ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:24 - 27/07/2020

مۆسادی ئیسرائیل چۆن پلانی ته‌قینه‌وه‌كانی ئێرانی داڕشتووه‌؟‌

پەیسەر

به‌هۆی ئه‌و بێده‌نگییه‌ی كه‌ ئاژانسی ئه‌تۆمی جیهان له‌به‌رامبه‌ر ته‌قینه‌وه‌كانی ئێران له‌ ماوه‌ی ئه‌مساڵدا هه‌یانبوو، پێده‌چێت شتێك له‌ ئارادا هه‌بێت، به‌جۆرێك به‌شێك له‌ بۆچوونه‌كان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وانیش به‌و بێده‌نگییه‌یان پشكێكیان له‌و كاره‌دا به‌ربكه‌وێت، ‌ ئاماژه‌ی زۆر هه‌ن ئیسرائیل له‌پشتی ته‌قینه‌وه‌كانه‌وه‌ بێت و ئێرانیش له‌دوای هه‌موو ڕوداوه‌كان ئه‌و بۆچوونه‌ی نه‌شاردووه‌ته‌وهو به‌ئاشكرا ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئیسرائیل و شه‌یتانی گه‌وره‌ له‌ پشتی ته‌قینه‌وه‌كانه‌وه‌ن‌.

بونا جیرمی بوب، توێژه‌ر و نوسه‌ری تایبه‌ت له‌بواری هه‌واڵگریی و ئاسایش و توندڕه‌ویدا، له‌ رۆژنامه‌ی – جیروزالیم پۆست- ی ئیسرائیل دا نوسیویه‌تی:ئه‌وه‌ یه‌كلایی بووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئیسرائیل له‌ 2018ه‌وه‌ پلانی داناوه‌ كه‌ هێرش بكاته‌ سه‌ر دامه‌زراوه‌ ئه‌تۆمیه‌كانی ئێران، ئه‌وه‌ی له‌م دواییانه‌ش ڕوویاندا كه‌ ته‌قینه‌وه‌و كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگر هه‌موویان له‌ناو ئه‌و به‌رنامه‌یه‌دا بووه‌، له‌ هه‌مان كاتدا نه‌خشه‌ی هه‌موو دامه‌زراوه‌ دیارو نادیاره‌كانی ئێرانی له‌ به‌رده‌ستدایه‌.

هه‌فته‌ی ته‌قینه‌وه‌كانی ئێران:
ئه‌و نوسه‌ره‌ ئیسرائیلییه‌ له‌ درێژه‌ی بابه‌ته‌كه‌یدا نوسیویه‌تی: كه‌س نازانێت كێ له‌پشتی ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ی ئێرانه‌وه‌ بوو كه‌ له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا له‌ مانگی ڕابوردوودا ڕوویاندا، ئه‌گه‌ر ئیسرائیل له‌و بابه‌ته‌وه‌ تێوه‌گلابێت ئه‌وا ده‌بێت بگوترێت:موساد له‌ساڵی 2018 ه‌وه‌ بڕیاری ئه‌وه‌ی دابوو كه‌ده‌ست به‌سه‌ر دۆسیه‌ی نهێنی ئه‌تۆمی ئێراندا بگرێت و ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ش به‌شێك بووبن له‌و پلانه‌.
ئه‌و نوسه‌ره‌ ده‌ڵێت: ئێران دوای ڕوداوه‌كان ده‌كه‌وێت و له‌دوای هه‌ر ته‌قینه‌وه‌یه‌ك كه‌ له‌ ئێران ڕوو ده‌دات و بكه‌ره‌كانی ون ده‌بن، بۆیه‌ كاردانه‌وه‌كانی زۆر لاوازن و ناتوانن درێژه‌ی بابه‌ته‌كه‌و چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردنه‌كه‌ی بۆڕای گشتی ئاشكرابكه‌ن، یان ئه‌وه‌نده‌ هه‌ڵوێسته‌كه‌ به‌ لاوازیی پیشان ده‌ده‌ن كه‌ ته‌نها ده‌ڵێن ئیسرائیل له‌پشتی ته‌قینه‌وه‌كانه‌وه‌یه‌و هیچی تر. له‌ نموونه‌ی لێدوانه‌كانی په‌رله‌مانتاران له‌ دوای ته‌قینه‌وه‌كه‌ی نه‌ته‌نزی ئه‌تۆمی.

په‌یوه‌ندی نێوان چالاكیه‌كانی مۆساد و ته‌قینه‌وه‌كانی 2020:
ئه‌و نوسه‌ره‌ نوسیویه‌تی: دوای ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ره‌تای مانگی كانوونی دووه‌می ساڵی 2018 به‌شێك له‌ ئه‌رشیفی ئه‌تۆمی ئیران دیارنه‌ما، هه‌موو وه‌ڵامێكی ئیران ئه‌وه‌بوو ده‌بێت پابه‌ندبین به‌ به‌ها باڵاكانه‌وه‌ له‌بواری به‌رهه‌مهێنانی ئه‌تۆمیدا، ئه‌و نوسه‌ره‌ ده‌ڵێت: سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئێران سه‌رپه‌رشتی تیرۆر ده‌كات له‌ناوچه‌كه‌و بگره‌ له‌ هه‌موو جیهانیشدا، موشه‌كی دوورهاوێژیی بالیستی تاقیده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام له‌ ڕووی هونه‌رییه‌وه‌ ده‌ڵێت ئێمه‌ پابه‌ندین به‌ ڕێكه‌وتنی ئه‌تۆمی 2015 ، به‌ڵام ئێران ئه‌و كارانه‌ ته‌نها بۆنواندن و ده‌رخستن ده‌كات، به‌رنامه‌كانی ئێران له‌بواری په‌ره‌پێدانی ئه‌تۆمیدا ڕووی له‌ مه‌ترسی بوو ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ نه‌كه‌وتایه‌ته‌ ده‌ست مۆساد و ئیتر له‌وێوه‌ به‌رنامه‌كه‌ گۆڕانكاریی به‌سه‌رداهات.

هه‌ندێك له‌ ڕه‌خنه‌گران له‌و كاتانه‌دا گوتیان : به‌ڵگه‌نامه‌ نهێنیه‌كان كه‌ ده‌ست مۆساد كه‌وتووه‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ ئێران ڕاستی نه‌كردووه‌ كه‌ تا ئه‌و كاتانه‌ گوتبوویان ته‌نها 5چه‌كی ئه‌تۆمیان هه‌یه‌،  له‌ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌: ئێستا ئێمه‌ ده‌توانین به‌ئاشكرا هه‌ست به‌ كاریگه‌رییه‌ گه‌وره‌و فراوان و ڕوونه‌كانی بكه‌ین. یه‌كێك له‌وانه‌ پاڵی به‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كانه‌وه‌ نا كه‌ ڕێكاریی توندتر له‌باره‌ی ئێرانه‌وه‌ بگرێته‌ به‌ر و تاك لایه‌نه‌ له‌ ڕێكه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران پاشه‌كشه‌ بكات و بكه‌وێته‌ دانانی سزای زۆرتوند به‌سه‌ر ئێرانه‌وه‌ كه‌ ئێستا كاریگه‌رییه‌كانی به‌ده‌ر ده‌كه‌ون.

له‌ هه‌مان كاتیشدا دوای دزه‌پێكردنی به‌ڵگه‌نامه‌كان ئاژانسی وزه‌ی ئه‌تۆمی جیهان ڕووی له‌ ئێران وه‌رگێڕا، ڕاسته‌ ئه‌وانیش ساڵ و نیوێكیان پێچوو تا هه‌ڵوێستی خۆیان نیشاندا له‌به‌رامبه‌ر ئێران و ئه‌و زانیارییانه‌یان خسته‌وه‌به‌رده‌ستی ئێرانیه‌كان و دوایان لێكردوون كه‌ ده‌ست له‌ سه‌رپێچیه‌كانیان هه‌ڵگرن.

به‌ڵام به‌ گه‌شتنی مانگی ئازار2020ئاژانسی وزه‌ی ئه‌تۆمی جیهانی له‌ ڕاپۆرتێكدا باسی له‌دوو شوێنی نهێنی ئه‌تۆمی كرد كه‌ به‌شاراوه‌یی كاریان تێدا كردووه‌، كه‌ له‌ ئه‌نجامی گه‌ڕان و پشكنیندا بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ یه‌كێكیان ده‌كه‌وێته‌ -توركز ئاباد- و پشكنینی خۆیان بۆ ئه‌و پێگه‌یه‌ كردووه‌.

نه‌خشه‌ی ئاشكراو نهێنی ئه‌تۆمی ئێران:
ئه‌و نوسه‌ره‌ له‌ درێژه‌ی نوسینه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: هه‌موو ئه‌و كێشانه په‌یوه‌ندییان به‌و زانیاریی و به‌ڵگانه‌وه‌ هه‌بوو كه‌ ده‌ستی هه‌واڵگری مۆسادی ئیسرائیل كه‌وتبوو، ئه‌وان توانیان ئاشكرای بكه‌ن،سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ -یوسی كوهین- به‌ڕیوه‌به‌ری گشتی مۆساد له‌ مانگی ئه‌یلوولی 2019 دا به‌ رۆژنامه‌ی –جیوزالیم پۆست-ی گوتووه‌: گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وتی ده‌زگای مۆساد ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ نه‌خشه‌ی ته‌واوی كاره‌ ئه‌تۆمیه‌كانی ئێرانمان له‌به‌رده‌ستدایه‌ به‌ ئاشكراو نهێنیشه‌وه‌.

ئه‌و به‌رپرسه‌ باسی له‌یه‌كێك له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی مۆساد كردووه‌و گوتوویه‌تی: له‌ مانگی ڕابوردوودا به‌ڕێوه‌به‌ری  ئه‌نجومه‌نی ئاژانسی وزه‌ی ئه‌تۆمی –رافائیل ماریانۆ جروس-ئیدانه‌ی ئێرانی كردووه‌ . ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌مان بۆپشتڕاست ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ تا مانگی كانوونی دووه‌می 2018 به‌و شێوه‌یه‌و به‌و زمانه‌ له‌گه‌ڵ ئیرانیه‌كان گفتوگۆو ڕه‌فتاریان نه‌كردووه‌.

له‌ هه‌مان كاتدا یه‌كێك له‌ پێشێلكردنه‌كانی ڕیكه‌وتن نامه‌ی ئه‌تۆمی 2015 خراوه‌ته‌ ئه‌ستۆی ئاژانسی وزه‌ی ئه‌تۆمی ئیران – كه‌ خۆیان پیی ده‌ڵێن ئاژانسی وزه‌ی ناوكی- ئه‌ویش په‌یوه‌ندی به‌ به‌كارهێنانی ئه‌و ئامێرانه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆ پیتاندنی پۆرانیۆم به‌كار ده‌هێنرێت، له‌ هه‌مان كاتیشدا له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی نه‌ته‌نزی ئێرانیدا له‌ رۆژی 2ته‌مووزی ئه‌مساڵ ته‌نها ئه‌و ئامێره‌ كرابووه‌ ئامانج. ئێران خۆشی نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ ئیسرائیل له‌ پشتی ئه‌و هێرشه‌وه‌یه‌. له‌و میانه‌یه‌دا سه‌رۆكی په‌یمانگای زانست و ئاسایشی  نێوده‌وڵه‌تی –دیڤید ئالبیرت- به‌ رۆژنامه‌ ئیسرائیلیه‌كه‌ی گوتووه‌: سێ له‌سه‌ر چواری ئامێره‌كه‌ له‌كار كه‌وتووه‌، به‌وه‌ش ئێران چه‌ند ساڵێك ده‌خاته‌ دواوه‌.

ئێران بۆچی به‌رگریی له‌ خۆی ناكات؟
راپۆرته‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ته‌قینه‌وه‌ی 12 دامه‌زراوه‌ی ئه‌تۆمی له‌ ئێران و له‌ناو ئه‌وانه‌شدا دامه‌زراوه‌ی -نه‌ته‌نز- كه‌ زۆر هه‌ستیاربوو، ئێران ته‌نها به‌ پێشێلكاری له‌دژی وڵاته‌كه‌ی ناویان برد، باسیان له‌وه‌كرد كاری ئه‌وان به‌ پێی یاسا بووه‌و په‌نایان بۆ ئه‌وه‌ نه‌برد كه كاردانه‌وه‌ی توندیان هه‌بێت و به‌رگریی توند له‌ خۆیان بكه‌ن.

به‌ڵام توێژه‌ران باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌وه‌ی ڕوویداوه‌ شتێكی دیكه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تا ئێستاش په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌ به‌دوای ئه‌وه‌وه‌یه‌ كه‌ بزانێت چی روویداوه‌ له‌ نه‌ته‌نزو تا ئێستاش خۆ پارێزیی ده‌كه‌ن له‌ ناوهینانی لایه‌نی جێبه‌جێكاری ته‌قینه‌وه‌كه‌، ئه‌وه‌ش وا لێكده‌درێته‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی ئێران له‌ حاڵه‌تی به‌رگرییدایه‌و هیچ ئامانجێكی هێرشكردنی له‌به‌رنامه‌دا نییه، له‌و قۆناغه‌دا كارله‌سه‌ر شه‌رعی بوونی به‌رنامه‌ ئه‌تۆمیه‌كانی ده‌كات و تاكانه‌ به‌رگرییه‌ك كه‌ ده‌یكات ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وان كاری نایاساییان ئه‌نجام نه‌داوه‌.

نووسه‌ری ڕاپۆرته‌كه‌‌ی رۆژنامه‌ ئیسرائیلیه‌كه‌ له‌ كۆتاییدا ده‌لێت:له‌وانه‌شه‌ ته‌قینه‌وه‌كان كه‌سانێك ئه‌نجامیان دابێت كه‌ نه‌یاری ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستای ئێرانن له‌ناوخۆی وڵاتدان، چوون نه‌یاره‌ ناوخۆییه‌كانی كه‌م نین، یان ئه‌مه‌ریكیه‌كان، یاخود عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ بێت... كاره‌كته‌ری ته‌قینه‌وه‌كان هه‌ركێ بن، به‌ هه‌ر ئامانجێك ئه‌و كاره‌یان كردبێت، یان واش دابنێین كه‌ ئێران له‌ داهاتوودا وه‌ڵامێكی ده‌بێت، ئه‌و ڕاستییه‌مان له‌ به‌رچاو لانابات كه‌ دزینی به‌ڵگه‌نامه‌ ئه‌تۆمیه‌كانی ئێران له‌لایه‌ن ده‌زگای هه‌واڵگریی ئیسرائیله‌وه‌ له‌  2018 تا ئیستاش به‌رهه‌می خۆی هه‌یه‌و هه‌وێنی ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ بووه‌ كه‌ ڕوویانداوهو بووه‌ته‌ هاوكارو پاڵنه‌رێكی باش بۆیان..‌.