05:41 - 03/06/2020
پۆستێك له نوسینگه‌ى كازمى.. شه‌ڕێكى نوێى هه‌ڵگیرساندووه
پۆستێك له نوسینگه‌ى تایبه‌تى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، ئاگرێكى دیكه‌ى خستووه‌ته نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانى عێراق، پۆستى (به‌ڕێوه‌به‌رى نوسینگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران) ئه‌و پۆسته‌یه كه هه‌میشه بۆ حزبه‌كان جێگه‌ى بایه‌خ بووه، له‌م كابینه‌یه‌ش لایه‌نه‌كان لێبڕاوانه شه‌ڕ ده‌كه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانى ئه‌و پۆسته.
پۆستى به‌ڕێوه‌به‌رى نوسینگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، له كابینه‌ى رابردووى حكومه‌تى عێراق، بۆخۆى رۆڵى سه‌رۆك وه‌زیرانێكى هه‌بوو. هه‌موو حزبه‌كان چاویان له رۆڵ و پێگه‌ى ئه‌بو جیهاد هاشمى بوو كه نوسینگه‌ى عه‌بدولمه‌هدى به‌ڕێوه‌ده‌برد و یه‌كێك له كه‌سه هه‌ره نزیكه‌كانى تاران بوو. هاشمى ته‌نانه‌ت كاریگه‌رى زۆرى به‌سه‌ر عه‌بدولمه‌هدییه‌وه هه‌بوو رۆڵى گه‌وره‌ى له بڕیاره‌كاندا هه‌بوو ئه‌گه‌رچى پۆسته‌كه‌ى هاوتاى وه‌زیره، به‌ڵام وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانى سێبه‌ر باس ده‌كرا.
تا ئێستا كورسى به‌ڕێوه‌به‌رى نوسینگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران كه‌سى له‌سه‌ر نییه
ئه‌بو جیهاد، له دواى سه‌رهه‌ڵدانى خۆپیشاندانه‌كانه‌وه رووبه‌ڕووى ناڕه‌زایى توندى شه‌قام بووه‌وه، تۆمه‌تباره به كوشتن و برینداركردنى خۆپیشانده‌ران، پێده‌چێت رۆڵ و پێگه‌ى ئه‌و له كورسى به‌ڕێوه‌به‌رى نوسینگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشوو هۆكار بێت بۆ ئه‌وه‌ى ئێستا لایه‌نه‌كان شه‌ڕى توند له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته بكه‌ن.
له‌م كابینه‌یه تا ئێستا كورسى به‌ڕێوه‌به‌رى نوسینگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران كه‌سى له‌سه‌ر نییه، هاوپه‌یمانى فه‌تح و لایه‌نه‌كانى دیكه له ركابه‌ریدان بۆ ئه‌و پۆسته. په‌رله‌مانتار وه‌لید سه‌هلانى په‌رله‌ناتارى هاوپه‌یمانى فه‌تح رایگه‌یاند، هاوپه‌یمانییه‌كه‌ى ئه‌وات هیچ كاندیدێكى بۆ ئه‌و پۆسته پێشكه‌ش نه‌كردووه.
سه‌هلانى ده‌ڵێت، ئه‌و پۆسته به دیاریكراوى تایبه‌ته به خودى سه‌رۆك وه‌زیران خۆى، په‌یوه‌ندى نییه به حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانه‌وه.
ئه‌و پۆستە ده‌سه‌ڵاتێكى فراوانى هه‌یه
سه‌رچاوه‌یه‌ك له هاوپه‌یمانى هێزه عێراقییه‌كان، پێچه‌وانه‌وه‌ى لێدوانى په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى فه‌تح، به ماڵپه‌ڕى الحل ى راگه‌یاندووه، هه‌ندێك له فه‌رمانده‌كانى حه‌شدى شه‌عبى و هێزه سیاسییه‌كان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانى فه‌تح، زیاتر له دوو هه‌فته‌یه هه‌وڵ ئه‌ده‌ن پۆستى به‌ڕێوه‌به‌رى نوسینگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران به ده‌ستبهێنن.
پۆستى به‌ڕێوه‌به‌رى نوسینگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران هاوتاى پله‌ى وه‌زیره، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه ده‌ڵێت، به‌هۆى ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتێكى فراوانى هه‌یه ئه‌و پۆسته، له زۆركاتدا پۆسته‌كه ده‌سه‌ڵاتى زیاتر ده‌بێت، له‌وانه جوڵه‌پێكردنى هێزه عێراقییه‌كان به‌ره‌و شوێنێكى دیاریكراو، ئه‌وه‌ش ئه‌و پۆسته‌یه كه حزبه‌كان ده‌یانه‌وێت.
پۆستەکە دەسەڵاتی جوڵەپێکردنی هێزی هەیە
به‌پێى ماڵپه‌ڕه‌كه، ئاگرى ناكۆكییه‌ك له‌نێوان حزبه‌كان داگیرساوه له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته، بۆ گرنگى و نزیكى پۆسته‌كه له ناوه‌ندى بڕیار ده‌گه‌ڕێته‌وه.
حكومه‌ته‌كه‌ى مسته‌فا كازمیى به‌ته‌واوى له‌سه‌ر بنه‌ماى پشكدارى حزبى و مه‌زهه‌بى دابه‌شكراوه، ئه‌وه‌ى كه خۆپیشانده‌ران و شه‌قام شه‌ش مانگ ره‌تیان كرده‌وه‌و ٦٠٠ كه‌سىان لێكوژرا. كازمى له سه‌روبه‌ندى متمانه پێدانى كابینه‌كه‌ى دانى به‌وه‌دا نا كه دووچارى فشارى حزبه‌كان بووه‌ته‌وه، له‌ماوه‌ى پرۆسه‌ى پێكهێنانى حكومه‌تدا.