ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:31 - 19/07/2020

سەردانێكی ناوەخت و ئەجێندایەكی ئاڵۆزی كۆبوونەوەكانی وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەغداد و هەولێر‌

پەیسەر

نە مەترسی نەخۆشی كۆرۆنا و نە مەترسی ئەمنی وەزیری دەرەوەی ئێرانی لە گەشتەكەی بۆ بەغداد رانەگرت، لەگەڵ هەڵاتنی خۆری بەیانیدا فرۆِكەكەی زەریف لەو شوێنە نیشتەوە كە چەند مانگێك لەمەوبەر تێیدا قاسم سولەیمانی، كاریگەرترین فیگەری سیاسی كۆماری ئیسلامی تێدا كرایە ئامانج، دوای دابەزینیشی لە فڕۆكە و بەر لە جێهێشتنی فڕۆكەخانە، محەمەد جەواد زەریف یەكەم وێستگەی سەردانەكەی بۆ عێراق لە سەردانی شوێنی بۆردومانی ئۆتومبیلەكەی سولەیمانییەوە دەستپێكرد و دواتر بە ئەجێندایەكی ئاڵۆزەوە دەستیكرد بە كۆبوونەوە ئاشكرا و نهێنییەكانی و بەشێك لە ئەجێندای سەردانەكەشی لە هەولێرەوە سەری دەرهێنا.

بۆچی هاتووە؟

رۆژێك بەر لە گەیشتنی بە خاكی عێراق، ئاژانسی ئیرنای ئێرانی كە ئاژانسی رەسمی دەنگوباسی كۆماری ئیسلامییە لە زاری ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە عێراق بڵاویكردەوە كە ئامانجی سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانیانە لەگەڵ عێراق.

ئیرنا بە پشتبەستن بە زانیارییەكانی ناو باڵیۆزخانەی ئێران لە عێراق ئاماژەی بەوەشدابوو كە لەو سەردانەیدا محەمەد جەواد زەریف 6 بەرپرسی باڵای عێراق دەبینێت.

لەگەڵ گەیشتنی بۆ بەغداد، وەزیری دەرەوەی ئێران لەلایەن فوئاد حسێنی هاوتا عێراقییەكەیەوە پێشوازی لێكرا و یەكەم كۆبوونەوەشی هەر لەگەڵ ئەودا بوو، بەپێی زانیارییەكانیش لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە سیادەی دەوڵەتی عێراق و رێزگرتن لە بڕیاری سیاسی ناوخۆیی وڵاتەكە كراوە.

دوای كۆبوونەوەكەش لە پرێس كۆنفرانسێكدا وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئێران باسیان لە چەند تەوەرێكی كۆبوونەوەكەیان كرد.

د. فوئاد حسێن، وەزیری درەوەی عێراق وتی، لەگەڵ هاوتا ئێرانییەكەی باسیان لە هەماهەنگی و پەیوەندییەكان كردووە لەگەڵ پرسی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات.

هەر لەو پرێس كۆنفرانسەدا محەمەد جەواد زەریفیش وتی، عێراق رۆڵێكی كاریگەری لەناوچەكە هەیە و هیچ شتێك كاریگەری لەسەر پەیوەندییەكانی بەغداو تاران نابێت.

وتیشی: ئێمە دەمانەوێت عێراقێكی بەهێز لەناوچەكە هەبێت، بۆ ئەوەش هەموو پشتوانییەك بۆ بەغدا دەخەینەڕوو.

كێ‌ دەبینێت؟

 
ئاژانسی رەسمی ئیرنا بە ئاشكرا باسی لەوەكرد كە سەردانەكەی زەریف بۆ بەغداد بینینی 6 بەرپرسی ئەو وڵاتە لەخۆی دەگرێت، بەڵام وردەكارییەكەی ئاشكرا نەكرد، لەكاتێكدا بەشێك لە میدیا ناوخۆیی و جیهانییەكان پێشتریش بڵاویانكردبوەوە كە زەریف لەو سەردانەیدا هەرسێ‌ سەرۆكایەتییەكەی عێراق (سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك كۆمار) دەبینێت، بەڵام بەشێك لە میدیاكان باس لە بینینی چەند كەسایەتییەكی سیاسی و یاسایی و سەربازی عێراق دەكەن لەلایەن زەریفەوە، لە نمونەی فائیق زێدان، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و  فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و عەمار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمە.
ئەوەی كە جێگەی سەرنجە لەم سەردانەدا جگە لە كەسایەتییە سیاسییەكان و بەرپرسانی حەشدی شەعبی، زەریف بە ئاشكرا بێت یان نهێنی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەبێنت، ئەوەش لە كاتێكدا كە چەند كاتژمێرێك پێش سەردانەكەی زەریف بۆ بەغداد، لە روونكردنەوەیەكی رەسمیدا ئەنجومەنی دادوەری باسی لە بەدواداچوونە یاساییەكانی دۆسێی كوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس كردبوو و وەك لە روونكردنەوەكەشدا هاتبوو كە دەسەڵاتی دادوەری عێراق بەپێی یاساكانی (ئسوڵ محاكەماتی)عێراقی مامەڵە لەگەڵ دۆسێكە و بەڵگەكانی دۆسێكە دەكات چوونكە رووداوەكە لە خاكی عێراقدا روویداوە و لە خاكی عێراقیشدا یاساكانی عێراق بەركارن.


زەرافەتی زەریف

 
ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق رایگەیاند، كە لە سەردانەكەیدا، محەمەد جەواد زەریف كاروانێك دەرمان و پێداویستی پزیشكی بۆ هاوڵاتیانی عێراق هێناوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئێستا بەهۆی تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆناوە تادێت رەوشی تەندروستی عێراق خراپتر دەبێت و پێویستی زۆری بە دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان هەیە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە كە ئەم زەرافەتەی زەریف لەم كاتەدا نواندویەتی چ لێكدانەوەیەك هەڵدەگرێت لەكاتێكدا خودی وڵاتەكەی خۆی یەكێكە لەو وڵاتانەی بەهۆی گیرۆدەبوونی بە كۆرۆنا زۆرترین مەترسی لەسەر و ژمارەی توشبووان و گیانلەدەستدان بە پەتاكە بەردەوام لە هێڵی سووری مەترسیدایە.

هاوكات لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەڵمەتێكی بەخێرهێنانی محەمەد جەواد زەریف گەرمكراوە و سەدان ئەكاونت لە فەیسبووك و تویتەر لە عێراق بە گەرمی بەخێرهاتنی دەكەن و سوپاسی دەكەن كە دەرمان و پێداویستی پزیشكی فریاخستوون.

هەرێمی كوردستان . . بەشێكی ئەجێندای سەردانەكە

 
ئەگەرچی پێشتر رانەگەیەندرابوو كە سەردانەكەی زەریف بۆ عێراق هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، بەڵام ئەمرۆ دوای گەیشتنی بە بەغداد وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەكرد كە وێستگەی دووەمی سەردانەكەی بۆ هەولێرە و بەشێك لە زانیارییەكانیش باس لەوە دەكەن كە سەردانی زەریف بۆ هەرێمی كوردستان لەسەر داوای نێچیرەڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم بووە.

لەگەڵ گەیشتنیشی، پەیسەرپرێس ئاشكرای كرد كە ئەجێنداری سەردانەكەی وەزیری دەرەوەی ئێران دوای بەغداد روو لە هەرێمی كوردستانە و چەند كۆبوونەوەیەكی سیاسی ئەنجام دەدات كە پێدەچێت هەندێكیان رانەگەیەندرێن.

سەردانێكی ناوەخت

 
سەردانی محەمەد جەواد زەریف بۆ بەغداد و كۆبوونەوەی لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق تەنها یەك رۆژ پێش سەردانی چاوەڕوانكراوی كازمی دێت بۆ عەرەبستانی سعودیە.

پێشتر وابڵاوكرایەوە كە بەر لە سەردانەكەی بۆ ریاز، مستەفا كازمی سەردانی تاران دەكات، بەڵام ئێستا ئێرانییەكان بێ‌ ئومێد بوون لەوەی بەر لە سعودیە، كازمی بچێتە تاران، هەربۆیە بەرلەوەی بچێتە ریاز ئێرانییەكان خۆیان هاتن بۆلای، كە رەنگە لێكەوتی ئەم سەردانە ناوەختەی زەریف لەسەر سەردانەكەی كازمی بۆ تاران لە ئایندەدا دەربكەوێت.