ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

01:49 - 21/07/2020

تاران یەكەم وێستگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو كە لە دیدی ئێرانییەكانەوە نە یارە و نە نەیار‌

پەیسەر

دوای دوو مانگ لە دەستبەكاربوونی، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی تارانی پایتەختی كۆماری ئیسلامی ئێرانی كرد، سەردانەكەی كازمی بۆ تاران كە یەكەم سەردانێتی وەك سەرۆك وەزیران بۆ دەرەوەی وڵات نە جێگەی رامان و نە مایەی سەرسوڕمان بوو چونكە لە چەند ساڵی رابردوودا بەردەوام بەرپرسانی عێراق بەتایبەت سەرۆك وەزیران و بەرپرسە باڵاكان یان سەردانی یەكەمیان یان لە نزیكترین كاتی دوای دەستبەكاربوونیان لە پۆستەكانیان هەمیشە تاران یەكەم وێستگەیان بووە.

نەخۆشكەوتنی پادشا
ئەگەرچی بڕیاربوو سەرۆك وەزیرانی عێراق یەكەم گەشتی بۆ عەرەبستانی سعودیە بێت و بەپێی ئەوەی راگەیەندرابوو پێویستبوو رۆژی دووشەممە فرۆكەكەی لە ریاز بنیشێتەوە، بەڵام لە دواین ساتەكانی دەستپێكردنی گەشتەكەیدا پادشای سعودیە رەوشی تەندروستی تێكچوو و گەیەندرایە نەخۆشخانە، بەوهۆیەشەوە سەردانەكەی كازمی هەڵوەشایەوە.

نەخۆشكەوتنی پادشای سعودیە لە رێككەوتێكدا بوو كە خودی ئێرانییەكان بە نیگەرانییەوە لەوەیان دەڕوانی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێش تاران سەردانی ریاز بكات و نیگەرانییەكانیشیان نەشاردەوە، بەر لە دەستپێكردنی گەشتەكەشی بۆ سعودیە، ئێران لە رێگەی محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەوە تێبینییەكانی خۆی گەیاند و رۆژێك پێش سەردانە بڕیارلێدراوەكەی بۆ عەرەبستان، لە بەغداد لەگەڵ كازمی كۆبوەوە.

لەگەڵ كێ‌ كۆدەبێتەوە؟

ئاژانسی هەواڵی نینا بە پشتبەستن بە زانیارییەكانی ناو نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە كە مستەفا كازمی لەم سەردانەیدا لەگەڵ هەریەك لە حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران و محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئەو وڵاتە كۆدەبێتەوە و چەند بەرپرسێكی دیكەش دەبینێت، بەڵام ئەوەی كە سەرنجی جیهانی بەلای خۆیدا راكێشاوە ئەوەیە لە چوارچێوەی كارنامەكەدا باس لە كۆبوونەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەكرێت، ئەوەش لەكاتێكدا كە بە سروشتی خۆی خامنەیی كەمتر لە كۆبوونەوەكاندا بەدی دەكرێت و بەهۆی خۆپارێزیشی لە پەتای كۆرۆنا لە چەند رۆژی رابردوودا تەنانەت نەچووە كۆبوونەوەی پەرلەمانی ئێران و لەرێگەی سیستمی پەیوەندی ڤیدیۆییەوە بەشداری دانیشتنی پەرلەمانی كرد و پەیامەكانی خۆی بە ئەندامەكانی پەرلەمان راگەیاند.

ئامانجی سەردانەكە چییە؟

ئەگەرچی ئێستا چ میدیاكانی ئێران و چ میدیا عێراقییەكان و چ بەشێك لە میدیا جیهانییەكانیش باس لەوە دەكەن كە ئامانجی سەرەكی سەردانەكەی كازمی بۆ تاران بەرزكردنەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانییە بۆ بەهای 20 ملیار دۆلار، بەڵام بە سروشتی خۆی بەغداد لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە هێندەی ناونیشان بووە بۆ گۆڕەپانی بەریەككەوتن و ململانێی هەرێمی و زالهێزی جیهان سەدان هێندە كەمتر ناو و ناونیشان بووە بۆ پایتەختی وڵاتێك كە خاوەن سیادە و بڕیاری سیاسی خۆی بێت.
هەربۆیە لە سەروبەندێكدا كە فڕۆكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە یەكەم گەشتیدا لە فرۆكەخانەی میهرئاباد لە تاران دەنیشێتەوە، هیچ كەسێك ناتوانێت بڕوا بەوە بكات كە ئامانجی سەردانەكە تەنها ئابورییە و هەموان دڵنیان لەوەی لەپاڵ ئامانجێكی ئابوریدا دەیان و سەدان ئامانجی سیاسی خۆی حەشارداوە.

پێشتریش سەرۆك وەزیرانی عێراق نەیشاردووەتەوە كە خوازیارە وڵاتەكەی پەیوەندییەكی باڵانسی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكەدا هەبێت، بەڵام رەنگە ململانێ مەزهەبی و تائیفی و سیاسی و هەرێمی و جیهانییەكان لە ئایندەی نزیكدا رێگە نەدەن باڵانسەكە بە هاوسەنگی خۆی رابگرێت و بەردەوام بە خواست بێت یان بە نابەدڵ بەلایەكدا لاسەنگ دەبێت.

سەرۆك وەزیرانی نابەدڵ و ناچاری

دەشێ‌ خاڵێك لە خاڵەكانی جیاكردنەوەی كازمی لە سەرۆك وەزیرانەكانی پێش خۆی ئەوەبێت كە ئەم كەسە لەلایەن ئێرانەوە نە كارئاسانی بۆكرا و نە رێگری لێكرا تا ببێتە سەرۆك وەزیران ئەگەرچی بەشێكی زۆری سەرچاوەكان لەوەدا كۆكن كە كازمی نە دڵخوازی ئێرانییەكان بوو و نە ئێستاش دڵخوازیانە بەڵام بە ناچاری رێگاكەیان بۆ چۆڵكرد تا بگاتە سەر كورسییەكەی.

روونە كە دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی، گورزێكی گەورە بەر سیاسەتی دەرەوەی ئێران كەوت چ سیاسی و چ سەربازی، بەوپێیەش كە هەنوكە تاران وەك پایتەختی سیاسی 4 وڵاتی دیكەی ناوچەكە وایە جگە لە وڵاتەكەی خۆی و عێراق یەكێكە لەو چوار وڵاتە، ئەوا ستراتیژ و ئامانجەكانی ئێران لە عێراق بەدەر نەبوون لەو گورزەی بەر سولەیمانی كەوت، هەربۆیە لەو سەروبەندەدا ئێران نەیدەویست پشتیوانی كاندیدێكی دیایكراو بكات و تا رادەیەكیش نائومێد بوو لەم سەركردانەی ئەمرۆی گروپە شیعییەكان بۆیە رۆڵی تەماشاكەرێكی بە ئازاری شانۆییەكەی بینی كە لەبەرچاوی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری لەكاتێكدا كە روونە چەندین فەرسەخ لە سیاسەتی ئێرانییەوە دوورە و تەنانەت كۆماری ئیسلامی گومانی لێی هەیە كە تێوەگلابێت لە پرۆسەی كوشتنی قاسم سولەیمانی، بەڵام دەچێتە سەر كورسی سەرۆك وەزیران دادەنیشێت.