ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:47 - 22/07/2020

رۆژەكانی كۆتایی ئەو پاشایەی 28 بەرپرسیارێتی هەبوو‌

پەیسەر

كاتژمێرەكانی كۆتایی تەمەنی ئەو پادشایە تادێت زیاتر چركەی دێت كە بە مۆدێرنترین پاشای سعودیە دادەنرێت لە مێژوویی ئەو وڵاتەدا.

لەگەڵ ئەوەی لە تەمەنی خۆیدا لەسەر 23 كورسی سەرۆكایەتی 23 دامەزراوەی جیاوازی وڵاتەكەی دانیشتووە و گەورەترین و بە دەسەڵاتترین دەوڵەمەندرین وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بەڵام ئێستا لەسەر تەختێكی نەخۆشخانە هەم خۆیی و هەم رۆژهەڵاتی ناوەراست و هەم بەشێك لە وڵاتانی جیهان چاوەڕوانی هەناسەكانی كۆتایی دەكەن.

شا سەلمان كێیە؟
سەلمان كوڕی عەبدولعەزیز، ساڵی 1935 لەدایكبووە، فەرمانڕەوای بیستەمە لە بنەماڵەی ئالسعود، كوڕی شا عەبدولعەزیز كوڕی شا عەبدولرەحمان ئالسعودە.

قۆناغی سەرەتایی خوێندنی لە خوێندنی خێرای ئاینی  لە ریاز بووە و لەسەر دەستی عەبدوڵا خەیات پێشنوێژ و وتارخوێنی كەعبەی پیرۆز قورئانی خوێندووە و لە تەمەنی 10 ساڵیدا تەواوی قورئانی لەبەربووە.
شەش جار هاوسەرگیری كردووە و لە 3 هاوسەری هیچ منداڵێكی نییە، بەڵام لە 3 هاوسەرەكەی دیكەی 12 شازادەی هەیە.

پاشای 23 دەسەڵات
بەر لەوەی ببێتە پاشای سعودیە، شا سەلمان 22 بەرپرسیارێتی وەرگرتووە كە پێكدێن لە:-
ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانی
ئەندامی ئەنجومەنی خزمەتی سەربازی
سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕی دامەزراوەی گشتی دروستكردنی چەك و پێداویستی سەربازی.
سەرۆكی ئەنجومەنی گشتی رووبەری سعودیە.
ئەندامی دەستەی باڵای "شاری شا عەبدولعەزیز" بۆ زانست و تەكنەلۆژیا.
سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕی ماڵی شاعەبدولعەزیز.
سەرۆكی ئەنجومەنی ئەمیندارانی نوسینگەی شافەهدی نیشتمانی.
سەرۆكی فەخری ناوەندی ئەمیر سەلمانی كۆمەڵایەتی.
سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕی دامەزراوەی ریازی خێرخوازی بۆ زانست.
سەرۆكی باڵای نمایشگای ریاز لەنێوان دوێنێ‌ و ئەمڕۆدا.
سەرۆكی بۆردی دیاری ئەمیرسەلمان بۆ لەبەركردنی قورئان.
سەرۆكی ئەنجومەنی ئەمیندارانی دامەزراوەی حەمەد ئەلجاسر.
سەرۆكی فەخری كۆمەڵەی مێژوویی سعودیە.
سەرۆكی فەخری كۆمەڵەی كتێبخانەكان و زانیاری سعودیە.
سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕی ناوەندی مەككەی پیرۆز.
سەرۆكی باڵای ناوەندی ئەمیرسەلمان بۆ كەمئەندامان لە ریاز.
سەرۆكی فەخری كۆمەڵەی ئەمیر فەهد بن سەلمان بۆ نەخۆشییەكانی گورچیلە.
سەرۆكی فەخری ناوەندی چاندنەوەی ئەندامەكانی جەستە لە سعودیە.
سەرۆكی كۆمەڵەی ئەلبر لە ریاز.
سەرۆكی فەخری لیژنەی هاوڕێیانی نەخۆش لە ریاز.
سەرۆكی كۆمەڵەی خێرخوازی هاوكاری هەتیوان لە ریاز
سەرۆكی پڕۆژەی ئیبن بازی خێرخوازی بۆ هاوكاری گەنجان لە پرۆسەی هاوسەرگیری.

 
بە بەرپرسیارێتییەكانیدا دەردەكەوێت ئەو پیاوەی كە ئێستا رۆژەكانی كۆتایی تەمەنی دەژمێرێت و تەمەنی لە سەرو 85 ساڵەوەیە لە تەمەنی خۆیدا لەمپەڕ بۆ ئەوپەڕی جومگەكان بەرپرسیارێتی هەبووە، سەربازی، ئابوری، كۆمەڵایەتی، تەندروستی، خێرخوازی، زانستی و ئێستاش كە هێشتا شای سعودیەیە هاوكات سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەو وڵاتە و فەرماندەی باڵای سەرجەم هێزە چەكدارەكانە.

بەر لەوەشی بگاتە سەر كورسی پاشا چەند دەسەڵاتێكی دیكەی هەبووە وەك (ئەمیری ریاز، وەزیری بەرگری، شازادەی جێنشین).

پاشا مۆدێرنەكە
ساڵی 2015 و دوای كۆچی دوایی پاشا عەبدوڵا كوڕی عەبدولعەزیز ئالسعود، سەلمان لە شازادەی جێنشینەوە بووە پاشای وڵاتەكەی.
لە سەردەمی پاشا سەلماندا عەرەبستانی سعودیە زۆرترین كرانەوەی بەخۆیەوە بینیوە و چەندین بڕیاردراون بۆ گۆڕینی هەیكەلی بەڕێوەبردن و پێدانی زیاتری ماف بە تایبەت بە ئافرەتان.
ئەگەرچی دەوترێت بەشی زۆری ئەو كرانەوەیە محەمەدی كوڕی پاشا سەلمان لەپشتییەوەیە كە ئێستا شازادەی جێنشینە، بەڵام دەستكەوتەكان لە مێژوودا بۆ پاشا دەنوسرێت بەوپێیەی دەبێت پاشا رەزامەندی بدات لە تەواوی ئەو بڕیارە قورسانەی كە پەیوەندی بە شوناس و سیستمی بەڕێوەبردنی سعودیەوە هەیە.

بڕیارەكانی سەردەمی پاشا مۆدێرنەكە
رێگەدان بە ئافرەتان بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەتی شۆفێری و لێخوڕینی ئۆتومبیل كە یەكەمجارە لە مێژووی سعودیەدا ئەو مافە بە ئافرەتان بدرێت.

كردنەوەی سینەمای مۆدێرن و ماڵی سینەماكاران و فیلمسازان لە سەرجەم شارەكانی سعودیە.

تێكەڵكردنی وەزارەتەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە یەك وەزارەتدا بەناوی وەزارەتی فێركردن و رێگەدان بە ئامادەكردنی مەنهەجی نوێی خوێندن.

بەرزكردنەوەی باج و جێبەجێكردنی سیستمی باج لەسەر هەر كەسێك بەبێ‌ جیاوازی بەتایبەت لەسەر بازرگانەكان.

تێكەڵكردنی وەزارەتەكانی كار و كۆمەڵایەتی و كردنیان بە یەك وەزارەت بەناوی كار و پەرەپێدانی مرۆیی.

هەڵوەشاندنەوەی بەشێكی زۆری دەستە سەربەخۆكان وەك دەستەی خوێندن و دەستەی راگەیاندن و دەستەی بازرگانی و چەند دەستەیەكی دیكە.

دامەزراندنی 3 وەزارەتی نوێ‌ بە ناوەكانی وەزارەتی گەشتوگوزار، وەزارەتی وەبەرهێنان، وەزارەتی وەرزش.

دامەزراندنی ئەنجومەنی گشتی ئارامكۆی سعودی.

لەپاڵ ئەم گۆڕانكارییە ناوخۆییانەدا، لە ئاستی سیاسیشدا شا سەلمان چەند بڕیارێكی قورسی سیاسیدا و چەند هەنگاوێكی سەربازیشی نا لە دەرەوەی خاكی خۆی

یەكەم: بچڕاندنی هەموو پەیوەندییەكان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران و دەركردنی باڵیۆزی ئێران لە سعودیە.

دووەم: بەستنی كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و كۆكردنەوەی بەشی زۆری لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا لە دەوری خۆی.

سێیەم: راگەیاندنی پرۆسەی (عاصفە الحزم) كە هێرشێكی چڕوپڕی ئاسمانی و زەمینی بوو دژی چەكدارانی حوسی لە یەمەن.

رەخنە لە پاشا
ئەگەرچی پاشا سەلمان بەوەناسراوە كە هەندێك هەنگاوی جدی ناوە بۆ كرانەوەی زیاتری سعودیە، بەڵام هێشتا رەخنەی ئەوەی لێدەگیرێت كە زیاتر گرنگی بە كەسە موحافیزكارەكان دەدات زیاتر لە كەسانی مۆدێرن، هەروەك رەخنەی ئەوەی لێدەگیرێت كە لە بڕیارەكانیدا كەمترین راوێژ دەكات و تاكڕەوانە بڕیار دەدات و كەمتر رێز بۆ رای تەنانەت نزیكەكانیشی دادەنێت.

هەرچۆنێك بێت ئێستا كە سعودیە بە لەنگەری سیاسەتەكانی ئەمریكا لەم ناوچەیە دادەنرێت، هەر گۆڕانكارییەك تێیدا دەشێ‌ پریشك بە چواردەوری خۆیدا بهاوێت، ئێستاش كە شاسەلمان لەسەر تەختی مردنە دونیا چاوەكانی بە كراوەیی بڕیوەتە رۆژانی دوای مردنی سەلمان و هەركەس لە بیری ئەوەدایە لەگەڵ كوڕەكەی كە دوای خۆی دەبێتە پاشا چۆن مامەڵە بكات.