ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:49 - 21/07/2020

بۆچی ئیسرائیل لەئێستادا هێرش دەكاتە سەر ئێران؟‌

پەیسەر

رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی چوار هۆكاری دیاریكردووە بۆ هێرشی راستەوخۆی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران كە رەنگە ئەنجامی پێچەوانەی هەبێت.
ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ راپۆرتێكی بڵاوكردەوە دەربارەی ئەو شەڕەی كە ئیسرائیل دژی ئێران لەم دوایانەدا بەئاشكرا بەرپای كردووە، پرسیاری ئەوەشی كردووە ئایە ئیسرائیل لەپشت ئەو تەقینەوە و ئاڵۆزیانەی ئەم دوایانەی ئێرانەوەیە، كە لەچەند هەفتەی كەمی رابردوودا ڕوویاندا؟

ئێران لە چەند هەفتەی كەمی رابردوودا ڕووبەڕووی ژمارەیەك تەقینەوەی نا سروشتی بۆوە لە دەزگا هەستیارەكانی وەك كۆمەڵگەی ئەتۆمی نەتنز و چەند كارگەیەك و هێڵی گواستنەوەی غازی سروشتی، گومانی زۆر هەیە لەلای دیبلۆماتكار و چاودێران كە ئیسرائیل یان ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا یان هێزێكی دەرەكی تر لەپشت ئەو هێرشە تێكدەرانەوە بێت.

لەكاتێكدا گەیشتن بە زانیاری باوەرپێكراو لەناوخۆی ئێران قورسە، بەڵام دەنگۆی جۆراوجۆر هەیە سەبارەت بە دوو تەقینەوە لە شوێنەكانی تایبەت بە بەرنامە موشەكی و ئەتۆمیەكانی ئێران.

رۆژنامەی " نیویۆرك تایمز" لە زاری بەرپرسێكی هەواڵگری رۆژهەڵاتی ناوەراستی گواستەوە كە ئیسرائیل بۆمبێكی لەناو دامەزراوەی نەتەنزی ئەتۆمی ئێران داناوە، كاتێك ئێران دەستی كردووە بە كارپێكردنی ئامێری پێشكەوتووی پیتاندن، رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل دەڵێت ئەو بەرپرسە رەنگە خودی یوسی كوهین سەرۆكی دەزگای هەواڵگری موسادی ئیسرائیل بێت.

ئاڵۆزی و نا سەقامگیریی
راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەكردووە كە ئەم ڕووداوانە رەنگدانەوەی ئاستی ئاڵۆزی و خراپی پەیوەندیەكانی نێوان ئێران و ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئیسرائیلن، ئەوەش دوای كشانەوەی ئیدارەی ترەمپ لە رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران.

ئاڵۆزی پەیوەندیەكانی نێوان تاران و واشنتۆن كارێكی نوێ نیە، بەڵام زیادبوونی ئاڵۆزیەكانی ئێران و ئیسرائیل بەم شێوەی ئێستا ڕوون نەبووە، چەند هۆكارێك هەن كە وادەكەن ئێستا كاتێكی گونجاو بێت بۆ هێرشكردنە سەر بنكەی نەتەنز لەلایەن ئیسرائیل و بەشداریكردنی لە هێرشی و تێكدانەكانی تر كە ئەمانەی خوارەوەن:

1-  بەرپرسانی ئیسرائیل پێیان وایە ئێران لەئێستادا لاوازە
راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەكردووە هۆكاری یەكەمی هێرشەكانی تەلئەبیب ئەوەیە كە بەرپرسانی ئیسرائیل هاوشێوەی بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ پێیان وایە ئێران لەدۆخێكی لاوازدایە كە جیاوازە لەرابردوو، شیكەرەوانی ناوخۆی ئیسرائیل پێیان وایە ئێستا ئێران لەژێر گوشاری گەمارۆ توندەكانی ئەمریكا و پەتای كۆرۆنا و نارەزایەتی ناوخۆی وڵاتدایە كە لە پایزی ساڵی رابردووەوە دەستیان پێكردووە، ئەمانەش دەستی ئێرانی كەلەپچەكردووە.

تێروانینی ئیسرائیلی بەو ئاراستەدایە كە ئێران ئێستا لاواز و پەراوێزخراوە و ئەوەش دۆخێكی گونجاوی دروستكردووە بۆ چالاكی سەربازی، سەرۆكی پێشووی هەواڵگری سوپای ئیسرائیل دەڵێت بۆچونی باو لەئیسرائیل ئەوەیە ئێران چاوەرێ دەكات ترەمپ لەسەرۆكایەتی نەمێنێت و دوای هەڵبژاردن ئێران رێككەوتنێكی باشتر لەگەڵ ئیدارەی جوبایدن بكات.
2-گۆرانی دیدی ئیسرائیل
هۆكاری دووەم ئەوەیە كە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمیەكانی ئێران یەكدەگرێتەوە لەگەڵ ئەو بۆچونە نوێیانەی ئیسرائیل كە خۆی هێرش بكاتە سەر خودی ئێران، "نفتالی بینیت" سیاسەتمەداری ئیسرائیل بنەمایەكی نوێی دانا بەناوی" ئەختەبوتی" ئەو ستراتیژیە نوێیە هێرشی راستەوخۆی تێدایە دژی ئێرانیەكان لە سوریا و عێراق، نەك تەنها هێرشكردنە سەر بەكرێگیراوەكانیان، وەك حزبوڵا.

چەندین ساڵە ئیسرائیل لەرێگەی هێرشی سەربازیەوە دەیەوێت رێگری لەوە بكات ئێران جی َپێی خۆی لە سنورەكانی نێوان ئیسرائیل و سوریا جێگیربكات، بەڵام لەساڵی رابردوودا ئیسرائیل سنوری كارەكانی فراوانتر كرد بۆئەوەی عێراقیش بگرێتەوە، كە ناوچەیەكی هەستیارە بەرەچاوكردنی ئەوەی هێزی ئەمریكی تێدایە.
جگە لەوەش سەركردەكانی ئیسرائیل تارادەیەكی زۆر ئامادەن دان بەوەدابنێن كە وڵاتەكەیان لەپشت ئەو هێرشانەوەیە بۆ گۆڕینی شەڕی نادیار لەگەڵ ئێران بۆ شەڕی ئاشكرا و كراوە و راستەوخۆ.

3-  مێژووی ئیسرائیل لە بەئامانجگرتنی بنكە ئەتۆمیەكان لەناوچەكەدا
هۆكاری سێیەم بەپێی راپۆرتەكە ئەوەیە كە ئیسرائیل مێژوویەكی هەیە لە بەئامانج گرتنی بنكەئەتۆمیەكانی ناوچەكە بۆ رێگری لەوەی وڵاتانی تر پەرە بەچەكی ئەتۆمی بدەن، ئیسرائیل ساڵی 1981 هێرشی كردە سەر بنكەی ئەتۆمی عێراق و ساڵی 2007 هێرشی كردە سەر بنكەی ئەتۆمی سوریا، ئەگەرچی ئەو هێرشانە وا دەردەكەون كە لەڕووی تكتیكیەوە سەركەوتنیان بەدەستهێناوە، بەڵام ڕوون نیە كە دەستكەوتی ستراتیژی لەرێگەیانەوە بەدەست هاتبێت، بەنمونە چەند بەڵگەنامەیەك ئاشكرا بوون كە دەردەكەوێت دوای هێرشەكەی ئیسرائیل بۆسەر بنكەی ئەتۆمی عێراق، سەدام حوسێن دەستیكردووە بە پەرەپێدانی چەكی ئەتۆمی بەنهێنی، تا ساڵی 1991 ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی هەموو دامەزراوەكانی چەك و بەرنامەی ئەتۆمی عێراقی بەتاڵكرد.

هەروەها هێرشەكەی ستوكسنت بۆ وێرانكردنی بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران، هاوشێوەی هێرشەكەی سەر عێراق هانی ئێرانیداوە پێداگربێت لەسەر پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمیەكەی بەشێوەی نهێنی.

مێژوو ئەوەی ڕوونكردۆتەوە كە ناردنی نێردەی دیبلۆماسی بۆ چاودێری چەكی ئەتۆمی زیاتر سەركەوتن بەدەست دەهێنێت لە هێرشی تاك لایەنەی سەربازی و ئەلیكترۆنی.

4-ئیدارەی ترەمپ بڕبڕەی پشتی ئیسرائیل ناشكێنێت
راپۆرتەكە لەخاڵی چوارەمدا باسی ئەوە دەكات كە واشنتۆن دژایەتی كارە نهێنیەكانی ئیسرائیل ناكات دژی ئێران، " رۆژنامەی نیویۆرك تایمز" بەم دوایانە بڵاویكردەوە كە پێدەچێن ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا هەمەهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل كردبێت بۆ ئەو پرۆسە سەربازیانە، و ئەگەرە بەهێزەكە ئەوەیە تەلئەبیب گڵۆپی سەوزی واشنتۆنی بۆ هەڵكرابێت، وا دەردەكەوێت دامەزراوە سیاسی و ئەمنیەكانی ئیسرائیل پێویستیان بە گفتوگۆی زۆر نیە بۆ ئەوەی بژاردەی سەربازی دژی ئێران بگرنە بەر، وەك ئەوەی لە رابردوودا دەیانكرد.

راپۆرتەكە لەكۆتاییدا ئاماژەی بەوەكردووە بەرەچاوكردنی ئەم دۆخە، تێوەگلانی ئیسرائیل لەهێرشەكانی نەتەنز كارێكی سەرسورهێنەرنیە، و پێدەچێت لەداهاتوودا هێرشی تریش بكرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گرەوكردنی ئیسرائیلیەكان كە پێیان وابێت ئێران وەڵام ناداتەو، كارێكی پڕمەترسیە.

قورسە كۆنترۆڵی ئاڵۆزیەكان بكرێت، ئەگەر دۆخەكە هەڵگەڕایەوە، بەتایبەتیش كە سەركردە توندرەوەكانی ئێران فشاری زیاتر دەكەن بۆ ئەوەی تۆڵە لە ئیسرائیل بكەنەوە، ئیسرائیل و ویلایەتەیەكگرتووەكان لەرێگەی ئەم هێرشانەوە هانی ئێران دەدەن جارێكی تر دەست بكاتەوە بە پەرەپێدانی بەرنامەی چەكی ئەتۆمی و گرتنەبەری رێكاری مەترسیدار لە ناوچەكە.