08:01 - 20/07/2020
به‌غدا و ریاز گه‌راى په‌یوه‌ندییه‌كى پڕ كێشه داده‌نێن
تاران به تاسەوه چاوه‌ڕوانى سه‌ردانى مسته‌فا كازمییه و ئه‌نجومه‌نى هه‌ماهه‌نگى سعودیه و عێراقیش له ریاز مه‌جلیسیان گه‌رمه و ئاماده‌كارى ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى له‌كاتى سه‌ردانى كازمى بۆ سعودیه، رێككه‌وتنه‌كان ته‌نها واژۆیان پێویست بێت، ئه‌و رێككه‌وتننانه‌ى دانه دانه‌یان كاریگه‌رى قورس له‌سه‌ر دۆخى سه‌ختى ئابوورى ئێران داده‌نێن.
به‌غداو ریاز له كاتێكدا گه‌راى په‌یوه‌ندییه‌كى نوێ داده‌نێن، له عێراق كازمى تاو ناتاوێك چه‌كوشێك ده‌دات به‌سه‌رى خزمه‌كانى ئێران‌دا و په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و ئێران له به‌رده‌م نه‌شته‌رى مقەسکارییەکی ئه‌مریكییدایه، له ١٠ ساڵى رابردوودا به‌غدا كڕیارى كاره‌با و گازى ئێران بووه به نرخى چوار قاتى كاره‌با و گازى سعودیه، پێده‌چێت دۆخى خراپى ئابوورى عێراق ئیدى وا له كازمى بكات، ئاوڕێك له په‌یوه‌ندییە پڕ قازانجه‌كه‌ى ریاز بداته‌وه.
حكومه‌تى عێراق له ١٠ ساڵى رابردوودا كڕیارێكى گه‌وره‌ى گاز و كاره‌باى ئێران بووه، ئه‌گه‌رچى چه‌ند جارێك سعودیه ئاماده‌یى ده‌ربڕیوه به نرخى یه‌ك له‌سه‌ر چوار گاز و كاره‌با بفرۆشێت به عێراق، به‌ڵام به‌رپرسانى به‌غدا له ژێر كاریگه‌رى هه‌ژموونى گه‌وره‌ى ئێران، بۆ گرێبه‌سته‌كان روویان له تاران وه‌رنه‌گێڕاوه، ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ش هاوكارێكى گه‌وره‌ى ئێرانییه‌كان بووه بۆ رزگاربوون له ژێر بارى سزا سه‌خته‌كان.
عێراق رۆژانه هه‌زار و ٢٠٠ ملیۆن پێ سێجا گازى سروشتى له ئێرانه‌وه هاورده ده‌كات، هاو كات ١.٤ گێگابایت كاره‌با له ئێرانه‌وه هاورده ده‌كات، ئێستا عێراق له‌به‌رده‌م ته‌واوبوونى ئه‌و مۆڵه‌ته‌یه كه ئه‌مریكا بۆى داناوه بۆ ئه‌وه‌ى كۆتایى به‌م مامه‌ڵانه بهێنێت، به‌غدا دوو رێگه‌ى له‌به‌رده‌مه،(رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان بۆ په‌ره‌پێدانى كێڵگه غازییه‌كانى هه‌رێم، یاخود رووكردنه سعودیه). ئه‌مه‌ى یه‌كه‌میان به زوویى روو نادات، به تایبه‌ت كێشه‌كانى نێوان به‌غدا و هه‌ولێر تا دێت ئاڵۆزتر ده‌بن.
هه‌رچى سه‌باره‌ت به رێگه‌ى دووه‌مه، ته‌نها پاڵنه‌رى ئابوورى وا له عێراق ناكات ملى ئه‌و رێگه‌یه بگرێته به‌ر، به‌ڵكو خواستى زۆرى ئه‌مریكییه‌كانه و كازمى ناچاره په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ سعودیه ببوژێنێته‌وه. په‌یوه‌ندییه‌ك كه پاره‌ى زۆرى تێدایه و مه‌ترسى زۆریشى تێدایه. چونكه هه‌مووى له‌سه‌ر حسابى قاسه و پێگه‌ى سیاسى و سه‌ربازیى ئێرانه له ناوچه‌كه‌دا.
به‌پێى میدیا فه‌رمییه‌كانى عێراق و سعودیه، ئه‌نجومه‌نى هاریكارى نێوان هه‌ردوو وڵات، چه‌ند مه‌له‌فێكیان له‌سه‌ر مێزى گفتوگۆ شه‌نوكه‌و كردووه، له‌وانه‌ش كردنه‌وه‌ى ده‌روازه‌یه‌كى نوێى سنووریى له‌نێوان هه‌ردوو وڵات، هاوكات په‌ره‌پێدانى كه‌رتى تایبه‌تى نێوان هه‌ردوو وڵات بۆ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌ش. هاوكات یاداشتێكیان بۆ كارى هاوبه‌ش له بوارى ته‌ندروستى و بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا و پێشكه‌شكردنى هاوكارى ته‌ندروستى به عێراق ئامادەکردووە.
پێشكه‌شكردنى قه‌رز به عێراق بۆ ژماره‌یه‌ك له پرۆژه‌كانى گه‌شه‌پێدان، ته‌وه‌رێكى گرنگى گفتوگۆکانە، هاوكات ئه‌نجومه‌نى هاریكارى نێوان هه‌ردوو وڵات ئاماده‌كارى كردووه بۆ دروستكردنى لیژنه‌ى هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌ردوو وڵات، له هه‌موو بواره‌كاندا.
بڕیاربوو بۆ دانانى خاڵ له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و بڕگانه‌ى ساڵانێكه له نێوان به‌غدا و ریاز ده‌هێندرێن و ده‌برێن، كازمى ئه‌مڕۆ له ریاز بووایه، بۆ رۆژێك دواتریش له تاران، به‌ڵام سه‌ردانه فه‌رمییه‌كه‌ى سعودیه دواخراو وترا به‌هۆى نه‌خۆشیى محه‌مه‌د بن سه‌لمان پادشا سعودیه‌وه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سعودیه دڵخۆشه که ده‌بێته خانه‌خوێى مسته‌فا كازمى لە یەکەم سەردانیدا.
فه‌یسه‌ڵ فه‌رحان وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى سعودیه رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ى رێز داده‌نێت بۆ بژارده‌ى كازمیى كه سعودیه‌ى وه‌ك یه‌كه‌م وڵات هه‌ڵبژاردووه، بۆ سه‌ردانه‌كانى.
په‌یوه‌ندییه‌كى پڕكێشه
ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ى کازمی ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر پشتى شیعه‌كانى عێراق، له‌گه‌ڵ سعودیه زیندووى بکاتەوە، لێدانێكى كاریگه‌ره له پرۆژه‌ى سیاسى شیعه له‌ناوچه‌كه، هاوكات گورزێكه به‌تامى مه‌رگ بۆ ئابوورى ئێران، چونكه له دۆخێك‌دا سزاكانى واشنتن به هه‌موولایه‌كه‌وه ئێرانى گوشیوە، جگه له عێراق و چه‌ند توله‌ڕێیه‌كى كه‌مى دیكه، ئێران ده‌رگاى كراوه‌ى به‌ڕوودا نه‌ماوه.
له‌ناوخۆى وڵاتیش كازمى و گروپه چه‌كداره شیعییه‌كان، كه‌وتوونه‌ته به‌ره‌یه‌كى گه‌رمى ناكۆكى و ناوبه‌ناویش ده‌گاته په‌لاماردان و جوڵه‌ى ئه‌منیى، كازمى له چه‌ند شوێنێكه‌وه ده‌ستى بۆ قوڕگى گروپه جیاجیاكانى شیعه بردووه، له لایه‌ك مووچه‌ى ره‌فحاوییه‌كان ده‌بڕێت، له‌لایه‌ك یه‌ك به یه‌ك ده‌روازه سنورییه‌كان له ده‌ستى گروپه چه‌كداره شیعییه‌كان وه‌رده‌گرێته‌وه پاره‌كه‌ى ده‌گێڕێته‌وه بۆ حكومه‌ت.
له‌م دۆخه پڕ له دوودڵییه‌دا ئه‌و هێلانه‌یه‌ى كازمى ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ شازاده‌ى سعودیه چێى بكات، به‌سه‌ر پشتى ماره‌وه‌یه، هه‌ركاتێك ئه‌گه‌رى تێكدان و قوتدانى هێلكه‌كانى هه‌یه، كازمى خۆى له‌هه‌ر كه‌س زیاتر ئه‌و واقیعه ده‌زانێت لێخوڕینى كه‌شتى عێراق بێ گوێدانه خواستى ئێرانى یاخود ئه‌مریكییه‌كان به‌ره‌و به‌رمۆدا ده‌ڕوات، بۆیه‌ش ئه‌و پیاوه ده‌یه‌وێت پێش سه‌ردانه‌كه‌ى واشنتن رێگاكه به‌ره‌و سعودیه بشێلێت و له‌به‌غدادیش نینۆكى گروپه‌كانى لایه‌نگرى ئێران بكات و گیرفانیان بته‌كێنێت.
به‌ڵام كازمى زیاتر له هه‌ركات هه‌ستى به مه‌ترسى ئێران و گروپه چه‌كداره‌كانیش كردووه، بۆیه سه‌ردانى دووه‌مى بۆ تارانه كه بڕیاربوو ٢١ مانگ واته سبه‌ینێ ئه‌نجام بدرێت، ئێران خوازیاره دواخستنى سه‌ردانه‌كه‌ى كازمى سعودیه سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ ئێران دوا نه‌كه‌وێت، به‌وه‌ش تاران ده‌بێته یه‌كه‌م خانه‌خوێ.
محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران به زمانه دیبلۆماسییه‌كه‌ى، له سه‌ردانه‌كه‌ى عێراق، نرخاندنى زۆرى هه‌بوو بۆ پاراستن و په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ عێراق. له‌م دۆخى ته‌نگانه‌دا زیاتر له هه‌ركات تاران پێویستى به دۆستایه‌تیی به‌غدایه، شیعه‌كانى عێراق له‌م دۆخه‌دا بۆ پاره پێویستیان به ئه‌مریكا و كه‌نداوە، له هه‌مان كات لەپێناو سه‌قامگیرى وڵات، نا‌بێت ده‌ستیان له ده‌ستى ئێران-دا شل بکەنه‌وه.
ئایا كازمى له‌م دۆخه‌دا كه پێویستى به هه‌موو دژه‌كانه، عێراقى زۆرینەی شیعییه ده‌خاته نێو دیوه‌خانى كه‌نداو و سه‌ره گه‌وره‌كانى سوننه و به‌رێگاى ئه‌مریكادا خۆى یه‌كلا ده‌كاته‌وه، یاخود تا سه‌ر ناوه‌ڕاستى داره‌كه ده‌گرێت و درێژه به سیاسه‌تى نه شیش بسوتێت نه كه‌باب ده‌دات؟