04:39 - 11/06/2020
ئیمارات و تورکیا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو جەنگ دەبەن؟
ئیمارات لەم ساڵانەی دواییدا، لە پاڵ پێشکەوتنە ئابوورییەکەیدا هەوڵی داوە
رۆڵێکی سیاسیی و سەربازی گەورەتر لە جاران بگیڕێت، تاکو دەسەڵاتی هەبووە
دەستوەردانی لە چەند وڵاتێکدا کردووە و لە ئێستاشدا لیبیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە
ئیماراتییەکان هەوڵ دەدەن هێز و بازووی خۆیانی تێدا دەربخەن. ئەم جوڵە و
فراوانخوازییەی ئیمارات بێرێگریی نییە، رێگرەکەش ئەو وڵاتەیە کە خەونی دووبارە
دروستکردنەوەی ئیمپراتۆرییەتی هەیە؛ تورکیا.
بەشێک لە میدیاکانی رۆژئاوا گرنگی زۆر بەم فراوانخوازییەی ئیمارات دەدەن و
میدیای تورکیاش وەک رەقیب و رکابەرێک پیشانی دەدەن.
ئیمارات گەنجێکی فراوانخواز
ئیمارات کە ساڵی ١٩٧١ لە شەش ناوچە و دواتر لە ساڵی ١٩٧٢ لە پێکهێنانی حەوت
ناوچە دەوڵەتی خۆیان رادەگەیەنن، بەراورد بە وڵاتانی دیکە زۆر گەنج و نوێیە، بەڵام
پیشکەوتنە ئابوورییەکانی وای لێکرد ببێت بە یەکێک لە ناوەندە دەگمەنە
بازرگانییەکانی جیهان.
ئیماراتییەکان لە چەند ساڵی رابردوودا ئەم پێشکەوتنە ئابووریییەیان لەپێناو
زیادکردنی هەژموون و دەسەڵاتی سیاسیی و سەربازیی خۆیاندا بەکارهێنا و تا ئاستێکی
دیاریکراویش سەرکەوتوو بوون، لە ئێستاشدا ئیمارات یەکێکە لەو وڵاتانەی لە بەشێک لە
وڵاتانی دیکەدا رۆڵی گرنگ و دیاری خۆی هەیە و خاوەن بڕیارە.
یەکێک لە پرسیارە گرنگەکانی ناوەند ئەکادیمی و سیاسییەکانیش ئەوەیە، ئیمارات
کە تاکو ساڵی ٢٠٠٠ پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ تورکیادا هەبوو، بۆچی ئێستا بووە بە
یەکێک لە رکابەرە سەرسەختەکانی ئەنقەرە.
ئیمارات تاکو ساڵی ٢٠٠٠ کەمتر دەستوەردانی لە وڵاتانی دیکە کردووە و زیاتر
بە ناوخۆی خۆیەوە سەرقاڵ بووە، بەڵام سەرەتای هەزارەی نوێ سەرەتای فراوانخوازی
ئیماراتییەکانە، سەرەتای ئەم فراوانخوازییەش سەرەتای دروستبوونی ململانێکانە لەگەڵ
تورکیا، واتە ئیمارات تاکو ئەو شوێنە بۆ تورکیا مایەی سەرێشە نەبووە کە لە رۆژهەڵاتی
ناوەڕاستدا بە دوای هەژموون و دەسەڵاتخوازییدا نەگەڕاوە.
دژە شۆڕش و دژە گۆڕانکاری
ئاندرێس کریگ لە زانکۆی (King's College London)
پێی وایە ئیمارات دژی کۆمەڵگای مەدەنی، ئیسلامی سیاسی، بەهاری عەرەبی و شۆڕش بووە.
کریگ باس لەوە دەکات کە کە ئیمارات دژایەتی ئەو هێزانەی کردووە کە لەگەڵ
بەهاری عەرەبیدا سەریانهەڵدا و هەوڵی گۆڕانکاریی سیستەمی سیاسیی وڵاتەکانیان دەدا.
فراوانخوازییەکانی ئیمارات لە میسرەوە بۆ لیبیا
ئیمارات هەوڵی داوە لە زۆر وڵاتدا دەستوەردان بکات، گرنگترینیان کودەتاکەی
میسر، شەڕی یەمەن، قەیرانی قەتەر و پێکدادانەکانی لیبیا بووە.
ئیماراتییەکان لە کودەتاکەی سوپای میسر بەسەر دەسەڵاتی موحەممەد مورسیدا
هاوکار و پشتیوانی ئاشکرا و راستەوخۆ بوون. لەم قۆناغەوە دەرکەوت ئیمارات پێشتر
چۆن توانیویەتی بە نهێنی دەستواردانی هەواڵگریی و ماددی بکات و ئامادەکاری بۆ ئەم
کودەتایە بکات، ئەمەش هێز و توانای ئیماراتی زیاتر دەرخست، دەرکەوت ئەم وڵاتە تا
ئاستێک بچوکە رۆڵەکەی چەند گەورە و بەهێزە.
لەو کاتەوەی خەلیفە حەفتەر لە ساڵی ٢٠١٤ گەڕایەوە لیبیا و دەستی بە ئۆپراسیۆنی
"شکۆ" کرد، ئیمارات بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەستی بە دەستوەردان لەو
وڵاتە کرد.
ئیماراتییەکان لە ساڵی ٢٠١٥شدا دەستیان لە کاروباری یەمەن وەردا و هاوکاری
سعودییەکان بوون، بەڵام وەک سعودییەکان دژی حوسییەکان نەبوون، ئامانجی
ئیماراتییەکان کۆنترۆڵکردنی باشوری ئەو وڵاتە بوو، بۆیە پشتیوانییان لە بزوتنەوەی
نیشتمانی باشوری جوداخواز کرد.
گۆڕینی قەتەر
ئیمارات چەند ساڵێکە لە جەنگێکی سارد و بێدەنگدایە لەگەڵ قەتەر، ساڵی ٢٠١٧
ئەوکاتەی قەتەر کەوتە قەیرانەوە ئیماراتییەکان ویستیان بیکەن بە هەلێک بۆ
رووخاندنی دەسەڵات لە قەتەر و تۆڵەکردنەوە لێیان.
ئەو کاتە دۆناڵد ترەمپ هاتبووە سەر دەسەڵات لە ئەمریکا، محەممەد بین
سەلمانیش لە سعودییە گەیشتە لوتکەی دەسەڵات، لەو کاتەدا ئیماراتییەکان پێیان وابوو
قەتەر پشتگیریکەری هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ناوچەکە، بزوتنەوە سیاسییە ئیسلامییەکان
و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییە، بۆیە بۆچوونیان وابوو ئیتر کاتی وەستانی
قەتەرییەکان و شکاندنی هەژموون و دەسەڵاتی دەوحەیە، بۆ ئەم مەبەستەش دەستیان بە
جوڵە و هەوڵەکانیان کرد.
ئیمارات بەرەو دڵی شام
ئەو کاتەی ئیماراتییەکان بینیان دۆست و دوژمنەکانی روویان لە شام کردووە و
هەریەکە و پاچەیەکی ئەو وڵاتەیان بردووە، ئەوانیش روویان لە سوریا کرد، تاکو
بیسەلمێنن ئیماراتیش دەسەڵاتی قسەکەری ناوچەکەیە و بەشی خۆی ئەوێت، بە ئاشتی بێت
یان شەڕ.
لەگەڵ ئەوەی ئیمارات هەر لە سەرەتاوە تا ئاستێکی دیاریکراو دژی بەشار ئەسەد
بوون، بەڵام وەک بەشێک لە وڵاتانی دیکە نەچووە ناو جەنگی سوریاوە، دوای ماوەیەک وردە
وردە رووی لە سوریا کرد و پێگەی خۆی دیاریکرد. هەڵوێستەکانی ئیمارات بەرامبەر سوریا بەردەوام گۆڕاوە، لە ساڵی ٢٠١١
باڵیۆزخانەی شامی لە وڵاتەکەی داخست و لە ساڵی ٢٠١٨ کردییەوە.
ئیمارات چی ئەوێت؟
ئیمارات دەستی بۆ زۆر ناوچەی جیهان راکێشاوە، هەر لە دەستوەردانە
سیاسییەکانی تاکو دەستوەردانی سەربازییەکان، لە سوریاوە تاکو لیبیا و میسر.
ئاندرێس کریگ پێی وایە ئامانجی ئیمارات بریتییە لەوەی وەک سعودییە و ئێران
ببێتە هێزێکی دیار و بە هەژموونی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆڵێکی گرنگتر لە ئێستا
ببینێت.
بۆ ئەم مەبەستەش هەم هێزی نەرم بەکاردەهێنێت و هەم هێزی رەق.
ئیمارات سەرەتا دەچووە پاڵ هەڵوێستی ئەمریکا و زلهێزەکانی دیکە یان خۆی لە
هەڵوێست دەربڕین دەپاراست، بەڵام دوای ئەوەی هەستی بە بەهێزی خۆی کرد، ئیتر
هەڵوێستی سیاسیی خۆی بە ئاشکرا دەردەبڕی.
ئیمارات لە رێگەی هێزی رەقەوە دەیویست کۆتایی بە خۆپیشاندانەکانی بەهاری
عەرەبی بهێنێت، تاکو نەکەوێتە وڵاتەکەی خۆیەوە و دژایەتی بزوتنەوە ئیسلامییە
سیاسییەکانیشی دەکرد، لە لیبیا، میسر و سوریاش دژایەتی گۆڕانکاری دەکرد و دژایەتی
کۆمەڵگای مەدەنیشی دەکرد.
تورکیا؛ نەیارە سەرسەختەکە
لەگەڵ ئەوەی رکابەریی ئیمارات و تورکیا لە سەرەتای دوو هەزارەکانەوە
دەستیپێکردووە، بەڵام لە دوای بەهاری عەرەبییەوە رکابەریی و ملاملانێکانیان بە
روونی دەرکەوت و بەریەک کەوتن.
تورکیا و ئیمارات لە کودەتاکەی میسر، شەڕی یەمەن، شەڕی ناوخۆی سوریا و پێکدادانەکانی
لیبیا کەوتنە بەرامبەر یەک و بە ئاشکرا رکابەری یەکتریان دەکرد.
تەنانەت بەشێک لە میدیاکانی تورکیا ئیماراتیان بە هاوکاریکردنی ماددی
کودەتاچییەکانی ١٥ی تەموزی ٢٠١٦ی وڵاتەکەیان تۆمەتبارکرد و بڵاویان کردەوە کە ئیمارات
پەیوەندی لەگەڵ بزوتنەوەی خزمەتی فەتحوڵا گویلەندا هەیە.
بەهاری عەرەبی ناوەندی پێکدادانەکانی ئیمارات و تورکیا بوو، چونکە تورکیا
هاوکار و پشتگیریکاری بزوتنەوەکانی بەهاری عەرەبی و برایانی مسوڵمان بوو، بەڵام
ئیمارات دوژمنی سەرسەختی ئەم بزوتنەوانە و برایانی موسڵمان بوو.
تەنانەت ئیمارات خودی پارتی داد و گەشەپێدان وەک برایانی موسڵمان دەبینێت و
ئەمەش کێشەیەکی گەورەی دروستکردووە، چونکە ئیمارات برایانی موسڵمان وەک رێکخراوێکی
تیرۆریستی دەبینێت.
ململانێکانی نێوانیان گەیشتە ئاستێک وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەم جۆرە باسی
لە سیاسەت و بوونی ئیمارات لە لیبیا کرد، "سیاسەتی دووڕوو، ئەنجامدەری کاری
وێرانکەر، هەڵوێستی دوژمنانە و سنوربەزین."
لیبیا؛ دواین شوێنی شەڕ
لە ئێستادا لیبیا بووە بە شوێنی پێکدادانی بەرژەوەندییەکانی نێوان ئیمارات
و تورکیا. تورکیا پشتگیری حکومەتی ویفاق دەکات کە زۆربەی ئەو شوێنانەی
کۆنترۆڵکردووەتەوە کە بەدەستی خەلیفە حەفتەر بووە و ئیمارات پشتیوانی دەکات.
ئەگەر شکستەکانی خەلیفە حەفتەری دۆستی ئیمارات بەردەوام بێت، ئەوا لیبیای
خاوەن شوێنی جوگرافی گرنگ زیاتر دەچێتە ژێر دەستی حکومەتی تورکیا و بەم جۆرەش
ئیمارات لە یەکێک لە ناوچە گرنگەکانی جیهاندا وەک لاواز بەرامبەر تورکیا
دەردەکەوێت، بەڵام ئیمارات بەبێ هەڵوێست دانانیشێت و چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ میسر و
روسیادا پێشکەوتنەکانی حکومەتی ویفاق بوەستێنن و گوڕ و تین بەبەر خەلیفە حەفتەردا
بکەنەوە.
تا ئێستا روون نییە پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و تورکیا بەرەو کوێ
هەنگاو دەنێت، بەڵام ئەوەی دیارە هەردوو وڵات بەردەوامن لە هەڵوێستە
رکابەرییەکانیان بەرامبەر یەکتر و داژیەتیکردن و پشتگیریکردنی ئەو هێزو وڵاتانەی
بە دوژمن و دۆستی خۆیانیان دەزانن.
ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە ئایا تورکیا و ئیمارات رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو
جەنگ و پێکدادانێکی دیکە دەبەن، یان بەرژەوەندییەکانیان لەسەر مێزێک کۆیان
دەکاتەوە؟