ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:01 - 06/06/2020

بۆچی ئیسرائیل هێرشی كردەسەر دامەزراوەی سەربازیی عێراق ؟‌

پەیسەر

رۆژی 7ی حوزەیرانی ساڵی 1981 لە هێرشێكی چاوەڕوان نەكراودا، فرۆكەكانی ئیسرائیل بەئاسمانی میسر و لەسنورەكانی ئوردن و بەخاكی سعودیەدا هێرشیان كردە سەر بنكە ئەتۆمیەكانی عێراق، هێرشەكە لەلایەن هێزی ئاسمانی ئیسرائیلەوە ئەنجامدرا و تێیدا تەلئەبیب سەركەتوو بوو لە وێرانكردنی وێستگە ئەتۆمیەكانی عێراق كە كاریان تێدا دەكرا، بەهۆی هێرشەكەوە 10 سەربازی عێراقی و كارمەندێكی فەرەنسی كوژران و یەكێكی تریان برینداربوو.

پرۆسەی ئۆپرا
پرۆسەی ئۆپرا كە بەهێرشی بابل ناسرا ،بووە هۆی وێرانكردنی وێستگە ئەتۆمیەكانی عێراق كە كار لەسەر دروستكردنیان دەكرا و تەواو نەببون و بەدووری 17 كیلۆمەتر دەكەوتنە  باشوری رۆژهەڵاتی شاری بەغدادی پایتەخت، ساڵێك پێش هێرشەكەی ئیسرائیل ئەو وێستگە ئەتۆمیەی عێراق لەلایەن ئێرانەوە هێرشیان كرایەسەر و بەهۆیەوە زیانێكی كەمیان بەركەوت، و كارمەندە فەرەنسیەكان كە كاریان لەو وێستگەیە دەكرد توانیان چاكی بكەنەوە، بەڵام هێرشەكەی ئیسرائیل جیاواز بوو بەوپێیەی حكومەتی تەلئەبیب نیازی خۆی نەشاردەوە كە ئەگەر عێراق بەردەوام بێت لەكاركردن و چاكیان بكاتەوە ئەوە هێرشەكانیان درێژەی دەبێت.

عێراق و بەرنامەی ئەتۆمی
عێراق لەشەستەكانی سەدەی رابردوو بەرنامەی ئەتۆمی كڕی، و لەناوەراستی حەفتاكان هەوڵیدا فراوانی بكات لەرێگەی دروستكردنی وێستگەی ئەتۆمی، بەغداد سەركەوتوو نەبوو لەرازیكردنی فەرەنسا بۆ ئەوەی وێستگەی ئەتۆمی ساردكەرەوەی غازی پێ بفرۆشێت كە پلوتونیوم ی بەرهەم دەهێنا، هەروەها شكستی هێنا لە رازیكردنی ئیتاڵیا بۆ ئەوەی وێستگەی لێكۆڵینەوەی جۆری " سیرین " ی پێ بفرۆشێت، بەڵام توانی ساڵی 1976 فەرەنسا رازی بكات وێستگەی ئەتۆمی لێكۆڵینەوەی جۆری " ئوسایرس" ی پێ بفرۆشێت و پرۆسەكەش وێستگەیەكی بچوكتر لە " ئەیسیس" ی لەخۆگرتبوو لەگەڵ 72 كیلۆ گرام یۆرانیۆمی پیتێندراو بەرێژەی 93% هەروەها راهێنانی تیمێكی عێراقی بۆ كاركردن لە وێستگەكە، حكومەتی عێراق كۆی پارەكەی دا بەلایەنی بەرامبەر كە 300 ملیۆن دۆلار بوو.عێراق ناوی لە وێستەگەكە تەموزی یەك و تەموزی دوو، فەرەنسا ناویان لێنا وێستگەی ئوزیراك.

ئەگەرچی عێراق و فەرەنسا جەختیان لەوە دەكردەوە كە ئەو وێستەگە ئەتۆمیە بۆ لێكۆڵینەوەی زانستی ئاشتیانەیە، بەڵام ئیسرائیلیەكان گومانیان هەبوو ئەو وێستگەیە بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمی بێت و بەهۆیەوە رۆژی 7ی حوزەیرانی ساڵی 1981 لەكاتێكدا عێراق و ئێران لەشەڕدابوون لەلایەن فرۆكەكانی ئیسرائیلەوە وێستگە ئەتۆمیەكە بۆردومان كرا و خاپوركرا، هێرشەكەی ئیسرائیل لەلایەن هێزی ئاسمانی و بەبەكارهێنانی فرۆكەی شەڕكەری ئێف 16 ئەنجامدرا لەو هێرشەدا فرۆكەی ئێف 15 بەشداربوو ئەو هێرشە زیانێكی گەورەی بە وێستگە ئەتۆمیەكە گەیاند و ئیسرائیلیش راگەیاند لەچوارچێوەی بەرگریكردن لەخۆی ئەو هەنگاوەی ناوە، تەلئەبیب راشیگەیاند كەمتر لەیەك مانگی لەبەردەست بووە چونكە لەو ماوەیەدا وێستگە ئەتۆمیەكەی عێراق دەبوە سەرچاوەی مەترسی، هەروەها هێرشەكە پێش سێ هەفتە بوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل كە " كنیست" ناسراوە، بۆیە گومان دەكرێت پرسی دروستكردنی كاریگەری ناوخۆیی لەسەر هەڵبژاردنەكەش كاریگەری لەسەر ئەو هێرشە هەبوبێت.

كوشتنی سەرپەرشتیاری وێستگەكە
رۆژی 14/6/1980 موسادی ئیسرائیلی یەحیا مەشد یان لە هۆتێلێكی فەرەنسا كوشت كە زانایەكی ئەتۆمی میسری بوو سەرپەرشتی بەرنامەی ئەتۆمی عێراقی دەكرد، بەماوەیەكی كەم دوای كوژرانی ئەو زانا ئەتۆمیە و بەدیاریكراوی لە مانگی تەموزی ساڵی 1980 فەرەنسا بەشی یەكەمی یۆرانیۆمی پیتێندراوی رادەستی عێراق كرد كە بڕەكەی 12،5 كیلۆگرام بوو بۆ كارپێكردنی وێستگە ئەتۆمیەكەی، ئەوەش قۆناغی یەكەم بوو لە 72 كیلۆگرام كە رێككەوتنی لەسەركرابوو ، بەپێی رێككەوتنەكە نەدەبوایە فەرەنسا بەیەكەوە لە 24 كیلۆگرام زیاتر یۆرانیۆم رادەستی عێراق بكات.
بۆچوونی زانایان دەربارەی وێستگەكەی عێراق.

لەوتارێكدا كە ساڵی 2003 پێشكەشی كرد ریچارد ویلسون زانای فیزیا لە زانكۆی هارڤارد كە وێستگە ئەتۆمیەكەی عێراقی لەساڵی 1982 پشكنی بوو رایگەیاند " كۆكردنەوەی بڕێكی پێویست لە پلوتونیوم بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمی لە وێستگەكەی عێراق پێویستی بەچەندین دەیە بوو نەك چەند ساڵێك" هەروەها لە نوسینێكدا كە ساڵی 2005 لە رۆژنامەی " زە ئەتڵەنتیك" بڵاویكردەوە نوسیویەتی " زۆر كەس باس لەوە دەكەن كە هێرشەكەی ئیسرائیل بۆسەر وێستگەی ئەتۆمی عێراق بۆ دواخستنی بەرنامەی دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی بووە لەلایەن بەغداوە بەڵام بەرنامە ئەتۆمیەكەی عێراق پێش ساڵی 1981 لەبواری ئاشتیدا بووە و ئەو وێستگەیەی عێراق بۆ دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی گونجاو نەبووە، هەروەها چاودێری چڕی لەسەر بووە" ئەو زانایە لەساڵی 2012 و لە چاوپێكەوتنێكی تردا دەڵێت " عێراقیەكان نەیاندەتوانی لەو وێستگەیە پەرە بەچەكی ئەتۆمی بدەن بۆ ئەمەش من تەحەدای هەموو زاناكانی جیهان دەكەم و داوایان لێدەكەم بەڵگەكانیان بخەنەڕوو"

 

لەكاتی هێرشەكەی ئیسرائیلدا عێراق یەكێك بوو لەو وڵاتانەی كە رێككەوتننامەی نێودەوڵەتی رێگری لە بڵاوبونەوەی چەكی ئەتۆمی واژۆكردبوو .

ئیسرائیل بۆ هێرشەكەی ئەنجامدا؟
لەگەڵ جوڵەی عێراق بۆ دروستكردنی وێستگەی ئەتۆمی و كڕینی لە فەرەنسا دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل چاودێری هەوڵەكانی عێراقی دەكرد، پرۆژەی لەناوبردنی وێستگەی ئەتۆمی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە لەمانگی شوباتی ساڵی 1980 دەستی پێكرد، سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتەی ئیسرائیل مناحیم بیگن ترسی هەبوو كە حكومەتەكانی داهاتوو لەئیسرئیل رێگە نەدەن هێرش بكرێتە سەر وێستەگە ئەتۆمیەكەی عێراق بۆیە بڕیاریدا لەسەردەمی خۆیدا ئەو كارە بكات لەپێناوی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، هەروەها سێ هەفتە دوای هێرشەكە هەڵبژاردنی كنیست لە ئیسرائیل بەرێوەچوو، بۆیە پێدەچێت كاریگەری لەسەر دەنگدەرانی ئیسرائیل دروست كردبێت.

لەلایەكی ترەوە و ئەو فرۆكانەی هێرشەكەیان پێ ئەنجامدرا، دروستكراوی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا بوون و بڕیار بوو رادەستی ئێران بكرێن بەڵام بەهۆی شۆرشی ئەو وڵاتە و هاتنە سەركاری كۆماری ئیسلامی ویلایەتەیەكگرتووەكان گرێبەستەكەی لەگەڵ تاران هەڵوەشاندەوە و فرۆكەكانی رادەستی ئیسرائیل كرد.

هێرشەكە و كاردانەوەی نێودەوڵەتی
هێرشەكەی ئیسرائیل كاردانەوە و رەخنەی نێودەوڵەتی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و كۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان دژایەتی خۆیان بۆ هێرشەكە دەربڕی و ئیدانەیان كرد، میدیاكانی ئەمریكا بە توندی رەخنەیان لە ئیسرائیل گرت بەهۆی ئەو هێرشەوە بەجۆرێك  رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكی نوسی" هێرشەكەی ئیسرائیل چاوەڕوان نەكراوو بوو... كارێكی دوژمنكارانەی بێ پاساوە و كورت بینانەیە" هەروەها رۆژنامەی لوس ئەنجلوس تایمز هێرشەكەی بە" تیرۆری دەوڵەت " وەسفكرد، ئەگەرچی ئەو هێرشە كۆتایی هێنا بەخەونی سەدام حوسێن لەبواری ئەتۆمیدا بەڵام نەبووە هۆی راگرتنی پەرەپێدانی چەكی كیمیایی و كۆمەڵكوژ.

رۆژی هێرشەكە
كاتژمێر سێ و پەنجا خولەكی ئێوارەی رۆژی 7ی حوزەیرانی ساڵی 1981 فرۆكە جەنگیەكانی ئیسرائیل كە لە فرۆكەی جۆری ئێف شانزە و ئێف پانزە پێكهاتبوون لە وبنكەی سەربازی سینا كە ئەو كاتە لەژێر دەستی ئیسرائیل بوون هەستان، لەماوەی دوو كاتژمێر و تا كاتژمێر 5 و 50 خولەك لەدوای ئەنجامدانی هێرشەكە، فرۆكەكانی ئیسرائیل لە  بنكە سەربازیەكەیان نیشتنەوە، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل لەماوەی دوو خولەكدا 16  بۆمبی بۆ وێرانكردنی وێستگە ئەتۆمیەكانی عێراق بەكارهێنا و 14 بۆمبیان ئامانجەكەی خۆیان پێكا.

كارمەندەكەی فەرەنسا موساد بوو
دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل ناسراو بەموساد دواتر كتێبێكی دەربارەی هێرشەكە بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەكردبوو كە كارمەندە فەرەنسیەكە كە كاری لەو وێستگەیە كردووە كاری بۆ موساد كردووە و ئامێری دەستنیشانكردنی شوێنی وێستەگەكەی داناوە بۆ ئەوەی فرۆكەكانی ئیسرائیل شوێنەكەی دیاری بكەن، بەڵام تائێستا نازاندرێت بۆچی شوێنەكەی جێنەهێشتووە پێش هێرشەكە، بەهۆی هێرشەكەوە ئەو كارمەندە فەرەنسیە كوژرا.