ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:20 - 18/07/2020

پنتاگۆن ژمارەی بەكرێگیراوانی توركیا لەلیبیا ئاشكرا دەكات‌

پەیسەر

كەناڵی سكای نیوز بڵاویكردەوە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا " پنتاگۆن" لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە كە توركیا هەزاران بەكرێگیراوی لە سوریاوە لەسێ مانگی یەكەمی ئەم ساڵدا رەوانەی لیبیا كردووە، ئەوەش بەیەكەم لێدوانی پنتاگۆن دادەنرێت دەربارەی دەستوەردانەكانی ئەنكەرە لە لیبیا.

راپۆرتەكە لەكاتێكدایە توركیا سورە لەسەر پشتیوانیكردنی حكومەتەكەی فائزسەراج لە تەرابلوسی پایتەخت و بەهۆیەوە دۆخی لیبیا ئاڵۆزتربووە و میسریش لەبەرامبەردا هەرەشەی دەستوەردانی سەربازی دەكات بۆ پاڵپشتی دەسەڵاتەكەی خەلیفە حەفتەر.

راپۆرتەكەی پنتاگۆن كە رۆژی پێنج شەممە بڵاوكراوەتەوە سەبارەت بەپرۆسەی ڕووبەڕوبوونەوەی تیرۆر لە ئەفریقیا، ئاماژەی بەوەكردووە توركیا لەمانگەكانی كانونی دووەم و شوبات و ئازاری ئەم ساڵدا 3500 بۆ 3800 بەكرێگیراوی لە سوریاوە رەوانەی لیبیا كردووە بۆ ئەوەی شان بەشانی میلیشیاكانی فائز سەراج شەڕ بكەن، لەبەرامبەردا روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ دەڵێت توركیا تا ئێستا بۆ شەڕی لیبیا پەنای بۆ 16 هەزار چەكدار لە نەتەوەیی جیاجیا بردووە.

پنتاگۆن ئاماژەی بەوەشكردووە كە ئەنكەرە ژمارەیەك سەرباز و راوێژكاری سەربازی توركی لە سێ مانگی یەكەمی ئەم ساڵ لە لیبیا بڵاوكردۆتەوە بەڵام تائێستا ژمارەیان نازاندرێت.

كەناڵی سكای نیوز دەڵێت توركیا بەڵێنی بەبەشێك لەو چەكدارانە داوە كە ئەگەر لە لیبیا شەڕی بۆ بكەن ئەوە رەگەزنامەی توركیایان دەداتێ.

رۆژی هەینی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە دەزگای هەواڵگری توركیا لەم چەند مانگەی كۆتایی 2500 چەكداری رێكخراوی تیرۆرستی داعشی لە سوریاوە گواستۆتەوە بۆ لیبیا و تەواوی ئەو كەسانەش لەبنەرتدا خەڵكی تونس بوون.

روانگەی سوری دەڵێت ئەنكەرە لەو ناوچانەی لەسوریا داگیركردووە دەستی كردووە بە گواستنەوەی ئەو چەكدارانەی كە خەڵكی سوریا نین و خەڵكی وڵاتانی ترن و دەیانبات بۆ لیبیا، لەناو ئەو كەسانەش چەكدارانی وڵاتانی باكوری ئەفریقیا هەن.

رامی عەبدولرەحمان بەرێوەبەری روانگەی سوری بۆمافەكانی مرۆڤ دەڵێت" ئەو چەكدارانە بەشداری دەكەن لەشەڕی دژی سوپای نیشتمانی لیبیا و ناردنی تیرۆرستان لە سوریاوە بۆ لیبیا بۆتە بەرنامەیەكی گشتی ئەنكەرە"

كەناڵی سكای نیوز دەڵێت تائێستا 470 چەكداری سەر بەتوركیا لەلیبیا كوژراون كە 33 یان منداڵ بوون و تەمەنیان لەخوار 18 ساڵیەوە بووە.

روانگەی سوری دەڵێت ئەو بەكرێگیراوانەی دەگەڕێنەوە بۆ سوریا هانی خێزانە هەژارەكان دەدەن كوڕەكانیان بنێرن بۆ شەڕ بەتایبەت ئەوانەی تەمەنیان كەمە، بۆ ئەمەش سود لەخراپی دۆخی ئابوری ئەو خێزانانە وەردەگرن.

كەناڵی سكای نیوز دەڵێت لەنێوان ئەو میلیشیایانەی شەڕ بۆ توركیا دەكەن 340 منداڵ هەن، ئەمانە چەكداركراون لە عەفرین و كەمپی ئاوارەكان، و لەرێگەی پارەوە فریودراون لەلایەن گروپە توندرەوەكانی وەك " سوڵتان موراد و سوڵتان شاه" كە هەردووكیان سەر بەتوركیان.