ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:39 - 29/07/2020

توركیا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كۆت و به‌ند ده‌كات‌

پەیسەر

رۆژی چوارشەممە پەرلەمانی توركیا پرۆژەیاسەكی پەسەند كرد بۆ كۆت و بەندكردنی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، بەپێی پرۆژە پەسەند كراوەكە دەبێت كۆمپانیاكانی وەك فەیس بووك و تویتەر نوێنەریان لە توركیا هەبێت، و گوێ لەبڕیارەكانی دادگاكانی توركیا بگرن بۆ سڕینەوەی بابەتەكان، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی سزای دارایی گەورە دەبنەوە.

كۆمپانیاكان سزا دەدرێن
هەروەها ئەگەر ئەگەر ئەو كۆمپانیایانەی خاوەنداریەتی تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان دەكەن ئامادە نەبن نوێنەرایەتی لە توركیا بكەنەوە ئەوە سزای دارایی زۆریان بەسەردا دەسەپێندرێت و بانگەشەكانیان قەدەغەدەكرێت و بەكارهێنان و تواناكانیان كەم دەكرێتەوە، ئەوەش وادەكات تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان لەلایەن بەكارهێنەرانەوە سست بن.

دەبێت ناوی بەكارهێنەران ئاشكرا بكرێت
بەپێی یاساكە دەبێت كۆمپانیاكان ،ناو و زانیاری ئەو كەسانە ئاشكرا بكەن كە بەناوی خوازراوەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان چالاكن.

حكومەت قسەی خۆی هەیە
حكومەتی توركیا دەڵێت ئەم رێكارانە پێویستن بۆ ڕووبەڕووبونەوەی تاوانی ئینتەرنێتی، هەروەها خەڵك دەپارێزێت لە ناوزراندن و پارێزگاری لە تایبەتمەندی دەكات، لەبەرامبەردا نەیارەكانی یاساكە پێیان وایە چاودێری لەتوركیا زیاد دەكات.

هاوپەیمانیەتی دژی تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان
یاساكەی ئەمرۆ لەلایەن هەردوو فراكسیۆنی ئاكەپە و مەهەپەوە لە پەرلەمانی توركیا دەنگی بۆ درا، بەخێراییش كاردانەوەی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و رەخنەگرانی بەدوای خۆیدا هێنا و بە رێگری لەئازادی رادەربڕین وەسفیان كرد.

لەماوەی رابردوودا بەهۆی رەخنەگرتن لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و حكومەت و بەرپرسانی ئاكەپە هەزاران كەس لە توركیا دەستگیركراون و سەدان پەیج و ئەكاونتیش داخراون.

نەوەكەی ئەردۆغان كێشەكەی گەورەكرد
ئەم پرۆژەیە بۆیەكەمجار لەمانگی نیسانی رابردوودا گفتوگۆی لەسەر كرا پاشان لەژێر فشاری دەنگی نارازی و ئۆپۆزسیۆن رەتكرایەوە ، بەڵام لەدایك بوونی منداڵی چوارەمی ئیسرای كچی ئەردۆغان و برات بیرق وەزیری گەنجینە و دارایی توركیا لەكۆتایی مانگی حوزەیرانی رابردووەوە، بووە هۆی ئەوەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەرەوە هێرشێكی زۆر بكرێتە سەر ئەردۆغان و كچەكەی و زاواكەی، ئەمە بووە هۆی ئەوەی ئەردۆغان جارێكی تر داوایكرد تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان رێكبخرێنەوە.