ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:05 - 22/06/2020

بۆچی ئەدەبی عەرەبی لە ئێران ناوبانگ و كاریگەریی نییە‌

پەیسەر

ئەدەب بە یەكێك لە هۆكارەكانی كاریگەریی دروستكردنی شارستانیەكان لەسەر یەكتری دێتە ئەژمار، بەجۆرێك لە ڕێگەی ئەدەب و دەقە ئەدەبیەكانەوە دوو نەتەوە دەتوانن لە شاكارەكانی یەكتریی و چۆنیەتی بیركردنەوەو بەركەوتەكانیان لەگەڵ چواردەور وێنا بكەن، ئێران كە نەتەوەو زمان و كەلتووری لەگەڵ بەشێكی زۆری وڵاتانی چواردەوری جیاوازە بەڵام بۆچی ئەووڵاتە نەیتوانیوە سوود لە سەرچاوە ئەدەبیەكانی وڵاتانی عەرەب وەربگرێت، لەكاتێكدا ئەدەبی عەرەبی لە كۆن و ئێستاشدا شوێن و پێگەی حاشا هەڵنەگرە...

لە مادەی ١٦ی دەستووری دەوڵەتی ئێراندا هاتووە، زمانی عەرەبی دەبێت بە هەموو ئەو خوێندکارانە بوترێتەوە کە قۆناغی سەرەتایی خوێندنیان تێپەڕاندووە، بەڵام سەرەڕای ئەوە هێشتا ئەدەبی عەرەبی هیچ ناوبانگێکی نییە لە ئێران.

"لەماوەی جەنگی نێوان عێراق و ئێراندا، ڕۆژێک لە ڕۆژان سەرنووسەری ڕۆژنامەی جەیشی عێراقی نووسراوی سەربازێکی پلە نزمی بەرەی پێشەوەی جەنگی پێگەیشت کە بە خەتی دەست نووسرابوو و سەرسام بوو کە بینی شاکارێکی ئەدەبییە.

کاتێک بیستی ئەو سەربازە لە مەیدانی جەنگدا کوژراوە، سەرنووسەری ڕۆژنامەکە چیرۆکەکی بەناوی خۆیەوە بڵاوکردەوە، چیرۆکەکە بڵاوبوەوە و لە هەموو گؤشەیەکی جیهانەوە ستایش دەکرا. بەڵام لەناکاو چەندین چیرۆکی ناوازەی لەو سەربازەوە پێگەیشت کە وایاندەزانی لە جەنگدا مردووە..."

ئەمە یەکێکە لە چیرۆکەکانی نووسەر و دەرهێنەری ناوداری عێراقی حسێن بەلاسم بەناوی "پێشانگای تەرمەکان و چیرۆکەکانی دیکەی عێراق" بەدڵنیاییەوە زۆرێک لە ئێرانییەکان خۆیان لە چیرۆکەکاندا دەبیننەوە و خاڵی هاوبەشی زۆر لەنێوان ئەزموونی جەنگیی خۆیان و چیرۆکەکاندا دەدۆزنەوە. بەلاسم چیرۆکەکەی خۆی پێشکەشی کوژراوانی جەنگی نێوان عێراق و ئێران کردووە لە ساڵی ١٩٨٠-١٩٨٨. لەگەڵ ئەوەشدا نە کتێبەکە و نە ئەو چیرۆکەش وەرنەگێڕدرا بۆسەر زمانی فارسی.

بەلاسم و چەندین نووسەری دیاری دیکەی عەرەب هەن کە تا ئێستا خوێنەرانی ئێران پێان ئاشنا نین و کارەکانیان بە فارسی دەستناکەوێت. جێی سەرسوڕمانە دەوڵەتێک کە شانازی بە هاوسێیەتی عێراق و وڵاتانی عەرەبیەوە دەکات و لەهەمان کاتدا هێزی خۆی بەسەریاندا دەردەخات، هیچ گرنگییەکی نەداوە بە تێگەیشتن لە ئاستیی بیرکردنەوەی هاوسێکەی و شێوازی ژیانکردنیان و ئەدەبی عەرەبی بەشێوەیەکی بەرفراوان لە بازاڕەکانی وەرگێڕانی فارسیدا فەرامۆشکراوە.

ئامارەکان چیمان پێدەڵێن؟
بەپێی ئاماری بیبلیۆگرافی کتێبخانەی نیشتیمانی ئێران لە دە ساڵی ڕابردوودا ٢٠١٠ بۆ ٢٠٢٠ زیاد لە ٣٥ هەزار کاری ئەدەبی بە چاپی یەکەم و دووەمەوە بڵاوکراوەتەوە لە ئێران. لەنێویاندا تەنها ٢٠٠ کتێبی عەرەبی  مناڵان و پێگەیشتوان هەیە. بەڵام لە بەرامبەر ئەوەدا و لە هەمانکاتدا ٦٤٠  کاری ئەدەبی تورکی بڵاوکراوەتەوە.

هەروەها داتاکان لە سیستمی تۆماری فیپاشەوە FIPAوەرگیراون کە بۆ تۆمارکردنی کتێبە پێشنیارکراوەکانە بۆ بڵاوکردنەوە پێش وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی و لەڕێگەیەوە وئەو بابەتانە پیشاندەدات کە کۆمەڵگەی ئێرانی گرنگیان پێدەدات.

لەنێو ئەو ٢٠٠ کارە ئەدەبییە چاپکراوەدا کە وەرگێڕدراون بۆسەر زمانی فارسی، چەند وەرگێڕانێکی جیاوازی هەمان دەقن، نوێترین نمونەش ڕۆمانی "ژنانی مانگ"ـە لە نووسینی خوجە حاریسی عەمانی، کە لە سیستمی تۆماری فیبادا بە هەشت وەرگێڕان بەردەستە. هەموویان لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٩دا وەرگێڕدراون ئەوکاتەی حاریسە خەڵاتی پۆکەری نێودەوڵەتی  بۆ ڕۆمانەکەی بردەوە. ئەگەر حاریسی ئەو خەڵاتە ئاست بەرزەی نەبردایەتەوە ئەو وەرگێڕانانەی بۆ نەدەکرا.

ناودارترین کارە عەرەبییەکان بریتین لە: نەجیب مەحفوز، جەرجی زێدان، جوبران خەلیل جوبران، غسان کەنفانی، نزار قەبانی و غادە سەمان. زیاد لە ١٥ وەرگێڕان بۆ کتێبی "پەیامبەر"ی جوبران خەلیل جوبران هەیە و هەندێکیان زیاد لە ٤٠ جار بە چاپی نوێ بڵاوکراوەتەوە لە ئێران. لە ڕابردوودا خواستێکی زۆر لەسەر کتێبی "هەزارو یەک شەوە" هەبوو کە لانیکەم بە ٦٠ چاپ لە تۆماری فیبادا دەرچووە. سەرسامکەرترینیان وەرگێڕانی کورتە چیرۆکە کۆکراوەکانیموعەمەر قەزافییە لە کتێبی "ڕاکردن بۆ جەهەنەم" کە لەساڵی ٢٠١٩ وەرگێڕدراوە، بەڵام کتێبەکە خۆی ساڵی ١٩٩٣ یەکەمجار بڵاوکراوەتەوە. سەرەرای ئەوەی ئەم کتێبانە وەردەگێڕدرێت و دەچێتە پێڕستی سیستمی بیبلیۆگرافی ئێرانییەوە، مانای ئەوە نییە کە لە بازاڕەکاندا بەردەستن. هەروەها لە فێستیڤاڵی "شاری کتێب" کە چەند کتێبفرۆشییەکی ئێران بەشداری تێدا دەکەن، تەنها ٤٠ کتێبی عەرەبی چاپکراو بەردەستە بۆ کڕیاران.

دەستپێکی چاپ و بڵاوکردنەەوەی ئێرانی
بۆ چەندین ساڵ دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە لە ئێراندابەزینێکی زۆری ژمارەی خوێنەرانی بەخۆیەوە بینی. بەپێی توێژینەوەیەکی ئەم دواییانە ژمارەی تیراژی هەر کتێبێک دەگاتە ٨٠٠ ژمارە. چونکە هەلی قازانجکردنی وەرگێڕو وەشانخانەکان زۆر کەمە، وەبەرهێنان لە ئەدەبیاتی عەرەبیدا بە مەترسییەک دادەندرێت کە زۆر کەس نایانەوێت خۆیانی لێبدەن.

پرسیارەکە ئەوەیە، بۆچی گرنگییەکی زۆرکەم بە ئەدەبیاتی عەرەبی دەدرێت لە ئێران؟ئەگەربێت و ئەم پرسیارە لە وەشانخانە ئێرانییەکان بکەیت، وەڵامە هەرە دیارەکەیان ئەوەیە کە ژمارەیەکی کەمی وەرگێڕ هەیە کە لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕان بۆ فارسی بکەن و جێی متمانە بن، هەروەها ژمارەیەکی ئێجگار کەمی ڕێنوس و هەڵەچن هەیە کە بتوانن وەرگێڕانەکان بخوێننەوە و بەراوردی بکەن بە دەقە سەرەکییەکە.

زۆر ئاسانە کتێبی نووسەرێکی عەرەب وەربگێڕدرێت کە بەزمانی ئینگلیزی دەنووسێت، دیارترینیشیان نووسەری بەریتانی-لیبی هیشام مەتەرە، کە هەرسێ کارە سەرەکیەکانی کراون بە فارسی. ئەوەی جێی گوماناوییە ئەوەیە وەشانخانەکان دەیانەوێت ئەو  کارە عەرەبیانە وەربگێڕن کە بە ئینگلیزی کراون نەک لە زمانی سەرەکییەوە کە عەرەبییە. مانای دەقەکەش لێرەدا زۆر بە ئاسانی وندەبن. بۆنمونە ناونیشانی Celestial Bodiesکە بو مانای هەسارە ئاسمانییەکان دێت بە بوونەوەرە فەزاییەکان وەرگێڕانی بۆکرابوو. لەکاتێکدا خوێنەرێکی فارسی زۆر ئاسانتر دەتوانێت لە ناونیشانە عەرەبیەکە تێبگات چونکە لە فارسیشدا هەمان وشە بەکاردەهێندرێت.

خوێندنی زمانی عەرەبی لە پێشینەیە
ڕەنگە جێی سەرسوڕمان بێت ئەگەر بڵێینسیستمی ئێرانی تامەزرۆی فێرکاری زمانی عەرەبییە بە خوێندکاران و هاوڵاتیانی. بەپێی یاسای ژمارە ١٦ی دەستوری دەوڵەتی ئیسلامی ئێران، خوێندنی زمانی عەرەبی بۆ ئەو خوێندکارانەی قۆناغی سەرەتاییان تەواوکردووە لەپێشینەیە. هەرکەسێک کە بڕوانامەی دواناوەندی هەبێت ئەوا بۆ ماوەی شەش ساڵی یەک بەدوای یەک لەژیانیدا زمانی عەرەبی خویندووە. بەڵام بەشێکی زۆر کەمیان دەتوانن بە زمانەکە قسەبکەن و تەنانەت لە ئاسانترین دەق کە کتێبی منداڵانە تێبگەن. ئەو نهێنییەکی هەم ڕوون و هەم ئاشکرایە کە خوێندکاران ڕقیان لە فێربوونی زمانەکەیە وپێیان وایە کە سیستمی پەروەردە بێهیواکەرە و لەڕێی خوێندنی وانەی عەرەبییەوە تەنها کاتی خوێندکار بەفیڕۆ دەدات. لە سەروو ئەوەشەوە سیستمی پەروەردە سیستمێکی کۆنی کلاسیکییەو و ئایدۆلۆژیای لە پشتەوەیە کە بریتییە لە: زمانی عەرەبی بەجۆرێک لەجۆرەکان دیاریکراوە بە خوێندنەوەی دەقی ئایینی.

ئەم جۆرە لە ئایدۆلۆژیا کاریگەری نەرێنی بەسەر سیستمی خوێندنی باڵادا هەبوو. زیاد لە ١٠٠ زانکۆ و پەیمانگای خوێندنی باڵا لە ئێران بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە بەشی ئەدەبی عەرەبی و وەرگێڕانی عەرەبی پێشکەش دەکات. ساڵانە توانای وەرگرتنی زیاد لە ٥٠٠٠ خوێندکاری هەیە.

تەنها ئەگەر بێت و لەگەڵ ناوبانگی سیاسی خۆیدا بگونجێ

دەوڵەتی ئیسلامی ئێران سوورە لەسەر ئەوەی گشت هاوڵاتیانی زمانی عەرەبی بزانن، بەڵام گرنگی بە ئەدەبیاتی هاوچەرخی ناوچەکە نادات. ئەگەر بێت و واشبکات تەنها لەکاتێکدایە کە ئەدەبیاتەکە بازاڕییەکی باشی بۆ ناوبانگی سیاسی خۆیپێبێت و لەگەڵیدا بگونجێت.

هۆکاری ئەمەش بۆ ئەو ئایدۆلۆژیایە دەگەڕێتەوە کە ئێران هەمیشە پەیڕەویکردووە و بریتییە لە دەستگرتن بە کلتور و بەهای نەتەوەیی خۆیەوە. دەوڵەتی ئیسلامی ئێران وەک ئەمریکایەکی دیکە، هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدابووە کە هەژموونی خۆی بەسەر جیهاندا بسەپێنێت، بەڵآم تا ڕادەیەک ئەوە گران بووە بۆی و هەوڵەکانی چڕتر کردوەتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی.

چوونە ژوورەوەی هەر بەرهەمێک یاخود پێداویستییەک بۆ ئێران بە فیلتەرێکی چڕدا تێپەڕ دەبێت و ئێران ئەوپەڕی هەوڵی خۆی داوە تاکو هاوڵاتیانی بەرهەمی خۆماڵی وڵاتەکە بەکاربهێنن. ئەمە بە هەمانشێوە پەل دەهاوێتە نێو دنیای مەعریفی تاکەکانەوە و چوەتە گشت دام و دەزگا و سیستمە پەروەردەییەکانەوە.

زمانی عەرەبیش یەکێکیترە لەو بابەتانەی ئێران هەوڵدەدت بە وریایی و ئاگاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکات و نەهێڵێت کلتوری عەرەبی لەڕێگەی بەرهەمەکانەوە بۆ هاوڵاتیان بگوازرێتەوە

 

نووسینی: فارناز سیفی نووسەر و ڕاوێژکار