ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:12 - 26/06/2020

له‌ به‌غدا چى رووده‌دات؟ لوله‌ى تفه‌نگه‌كان روو له‌یه‌كه‌‌

پەیسەر

شه‌وى رابردوو دۆخه‌كه‌ له‌پڕ تێكچوو یه‌كه‌م پریشکى ئاگرى شه‌ڕى ناوخۆ له‌ عێراق به‌ر كابینه‌كه‌ى كازمى كه‌وت، گروپه‌ لایه‌نگره‌كانى ئێران و دژه‌تیرۆرى نزیك له‌ ئه‌مریكا، لوله‌ى چه‌كه‌كانیان روو له‌یه‌ك كرد‌، هه‌ردوولا هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر باره‌گاى یه‌كتر و چه‌ند به‌رپرس و چه‌كدارێكى حه‌شدى شه‌عبى ده‌ستگیركراون، عێراق به‌دۆخێكى شڕو شپرزه‌وه‌، خزاوه‌ته‌ لێوارى شه‌ڕێكى خوێناوى. 

به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ هه‌ینى هێزه‌كانى دژه‌تیرۆرى عێراق، هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر باره‌گایه‌كى كه‌تیبه‌كانى حزبوڵا له‌ ناوچه‌ى دۆره‌ى باشورى به‌غدا، ده‌گوترێت ئه‌و شوێنه‌ كۆگایه‌كى دروستكردنى موشەک بووه‌، چه‌ند فه‌رمانده‌ و ئه‌ندامێكى حزبوڵا ده‌ستگیركراون و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، له‌كاردانه‌وه‌ى ئه‌وه‌ گروپه‌ ئێرانییه‌كانى نێو حه‌شد، جموجوڵى سه‌ربازییان ده‌ستپێكرد و هاوكات هه‌ڕه‌شه‌ى توندیان كرد. 

چى رووده‌دات؟

چه‌ند سیناریۆیه‌ك دیمه‌نى پشت رووداوه‌كانى شه‌وى رابردوو و هه‌ڕه‌شه‌و گوشاره‌كانى حه‌شد و هه‌نگاوه‌ تونده‌كانى مسته‌فا كازمى روونده‌كه‌نه‌وه‌.

كوده‌تا

ئێران و گروپەكانى له‌ عێراق به‌ ئاسانى دانانیشن په‌لوپۆیان بكرێت و به‌ده‌ستى به‌ستراوه‌وه‌ ملى خۆیان بخه‌نه‌ به‌ر چه‌قۆى نه‌یاره‌كانیان، له ‌كاتێكدا پێشتر كازمى به‌ ترافیكى سه‌وزى ئێراندا بۆ سه‌ر كورسى سه‌رۆك وه‌زیران تێپه‌ڕى و دڵنیایى به‌ تاران داوه‌، به‌ڵام هه‌نگاوه‌كانى ئیداره‌كه‌ى زۆرتر رووه‌و واشنتنه‌، ئه‌مریكاش هه‌وڵه‌كانى چڕكردووه‌ته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى نینۆكى ئێران بكات له‌ عێراق و ئیمپراتۆرى سێبه‌رى قوم له‌ نه‌جه‌ف كۆتایى پێبهێنێت.  

ئێران ئه‌گه‌ر عێراقى له‌ده‌ستده‌ربهێندرێت ده‌خنكێت، هه‌ندێك زانیارى هه‌یه‌ كه‌ دوایین بژارده‌ى ئێران كوده‌تاى سه‌ربازییه‌ له‌ عێراق، شه‌وى رابردوو ئیداره‌كه‌ى كازمیى پێیان وابووه‌ ئه‌گه‌رى روودانى ئه‌و كوده‌تایه‌ هه‌یه‌ و پێویسته‌ هه‌رچى زووه‌ رێگری بكه‌ن، دواى ئه‌وه‌ى هه‌وڵێك هه‌بووه‌ بۆ هێرشكردنه‌ ‌سه‌ر ناوچه‌ى سه‌وز  دژەتیرۆی عێراق پێی زانیوە و رێگری لێکردووە. یه‌كێك له‌ سیناریۆ‌كان ئه‌وه‌یه‌ دژه‌ تیرۆر هه‌رزوو كه‌وتبێته‌ خۆى بۆ رێگرى له‌و ئه‌گه‌ره‌ و بۆیه‌ش شه‌وى رابردوو ده‌ستوه‌ستان نه‌مایه‌وه‌. 

په‌یامه‌كانى كازمى 

په‌یامه‌كانى كازمى بۆ كۆنتڕۆڵكردنى ده‌روازه‌ سنورییه‌كان و كۆتاییهێنان به‌"مافیاگه‌رى"بۆ ئێرانییه‌كان به‌تامى ژه‌هرن، دوایین په‌یامى كازمى ئه‌وه‌بوو كه‌ دەیەوێت، دەروازەکان لەدەست گروپە چەکدارەکان بهێنێتە دەرەوە، ئەوەش زیان بە ئێران دەگەیەنێت، هاوپەیمانەکانی لەرووی داراییەوە لاواز دەبن، هه‌روه‌ها  چاودێری دەخرێتە سەر ئەو كه‌لوپه‌لانه‌ى رەوانەی ئێران دەکرێن، ئەوەش خواستی ئەمریکایە و ئێران به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ره‌تیده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ش پێده‌چێت جموجوڵه‌كانى حه‌شد وه‌ك هۆشدارى بن و بۆ پاشه‌كشه‌ى كازمى له‌و هه‌نگاوانه‌ى. 

سه‌رچاوه‌ى كاتیۆشاكان

چه‌ند رۆژى رابردوو مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیران عێراق، لیژنه‌یه‌كى دروستكرد بۆ لێكۆڵینه‌وه‌و ئاشكراكردنى سه‌رچاوه‌ى ئه‌و كاتیۆشانه‌ى ره‌وانه‌ى ناوچه‌ى سه‌وز ده‌كرێن، كازمى رایگه‌یاند، رێگه‌ به‌هیچ گروپێك نادات له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان عێراق بخه‌نه‌ گێژاوه‌وه‌.

ئه‌و شوێنه‌ى شه‌وى رابردوو دژه‌تیرۆر هێرشى كردووه‌ته‌سه‌ر، به‌پێى هه‌ندێك زانیارى شوێنى دروستكردنى مووشه‌ك بووه‌، ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ى دژه‌تیرۆر درێژكراوه‌ى هه‌نگاوه‌كانى كازمى و كاره‌كانى ئه‌و لیژنه‌یه‌ بێت بۆ دۆزینه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌ى كاتیۆشاكان و كۆتاییهێنان به‌و دیارده‌یه، به‌ڵام پێناچێت ده‌ستگیركردنى فه‌رمانده‌كانى حه‌شد بێ كاردانه‌وه‌ تێپه‌ڕێت.

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان لە بەیاننامەكەیدا رایگه‌یاند، زانیارى هەواڵگرى ورد هەبوو لەسەر ئەو كەسانە جارێكى تر ناوەندە حكومییەكان لە ناوچەى سەوز بكەنە ئامانج.  ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌، ١٤ كەس دەستگیركرا كە تەواوى گروپەكەن و دەست بەسەر دوو سەكۆى هەڵدانى موشەكیشدا گیراوە.  

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان باسیله‌وه‌شكردووه‌، دواى ده‌ستگیركردنى ئه‌و كه‌سانه‌، گروپە چەكدارییەكان بە ئۆتۆمبێلى حكومى و بەبێ ڕەزامەندى فەرمى بە شێوەیەكى خێرا دەستیان كرد بە جوڵە بەرەو دامەزراوە حكومییەكانى ناوچەى سەوز و دەرەوەى و لە یەكێك لە بارەگاكانى دەزگاى دژە تیرۆر نزیك بوونەوە،"ئەو لایەنانە هەوڵى ئەوە دەدەن كە لە دەرەوەى دەسەڵاتى سەركردەى گشتى هێزە چەكدارەكان و دەستور و یاساكان بن".  

چاكسازییه‌كانى كازمى

ئه‌و به‌رنامه‌ چاكسازییه‌ كازمى جاروبار بانگەشەی بۆ ‌ده‌كات و ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانیش داواده‌كات به‌زوویى وه‌ره‌قه‌ى چاكسازى پێشكه‌ش بكات، هه‌مووی به‌زیانى گروپه‌ چه‌كداره‌كانى نزیك له‌ ئێرانه‌، كۆنتڕۆڵكردنى ده‌روازه‌ سنورییه‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌، هاوكات چه‌ككردنى گروپه‌ چه‌كداره‌كان و پابه‌ندكردنیان به‌ فه‌رمانده‌یى گروپه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌، ئه‌و دوو هه‌نگاوه‌ن كه‌ زیانى قورس به‌ به‌رژه‌وه‌ندى تاران ده‌گه‌یه‌نن، بۆیە‌ روودانى هه‌ر گرژیى و په‌رچه‌كردارێك چاوه‌ڕوانكراوه‌ و پێناچێت گروپه‌كان دەستەوەستان بن. 

هه‌ڕه‌شه‌كانى حزبوڵا

كه‌تیبه‌كانى حزبوڵا تا ئێستا دانیان به‌ مسته‌فا كازمیدا نه‌ناوه‌، ته‌نانه‌ت دواى پیرۆزبایى ئێران و پشتیوانى ئه‌و وڵاته‌ بۆ كازمى، حزبوڵا سوربوون له‌سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ى كازمى، ئێران هه‌ر ئه‌و كات، هێڵێكى گه‌ڕانه‌وه‌ى وه‌ك كارتى فشار له‌سه‌ر كازمى هێشته‌وه‌ له‌ ئه‌گه‌رى هه‌ر یاخیبوونێك، ئه‌ویش به‌ دژایه‌تى به‌رده‌وامى گروپه‌كانى حزبوڵا. 

ئەبو عەلی عەسكەری فه‌رمانده‌ى حزبوڵا، مستەفا كازمی بە هاودەستی ئەمەریكا دەزانێت لە كوشتنی قاسمی سولەیمانی فەرماندەی باڵای سوپای قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری حەشدی شەعبی، وەك ئەو بەرپرسە باڵایەی حزبوڵا ڕایگەیاندووە كازمی"نۆكەرو گوێ لە مستی ئەمەریكیەكانە". 

وتەكانی ئەبوعەلی عەسكەری دوای تەنها دوو كاتژمێر هات لە دەستگیركردنی ئەو گروپه‌ى حزبوڵا"لەناو كارگەی موشەك دروستكردن" لە بەغداد، هەندێك لەسەر چاوە ناوخۆییەكانی بەغداد باسیان لەوە كردووە نیوەشەوی هەینیش (ئەمشەو) لەهەندێك ناوچەی بەغداد كەتیبەكانی حزبوڵا بڵاوەیان پێكراوەو لە ئەركی سەربازیدا بوون و دواتر گەڕاونەتەوە شوێنەكانی خۆیان.

ئێستا زیاتر له‌هه‌ركات هه‌ردوو به‌ره‌ى ئه‌مریكا و ئێران، له‌نێو گروپه‌ چه‌كبه‌ده‌سته‌كانى عێراق زه‌قتربووه‌ته‌وه‌و درزه‌كه‌ گه‌وره‌تر بووه‌، كازمیش له‌ سه‌رووى به‌ره‌ى واشنتن دانیشتووه‌و بڕیاره‌ له‌ داهاتوویه‌كى نزیكدا سه‌ردانى ئه‌مریكاش بكات.

كازمیى له‌نێوان دوو بژارده‌دایه‌ كه‌ هیچیان باش نین، یاخود ده‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ رابردوو گوزە‌راوه‌ دۆخى عێراق لە چنگى ئێران و ئه‌مریكییه‌كاندا ئیداره‌ بدات، یاخود له‌سه‌ر ئه‌م هه‌نگاوانه‌ى بۆ سنوردارکردنی گروپەکان به‌رده‌وام بێت و عێراق جارێكى دیكه‌ ببێته‌وه‌ گۆڕه‌پانى شه‌ڕى ناوخۆیى و ته‌قینه‌وه‌، دۆخێك كه‌ برینه‌كانى عێراق تا ئاستى داڕوخان ده‌بات و چه‌ند ده‌یه‌ى دیكه‌ وڵاته‌كه‌ ده‌باته‌ دواوه‌. ئیداره‌دانى عێراق بێ ره‌چاوكردنى خواستى دوولایه‌نى دوو نه‌یارى سه‌رسه‌ختى وه‌ك تاران و واشنتن، نزیك له‌ مه‌حاڵه‌.