ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:39 - 01/05/2020

کۆرۆنا ئابوری دوبەی رووبەڕووی تەنگەژە دەکاتەوە‌

پەیسەر

سه‌ره‌ڕای ناسه‌قامگیری باری ته‌ندروستی ئیماراتی عه‌ره‌بی به‌گشتی به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێوه‌، شاری دووبه‌ی بڕیای هه‌مواركردنه‌وه‌ی ڕه‌وتی ژیانی دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ ده‌دات، له‌ ترسی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی قه‌یرانێكی سه‌ختی دارایی.

دوبه‌ی یه‌كێكه‌ له‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌‌ سه‌رنجڕاكێشه‌كانی جیهان و به‌ سێهه‌م شاری گه‌شتیاری هه‌ژماركرا له‌سه‌ر ئاستی جیهان، بۆ ساڵی 2019 كه‌ له‌وساڵه‌دا داهاتێكی به‌بڕی 28‌ ملیار دۆلار به‌ده‌ستهێنا.

پێده‌چێت زه‌ره‌رمه‌ندێكی گه‌وره‌ی ده‌ستی ڤایرۆسی COVID-19 بێت، به‌پێی ئه‌وه‌ی بەشێکی زۆری داهاته‌ ناوخۆییه‌كه‌ی له‌سه‌ر گه‌شتیاران به‌نده‌ و له‌ ئێستادا كارایی ئوتێل و میوانخانه‌كانی كه‌متره‌ له‌ 10%و به‌ڕێوەبه‌ری یه‌كێك له‌ ناودارترین ئوتێله‌كانی شاری دووبه‌ی پێیوایه‌ ئه‌م دۆخه‌ تا كۆتایی ساڵی 2020 ده‌خایه‌نێت. 

لێكۆڵه‌ره‌وه‌ و شاره‌زایانی بواری ئابووری له‌و باوه‌ڕه‌دان كه‌ پێویسته‌ دووبه‌ی له‌ هه‌وڵی په‌یداكردنی گرێبه‌ستێكی ڕزگاركەر بێت هه‌روه‌ك چۆن له‌ ساڵی 2009 دا شاری ئه‌بوزه‌بی ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ نه‌وت، له‌ له‌ناوچوون ڕزگاری بوو. له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌ر ئه‌م دۆخه‌ ماوه‌ی سێ بۆ چوار مانگێكی دیكه‌ درێژه‌ بخایه‌نێت، داهاته‌ ناوخۆییه‌كه‌ی دوبه‌ی به‌بڕی 5% بۆ 6% ی كه‌م ده‌بێته‌. 

له ‌كاتێكدا، قه‌رزه‌كانی شاری دوبه‌ی به‌ 135 ملیار دۆلار مه‌زنده‌ ده‌كرێت (واته‌ 125%ی  تیكڕای داهاته‌كه‌ی) و بڕیار وابوو به‌ هاتنی ساڵی 2024 نیوه‌ی قه‌رزه‌كان بداته‌‌وه‌. لێره‌شه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئابووری شاره‌كه‌ به‌ ڕاده‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌سه‌ر بازاڕكردن و گه‌شتیاران به‌نده‌، ده‌سه‌ڵاتدارانی شاره‌كه‌ بڕیاری كردنه‌وه‌ی بازاڕه‌ زه‌به‌لاحه‌كانیان داوه سه‌رباری كه‌منه‌بوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی كۆچكردووان و زیادبوونی ڕێژه‌ی توشبووان له‌ ئیماراتدا به‌گشتی.

دیاره‌ ئه‌م بڕیاره‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی دوبه‌ی له‌ ترسی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داڕمانێكی ئابوری نوێدایه‌. له‌ كاتێكدا كۆی شاره‌كانی دیكه‌ی ئیمارات وریایانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا ده‌كه‌ن. بنیامین بارتی نوسه‌ر، له‌ و‌تارێكی ڕۆژنامه‌ی لومۆندی فه‌ڕه‌نسی-دا ده‌ڵێت، دوبه‌ی له‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی په‌ڕه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنادا، په‌له‌ ده‌كات.  

له‌ئێستادا، سێ ملیۆن و نیو دانیشتووی دوبه‌ی‌ توانای جموجۆڵیان هه‌یه‌ به‌ناو شاره‌كه‌دا، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی ته‌نها سێ ڕۆژ جارێك ڕێگه‌پێدانی ئه‌لیكترۆنییان بۆ به‌رده‌ست ده‌كرا له‌لایه‌ن پۆلیسی شاره‌كه‌وه، بۆ دابینكردنی پێداویستییه‌ خۆراكییه‌كانیان‌. 

ده‌سه‌ڵاتدارانی دوبه‌ی توانای به‌رزی شاره‌كه‌ له‌ ده‌ستنیشانكردنی توشبووه‌كاندا وه‌ك پاساوێك بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ ده‌هێننه‌وه‌، به‌ڵام شاره‌زایان پێیان وایه‌ دۆخی ئابووری شاره‌كه‌ ڕۆڵیكی گرنگی هه‌بووه‌ له‌و بڕیاره‌دا.  

نوسه‌ر ڕوونیده‌كاته‌وه‌، هۆكاره‌كانی دابه‌زینی نرخی نه‌وت و كاریگه‌ریی جیۆسیاسییه‌ ناوچه‌ییه‌كان و له‌سه‌ر خۆیی گه‌شه‌ی وڵاتی چین، زیانی به‌ بواری بیناسازی و گه‌شتیاریی گه‌یاندووه،‌ كه‌ به‌ دوو سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی داهاتی شاری دوبه‌ی داده‌نرێت سه‌رباری بازرگانییه‌ به‌نده‌رییه‌كان.

هەروه‌ها ده‌ڵێت، شاری دوبه‌ی له‌ ساڵی 2019 دا گه‌شه‌یه‌كی كه‌می به‌خۆیه‌وه‌ بینی كه‌ ته‌نها به‌ بڕی 1.94%بوو، ئاماژه‌ش به‌وه‌ ده‌دا كه‌ شاری دوبه‌ی به‌پێچه‌وانه‌ی هاوسێكانی، خاوه‌نی سامانێكی گه‌وره‌ی نه‌وتی نیه‌.
 
لە ‌توێژینه‌وه‌یه‌كی مارسی 2020، كۆمپانیایه‌كی شیكاری بواری ئابووری به‌ ناوی ( كاپیتاڵ ئیكۆنۆمیكس) پێشبینی هاتنی داڕمانێكی ئابوری ده‌كات. به‌ڕای نووسه‌ریش ئه‌مه‌ وایكرد كه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ ناوچه‌ییه‌كان په‌له‌ له‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی دۆخی ناوچه‌كانیاندا بكه‌ن. به‌ڕای راوێژكارێكی كاروباری شاری دوبه‌ی، هه‌ڵگرتنی قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ بڕیاری (مه‌ژی ‌ و مه‌مره)‌ه‌‌ بوو خوودی بڕیاره‌كه‌ش سه‌ركێشییه‌كی ناچاریی بوو.