ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:25 - 10/05/2020

سەدام ڕێكەوتنەكەی دڕاند، ئێران زیندووی دەكاتەوە‌

پەیسەر

جموجووڵەكانی سەرەتای دەست بەكاربوونی مستەفا كازمی و دیدارو تەلەفۆنەكانی لە سەرەتای ڕێككەوتنەكەی 1975 ی جەزائیر دەچێت، ئیرەجی مەسجیدی باڵیۆزی ئێران لە بەغداد لەكاتێكدا كە كوردو بەغداد لە ناكۆكیی و چارەسەرەكردنی كێشە هەلپەسێراوەكانی نێوانیاندان، باس و خواسی ئەو ڕێككەوتنە دێنێتەپێشەوە ك تیایدا كۆتاییان بە شۆڕشی كورد هیناو هەزاران گوندی باشووری كوردستان وێران بوون و ئاڵوگۆڕیی ڕیشەیی بەسەر ژیانی ئاسایی باشووری كوردستاندا هات، ئاخۆ پەیامی  وەبیرهێنانەوەی ئەو ڕێككەوتنە بۆ كستەفا كازمی چیە و كورد دەبێت چۆن لێی بڕوانێت؟

چەند رۆژێكە مستەفا كازمی - بە پشتیوانی كوردانی باشوور- بووەتە سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق، لە دیدارە سەرەتاییەكانیدا جگە لەوەی لە یەك رۆژدا (شەممە 9/5/2020) چاوی بە باڵێوزی ئەمەریكا  ماسیۆ تولر و باڵیۆزی ئێران (ئیرەجی مەسجیدی) كەوت و لەگەڵ ئەردۆگانیش بە تەلەفۆنی قسەیان كردووە و لەگەڵ فاتیح یەڵدزی باڵیۆزی توركیاش كۆبووەتەوە، ئەوەی جێگەی سەرنجە لەو یەكەم دیدارەدا ئیرەجی مەسجیدی باسی ڕێكەوتن نامەی جەزائیری 1975 نێوان (شا و سەدام)ی هێناوەتەوە بەرباس و گوتوویەتی ئێمە پابەندین بەو ڕێككەوتنەوە.
ڕێككەوتننامەی جەزائیر لە ڕۆژی هەینی 6ی ئازاری 1975 لە پایتەختی وڵاتی جەزائیر (شاری جەزائیر) لە نێوان (محەمەد ڕەزا پەهلەوی شای ئێران) و (سەدام حسێن جێگری سەرۆك كۆماری عێراق) و بە ناوبژیوانیی (هەواری بۆمیدیەن سەرۆك كۆماری جەزائیر) واژۆ كراوە.
 
گەرچی سیستەمی فەرمانڕەوایی لە هەردوو وڵات گۆڕانكاریی ڕیشەییان بەسەردا هاتووە بەڵام وەبریهێنانەوەی لەم كاتەدا و لەیەكەم دیداردا جێگەی گومانە، ڕێككەوتننامەكە ناوی (معاهدە الحدود الدولیة و حسن الجوار بین العراق و ایران)ەو بەڵام بەناوی ڕێككەوتننامەی جەزائیری 1975 ناسراوە.

ئەم ڕێككەوتننامەیە دەقێكی زۆر كورت و پوختە و جگە لە پێشەكییەك و پاشەكییەكی كورت كە ستایش و سوپاسی هەواری بۆمیدیەن و بانگهێشتنامەی سەرانی هەردوو وڵاتە بۆ وڵاتانی یەكتر، ناوەڕۆكەكەی تەنیا چوار خاڵەو زۆر بە كورتی نووسراوەو ناوی كوردیشی تێدا نەهاتووە، بەڵكو ناڕاستەوخۆ بە دەستەواژەی (تێكدەر) و پاراستنی ئاسایش و سنووربەزاندن و...تد ئاماژە بە شۆرشی كوردستان و حزبە ئۆپزیسیۆنەكانیان كراوە.

بە پێی سەرچاوە مێژوییەكان شەش مانگ بەر لەواژۆكردنی ئەو ڕێكەوتننامەیە (سەعدون حومادی ) وەزیری دەرەوەی عێراق و (خەلعەتبەری) وەزیری دەرەوەی ئێران چەندین كۆبوونەوە كراوەو ئامادەكاریی كراوە بۆ ئەو ئەو ڕێككەوتننامەیە.

وەك شارەزایان باسی دەكەن ڕێككەوتنەكە درێژەی هەبوو كە دواتر سێ پرۆتۆكۆل و ڕێكەوتنی ئاسایش و سنووری ئاویی و وشكانیی و چوار ڕێككەوتننامەی دیكەی بەدواداهاتووە ، دەبێت ئەوەش بگوترێت كە ڕێككەوتننامەی جەزائیر ئەنجامی ناكۆكیی و ململانێی دووردورێژی عێراق و ئێران و درێژكراوەی كێشەكانی نێوان هەردوو ئیمپراتۆریی عوسمانیی و سەفەوەییەكان بوو پاشتر بە میرات بۆ ئەو دوو دەوڵەتە مابووەوە. هەروەها بەشێكی ڕێككەوتننامەكەش هۆكارەكەی ناكۆكیەكان  هەردوو وڵات بوو لەسەر بەشێك لە (شەتولعەرەب) و (شۆڕشی كوردستان-ئەیلوول) بوو بەو پێیەی . ساڵی 1970 كە بارزانی ڕێككەوتننامەی 11ی ئازاری لەگەڵ عێراق مۆر كردو بەهیچ شێویەك ئاگاداری شا و ئێرانییەكان نەكردو ساواكییەكان(دەزگای هەواڵگریی ئێران) هەوڵیان داوە بارزانی لە ڕێككەوتن سارد بكەنەوە، بەڵام ئەو بەگوێی نەكردن و پێی وابوو دەبێت كارەكە سەر بگرێت. گەرچی هێشتا بەیاننامەی 11 ئازری 1970 وەك پێویست جێگەی خۆی نەگرتبوو، بە پێی سەرچاوەكان كورد لەو بەیاننامەیەدا سودمەندی گەروەبووەو بەشێكی زۆر لە مافەكانی بۆ دەستەبەر بووە، بۆیە عێراق بەدوای بیانوویەكدا دەگەڕا بۆ خۆدزینەوە و جێبەجێ نەكردنی .

بەیاننامەی 11 ئازار شای تەواو تووڕە و بێزار كرد و بڕیاریدا تۆڵە لە كورد بكاتەوە، بۆیە شارەزایان پێیان وایە ڕێككەوتنامەی جەزائیر بەشێك لەتۆڵەكردنەوەی تێدا بوو بەو پێیەی لە رۆژی 11/ئازاری 1975 شا پێشوازیی لە بارزانی و شاندی هاوڕێی دكتۆر مەحموود عوسمان و دكتۆر شەفیق قەزاز و موحسین دزەیی كردووە و چۆنیەتی ڕێككەوتنامەكەو چارەنووسی كوردی پێڕاگەیاندوون، بەو واتایەی هەمان رۆژی ڕێككەوتنی لەگەڵ عێراق وەبیرهێناونەتەوە، هەرچەندە شاندەكە زۆر پێشتر گەشتبوونە كۆشكی نیاوەران لە تاران. لەو دیدارەدا جەنەراڵ نەسیری سەرۆكی ساواك و ئەسەدوڵای عەلەم وەزیری دەرباری شا ئامادەبوون. دوا جار بە كۆتایی هاتن بە شۆڕشی ئەیلوول كۆتایی هات .

هەرچەندە سەرۆكی لەسێدارەدراوی عێراق –سەدام حسین- لەسەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان عێراق و ئێراندا (1980-1988) ڕێككەوتننامەكەی دڕاندو ڕایگەیاند كە بە هیچ شێوەیەك پێوەی پابەند نابن، بەڵام دەرئەنجامەكانی لە نێوان 1975-1980 لەسەر باشووری كوردستان زۆر قورس بوو، شكستی شۆڕش و ڕاگواستنی زیاتر لە 4 هەزار گوندی سنوورەكانی لێكەوتەوە ، وێرانبوونی زۆرترین ناوچەی سنووری كە باشترین شوێنی بەخێوكردنی مەڕوماڵات و بژێویی بوو، دواتر دروستكردنی ئۆردوگا زۆرەملێكان و ناچاركردنی خەڵك بە چەكداریی و چەندین زیانی دیكە. سەرەڕای ئەوەئێران لە سنووری خۆیەوە هیچ جووڵەیەكی بە گوندەكان نەكرد و ئەوەش بەشێك بوو لە نیگەرانیەكانی سەدام حسین كە پێی وابوو فێڵی لێكراوە.

بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لە دیداری ئیرەجی مەسجیدی باڵیۆزی ئێران و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق ئەو بەرپرسە ئێرانیە جەخت لەسەر بەردەوامی ڕێككەوتن نامەی جەزائیر دەكاتەوەو بە ئاشكرا پێی دەڵێت ئەوان پابەندن بەو ڕێككەوتننامەیەی كە شاو سەدام واژۆیان كردووە، هەر لەو دیدارەدا باس لە پەیوەندییەكانی دیكەی نێوان هەردوو وڵاتیان كردووەتەوە لە نموونەی ڕاكێشانی هێڵی ئاسنی نێوان خوڕەمشهەرو بەسرە، هەروەها باسیشیان لە پێدانی ڤیزای نێوان هەردوو وڵات كردووە، كازمیش لەوەڵامی مەسجیدیدا بە بێ ئەوەی ئاماژە بەو ڕێككەوتننامەیە بكات، گوتویەتی ئێمە خوازیاریی باشترین پەیوەندین لەگەڵ ئێران.

مستەفا كازمی لەدیداری لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریكاشدا –ماسیۆ تولر- باسی هاوكاریی دولایەنەی كردووە لە بواری ئابووری و ئاسایش دا، هەروەها جەخت لەسەر پێكەوە كاركردن كردووە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر، لە هەمان كاتیشدا جەختی  لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە عێراق نابێتە گۆڕەپانی یەكلایی كردنەوەی بەرژەوەندی هیچ وڵاتێك و لەسەر خاكەكەیەوە هێرش ناكرێتە سەر هیچ وڵاتێكی دراوسێ و هاوڕێ، ئەوە لە كاتێكدایە كە بەشێكی زۆر لە هێزە سیاسیەكانی نزیك لە ئێران جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە هەرچی زووترە هێزە بیانیەكان لە عێراق بكشێنەوە كە مەبەستی سەرەكییان هێزەكانی ئەمەریكایە.

هەرچەندە زۆرینەی بەرپرسانی كورد لایەنگریی دانانی مستەفا كازمی بوون و دەنگیان پێداوە بەڵام تا ئێستاش كێشەی نێوان هەولێر و بەغداد چارەسەر نەبووە و زۆرینەی كێشەكانیش پەیوەستن بە سێكتەری نەوت و داهاتی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان و بەشە بووجەی كوردستان لە عێراق و شایستە داراییەكانی پێشمەرگە، دەكرێت بگوترێت لە كۆتا فشاری حكومەتی عێراقدا بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كورستان بوو تا ئەو كاتەی كێشە هەلپەسێراوەكان كۆتاییان پێدێت و ئەو دوو لیژنەیەی دیاریی كراون كارەكانیان تەواو دەكەن.

هەرچەندە دەستبەكار بوونی سەرۆك وەزیرانی نوێ زۆر نیەو ناكرێت لە ئێستاوە هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت، بەڵام هێنانەوە بەرباسی ڕێككەوتننامەی جەزائیر لەیەكەم دیداردا و لەكاتی هەبوونی كێشەی نێوان هەرێم و بەغداد لەلایەن بەرپرسێكی كۆنی سوپای پاسدارانی و باڵێۆزی ئێستای ئێران جێگەی سەرنجەو دەبێت لایەنی پەیوەندیداری حكومەتی هەرێم و تەنانەت لایەنە سیاسیەكانیش بەهەند وەریبگرن، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە كورد نەكەوێتەوە نێو تەپكەداوەكەوە.