ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:27 - 24/07/2020

په‌یمانگای واشنتۆن: ئێران به‌رامبەر ئه‌مریكا و ئیسرائیل سه‌ركه‌وتوبوو‌

پەیسەر

په‌یمانگای واشنتۆن بۆ سیاسه‌تی رۆژهه‌ڵاتی نزیك له‌ راپۆرتێكدا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ بڕیار وایه‌ قه‌ده‌غه‌ی پرۆسه‌ی فرۆشتنی چه‌كی كلاسیكی به‌ئێران هه‌ڵبگیردرێت، له‌ 18ی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌م ساڵ، ئه‌وه‌ش به‌پێی بڕیاری 2231 ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی، ئه‌م هه‌نگاوه‌ رێگه‌ به‌ ئێران ده‌دات ببێته‌ هێزێكی سه‌ربازیی گه‌وره،‌ له‌ناوچه‌كه‌دا ئه‌گه‌ر بڕیاری قه‌ده‌غه‌كه‌ نوێ نه‌كرێته‌وه‌.

راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێت، ئێران پێی وایه‌ هێزه ‌چه‌كداره‌كانی وڵاته‌كه‌ی قه‌ڵغانێكی كاریگه‌رن بۆ هه‌ر هێرشێكی سه‌ربازیی گه‌وره‌، هه‌روه‌ها سیاسه‌ته‌كانی ئێران له‌ناوچه‌كه‌ سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست هێنا له‌وانه‌ش ده‌ركردنی ئیسرائیل له‌ لوبنان له‌ساڵی 2000، ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌عێراق له‌ساڵی 2011، تێكشكاندنی پلانی ئه‌مریكا و سعودیه‌ و ئیسرائیل بۆ گۆڕینی رژێمی سوریا.

راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێت، وه‌به‌رهێنانی به‌رگری ئێران له‌هه‌موو قۆناغه‌ جیاجیاكان چه‌ند توانایه‌كی به‌ده‌ستهێناوه‌ كه‌ جێگه‌ی سه‌رنجن، ئه‌م توانایانه‌ وایكردووه‌ بتوانێت هێرشی ورد له ‌دووره‌وه‌ بكات و په‌ره‌ به‌شه‌ڕی مافیا ده‌ریاییه‌كان بدات و ناوچه‌كه‌ له‌شه‌ڕی كلاسیكی دووربخاته‌وه‌، فرۆكه‌ بێ فرۆكه‌وانه‌كانی و موشه‌كه‌كانی بوونه‌ته‌ جێگه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وام بۆسه‌ر هاوپه‌یمانه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ویلایه‌ته ‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ناوچه‌كه،‌ له‌وانه‌ش سعودیه‌ و ئیسرائیل.

په‌یمانگای واشنتۆن رایگه‌یاندووه‌"توانا موشه‌كییه‌ دوورهاوێژه‌كانی ئێران وایكردووه‌ بتوانێت بنكه ‌سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا له ‌ناوچه‌كه‌ بپێكێت، هه‌روه‌ك ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوه‌تی به‌سه‌ر هه‌ردوو گه‌رووی هۆرمز و بابلمه‌نده‌به‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا نه‌چێته‌ شه‌ڕی راسته‌وخۆ‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئێران له‌ناوچه‌كه‌دا.

راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ری به‌هێز ئه‌وه‌یه‌ ئێران پارێزگاری له‌و به‌رنامه‌یه‌ بكات ئه‌گه‌ر قه‌ده‌غه‌ی كڕینی چه‌ك و گواستنه‌وه‌ی چه‌كی له‌سه‌ر لاببردرێت له‌م ساڵدا، هه‌روه‌ها ئێران ئه‌و بۆشاییانه‌ پڕ بكاته‌وه‌ كه‌ له‌توانا سه‌ربازییه‌كانی هه‌یه‌ و هێزه‌كانی نوێ بكاته‌وه‌، به‌سود وه‌رگرتن له‌و وانانه‌ی له‌سوریا وه‌ری گرتووه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌یه‌وێت چه‌ند سیستمێكی سه‌ربازیی بكڕێت كه‌ خۆی ناتوانێت دروستی بكات و به‌رهه‌می بهێنێت، له‌وانه‌ش موشه‌كی زه‌مین به‌ئاسمانی پێشكه‌وتووی ( سام) و فرۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ر و ده‌بابه‌ و زرێپۆشی جه‌نگی، هه‌روه‌ها به‌هێزكردنی هێزی ده‌ریای له‌رێگه‌ی كڕینی ئه‌ڵغام و موشه‌كی بالستی دژه‌ كه‌شتی.

راپۆرته‌كه‌ ڕوونی كردۆته‌وه‌ كه‌ لابردنی قه‌ده‌غه‌ی كڕینی چه‌ك، ده‌كرێت جیاوازییه‌كی گه‌وره‌ له‌ پیشه‌سازی چه‌كی ئێران دروست بكات، كۆماری ئیسلامی به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پشت به‌خۆی ده‌به‌ستێت، و له‌سه‌ره‌تای هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه‌ خواستی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ به‌رهه‌می چه‌كی ناوخۆی خۆی به‌هێزتر بكات، له‌پێناوی كه‌مكردنه‌وه‌ی پشت به‌ستن به‌هاورده‌كردنی چه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌، و په‌ره‌پێدانی توانا تایبه‌تكراوه‌كانی بۆ دابینكردنی پێداویستیه‌ دیاریكراوه‌كانی.