ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:44 - 09/06/2020

كێشەی بەردەم پارتە دەسەڵاتدارەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست‌

پەیسەر

حزبە دەسەڵاتدارەكان یان هاوپەیمانیەتییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، ڕووبەڕووی ژمارەیەك كێشە بوونەوە، كە هەندێك جار كاریگەری لەسەر كاركردنیان هەبووە، وەك ئەوەی لەناكۆكیەكانی ناو دەسەڵاتی كاتی سودان رەنگی دایەوە، هەروەها بۆچوونی حوسیەكان بۆ كاروباری ناوخۆی یەمەن، وەك زیندانیكردنی پەیرەوانی بەهائی و دەستگرتن بەسەر موڵك و ماڵیان بەڕوونی دەركەوت.

 

لەناو هاوپەیمانیەتییە دەسەڵاتدارەكان ناكۆكی لەسەر ئەو رێكارانە هەیە كە لە دۆخی لەناكاو دەگیردرێنە بەر، لە چەند شوێنێك حزبە دەسەڵاتدارەكانی وەك بزوتنەوەی نەهزەی تونسی لایەنگری لە چەند پرسێكی ناوچەكە پێوەدیارە، هەروەها ناكۆكی لەنێوان حزبوڵای لوبنان و رەوتی نیشتمانی حور هەیە لەسەر پەیوەندیەكانی دەرەوە و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ وڵاتانی جیهان.

لێرەدا باسی گرنگترین ناكۆكیەكانی نێوان پارت و هاوپەیمانییەتییە دەسەڵاتدارەكانی سودان، یەمەن، لوبنان و توركیا دەكەین لە نیوەی یەكەمی ساڵی 2020 بەم شێوەیەی خوارەوە:

ناكۆكی لەسەر هەژمون
1-ململانێ لەسەر كۆنترۆڵكردنی دەسەڵات لەقۆناغی گواستنەوەدا: ئەو ململانێیە لە ناو هاوپەیمانییەتی سودانی كە لەنێوان ئەنجومەنی سەربازی و گروپەكانی ناو " هاوپەیمانیەتی راگەیاندنی ئازادی و گۆڕانكاری" دروستكراوە بەدی دەكرێت، ئەم ململانێیە لەلایەن محەمەد حەمدان دەقلو جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سیادەوە ئاشكرا كرا، كاتێك لە مانگی ئایاری رابردوو لە چاوپێكەوتنێكی كەناڵی سودانی 24 رایگەیاند، پلانگێری لە دژی هەیە لەناو دەسەڵاتی كاتیدا، گوتیشی كاردەكرێت بۆ ناشیرین كردنی و دەرپەراندنی لەشاری خەرتوم و تەواوی پرۆسەی سیاسی، ئەم لێدوانە بەڵگەیە لەسەر بوونی ناكۆكی و ململانێ لەناو هاوپەیمانیەتی دەسەڵاتداری سەربازی و مەدەنی لە سودان كە لەقۆناغی گواستنەوەی دەسەڵاتدان، بەجۆرێك هەر لایەنێكیان هەوڵ دەدات هەژمونی خۆی فراوان بكات و پێگەی خۆی بۆ داهاتوو بەهێزتر بكات.

ناكۆكی باڵەكان
2-ڕوونبوونەوەی تێروانینی باڵەكان دەربارەی پرسە ناوخۆییەكان
ئەم ناكۆكییە لەناو چەند گروپ و حزبێك هەستی پێدەكرێت، بەنمونە لەناو سەركردە حوسیەكانی یەمەن ناكۆكی قوڵ هەبوو لەسەر ئازادكردن یان هێشتنەوە لە زیندانی حامد حەیدرە رابەری پەیرەوانی بەهائی كە لەگەڵ چەند پەیرەوكارێكیدا زیندانیكرابوو، لەگەڵ ئەوەی لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوەی شاری سەنعا بڕیاری ئازادكردنی درا، بەڵام دواتر بە بڕیاری عەبدولمەلك حوسی رابەری حوسیەكان بڕیارەكەی دادگا هەڵوەشێندرایەوە و وێڕای هێشتنەوەی لە زیندان، دەستیش گیرا بەسەر موڵك و ماڵەكەیدا.

2-ناكۆكی لەسەر دەسەڵات لەناو هاوپەیمانەكاندا
ناكۆكی دەربارەی رێكارەكان لە دۆخی نائاساییدا بەتایبەتی لە دۆخی لەناكاودا، ئەمە لە تونس دەركەوت لەنێوان هاوپەیمانە دەسەڵاتدارەكاندا بەجۆرێك ناكۆكی نێوان بزوتنەوەی نەهزەی تونس و هاوپەیمانەكەی ( بزوتنەوەی گەل و رەوتی دیموكراتی) دروست بوو لە 26ی ئازاری رابردوو، لەسەر ئەو رێكارانەی حكومەت بڕیار بوو بیانگرێتە بەر بۆ رێگری لەبڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كێشەكە لەناو پەرلەمانی تونس دەركەوت، ئاستی ناكۆكی نێوان پەرلەمان و حكومەتی لەسەر دەسەڵاتەكان دەرخست.


3- ناكۆكییەكە لەسەر یاسای رێگەپێدانی "دەسەڵاتی تایبەت"
بوو بۆ ڕووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا كە لەلایەن ئیلیاس فخفاخ سەرۆكی حكومەتەوە پێشكەش كرابوو ناكۆكییەكە لەسەر ئەوە بوو كێ دەسەڵاتی دەركردنی فەرمانەكانی هەیە لەو دۆخە نائاساییەی وڵاتی پێدا تێپەردەبێت.

4- پرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە: ناكۆكی لەسەر پرسی ناوخۆی و چۆنیەتی پەیوەندیەكانی دەرەوە لەناو هاوپەیمانە لوبنانیەكان رەنگی داوەتەوە، بەجۆرێك ململانێی نێوان رەوتی نیشتمانی حور و حزبوڵای لوبنانی بەئاشكرا دەركەوتووە، لەگەڵ ئەوەی ئەو دوولایەنە بەرژەوەندیەكانیان لەوەدایە پارێزگاری لەهاوپەیمانیەتی نێوانیان بكەن، بە نمونە ناكۆكی و دووركەوتنەوە لەنێوان جبران باسیل سەرۆكی رەوتی نیشتمانی حور و لایەنگرانی حزبوڵا هەبوو لەسەر كێبركێی سەرۆكایەتی كۆمار، ئەوەش وایكرد سەرۆكی رەوتی نیشتمانی پەیوەندیەكانی لەگەڵ رەوتی موستەقبەل بەسەرۆكایەتی سەعد حەریری باش بكات، و لەئێستادا كار لەسەر باشكردنی پەیوەندیەكانی دەكات لەگەڵ نەبیە بری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی لوبنان، هەروەها هەوڵ دەدات پەیوەندیەكانی لەگەڵ ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا ئاسایی بكاتەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە واشنتۆن سزای بەسەر حزبوڵا دا سەپاند، لەگەڵ ئەوەشدا حزبوڵا نایەوێت بەئاشكرا بچێتە جەنگی ئاشكراوە لەگەڵ جوبران باسیل.


5- بەهێزكردنی هەژمونی سەرۆك:
بەهێزكردنی هەژمونی سەرۆك بەسەر حزب و دامەزراوەكانی دەوڵەتدا، وەك ئەوەی لە توركیا دەركەوتووە كە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە دەیەوێت لە نەیارەكانی لەناو پارتی داد و گەشەپێدان رزگاری بێت، ئەمەش بووە هۆی وازهێنانی چەندین كەسایەتی دیاری ناو ئاكەپە، لەوانەش ئەحمەد داود ئۆغلۆ سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا و عەلی باباجان جێگری پێشووی سەرۆك وەزیران، لەئێستادا ئاكەپە بە هاوكاری هاوپەیمانەكەی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیا كار دەكات بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و یاسای پارتە سیاسیەكان بۆ ئەوەی لەم مانگەدا بیخاتە بەردەم پەرلەمان، بەمەبەستی دروستكردنی ئاستەنگ بۆ حزبەكانی دیموكراتی پێشكەوتوو و ئایندە كە لەلایەن باباجان و داود ئۆغلۆوە دروستكراون، ئەوەش لەكۆتایدا پێگەی ئەردۆغان لە دەسەڵاتدا بەهێزتردەكات.

هاوپەیمانیەتی فشەڵ
بەكورتی دەتواندرێت بگوترێت كە هاوپەیمانیەتی نێوان حزب، رەوت، گروپ، كۆمەڵ و باڵە دەسەڵاتدارەكان لەم نمونانەی پێشوو كە باسكران دەردەكەوێت كە فشەڵن و لەبەرامبەر كێشە ناوخۆی و دەرەكیەكاندا لاوازن، چونكە ئەو هاوپەیمانییەتییانە لەسەر بنەمای رێككەوتنی كاتی دروستكراون و بەگۆڕانكاری لە دۆخ و بەرژەوەندیەكان، خواستی نوێ دەردەكەوێت لەلایەن لایەنەكانی هاوپەیمانیەتیەكانەوە، و دروستكردنی هاوپەیمانیەتی نوێ دەبێتە پێداویستییەكی گرنگ.