ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

11:13 - 27/04/2020

كۆرۆنا لە ووهانی چینەوە بۆ ئەستانبوڵی توركیا‌

پەیسەر

توركیا وڵاتێكی گەشتیاریی قەرەباڵغە، هەڵكەوتە جوگرافیەكەی بووەتە هۆی چالاكی كەرتی گەشتیاریی لەو وڵاتەدا، بەڵام ئەمجارەیان ئەو كەرتە بۆ توركیا بووەتە نەگبەتی و لەو ڕێگەیەوە ڤایرۆسی كۆرۆنایان بۆ گوازرایەوە، هەرچەندە لەسەرەتاوە دەسەڵاتدارانی توركیا ڕێ و شوێنی توندیان نەگرتە بەر بەڵام كاتێكیان زانی وا خەریكە ڤایرۆسەمە تەنگیان پێهڵدەچنێت، هەربۆیە كاتێك كەوتنە خۆیان تا ڕادەیەك درەنگ بوو.
دوای تۆماركردنی ژمارەیەكی زۆر لە تووش بوون و مردن وەزیری تەندروستی توركیا ڕایگەیاندووە كە ئەستانبوڵ جێگەی ووهانی چینی گرتوەتەوە لە بەر ئەوەی ئەو شارە ناوەندی بڵاوكردنەوەو توش بوون بە ڤایرۆسی كۆرۆناو تۆماركردنی مردن تیایدایە.

 

دەسەڵاتدارانی توركیا یەكەم حاڵەتی مردنیان لە 17/3/2020 دا ڕاگەیاندووە

فەخرەدین كۆجەی وەزیری تەندروستی توركیا ڕایگەیاندوو تا هەفتەی پێشوو لە وڵاتەكەیدا تووش بوانی كۆڤید19 ی ناسیراو بە كۆرۆنای نوێ 85 هەزاری تێپەڕاندووە، بەڵام لە ئێستادا لەڕیزبەندی وڵاتاندا چینی تێپەڕاندووە، بەگەشتنی مانگی ڕەمەزانیش ژمارەی تووش بووان بەرزبووەتەوە بۆ 104 هەزار كەس و لەو ژمارەیەش 2600 كەسیان مردوون. وەك فەخرەدین باسی دەكات زۆرینەی مردووەكان لە ئەستانبوڵ بووە بە ڕێژەی 60%ی سەرجەم مردووەكانی وڵاتەكەی دەستنیشان كراوە.

 

 گومان دەكرێـت چەند هەفتەیەك پێش لەڕاگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی كۆرۆنا چووەتە توركیا

چاودێران پێیان وایە هۆكاری سەرەكی بریتیە لە قەرەباڵغی و جەناجاڵی زۆر لە شارەكەو ڕانەگرتنی گەشتە ئاسمانیەكان و ئاوەڵایی دەرگای فڕۆكەخانەكانی، سەرەڕای ئەو هەموو خەڵكەی لە دەرەوەی شارەكە لە شارۆچكەو گوندەكانەوە رۆژانە سەردانیان كردووە هیچ سنوورێكیان بۆ دیاری نەكراوە.
گەرچی لە 11/3/2020 یەكەم حاڵەتی تووش بوون بە ڤایرۆسەكە تۆمار كرا، بەڵام لە 4/4/2020 ئەستانبوڵ و شارو شارۆچكەكانی دیكە كەرنتینە كران و هاتووچۆ تیایاندا سنووردار كران، هاوكات لەگەڵ 30 شاری دیكەدا بە ئەنكەرەی پایتەختیشەوە بوونە مانشێتی هەواڵە ناوخۆیی و جیهانیەكان . داخستنی سەرجەم شوێنە گشتیەكان، قوتابخانە، مۆزەخانە، مزگەوت، چێشتخانەو  هەموو ئەو شوێنانەی كە قەرەباڵغییان تێدا دەكرا ئەنجام درا. هەروەها ئەوانەی كە تەمەنیان لە خواری 20 ساڵ و سەرووی 65 ساڵییەوە بوو ڕێگەیان پێنەدەدا لە ماڵ بێنە دەرەوەو ئەوەشی كە دەهاتە دەرەوە دەبوو دەمامك و دەستكێش بەكاربهێنێت.
لە رۆژی 21/نیسان -رۆژنامەی نیۆرك تایمز- ڕایگەیاندووە كە ژمارەی مردووەكانی ئەستانبوڵ زۆرەو بەو شێوەیە نیە كە توركیا ڕایگەیاندووە، ژمارەی مردووەكان لە ئەستانبوڵدا لە نێون 9/3/2020 تا 1/4/2020 بریتی بووە لە 2100 كەس بووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی توركیا یەكەم حاڵەتی مردنیان لە 17/3/2020 دا ڕاگەیاندووە.
 بە پێی وتەی چاودێران ژمارەی مردن لەچاو مانگەكانی پێشوودا زۆر بەزربووەتەوەو ئەوەش ئاماژە بووە بۆ ئەوەی گومان بكرێـت كە چەند هەفتەیەك پێش لەو بەروارەوە كۆرۆنا چووەتە توركیا ، بەڵام ڕانەگەیەنراوە، یان پێی نەزانراوە.


پێیان وایە لەدوای كۆتایی هاتنی ڕەمەزان بارودۆخی گشتی ئاسایی دەبێتەوە

وەزیری تەندروستی ئۆباڵی ئەو حاڵەتە مەترسیدارەی خستە ئەستۆی ئەو ڕێوشوێنانەی كە وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەكەی گرتویەتیە بەر، بۆ ڕوونكردنەوەی زیاتریش گوتویەتی: ئەوانەی كە لە نێو ئەستانبوڵدا نێژراون هەموویان دانیشتووی ئەو شارە نەبوون ، بەڵام بە هۆی ڕێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆوە نەبراونەتەوە بۆ شارو شارۆچكەو گوندەكانی خۆیان، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەی گۆڕەكان لە سەستانبوڵ زیاتر بێت.
لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتدارانی توركیا ڕایانگەیاندووە كە ڤایرۆسەكەیان كۆنترۆڵكردووەو ژمارەی توشبووانی رۆژانەیان تەوق كردووە، هەر بۆیە دەسەڵاتدارانی وڵات پێیان وایە لەدوای كۆتایی هاتنی ڕەمەزان بارودۆخی گشتی ئاسایی دەبێتەوەو كەرتی گەشتیاریش دەخەنەوە گەڕ. بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەم ڕاگەیاندنە چەندە ڕاستەو ئایا ئەویش وەكو ڕاگەیاندنەكانی پێشوویان نابێت؟