ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:30 - 15/06/2020

حەوت هەزار چەكداری داعش لە ناوچە سنوریەكانی نێوان عێراق و سوریادان‌

پەیسەر

رۆژی 22/3/2019 دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا كۆتایی هاتنی تەواوەتی رێكخراوی تیرۆرستی داعشی لەسوریا راگەیاند، پێشتریش حكومەتی عێراق لە 10/12/2017 سەركەوتنی بەسەر رێكخراوی تیرۆرستی داعشدا راگەیاند، بەڵام هێشتا مەترسیەكانی ئەو رێكخراوە تیرۆرستیە كۆتایی نەهاتووە و سەرچاوەی هەرەشەن بۆ سەر ئاسایشی ناوچەكە.


كوژرانی قاسم سولەیمانی و گەڕانەوەی هەژمونی داعش

رۆژی 3/1/2020 ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا لەرێگەی فرۆكەیەكی بێ فرۆكەوانەوە هێرشی كردە سەر چەند ئۆتۆمبێلێك كە ئەبومەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی و پاسەوانەكانیانی هەڵگرتبوو و لەو هێرشەدا كوژران، و بەهۆیەوە رۆژی 5/1/2020 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەبێ بەشداری كورد و سوننە یاسایەكیان دەركرد بۆ دەركردنی هێزەبیانیەكان لەعێراق لەناویشیاندا هێزەكانی ئەمریكا، بەهۆیەوە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕووبەڕووبونەوەی داعش هێرشە ئاسمانیەكانی بۆ سەر مۆڵگەكانی ئەو رێكخراوە تیرۆرستیە وەستاند، ئەمەش كاریگەری لەسەر گەشە و جموجوڵی تیرۆرستان هەبوو.

داعش بەهێزبۆتەوە
هشام هاشمی ئەندامی ئەنجومەنی راوێژكاری عێراقی و لێكۆڵەر لە بواری توندڕەوی و تیرۆر لەناوەندی سیاسەتی نێودەوڵەتی لەلێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی " البلد" رایگەیاندووە داعش لەئێستادا هاوكاری دارایی و ژینگەی لەخۆگرتنی لەدەستداوە، و هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەمریكا لەعێراق هەن، و هەروەها ئەبوئیبراهیم قورەیشی هاشمی توانای راكێشانی كەمترە لە رابەری پێشووی داعش ئەبوبەكر بەغدادی، رابەرەنوێكەی رێكخراوی تیرۆرستی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام ئەو توانا زانستی ئاینی و فقهیەی نیە كە بەغدادی هەی بوو، بەڵام مرۆڤێكی توندرەوە و مێژوویەكی كۆنی لە ئەندامیەتی گروپە تیرۆرستیەكان هەیە كە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2001 لە قاعیدەوە.

هاشمی ئاماژەی بەوەكردووە ژمارەی چەكدارە چالاكەكانی رێكخراوەكە لەعێراق و سوریا لەئێستادا دەگاتە 6-7 هەزار چەكدار و  لەناوچە سنوریەكان لە رۆژهەڵاتی سوریا و رۆژئاوای عێراق و باكوری رۆژهەڵاتی عێراق نیشتەجێن، ئەو ناوچانەش لەڕووی جوگرافیەوە سەختن و گەیشتن پێیان ئاسان نیە.

ئەو نوسەرە پێی وایە ئێران سودی گەورەی لە دەركەوتنی داعش وەرگرتووە و بەهۆیەوە دۆخێكی دروستكرد كە میلیشیاكانی كۆنترۆڵی ناوچە سوننیەكانی عێراق و سوریا بكەن لەژێر دروشمی شەڕی دژی داعش.

ئەگەرچی داعش چالاك بۆتەوە بەڵام هێشتا هیچ شار و شارۆچكەیەكی داگیرنەكردۆتەوە،لەگەڵ ئەوەشدا مەترسیەكی شاراوەیە، و ترسی ئەوە هەیە شانە نوستووەكانی رێكبخاتەوە.
داعش لەمانگی حوزەیرانی ساڵی 2014 چەند ناوچەیەكی عێراقی داگیركرد و لەساڵی 2017 دا حكومەتی عێراق ناوچەكانی كۆنترۆڵكردەوە.

داعش لەنێوان عێراق و سوریادا
لەنێوان عێراق و سوریادا سنورێكی فراوان هەیە كە درێژیەكەی 600 كیلۆمەترە و لەڕووی ئەمنیەوە كۆنترۆڵ نەكراوە، هەروەها ناوچەیەكی بیابانی فراوان لەنێوان موسڵ و ئەنبار هەیە، بەڵام ئەوەی هەستی پێدەكرێت ئەوەیە كە سوننەكان ئەمجارە پێچەوانەی ساڵی 2014 خۆشیان دژی ئەو رێكخراوە تیرۆرستیەن.