ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

04:03 - 21/06/2020

لیبیا؛ میسر و تورکیا بە گژ یەکدا دەدات؟‌

پەیسەر

دۆخی لیبیا بەرەو قۆناغێکی هەستیار دەڕوات، هەموان بە راستەوخۆ و ناڕستەوخۆ هەڕەشە لە یەکدی دەکەن. حەفتەر لە لاوازبوون بەردەوامە و حکومەتی ویفاقی نیستمانیش بەردەوامە لە پێشڕەویکردن، میسر هێزی لەسەر سنور کۆکردووتەوە و ئامادەی هەر دەستوەردانێکە، تورکیاش هۆشداری بە میسر دەدات و داوا دەکات دەستوەردان نەکات.

گۆڕانی هاوکێشەکان
خەلیفە حەفتەر کە لەلایەن میسر، ئیمارات و روسیاوە پشتیوانی دەکرێت، لە چەند مانگی رابردوودا توانی رووبەرێکی فراوانی خاکی لیبیا کۆنترۆڵ بکات و تاکو دڵی حکومەتی ویفاق بڕوات لە تەرابلوس.

هەموان پێیان وابوو حەفتەر دەتوانێت کۆتایی بە دەسەڵاتی حکومەتی ویفاقی نیشتمانی بهێنێت، بەڵام هاتنی تورکیا بۆ ناو شەڕەکە هاوکێشەکانی گۆڕی. حەفتەر کە بە چەکی رووسی و هاوکارییە سەربازییەکانی ئیمارات و میسر توانیبووی پێشڕەوییەکی زۆر بکات، لە دوای هاتنی تورکیاوە تووشی شکست بوو. هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا گورزێکی کوشندەیان لە هێزەکانی حەفتەر دا و ناچاریان کرد لەزۆربەی ناوچەکان پاشەکشە بکات.

راگەیاندنی قاهیرە؛ یەکەم هەنگاوی میسر
میسر هیچ دەستوەردانێکی سەربازیی بۆ رزگارکردنی هێزەکانی خەلیفە حەفتەر ئەنجام نەدا، دەستوەرنەدانی میسر وایکرد حەفتەر تووشی شکستێکی چاوەڕواننەکراو ببێت، روس و ئیماراتییەکانیش هیچ هەنگاوێکی سەربازییان بۆ رزگارکردنی هێزی دۆستەکەیان نەنا.

میسر کە بۆی دەرکەوت حەفتەر لە شکستی تەواو نزیکە، دەستپێشخەرییەکی بە ناوی "راگەیاندنی قاهیرە"وە بڵاوکردەوە، لە دەستپێشخەرییەکەدا قاهیرە داوای راوەستاندنی شەڕ و چارەسەری سیاسیی کردبوو بۆ لیبیا.

حکومەتی ویفاقی نیشتمانی و تورکیا کە هەستیان بە بەهێزی خۆیان کرد و زانییان دەتوانن حەفتەر لە هەموو لیبیا دەربکەن، هەر زوو دەستپێشەخەرییەکەیان رەتکردەوە و رایانگەیاند، لە پێشڕەوییەکان بەردەوام دەبن تاکو کۆتایی بە هەموو هێزەکانی حەفتەر دەهێنن و سەرجەم ناوچەکان کۆنترۆڵ دەکەنەوە.

میسر هێز کۆدەکاتەوە
رۆژی شەممە ٢٠ی حوزەیران عەبدولفەتاح سیسی، جارێکی دیکە داوای ئاگربەستی کرد، بەتایبەت لە نزیک سنوری شاری سەرت و بنکەی جفرەی ئاسمانی، کە لە ئێستادا شوێنی رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی سوپای نیشتمانی لیبی بە سەرۆکایەتیی خەلیفە حەفتەر و هێزەکانی حکومەتی ویفاقی نیشتمانییە بە سەرۆکایەتی فائز سەراج.

ئەمەش گرنگترین هۆشداریی میسرە کە بە حکومەتی ویفاقی نیشتمانی و تورکیای دەدات و رەنگە هەنگاوی دواتری میسر دەستوەردانی سەربازیی بێت و حەفتەر رزگار بکات.

هێڵە سورەکەی میسر
دوای چەند رۆژێک لە رەتکردنەوەی دەستپێشخەرییەکەی، عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد ئامادەبن بۆ هەر ئەرکێکی سەربازی پێیان بسپێردرێت، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری دەستوەردانی سەربازی لە لیبیا.

سیسی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو خاڵەی ئێستا شەڕی تێدایە (سەرت و جفرە) و هێزەکانی حەفتەر و حکومەت پێی گەشتوون، هێڵی سورە بۆ قاهیرە و ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی و هەر دەستوەردانێکی راستەوخۆی وڵاتەکەشی لە لیبیا رەوایەتیی نێودەوڵەتیی هەیە.

سیسی ئامادەیی وڵاتەکەشی دەربڕی بۆ راهێنانی گەنجی هۆزەکان بە سەرپەرشتی شێخی هۆزەکان، بۆ پارێزگاریکردن لە لیبیا و پێدانی چەک و هەر هاوکاریی و ئامادەکردنێکیان.

سیسی جارێکی دیکە داوای لە هەموو هێزە بیانییەکان کرد بە پەلە لیبیا بەجێبهێڵن، ئەمەش بە هۆشدارییەکی قورسی میسر دادەنرێت کە مەبەستی هێزەکانی تورکیایە.

وەک پیشاندانی هێزی وڵاتەکەی و جدییەتی هەڕەشەکان، بەسام رازی وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری میسر چەند وێنەیەکی عەبدولفەتاح سیسی بڵاوکردەوە کە سەردانی ناوچەی رۆژئاوای سەربازیی وڵاتەکەی کردووە.

پەرلەمانتارێکی میسر: پەیامەکەی سیسی بۆ ئەردۆغانە
مستەفا بەکری پەرلەمانتاری میسر رایگەیاند، پەیامەکەی سەرۆکی وڵات کە داوای راگرتنی دەستوەردانی دەرەکیی و پشتیوانی نوێنەرانی گەل و پەرلەمانی لیبیا دەکات، پەیامێکی هۆشدارییە بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و میلیشاکان کە سەرت هێڵی سورە و لە چوارچێوەی رەوایەتیی نێودەوڵەتییدا ئامادەی دەستوەردانن بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەیان.

تورکیا: حەفتەر رەوایەتی نییە
ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکیا بڵاویکردەوە، مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاندووە، کەسێکی کودەتاچی وەک خەلیفە حەفتەر کە دەیەوێت دەست بەسەر خاکی لیبیا و دەسەڵاتدا بگرێت، هیچ رەوایەتییەکی نییە تاکو دانوستانی لەگەڵ بکرێت.

وەک وەڵامێک بۆ داواکانی میسر بۆ دانوستان، چاوشئۆغڵو وتی، هەوڵی گفتوگۆکانی بەرلین و مۆسکۆ بۆ وەستاندنی شەڕ شکستیان هێناوە و هۆکاری ئەم شکستانەش خەلیفە حەفتەر بوو.

ئەردۆغان: حەفتەر لە دەرەوەی هاوکێشەکانە
١٠ی حوزەیران رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاندبوو، خەلیفە حەفتەر لە هەموو ئەگەرێکدا لە دەرەوەی هاوکێشەکانە و لەگەڵ ئەو لایەنانەش ناچنە گفتوگۆوە کە هاوکاری حەفتەر دەکەن، ئەمەش ئاماژە بوو بە دژایەتیی میسر و ئەو وڵاتانەی کە هاوکاریی سوپای نیشتمانی لیبی دەکەن.

ئەردۆغان جەختیشیکردەوە کە ئەوان بەردەوام دەبن لە هاوکارییەکانیان بۆ حکومەتی ویفاقی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی فائز سەراج، کە کۆتایی ساڵی رابردوو لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەنێوانیان واژۆکرا، بۆ هاوکاریی سەربازیی و ئەمنیی کە یەکێک لە خاڵەکان ناردنی هێزی تورکیا بوو بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی سەراج بۆ رووبەڕووبوونەوەی خەلیفە حەفتەر.

دوایین هۆشداری تورکیا بۆ میسر
هۆشدارییەکانی میسر و تورکیا لە زاری بەرپرسانی هەردوو وڵاتەوە بۆ یەکتر بەردەوامە و دوایین هۆشداریش لە یەکێک لە راوێژکارە ناسراوەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە بە میسر درا.

یاسین ئاکتای لە تویتێکدا وتی، "بۆ ئەوانەی کە شەورۆژ هەڕەشەی داگیرکردنی لیبیا دەکەن، دەبێت بزانن کە حکومەتێکی دانپێدانراو هەیە لەلایەن دەوڵەتە عەرەبیی و نێودەوڵەتییەکان، کە دەستوەردانی میسر رەتدەکاتەوە و پێشوازی لە هاوکاریی سیاسیی میسر دەکات، پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی فەرماندەکانی باسی شەڕ دەکەن نەک ئاشتی؟ ئەمە تەنها پرسیارێکە."

حکومەتی ویفاق بۆ سیسی:  هەوڵەکانتان رەتدەکەینەوە
محممەد عماری زاید وەزیری پەروەردە و ئەندامی ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی حکومەتی ویفاقی نیشتمانی وتی، "بە توندی قسەکانی سیسی رەتدەکەینەوە و بە بەردەوامیی شەڕی قاهیرە لەسەر گەلی لیبیا و دەستوەردانی دەزانین کە هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەمان و پێشێلکردنی هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکانە."

وتیشی، "بە تەواوی هەوڵەکانی میسر بۆ راهێنان و ئامادەکردنی چەکدار بۆ دژایەتیکردنی حکومەتی شەرعی وڵات رەتدەکەینەوە، کە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی."

تورکیا و میسر بەرەو کوێ؟
میسر و تورکیا بەردەوامن لە هەڕەشەکردن لە یەکتر، هەڕەشەکان گەیشتوونەتە ئاستی ئامادەکردنی هێز لەلایەن هەردوولاوە، میسر لە سەر سنورەکانی لیبیا ئامادەیە بۆ دەستوەردانی راستەوخۆ. ئەگەر حکومەتی ویفاقی نیشتمانی بە سەرپەرشتی و هاوکاریی تورکیا بەردەوام بن لە پێشڕەویکردن لە سەرت و هێزەکانی حەفتەر رووبەڕووی شکستی زیاتر ببنەوە، ئەگەر نزیکە سوپای میسر دەستوەردان بکات و بەرگری لە خەلیفە حەفتەر بکات.

میسر دەزانێت حەفتەر توانای بەرگریکردنی نەماوە، تورکیاش دەزانێت ئەگەر زیاتر پێشڕەوی بکەن میسر بێدەنگ نابێت، بۆیە ئەگەر هەیە هەردوولا دۆخەکە هێوربکەنەوە و هیچ لایەنێکیان هەوڵی پێشڕەوی زیاتر نەدەن.

هەر پیشڕەوی و گۆڕانکارییەک لە هاوکێشەی هێزەکان، دوور نییە شەڕێکی گەورە لە لیبیا بهێنێتە ئاراوە، رووداوەکانی رۆژانی داهتوو وەڵامی چەند پرسیارێکی گرنگ دەدەنەوە و دۆخی لیبیاش روونتر دەبێتەوە.