دۆسیه‌كه‌ هه‌یه‌و چه‌ندین گۆڕانكاریی ڕوویانداوه‌، به‌ڵام هێشا دێوه‌زمه‌ی ئه‌و ڕووداوه‌ به‌رۆكی شازاده‌كه‌ی به‌رنه‌داوه‌و هه‌ر تاونه‌تاوێك دێته‌وه‌ به‌رباس، له‌ كۆتا گۆڕانكاریشدا دادگایی كردنی ئه‌و كه‌سانه‌ بوو له‌ وڵاتی توركیا كه‌له‌و دۆسیه‌یه‌ تێوه‌گلاون، ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌ خراپ نیه‌و كوشتنی ئه‌و پیاوه‌ رۆژنامه‌نووسه‌ نه‌بووه‌ته‌ كۆتایی هێنانی په‌پوه‌ندییه‌كانیان، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و له‌نێو میدیای جیهانیدا پانتاییه‌كی زۆری داگیر كردووه‌، ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ ته‌نها له‌ تۆڕی ئه‌نته‌رنێت ناوی بنوسیت و بزانیت چی له‌باره‌یه‌وه‌ گوتراوه‌، له‌گه‌ڵ ناوهینانی خاشوقچیشدا ناوی محه‌مه‌د بن سه‌لمان دێت كه‌ به‌ فه‌رمانده‌ی كوژرانه‌كه‌ی ده‌زانرێت .

ئه‌وانه‌ی تریش:
ثائر غالب ئه‌لحه‌ربی، ئه‌ندامی پاسه‌وانی شاهانه‌.
 محه‌مه‌د سه‌عد زه‌هران، ئه‌ندامی پاسه‌وانی شاهانه‌ له‌ دوای دادگایی كردنی له‌ لایه‌ن سعودیه‌وه به‌ بێ تاوان ده‌رچوو.

نایف حه‌سه‌ن ئه‌لعوره‌یفی ئه‌ندامی تیمه‌كه‌ بووه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌ندامی ده‌زگای هه‌واڵگریی سعودییه‌ بووه.

 مه‌نسور عوسمان ئه‌بوحوسه‌ین، فه‌رمانبه‌ری باڵیۆزخانه‌كه‌، پله‌ی لیوای هه‌یه‌ له‌ بواری سه‌ربازیدا و رۆژی كوشتنه‌كه‌ له‌وێ بووه‌، به‌ڵام دادگای سعودییه‌ بێ تاوانی ئه‌وی ده‌ركردووه‌.

وه‌لیدعه‌بدوڵائه‌لشه‌هری، ئه‌ندامی پاسه‌وانی شاهانه‌ و تۆمه‌تبار له‌ دۆسیه‌كه‌دا، عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ فه‌رمانی له‌ سێداره‌دانی بۆ ده‌ركرد، به‌ڵام منداڵه‌كان لێی خۆش بوون.

توركی موشریف ئه‌لشه‌هری، ئه‌فسه‌ری هه‌واڵگریی و ئه‌ندامی كۆنسوڵخانه‌كه‌، دوای ئه‌وه‌ی دادگا بڕیاری له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌ركرد، منداڵه‌كانی لێی خۆش بوون.

سه‌یف سه‌عد قه‌حتانی، له‌نێو كۆشكه‌كه‌ی شازاده‌ كاری كردووه‌، به‌ڵام رۆژی تیرۆركردنه‌كه‌ له‌وێ بووه‌.

خالد عايض الطيبي، ئه‌ندامی پاسه‌وانی شاهانه‌ و.رۆژی تیرۆركردنه‌كه‌له‌وێ بووه‌

بدر لافي العتيبي، رۆژی تیرۆركردنه‌كه‌ له‌وێ بووه‌

مفلس شايع المصلح، كارمه‌ندی ده‌زگای هه‌واڵگریی و رۆژی تیرۆركردنه‌كه‌ له‌ كۆنسولخانه‌كه‌ بووه‌. رۆڵی ئه‌و پاراستنی كۆنسوڵخانه‌كه‌ بووه‌، له‌ دادگاكه‌ی عه‌ره‌بستانی سعودیه‌دا به‌ بێ تاوان له‌ قه‌ڵه‌م دراوه‌.

أحمد عبد الله المزيني، ئه‌فسه‌ری هه‌واڵگریی بووه‌ سه‌رپه‌رشتی له‌ناودانی ته‌رمی خاشوقچی كردووه‌. ئه‌ندامی تیمه كه‌ بووه‌، ئه‌و ده‌ستنیشانی شوێنی كوشتنه‌كه‌ی كردووه‌ كه‌ له‌ ئه‌ستانبوڵ بێت و چۆنیه‌تی ده‌ربازبوون له‌ ته‌رمه‌كه‌ی پێشنیار كردووه‌.