01:58 - 04/06/2020
٦مانگ دواى كوشتنى سولهیمانى..حهشد تۆڵه دەکاتهوه؟
بهپێى راپۆرتێكى رۆژنامهى تهلهگراف، لهدواى كوژرانى قاسم سولهیمانى و ئهبومههدى موههندیس-هوه، گروپه چهكدارهكانى حهشدى شهعبى لاواز بوون و نهیانتوانیوه هیچ كام له ههڕهشه توندهكانیان جێبهجێبكهن و ئەگەرچی دوای رووداوەکە ترس هەبوو پێکدادانی خوێناوی رووبدات لهگهڵ واشنتن. ئێستاش كه نزیك دهبینهوه له دانوستانهكانى ئهمریكا و عێراق، پێدهچێت ئاڵۆزییهكى دیكه بهرۆكى عێراق بگرێت.
تا ئێستا هێزە بیانییەکان لە عێراق، لە هەموو لایەکی وڵات هەن، بەپێی ئاماژەکان نیازیان مانەوەیە بۆ کاتێکی دیکە، رۆژنامەی تەلەگراف، راپۆرتێکی لەسەر چارەنووسی گروپە چەکدارەکان دوای شەش مانگ لە مردنی سولەیمانی بڵاوکردووەتەوە، لە دۆخێکدا هێزە بیانییەکان جێ پێ یان قایمتر دەکەن.
هیچ هەڕەشەیەکی کاریگەریان جێبەجێنەکردووە دژی ئەمریکا
راپۆرتەکە باسی لەوە کردووە، دوای نزیکەی شەش مانگ لە کوژرانی قاسم سولەیمانی، گروپە میلیشیاکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، هیچ هەڕەشەیەکی کاریگەریان جێبەجێنەکردووە دژی ئەمریکا.
رۆژنامەکە دەڵێت، کاتێک سولەیمانی لە بەغدا کوژرا، ئێران بەڵێنیدا بە توندی تۆڵە بکاتەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. لەرێگەی میلیشیاکانەوە لە عێراق، هەروەک فراکسیۆنە شیعییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، داوایان کرد پێنج هەزار سەربازی ئەمریکی لە عێراق بچنە دەرەوە، لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش.
پێدەچێت هێزێکی کەمتر بمێنێتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە داهاتوودا
رۆژنامەکە پێی وایە، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، قەیرانێک روودەدات لە عێراق، کاتێک واشنتن و بەغدا نزیک دەبنەوە لە گفتوگۆی ستراتیژی نێوانیان، بۆ دیاریکردنی پەیوەندییەکانیان لە داهاتوودا.
سەرچاوەیەکی بەرپرس بۆ رۆژنامەکە باسی لەوە کردووە، گفتوگۆکانی ئەمریکا و عێراق، بە پلەی یەک بۆ رێککەوتنە لەسەر بوون و مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی، بەڵام پێدەچێت هێزێکی کەمتر بمێنێتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە داهاتوودا.
قائانی لە یەکەم ئەزموونیدا لە عێراق شکستیهێنا
سەرچاوەکە پێیوایە، دیاریکردنی مستەفا کازمی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و متمانەپێدانی، ئاماژەیە بۆ شکستی یەکەمی ئیسماعیل قائانی بۆ شوێنگرتنەوەی قاسم سولەیمانی و کاریگەری بەسەر رووداوەکانی عێراقەوە.
قائانی لە کۆتایی ئازاری رابردوو سەردانی بەغدای کرد، هەوڵیدا بۆ ئەوەی کاریگەری هەبێت لە پرۆسەی دیاریکردی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، بەڵام ئەو خاوەنی کارێزمای سولەیمانی نییە، ناتوانێت بە عەرەبییەکی باش قسە بکات، پەیوەندییە کەسییەکانیشی هاوتای پەیوەندییەکانی سولەیمانی نییە.
لە عێراق پێشوازییەکی مامناوەند لە قائانی کرا نەک پێشوازییەکی گەرم، جگە لەوەش ژمارەیەک لە سەرکردە باڵاکانی شیعە رەتیان کردەوە لەگەڵی دابنیشین.
گروپە چەکدارەکان خۆیان دوور دەگرن لە رووبەڕووبوونەوەی خوێناوی
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، بەدڵنیاییەوە واشنتن پشت بە کازمی دەبەستێت بەشێوەیەکی توند، بۆ ئەنجامدانی کاری زیاتر و رێوشوێنی توندتر، بۆ دڵنیایی لە سەربەخۆیی زیاتری بەغدا لە کاریگەری و دەستوەردانی تاران.
بەپێی راپۆرتەکە، کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، بەدڵنیاییەوە کاریگەری هەبووە لەسەر جوڵەی گروپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران، دوای ئەوە ترس هەبوو لە رووبەڕووبوونەوەی خوێناوی لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا، هاوکات ترس و دوودڵی هەبوو لە هەڵمەتی کوشتن و رفاندنی چالاکوانانی مەدەنی، ئەوانەی کە بە کارکردن بۆ واشنتن تۆمەتبار دەکرێن و کەسانی چالاکی ناو خۆپیشاندانەکانن.
ئێران سەرنجی وردی لەسەر دانوستانەکانی بەغداو واشنتنە
بەپێی رۆژنامەکە، پرۆسەی رفاندن و کوشتن دوای هەوڵەکان بۆ گەمارۆدانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق گەرمتر بوو. کاتێک گرووپەکانی حەشد، وەک کەتیبەکانی حزبوڵا، عەسائیبی ئەهلی حەق و رێکخراوی بەدر، ویستیان گەمارۆی باڵیۆزخانە بدەن. لە کاردانەوەی ئەو رووداوەدا ئەمریکا دەیان چەکداری کەتیبەکانی حزبوڵای لە رۆژئاوای بەغدا کوشت.
عێراق لە ناوەڕاستی مانگی داهاتووەوە، دەکەوێتە نێو دانوستانەکانی بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی شێوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا دوای ئەوەی هێزە شیعەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران، دەنگیاندا لەسەر بڕیاری کردنە دەرەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوو.
ئێران سەرنجی وردی لەسەر ئەو دانوستانانە دەبێت، گروپە شیعەکان کە ئێستا کز دیارن، پێدەچێت بیانەوێت ئاستەنگ بۆ دانوستانەکان دروستبکەن و پێداگری بکەن لەسەر پابەندی حکومەتی عێراق بە دەرکردنی هێزە بیانییەکان، ئەوەش بەغدا رووبەڕووی قەیرانێکی قوڵ دەکاتەوە.