ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

06:30 - 18/05/2020

دواى عه‌بدولمه‌هد‌ى سه‌ره‌ى لابردنى حه‌لبوسییه‌‌

پەیسەر

پێده‌چێت ئه‌و گێژه‌ڵوكه‌ى له‌ ئۆكتۆبه‌رى پاره‌وه‌ له‌ عێراق هه‌ڵیكردووه‌، به‌ بردنى عه‌بدولمه‌هدى و هێنانى كازمى نه‌وه‌ستێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ كه‌وتنه‌ سه‌رپێى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى عێراق، مشتومڕى گۆڕینى محه‌مه‌د حه‌لبوسى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانیش گه‌رم بووە، حه‌لبوسى به‌ په‌یژه‌ى ململانێیه‌كى توندا به‌ هاوكارى ئێران گه‌یشته‌ سه‌ر كورسى سه‌رۆكى په‌رله‌مان، پێده‌چێت هێشتا مۆته‌كه‌ى ئه‌و ناكۆكییه‌ى له‌ كۆڵ نه‌بووبێته‌وه‌.

محه‌مه‌د ریكان حه‌لبوسى، له‌ ته‌مه‌نى ٣٧ ساڵیدا ناوه‌ڕاستى ئه‌یلولى ٢٠١٨ به‌سه‌ر كاندیده‌ ركابه‌ره‌كانیدا سه‌ركه‌وت و بووه‌ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى پێكهاته‌ى سوننى نه‌یانتوانى له‌سه‌ر كه‌سێك بۆ ئه‌و پۆسته‌ رێبكه‌ون. 

حه‌لبوسى به‌ پشتگیرییه‌كى كه‌م و له‌سه‌ر په‌ت به‌ ده‌نگى ١٦٩ په‌رله‌مانتار پۆسته‌كه‌ى وه‌رگرت، خالید عوبێدى ركابه‌رى به‌هێزى بوو ٨٩ ده‌نگى به‌ ده‌ستهێنا، ئوسامه‌ نوجێفیش ١٩ ده‌نگ و محه‌مه‌د خالید چوار ده‌نگ، دوو كاندیدى دیكه‌ش هه‌ریه‌كه‌ و ده‌نگێكیان به‌ ده‌ستهێنا.  

ئه‌و دۆخه‌ شێواوه‌ى نێوماڵى سوونه‌ نه‌گیرسایه‌وه‌، ساڵى رابردوو هاوپه‌یمانى میحوه‌رى وه‌ته‌نى سوننه‌كان، كه‌ به‌ گه‌وره‌ترین كوتله‌ى سوونى هه‌ژمار ده‌كراو له‌كۆى ٣٢٩ كورسى په‌رله‌مان خاوه‌نى ٥٠ كورسى بوو، دووله‌تبوو، به‌هۆى ناكۆكى ناوخۆیى هاوپه‌یمانى هێزه‌ عێراقییه‌كانى لێ جیابووه‌وه‌. ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى به‌شێكیان هه‌وڵى لابردنى حه‌لبوسییان دا له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران.

له‌ كاردانه‌وه‌ى ئه‌وه‌ ٣٣ نوێنه‌ر له‌ هاوپه‌یمانى میحوه‌رى وه‌ته‌نى كشانه‌وه‌و به‌ سه‌رۆكایه‌تى حه‌لبوسى هاوپه‌یمانى هێزه‌ عێراقییه‌كانیان دروستكرد. خه‌میس خه‌نجه‌ریش به‌ سەرۆکی كوتله‌ى هاوپه‌یمانى میحوه‌رى وه‌ته‌نى مایه‌وه،‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تى ١٧ په‌رله‌مانتار.

له‌دواى دووركه‌وتنه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدییه‌وه‌، كه‌ڵكه‌ڵه‌ى لابردنى حه‌لبوسى كه‌وتووه‌ته‌ سه‌رى نه‌یاره‌كانى، ده‌یانه‌وێت هه‌لى ناڕه‌زایى شه‌قام بقۆزنه‌وه‌ بۆ گۆڕانكارى زیاتر و حه‌لبوسیش بدەن به‌ده‌م ئه‌و گێژاوه‌وه‌. 

ریاز مه‌سعودى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران له‌ فراكسیۆنى سائیرون به‌ شه‌فه‌ق نیوزى راگه‌یاندووه‌، ئاڕاسته‌یه‌ك هه‌یه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانه‌وه،‌ بۆ گۆڕینى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران،"ئه‌مه‌ رێوشوێنێكى یاسایى و ده‌ستوورییه‌، هه‌روه‌ك چۆن حه‌لبوسى دیاریكرا بۆ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌ن، به‌هه‌مان رێگه‌یش ده‌كرێت لاببرێت به‌پێى ده‌ستوور. 

ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى هه‌ڵمه‌تى لابردنى حه‌لبوسییان ده‌ستداوه‌تێ، ده‌ڵێن ئه‌نجومه‌ن به‌ سه‌رۆكایه‌تى حه‌لبوسى نه‌یتوانیوه‌ له‌ماوه‌ى رابردوودا ته‌نها لێپرسینه‌وه‌ له‌یه‌ك وه‌زیریش بكه‌ن، هه‌روه‌ها شكستى هێناوه‌ له‌ پێشكه‌شكردنى هه‌ندێك یاساى گرنگ و ده‌رچواندنى. به‌بڕواى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، حه‌لبوسى ئه‌دایه‌كى لاوازى هه‌بووه‌. 

مه‌سعودى ده‌ڵێت:"تێبینیمان هه‌یه‌ هه‌ندێك كات به‌ستنى دانیشتنه‌كان پێچه‌وانه‌ى خوله‌كانى پێشووه‌، زۆربه‌ى لیژنه‌ په‌رله‌مانییه‌كان فه‌رمانیى دیوانییان بۆ ده‌رنه‌كراوه‌. هه‌ندێك له‌ ده‌نگدانه‌كان نا یاسایین".

حه‌لبوسى له‌ یارییه‌ سیاسییه‌كان بۆ به‌ده‌ستهێنان و پاراستنی پۆسته‌كه‌ى تا ئێستا باشى هێناوه‌، به‌ وریاییه‌وه‌ له‌نێوان خه‌تى ئێران و ئه‌مریكا یارى ده‌كات، ته‌نانه‌ت به‌م دواییانه‌ بووه‌ لینكى نێوان ئه‌مریكى و ئێرانییه‌كان، خۆى به‌ په‌یژه‌ى ئێرانییه‌كاندا بۆ پۆسته‌كه‌ى سه‌ركه‌وت به‌ڵام داكۆكى لێزانانه‌ له‌ سیاسه‌تى ئه‌مریكا ده‌كات.

ئه‌گه‌رچى سه‌رۆكایه‌تى دانیشتنى په‌رله‌مانى كرد تایبه‌ت بە ‌بڕیارى كردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى هێزه‌ بیانییه‌كان، به‌ڵام گرته‌یه‌كى ڤیدیۆیى دزه‌ى كرد كه‌ به‌زمانى تكاو رجا داوا له‌ په‌رله‌مانتاره‌كان ده‌كات، هه‌نگاوه‌كانیان رابگرن و ده‌ڵێت، عێراق تواناى ئه‌و ململانێیه‌ى نییه‌ و ناتوانێت ئه‌مریكا له‌ خۆى بتۆرێنێت. له‌گه‌ڵ كوردیش دۆستایه‌تى خۆى پاراستووه‌و په‌یوه‌ندى پته‌وى هه‌یه‌. 

محه‌مه‌د حه‌لبوسى به‌م دواییانه‌ له‌ دانوستانه‌كانى پێكهێنانى حكومه‌تدا، ده‌ستوه‌ردانى چڕوپڕى كرد، بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت و فشارى زۆرى كرد بۆ جێكردنه‌وه‌ى هه‌ندێك وه‌زیر ئه‌گه‌رچى له‌وه‌دا سه‌ركه‌وت، به‌ڵام خراپ به‌سه‌ریدا شكایه‌وه‌.

باسم خزعل ئه‌ندامى سه‌ربه‌خۆى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ده‌ڵێت:"سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران له‌ كۆتا رۆژه‌كانى ته‌مه‌نى سیاسى خۆیدا ده‌ژى، دواى ده‌ستوه‌ردانى له‌ پێكهێنانى كابینه‌كه‌ى مسته‌فا كازمى". به‌بڕواى ئه‌و په‌ڕله‌مانتاره‌، جموجوڵه‌كانى له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كان و ده‌ستوه‌ردانى له‌ پێكهێنانى حكومه‌ت و سه‌پاندنى هه‌ندێك ناو، هۆكار ئه‌بێت بۆ لادانى له‌ پۆسته‌كه‌ى.

ده‌ڵێت:"هه‌ندێك له‌ كوتله‌ سونییه‌كان كارده‌كه‌ن بۆ لادانى حه‌لبوسى له‌ پۆستى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، حه‌لبوسى ده‌یه‌وێت وا خۆى پیشان بدات، كه‌ سه‌رۆكى پێكهاته‌ى سونییه‌، به‌ڵام له‌وه‌دا شكستى هێنا".

ئه‌گه‌رچى هه‌وڵى په‌رله‌مانتاره‌ سوننه‌و شیعییه‌كان ده‌ستیپێكردووه‌، بۆ ئاوتكردنى حه‌لبوسى، به‌ڵام له‌ عێراق دواجار ئیراده‌ى وڵاتان یارییه‌كه‌ یه‌كلایى ده‌كه‌نه‌وه‌، قسه‌ى كۆتایى لاى هه‌ردوو به‌ره‌ى تاران و واشنتنه‌، سووننه‌كان خۆیان یارى سیاسه‌تى ئه‌مریكان و حه‌لبوسیش له‌ هه‌ردوولا نزیكه‌ و دۆستى ئێرانییه‌كانه‌. ره‌نگه‌ له‌پێناو مانه‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ى لۆبى ناوخۆیى بكات، پێویستى به‌مانۆڕێكى نێوده‌وڵه‌تى بێت، ئه‌گه‌رنا پێناچێت گێژه‌ڵوكه‌كه‌ به‌ عه‌بدولمه‌هدییه‌وه‌ بگیرسێتەوە.