ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:45 - 30/07/2020

سورییەکان لەنێوان لەشفرۆشیی، ماددە هۆشبەرەکان و چەکدارییدا‌

پەیسەر

سورییەکان بە ئیش، دەستڕەنگینی، خواردنی بەتام و بازرگانی بەناوبانگن، سورییەکان روویان لە هەرکوێ کردبێت کاریان کردووە و جێگە دەستیان دیار بووە، بەڵام دوای نۆ ساڵ لە جەنگ و پێکدادان، لە ئێستادا سورییەکان لە وڵاتی خۆشیاندا بێکارن و روو لەو کارانە دەکەن کە ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە، ئێستا سورییەکان لەنێوان، لەشفرۆشیی، بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان و ئەندامبوون لەنێو گروپە چەکدارەکاندا ماونەتەوە.

بێکاری
پێگەی ساسە پۆست راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و باس لەوە دەکات، تاکو ئێستا ئامارێکی ورد نییە سەبارەت بە ئاستی بێکاریی لە سوریا کە بەهۆی جەنگ و شەڕە بەردەوامەکانی ئەو وڵاتەوە سەریانهەڵداوە، بەڵام بێکاریی ئاستێکی زۆر ترسناکی تۆمار کردووە، بەتایبەت لە کەرتی کشتوکاڵدا کە نزیکەی نیوەی دەستی کاری سوریی لەم کەرتەدایە.

ناوەندی مەداد بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون – دیمەشق کە نزیکە لە رژێمی ئەسەد لەبارەی بێکاریی و دۆخی بازاڕی کار لەنێوان ساڵانی (٢٠٠٢-٢٠١٧) راپۆرتێکی وردی بڵاوکردووەتەوە، بەپێی ئەم راپۆرتە لە ساڵی ٢٠١٧ ئاستی بێکاریی ١٥٪ و ساڵی ٢٠١٥ ٤٨٪ بووە، بەپێی راپۆرتێکی دیکەی هەمان ناوەند لە ساڵی ٢٠١٨ رێژەی بێکاری گەیشتووەتە سەدا ٣٠.٣٪.

ئەم بەدواداچوونە و ئەوانەشی کە ناوەندەکانی نزیک لە ئەسەد ئەنجامی دەدەن، ئەگەر راستیش بن هێشتا زانستیی نین، چونکە تەنها دۆخی بێکاریی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەسەد پیشان دەدەن، نەک ئەو ناوچانەی هەر جارە و بەدەست گروپێکەوەن و ئاستی بێکاری و ژیان لە دۆخێکی زۆر مەترسیداردایە.

لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا توێژینەوەیەکی ورد و بێلایەن و گشتگیر نییە دەربارەی ئاستی بێکاریی لە سەرجەم سوریا، کە بەپێی زانیارییەکان سەرجەم تۆمارەکانی لە مێژووی سوریادا شکاندووە و گەیشتووەتە ئاستێکی پێشبینینەکراو.

بەشێک لە پسپۆڕ و شیکەرەوانی ئابووری پێیان وایە رێژەی بێکاریی لە سەرجەم سوریا گەیشتووەتە سەرووی ٧٠٪ و تەنانەت هەندێکیان باس لەوە دەکەن بێکاری ٨٠٪ی تێپەڕاندووە. باس لەوەش دەکەن کە ٨٠٪ی دامەزراوەکانی کەرتی پیشەسازی و ٥٠٪ی کەرتی کشتوکاڵی وێران بوون و وەستاون، بەهۆی داخستنی هۆتێل، خواردنگە و شوێنە گەشتیارییەکانیش، کەرتی گەشتیاریش وەستاوە.

هیچ ئامارێکی فەرمی و باوەڕپیکراو نییە دەربارەی ژمارەی دانیشتوانی سوریا، پێش ٢٠١١ ژمارەی دانیشتوانی سوریا نزیکەی ٢١ ملیۆن کەس بووە، بەڵام ئەم ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٢٠ بۆ ١٧ ملیۆن و نیو کەم بووەتەوە، لەم ژمارەیە ٥.٥ ملیۆنیان کار دەکەن، ٢٥٪یان کارەکانیان لەدەستداوە، ئەوانەشی کار دەکەن موچە و داهاتەکەیان بەشی ژیانی رۆژانەیان ناکات.

ژیانی سورییەکان
عەبدوڵا مەسالە ئەندازیارێکە لە شاری درعا دەژی، دەڵێت " لە هەموو بوارێکدا کارم کردووە، بەڵام دوو مانگە هیچ کارێکم نەکردووە، دۆخەکە زۆر سەختە، لێرە کارێکت لەدەستدا زەحمەتە کارێکی دیکە بدۆزیتەوە."

عەبدولڕەحمان کوڕێکی گەنجە، تاقانەی دایک و باوکیەتی، دەرچووی بەشی یاسایە و لە دیمەشق دەژی، دەڵێت، "هیچ کارێکم بە بڕواناکەم نەکردووە، بڕواناکەم لە ژووری میوان هەڵواسیوە، کار دراوێکی دەگمەنە بەتایبەت بۆ ئەوانەی واستەیان نییە، وا هەستەکەم لە کۆتاییدا دەبم بە فرۆشیاری جگەرە و سەوزە."

سەمیرە دەرچووی بەشی راگەیاندنە لە زانکۆی ئیدلب، دەڵێت، "داوام پێشکەشی زیاتر لە ٥٠ دەزگای میدیایی ناوخۆیی و دەرەکی کردووە و رەتکراوەتەوە، ژنان زەحمەتتر کاریان دەستدەکەوێت، لەم شارەدا میدیا کارێکی ترسناکە (بەهۆی شەڕەوە)، بەڵام من ئامادەی کار و ئیشی ترسناکم بەس بۆ ئەوەی کارم دەستبکەوێت."

ئەم جۆرە لە بێکاریی کە رووبەڕووی سورییەکان و بەتایبەت گەنجان و دەرچووانی زانکۆ بووەتەوە، وەهای لێکردوون پەنا بۆ ئەو کارانە ببەن کە لەگەڵ داب و نەریتی کۆمەڵگەکەشیاندا ناگونجێن.

بەپێی بەدواداچوونەکانی ساسا پۆست رێژەی بێکاری بەتایبەت لە ناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لەنێوان ٨٠-٩٠٪دایە، هەلی کار دەگمەنە، کارگە و هۆتێل و شوێنی کار دەگمەنن، کارەکان لە کشتوکاڵ، بیناسازیی و شوێنکاری بچوکدا کورت بوونەتەوە. رێژەی بێکاری لە ناوچەکانی ژێر دەستی ئەسەدیش لەنێوان ٧٠-٨٠٪دایە، بەڵام دوای جێبەجێبوونی یاسای قەیسەری ئەمریکی کە کۆمەڵێک سزایە، ئەم ئاستی بێکارییە زیاتر بەرزبووەتەوە.

لەشفرۆشی
بەر لە جەنگی سوریا لەشفرۆشی لە سوریا و بەتایبەت لە دیمەشق هەر هەبووە، بەڵام لە ئێستادا و بەتایبەت لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بە شێوەیەکی فراوان بڵاوبووەتەوە. زۆربەی ئەو ژنانەی کاری لەشفرۆشی دەکەن تەمەنیان لە ٣٠ ساڵ کەمترە، نرخی شەوانە بەپێی جوانی و تەمەنیان دەگۆڕێت. بەشێک لە ژنەکان رووبەڕووی لێدان و توندوتیژی دەبنەوە و بەشێکیشیان بەهۆی کارەکەیانەوە رووبەڕووی هەڕەشەی دەستگیرکردن و کوشتن دەبنەوە.

ئەو مافیایانەی کە سەرپەرشتی ئەم کارانە دەکەن و خاوەن شوێنی شوێنەکانی لەشفرۆشین، لە پەیوەندییەکی بەهێزدان لەگەڵ سوپای رژێمدا، بەرپرسی ژنەکان لە دەورووبەری قاوەخانە، سینەما و شوێنە گشتییەکان دەوەستن و بە رووخسیاریاندا دەناسرێنەوە، بە راستەوخۆ و ناڕەستەوخۆ پرسیار لە خەڵک دەکەن ئایا دەیانەوێت ئەم کارە بکەن.

هەر ژنێک بە هۆکارێک ئەم کارە دەکات، بەشێکی دیاریان بۆ بەدەستهێنانی پارەیە، کارەکە ئاسانە و گرێوگۆڵی تێدا نییە، مەرجی سەرەتا و کۆتایی رووخسار جوانییە. بەشێک لە ژنان کە هەموو رێگایەکی کارکردنیان لێداخراوە، دەڵێن ناچارن ئەم کارە بکەن، بەشێکیشیان ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە کاتێک زانیاریی بە خێزانەکانیان دەدرێت کە کچەکەیان چووەتە نێو ئەم کارەوە.

دەرۆزەکردن
یەکێک لە رووخسارە دیارەکانی ژیانی سورییەکان لە ئێستادا بریتییە لە دەرۆزەکردن، ئەم دیاردەیەش لە زۆربەی ناوچەکانی سوریادا بڵاوبووەتەوە و زیاتریش منداڵ و ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت ئەم کارە دەکەن، دوای ئەوەی رێژەی هەژاری گەیشتە ئاستێکی مەترسیدار و زیاتر لە ١٠ ملیۆن سوری پێویستیان بە هاوکاریی خواردن هەیە، ئەم دیاردەیە زیاتر بووە.

ئامارێکی روون لەبارەی رێژەی دەرۆزەکردنەوە نییە لە سوریا، بەڵام بە هەزاران کەس دەخەمڵێندرێن، نەبوونی پلانیش لە هیچ ناوچەیەکی سوریا وایکردووە رێژەکە رۆژ بە رۆژ بەرزتر ببێتەوە.

هەندێک باندی مافیایی ئەم کارانە رێکدەخەن، سەرپەرشتی ئەم کەسانە دەکەن و منداڵ و ژنانا بۆ ئەم کارە بەکاردەهێنن، تەنانەت رێگە بە هەژاران نادەن لە ناوچەکانی ژێردەستی ئەواندا دەرۆزە بکەن، سەرەڕای یاساش بۆ قەدەغەکردنی بەڵام رێژەکە رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت.

چوونە ناو گروپە چەکدارەکان
بێکاری سورییەکانی ناچار کردووە بۆ پەیداکردنی پارە ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە و بچنە نێو گروپە چەکدارەکانەوە، گەنجان  بۆ ئەوەی درێژە بە ژیانیان بدەن دەچنە نێو ئەو گروپە چەکدارانەی کە سەر بە ئێران، روسیا، تورکیا و وڵاتانی دیکەن.

زۆربەی گەنجان بۆ پەیداکردنی پارە و بەمەبەستی ماددی دەچنە نێو ئەم گروپە چەکدارانەوە، بەتایبەت ئەو گروپانەی لەلایەن رووسیاوە سەرپەرشتی دەکرێن، خەڵکێکی زۆرتر دەبنە ئەندامیان چونکە لەنێو پارێزگاکەی خۆیاندا لە ئەرکدا دەبن.

لەگەڵ ئەوەی ئامارێکی ورد و روون نییە سەبارەت بە ژمارەی ئەندامانی گروپە چەکدارەکان، بەڵام بە نزیکەی ٢٠٠ هەزار چەکدار دەخەمڵێندرێن، کە بەسەرجەم خاکی سوریادا و لە ژێر ناوی دەیان گروپی چەکداردا بڵاوبوونەتەوە. بەشێکی زۆری ئەم گروپانەش بە دزی و راورووتی تۆمەتبار دەکرێن.

راپۆرتە جۆربەجۆرەکانی رێکخراوە جیهانییەکان ئەوەیان ئاشکراکردووە، کە بەشێک لەم گروپە چەکدارانە لەتەنیشت شەڕ و ململانێکانیاندا، کاری بازرگانی چەک، رفاندن، لەشفرۆشیی و بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەکەن.

لادان؛ ژیانی نوێی سورییەکان
جگە لەو کارانە، بەشێک لە سورییەکان بۆ پەیداکردنی پارە، ئەو کارانە دەکەن و کە دوورە لە داب و نەریتی کۆمەڵگەکەیان، لەوانەش دزی و رێگریی، بازرگانی بە ئەندامەکانی جەستە، خەڵک رفاندن و وەرگرتنی پارە لەبەرامبەر ئازادکردنیان.

لە ئێستادا هیچ ئومێدێک نییە بۆ گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی بۆ سوریا، ملیۆنان سوری لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکەیان ئاوارەن، ژێرخانی ئابووریی وڵاتەکە وێران بووە، سەدان هەزار کەس کوژراون و سەدان هەزار بریندار بوون. سوریایەک کە وڵاتی گەشتوگوزار بوو، ئێستا بووە بە وڵاتی وێرانکاری، مردن و نائومێدی.