ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:28 - 28/07/2020

ئه‌نجومه‌نی حوكم و كردنه‌وه‌ی ده‌رگای پشێویی له ‌عێراق‌

پەیسەر

دوای  پرۆسه‌ی ئازادی عێراق له‌ نیسانی  2003 به‌مه‌به‌ستی به‌ڕێوه‌بردنی عێراق. له‌سه‌ره‌تادا پۆڵ بریمه‌ر بووه‌ فه‌رمانڕوای سه‌ربازیی و ماوه‌یك له‌و پۆسته‌دا مایه‌وه‌و عێراقی به‌ شێوه‌ی مه‌ده‌نی به‌ڕێوه‌ ده‌برد، پاشان كه‌ دۆخه‌كه‌ هێور بوویه‌وه‌ بیریان له‌وه‌كرده‌وه‌، ئه‌نجومه‌نێك له‌ پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی عێراق دروستبكه‌ن، دوای ئه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ دروستكرا،  رۆژی 29/7/2003 ئەنجومەنه‌كه‌ پەیرەوی ناوخۆی پەسەند كرد كە یارمەتیدەر بوو بۆ جێبەجێكردنی كارەكانیان و دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنەكە و ئەركەكانیان لەو پەیرەوەدا یەكلایی كرایەوە.


دوای ئەوەی لە 9ی نیسانی ساڵی 2003 ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی رژێمی عێراقیان ڕووخاند، لەسەرەتادا دەسەڵاتێكی مەدەنیان بەسەرۆكایەتی پۆڵ بریمەر حاكمی مەدەنی ئەمریكا لەعێراق پێكهێنا و دواتریش لە رۆژی 12/7/2003 ئەنجومەنی حوكم كە 25 ئەندام پێكهاتبوو پێكهێندرا و ئەركی ئەنجومەنەكە تا 1/6/2004 بوو، بۆ ئەوەی ئامادەكاری بكرێت بەمەبەستی پێكهێنانی كابینەی حكومەتی كاتی.

رۆژی 29/7/2003 ئەنجومەنی حوكم پەیرەوی ناوخۆی پەسەند كرد كە یارمەتیدەر بوو بۆ جێبەجێكردنی كارەكانیان و دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنەكە و ئەركەكانیان لەو پەیرەوەدا یەكلایی كرایەوە.
ئەندامانی ئەنجومەنی حوكم كێ بوون؟

ئەنجومەنی حوكم لە 25 ئەندام پێكهاتبوو، و هەر مانگێك یەكێكیان بەپێی پیتی ئەبجەدی دەكردە سەرۆكی ئەنجومەنەكە، یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنەكە لە 13ی تەموزی 2003 بوو، ئەنجومەنی حوكم لەم ئەندامانەی خوارەوە پێكهاتبوو:

ئیبراهیم جەعفەری  ( جەعفەری پزیشكێكی شیعە و لێكۆڵەرەوەیەكی ئیسلامی بوو، پێش ڕووخانی رژێم وتەبێژی حزبی دەعوەی ئیسلامی بووە، جەعفەری 25/3/1947 لەدایك بووە)

ئەحمەد شیاع بەراك ( بەراك پارێزەرێكی عێراقی بوو سەرۆكی كۆربەندی مافی مرۆڤ بووە لە بابل، یەكێك بوو لەكەسایەتیە ناسراوەكانی عەشیرەتی ال بو سوڵتان)

ئەحمەد چەلەبی  ( چەلەبی لە 30 تشرینی یەكەمی ساڵی 1944 لەدایك بووە، شیعە بوو، سەرۆكی كۆنگرەی نیشتمانی عێراق بوو كە لەساڵی 1992 دامەزرا، چەلەبی 3ی تشرینی دووەمی 2015 كۆچی دوای كرد)

ئەیاد عەلاوی  ( ئەیاد عەلاوی لە 31ی ئایاری ساڵی 1944 لەدایك بووە شیعەیە و سەرۆكی بزوتنەوەی وفاقی نیشتمانی عێراقیە كە ساڵی 1990 دروستكرا)

جەلال تاڵەبانی ( تاڵەبانی لە 12ی تشرینی دووەمی 1933 لە دایك بووە، سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو لە 3ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2017 كۆچی دوای كرد)

حەمید مەجید موسا ( لە 7/1/1941 لەدایك بووە و سكرتێری حزبی شیوعی عێراقی بووە)

دارا نورەدین ( دارا نورەدین دادوەرێكی كوردی خەڵكی كەركوك بوو ساڵی 1953 لەدایك بووە)

عەبدولكەریم مەحەمەداوی ( ساڵی 1958 لەدایك بووە و شیعەیە و سەرۆكی حزبوڵای عێراقی بووە)

عەدنان پاچەچی ( 14ی ئایاری ساڵی 1923 لەدایك بووە سوننەیە و سەرۆكی گردبوونەوەی دیموكراتی سەربەخۆیە، لەنێوان ساڵانی 1965 بۆ 1967 وەزیری دەرەوەی عێراق بووە)

عەقیلە هاشمی ( لە 1953 لەدایك بووە و لە 25ی ئەیلولی ساڵی 2003 تیرۆر كرا)

سەلامە خەفاجی ( لە 9ی كانونی یەكەمی 2003 هەڵبژێردرا بۆ شوێنگرەوەی عەقیلە هاشمی، خەفاجی شیعەیە و پزیشكی ددان بووە)

غازی عەجیل یاوەر ( یاوەر لە 11ی ئازاری ساڵی 1958 لەدایك بووە سوننەیە و ئەندازیاری شارستانی بووە)

محسن عەبدولحەمید ( ساڵی 1937 لەدایك بووە لەڕووی مەزهەبیەوە سوننەیە و لەڕووی نەتەوەیەوە كوردە، سەرۆكی حزبی ئیسلامی عێراق بووە)

محەمەد بەحر العلوم ( 17ی كانونی یەكەمی ساڵی 1927 لەدایك بووە، زانایەكی ئاینی دیاری مەزهەبی شیعەكان بوو لە مانگی نیسانی ساڵی 2015 كۆچی دوای كرد)

مەحمود عوسمان ( دكتۆر مەحمود عوسمان ساڵی 1938 لەدایك بووە، و سیاسەتمەدارێكی سەربەخۆی كوردە)

مەسعود بارزانی ( بارزانی 16ی ئابی ساڵی 1946 لەدایك بووە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە)

مۆفەق روبەیعی ( ساڵی 1947 لەدایك بووە، شیعەیە و پزیشكە لەبواری مافی مرۆڤ كاری كردووە)

نەسیر چادرجی ( لە 12ی ئابی ساڵی 1933 لەدایك بووە سوننەیە و سەرۆكی حزبی نیشتمانی دیموكراتی عێراق بووە)

وائل عەبدول لەتیف ( ساڵی 1950 لەدایك بووە شیعیە و دادوەر بووە لەدادگای بەسرە)

یونادم یوسف كەنا ( ساڵی 1951 لەدایك بووە مەسیحیە و سەرۆكی بزوتنەوەی دیموكراتی ئاشوریە)

رەجا حبیب خزعەلی ( ساڵی 1947 لەدایك بووە ،شیعەیە و بەرێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان بووە لە باشوری عێراق)

سمیر شاكر محمود ( ساڵی 1944 لەدایك بووە سوننەیە و سەرمایەدار بووە)

سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ( ساڵی 1950 لەدایك بووە ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیە)

سون كول چابوك ( ساڵی 1961 لەدایك بووە ،توركمانە و چالاكوانێكی بواری ئافرەتانە)

عزالدین سلیم ( ساڵی 1943 لەدایك بووە و لە 17ی ئایاری ساڵی 2004 تیرۆر كرا، سەلیم سەركردەیەكی دیاری شیعەكان بوو لەناو حزبی دەعوەی ئیسلامی كاری كردووە)

عەبدولعەزیز حەكیم  ( حەكیم ساڵی 1950 لەدایك بووە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای شۆرشی ئیسلامی بووە لەعێراق، 26ی ئابی 2009 كۆچی دوای كرد)

سەرۆكایەتی ئەنجومەن
سەرۆكایەتی ئەنجومەن بەشێوەی خولی بوو بۆ هەر مانگێك ئەندامێكی ئەنجومەن دەبووە سەرۆكی ئەنجومەنی حوكم لەعێراق بەم شێوەیە:

محەمەد بەحر العلوم بۆیەكەمجار لە 13ی تەموز تا 31ی تەموزی 2003 سەرۆكی ئەنجومەن بوو
ئیبراهیم جەعفەری لە 1/ئاب تا 31 ئاب سەرۆكی ئەنجومەنی حوكم بوو
ئەحمەد چەلەبی لە 1ی ئەیلول تا 30 ئەیلول 
ئەیاد عەلاوی لە 1ی تشرینی یەكەم تا 31ی تشرینی یەكەم
جەلال تاڵەبانی لە 1ی تشرینی دووەم تا 30 تشرینی دووەم
عەبدولعەزیز حەكیم لە 1 كانونی یەكەم تا 31 كانونی یەكەم
عەدنان پاچەچی لە 1ی كانونی دووەم ی 2004 تا 31 كانونی دووەمی 2004
محسن عەبدولحەمید لە 1ی شوباتی 2004  تا 29 شوباتی 2004
محەمەد بەحر ئەلعلوم بۆ جاری دووەم لە 1ی ئازاری 2004 تا 31ی ئازاری 2004 
مەسعود بارزانی لە 1ی نیسان تا 30ی نیسانی 2004 
عزالدین سلیم لە 1ی ئایاری 2004 تا 17ی ئایار ،لەو رۆژەدا تیرۆر كرا
غازی عەجیل یاوەر لە 17ی ئایارەوە تا 1ی حوزەیران
ئەنجومەنی حوكم لە 1ی حوزەیران هەڵوەشایەوە و لەو رۆژەدا حكومەتی كاتی عێراق بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی راگەیەندرا و غازی عەجیل یاوەری بووە سەرۆك كۆمار

بڕیارەكانی ئەنجومەنی حوكم
ئەنجومەنی حوكم چەند بڕیارێكی دا لەوانەش یاسای باری شارستانی سەردەمی سەدام حوسێنی هەڵوەشاندەوە و لەبری ئەوە یاسایەكی نوێی دەركرد كە لەگەڵ شەریعەتی ئیسلامی بگونجێت، ئەو بڕیارەی ئەنجومەنەكە نیگەران و گفتوگۆی زۆری لایەنە عەلمانیەكان و چالاكوانانی بواری ئافرەتانی لێكەوتەوە، جگە لەوەش رۆژی 9ی نیسان كە رۆژی ڕووخانی رژێمی سەدام بوو وەك رۆژی نیشتمانی دیاریكرد و ئاڵای عێراقی گۆڕی.

عێراق دوای ئەنجومەنی حوكم
لەدوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی حوكم لەعێراق چەند هەڵبژاردنێكی پەرلەمانی بەرێوەچوون، یەكەم هەڵبژاردن لە 30ی كانونی دووەمی 2005 بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی كاتی و  دووەم هەڵبژاردنیش لە 15ی كانونی یەكەمی 2005 بوو بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران. جگە لەوەی لە 15ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2005 دەنگ لەسەر دەستوری نوێی عێراق درا.
7ی ئازاری ساڵی 2010 هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەران بەرێوەچوو، لە 30ی نیسانی 2014 هەڵبژاردنی خولی چوارەم و لە 12ی ئایاری 2018 هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران بەرێوەچوو.

دۆخی ئەمنی دوای ئەنجومەنی حوكم
لەدوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی حوكم دۆخی ئەمنی عێراق خراپ بوو، چەندین رێكخراوی وەك قاعدە و دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و گروپی نەقشبەندی و داعش دروست بوون، بەجۆرێك داعش لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014 بەشێك لەناوچە سوننیەكانی داگیركرد و تا ساڵی 2017 لەژێر دەستیدا مایەوە.

پەیوەندیەكانی هەرێم و بەغداد
لەساڵی 2014 وە بەغداد بودجەی هەرێمی بڕی، و پەیوەندیەكانی هەولێر و بەغداد ئاڵۆز بوون، لە 25 ئەیلولی 2017 هەرێمی كوردستان ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆی كرد بەڵام وڵاتانی جیهان دانیان بە ئەنجامەكەیدا نەنا و عێراقیش تەواوی ناوچە جێناكۆكەكانی گرتەوە.

ئێستاش كه‌به‌ دۆخی دوای كۆتایی هاتنی داعش داده‌نرێت، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غداد ئاڵۆزه‌و ئاسایی نه‌بووته‌وه‌. گه‌رچی لیژنه‌ی دانوستاندنیان هه‌یه‌، به‌ڵام نه‌گه‌شتوونه‌ته‌ ئه‌نجام، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ردوولابه‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ته‌فسیری ده‌قه‌ یاساییه‌كانی ده‌ستووری عێراقی ده‌كه‌ن.

توێژه‌رانی سیاسی باوه‌ڕیان وایه‌ عێراقی دوای 2003 بۆیه‌ دانه‌مه‌زراوه‌و نه‌زعه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و پێكهاته‌كان له‌بریئه‌وه‌ی به‌ئاراسته‌ی خزمه‌ت و دروستكردنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی عێراقدا هه‌نگاو هه‌ڵبگرن، به‌ ئاراسته‌ی پێچه‌وانه‌و له‌یه‌ك دوور خستنه‌وه‌ی پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی ئاینیه‌كان هه‌نگاویان هه‌ڵگرت. هه‌ر بۆیه‌ به‌شێكیان به‌ ده‌روازی نه‌هامه‌تیه‌كان و كردنه‌وه‌ی ده‌رگاكانی شكت ناوی ئه‌نجوومه‌نی حوكم ده‌هێنن، چوون باوه‌ڕیان وایه‌ پۆڵ بریمه‌ر ئه‌و كاره‌ی بۆ ڕازیكردنی دڵی پێكهاته‌كان كرد، نه‌ك بۆ دروستكردنه‌وه‌ی هه‌ستانه‌وه‌ی عێراق.