ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

07:36 - 28/07/2020

كه‌س ئاوڕ له‌ دۆسیه‌ى كوژراوانى خۆپیشاندانه‌كانى عێراق ناداته‌وه‌‌

پەیسەر

ئه‌گه‌رچى نزیكه‌ى سێ مانگ به‌سه‌ر ده‌ستبه‌كاربوونى مسته‌فا كازمى له‌ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام هێشتا په‌رده‌ له‌سه‌ر مه‌له‌فى قوربانیانی خۆپیشانده‌رانى تشرینى یه‌كه‌م و دووه‌مى ساڵى رابردوو لانه‌دراوه‌، چارەنووسی دۆسیه‌كانیان لێڵه‌، له كاتێكدا كه‌سوكارى قوربانییه‌كان چاوه‌ڕێن ماف بۆ خاوه‌ن ماف بگه‌ڕێته‌وه‌.

راپۆرتێكى پێگه‌ى"الترا صوت" ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، ترس ته‌نها له‌وه‌دا كورت نابێته‌وه‌، كه‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌ بكوژانى خۆپیشانده‌ران نه‌كراوه‌، به‌ڵكو مافى قوربانییه‌كان و كه‌سوكاری قوربانییه‌كان پشتگوێخراوه‌. 
 
له‌ خۆپیشاندانه‌كانى چه‌ند مانگى رابردووى شاره‌ جیاوازه‌كانى عێراق، زیاتر لە ٧٠٠ كه‌س كوژران و هه‌زارنى دیكه‌ برینداربوون و هه‌ندێك له‌ برینداره‌كان بۆ هه‌میشه‌ كه‌مئه‌ندام بوون، تا ئێستا حكومه‌تى عێراق هیچ رێوشوێنێكى یاسایى جێبه‌جێنه‌كردووه‌ بۆ بردنه‌پێشى دۆسیه‌ى قوربانییه‌كان، سه‌ره‌ڕاى به‌ڵێنه‌كانى كابینه‌كه‌ى كازمى بۆ دابینكردنى مافه‌كانیان، كه‌ ده‌بێت پێش هه‌موو شت به‌ فه‌رمى به‌ شه‌هید بیان ناسێنێت و مامه‌ڵه‌ى خانه‌نشینى بۆ ئه‌وانه‌یان جێبه‌جێبكات، كه‌ فه‌رمانبه‌ر بوون و مامه‌ڵه‌ رۆتینییه‌كانى ده‌زگاكانى ده‌وڵه‌تیان بۆ جێبه‌جێ بكات.

قوربانییه‌كان بۆ چه‌ند به‌شێك دابه‌ش ده‌بن، به‌شێكیان ئه‌وانه‌ن له‌ گۆڕه‌پانى ناڕه‌زاییه‌كان به‌ قونبه‌له‌ى گازى فرمێسك رێژ یاخود گوله‌ کوژراون، به‌شێكى دیكه‌یان به‌ ده‌ره‌وه‌ى گۆڕه‌پانه‌كان به‌ گوله‌ى كه‌سانى نادیار كوژراون، كه‌ هه‌موویان ده‌كرێت مامه‌ڵه‌ى شه‌هیدیان له‌گه‌ڵ بکرێت به‌پێى یاساى قوربانیانى هه‌ڵه‌ى سه‌ربازى و ئۆپه‌راسیۆنه‌ تیرۆرستییه‌كان.

سه‌عدى موسه‌وى چالاكوان رایگه‌یاندووه‌، زۆر كه‌س تا ئێستا به‌ گومانن به‌ ئامارى راسته‌قینه‌ى قوربانییه‌كانى خۆپیشانده‌ران، به‌ڵام زۆربه‌ى ئاماره‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ زیاتر له‌ ٧١٥ كه‌س له‌ به‌غدا و پارێزگاكانى دیكه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كان كوژراون. 
 
مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، له‌ سه‌رەتاى ئه‌م مانگه‌وه‌ سه‌ردانى ژماره‌یه‌ك له‌ خێزانى قوربانییه‌كانى خۆپیشاندانه‌كانى كرد، به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى رووبه‌ڕووى تیرۆركردن بووبوونه‌وه‌ له‌لایه‌ن كه‌سانى نادیاره‌وه‌، به‌ڵام تا ئه‌م ساته‌ خاوه‌نى شه‌هیدان، هیچ به‌ڵگه‌یه‌كیان به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌، كه‌ گوزارشت له‌وه‌ بكات كوڕه‌كانیان شه‌هیدبوون.

محه‌مه‌د ده‌هامات براى یه‌كێك له‌ چالاكوانه‌كانى پارێزگاى میسان كه‌ له‌ رۆژانى سه‌ره‌تاى خۆپیشاندانه‌كاندا كوژرا به‌ناوى ئه‌مجه‌د ده‌هامات، ده‌ڵێت:"سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له‌ دوایین دیدارى، دانى به‌وه‌دا نا كه‌ ئه‌وان شه‌هیدن، وه‌ به‌ڵێنى دا به‌ به‌ڵگه‌ى فه‌رمى ئه‌وان به‌ شه‌هید ده‌ناسێنێت، به‌ڵام تا ئه‌م ساته‌ ئه‌مه‌ رووینه‌داوه‌".

به‌هائ سه‌راى، براى یه‌كێك له‌ قوربانییه‌كان كه‌ به‌هۆى قونبه‌له‌ى گازى فرمێسك رێژه‌وه‌ له‌ گۆڕه‌پانى ته‌حریر شه‌هیدبووه‌ ده‌ڵێت، ناوى لیستى یه‌كه‌م ئه‌وانه‌ى مانگى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى رابردوو بوونه‌ قوربانى گه‌یشتووه‌ته‌ ده‌زگاى شه‌هیدان و به‌ شه‌هید دانراون، به‌ڵام لیستى دووه‌مى ناوه‌كان كه‌ براكه‌ى ئه‌ویشى تێدایه‌، تا ئێستا نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ده‌زگاى شه‌هیدان. 
 
هێشتا دۆسیەی قوربانییەکانی خۆپیشاندانەکانی چەند مانگی رابردوو بەلادا نەخراون و بکوژان نادیارن بەڵام ناڕەزایی نوێ دەستیپێکردەوە، ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كه‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایى شه‌وانه‌، له‌ پارێزگاكانى ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراق ده‌ستیپێكرد، هه‌موویان یه‌ك داواكارى سه‌ره‌كییان هه‌ڵگرتووه‌، كه‌ ئه‌ویش چاره‌سه‌رى قه‌یرانی كاره‌بایه‌، له‌ زیقار خۆپیشانده‌ران چه‌ند رێگایه‌كیان داخست كه‌ ده‌چووه‌ ناوه‌ندى پارێزگاکه، له‌ ناسریه‌ش گه‌مارۆى ئه‌و داموده‌زگایانه‌ درا كه‌ سه‌ربه‌ وه‌زاره‌تى كاره‌بان، هاوكات له‌ نه‌جه‌ف خۆپیشاندانه‌كان توندتر بوون، له‌به‌رده‌م باڵه‌خانه‌ى پارێزگار به‌ڕێوه‌چوو خۆپیشانده‌ران سه‌ره‌ڕاى هه‌وڵ و فشارى هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ئاماده‌ نه‌بوون بكشێنه‌وه‌.