11:47 - 25/04/2020
عەرەبستانی سعودیە یەكێك لە سزا شەرعیەكانی هەڵگرت
جێبەجێكردنی شەریعەتی ئیسلامی لە عەرەبستانی سعودیە كارێكەو هیچ كەس و لایەنێك حاشای لێناكات، هەرچەندە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بە خۆشگوزەرانترین خەڵكی سەرزەوی دێنە ئەژمار و لە هیچ بوارێكدا كەم و كورتییان نەبووە، بەڵام هەبوونی شوێنە پیرۆزەكانی ئیسلام و قۆستنەوەی مێژووی ئیسلامی بووەتە هۆكاری ئەوەی كە چاوی هەموو جیهانی ئیسلامی لە سەربێت، تەنانەت بۆ دروشم و پرسە دینیەكانیش چاوەڕێی زاناكانی ئەو وڵاتەیان كردووە، بەڵام لە سەر ئاستی نێو دەوڵەتی بەردەوام قسەیان لەسەر بووەو لەجێبەجێكردنی شەریعەتی ئیسلامیدا گلەیی ڕێكخراوەكانی مافی كرۆڤیان هاتوەتە سەر، لە هەنگاوێكی بوێرانەی بێ پێشینەدا دادگای باڵای ئەو وڵاتە بڕیاریدا بە هەڵگرتنی -جەڵد- یان شوڵكاریی تاوانباران.
عەربستانی سعودیە بەیەكێك لەو وڵاتانە دادەنرێـت كە سزای دژ بە مافەكانی مرۆڤی تێدا جێبەجێ دەكرێت
بە پێی ڕاپۆرتێكی (BBC)لەگەڵ دەستپێكی
مانگی ڕەمەزانی 2020 دا بەرپرسانی دادگای باڵای عەرەبستانی سعودیە هەموو جۆرە
(جەڵد- لێدانی شووڵ –یان –شەلاق)یان لەسەر تاوانباران هەڵگرت و بە پێێ بڕیارێكی
ئەو دادگایە، كەباڵاترین دەسەڵاتی دادوەریی ئەو وڵاتەیە سزاكەیان گوڕیوە بە
(بژاردنی دارایی -غەرامە) و ئەوەش دوای ئەوە هات كە وڵاتەكەیان لەژێر فشارێكی زۆری
ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤدایەو لە زۆر ناوەندی میدیایی و ڕێكخراوەیی جیهانیدا
لەمپەریان بۆ دروست دەكرێت و ناوبانگی خراپیان دەخرێـتە پاڵ و بەیەكێك لەو وڵاتانە دادەنرێـت كە سزای دژ بە مافەكانی
مرۆڤی تێدا جێبەجێ دەكرێت.
بەپێی بڕیارە نوێیەكەی دادگای باڵای
عەرەبستانی سعودیە، لەبری ئەوەی سزای شوڵكاریی- شەڵاق-ی تاوانباران بكرێت لەوبەروارە بەدواوە سزار
دارایی و زیندانیكردن جێگەی دەگرێتەوە، عەرەبستانی سعودیە ئەو جۆرە سزایە بۆ ئەو
كەسانە دادەنێت كە تاوانێكیان ئەنجام داوەو دەبێـت تەمبێ كراون و لەناو خەڵك و
بەدیارچاوی میدیاكانەوە ئەو كارە یان ئەنجام داوە، پاساویشیان ئەوەبووە كەسەكە
ببێـتە پەندێكی گەورە بۆ ئەوانی دیكەو لەگەڵ ئەوەشدا لەو تاوانە بسڕێتەوەو لای
خودا سزا نەدرێت.
مامەڵەی لەگەڵ نەیارانی سیاسی و ئایدۆلۆژی و فیكریەكانی مامەڵەیەكی تەندروست نیە
بە پێی ڕاپۆرتەكەی (BBC) دەمێكە عەرەبستانی
سعودیە دەمێكە لە ژێر فشاری نێو دەوڵەتی و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤدایە، بەتایبەتی
لەدوای كوشتنی رۆژنامەنووسی بەناوبانگی وڵاتەكەیان –جەمال خاشوقچی- لە نێو
باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی خۆی لە وڵاتی توركیا و سزا دانی هەندێكی دیكە لە نەیارە
سیاسیەكانی.
عەرەبستانی سعودیە بە یەكێك لەو
وڵاتانە دێتە ئەژمار كە مافەكانی مرۆڤ پێشێل دەكات و ناوی لەنێو ئەو وڵاتانەدایە كە لەو ڕوەوە لەنێو
لیستی ڕەشدان، چوون مامەڵەی لەگەڵ نەیارانی سیاسی و ئایدۆلۆژی و فیكریەكانی
مامەڵەیەكی تەندروست نیەو ئەوانەی بە پێچەوانەی سیاسەتی پادشاكانی ئەو وڵاتەوە
رەفتار دەكەن ڕووبەڕووی سزای توندی نامرۆڤانە دەبنەوەو بە توندیی سەركوتیان دەكات،
ئەوە لەكاتێكدایە كە ئەو وڵاتە لەڕێگەی دامەزراوە شەرعیەكانیەوە ئەو سزایانەیان
بەسەردا دەسەپێنن كە لە فیقهی ئیسلامیدا هاتوون و لەناو ئەوانەشدا شووڵكارییە،
دەبێـت بگوترێـت كە چەند ساڵێكی كەمە ڕێگە دراوە بە ژنانی ئەو وڵاتە ببنە خاوەنی
مۆڵەتی شۆفێریی و تا2019 ڕێگە بە ئافرەتان درا كە بەتەنها گەشت بۆ دەرەوەی
وڵاتەكەی بكات، لە هەمان كاتدا جل و بەرگی
–پۆشتە-ی پەسەند كراوی ئەو وڵاتە زۆركارییەو هەركەس پێچەوانەی بجوڵێتەوە سزا
دەدرێـت. ساڵی 2018 ڕێگەش درا بە ژنان بچنە نێو یاریگاكان و سەیری یاریی تۆپی پێ
بكەن و زۆر بابەتی دیكە هەن كە تێبینی و ڕەخنەی ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤیان لەسەرە.
راپۆرتەكە باس لەوەش دەكات ساڵی 2015
دادگای باڵای عەرەبستانی سعودیە بری (1000)هەزار شووڵی لە شوینێكی گشتیدا دیاری
كرد بۆ –رائف بەدەوی- لەبەر پۆستێكی نێو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، بەڵام دواجار ل ژێر
فشاری توندی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە جیهان و ریكخراوەكانی مافی مرۆڤ ئەو
كارە ڕاگیرا و جێبەجێ نەكرا، لەداوی 2015 ەوە تا ئێستا نەبیستراوە كە
دەسەڵاتدارانی عەرەبستان شوڵكاریی كەسیان كردبێـت، هەر بۆیە پێدەچێت لەو كاتانەوە
سەرقاڵی ئەوە بووبن ڕێگەیەكی بۆ بدۆزنەوەو بڕیارێكی لەو شێوەی لەبارەوە بدەن.
بڕیاری هەڵگرتنی شوڵكاریی –شەلاق- لەلایەن داداگای باڵای عەربستانی سعودیە
لەكاتێكدایە هەردوێنی 24/4/2020 دەنگۆی
ئەوە بڵاوبوویەوە كە – عەبدوڵا ئەلحەمید- چالاكوانی دیاری مافەكانی مرۆڤی سعودیە لە
زینداندا بەهۆی ئەوەی پزیشكی بۆ دابین نەكراوەو و بەپرسانی زیندانەكە لە باری
تەندروستییان نەپرسیوەتەوە گیانی لەدەست دابێـت، بەڵام هێشتا بەرپرسانی ئەو وڵاتە
ئەو هەواڵەیان –ڕەت یان پشتڕاست – نەكردووەتەوە.
شیعەكان هیچ مافێكی سیاسی و ئۆپۆزسیۆن بوونیان نیە
عەبدوڵا ئەلحەمید دامەزرێنەریی
ئەنجومەنی مافی مەدەنی و سیاسی عەربستانی سعودیەیە، دوای ئەوەی ماوەیەكە بەهۆی جەڵدەی
مێشكەوە بە بێ هۆشی –كۆما- ماوەتەوە، هەرچەندە داواكاریی زۆر هەبووە بۆ ئازادكردنی
بەڵام وەڵام نەدراوەتەوەو بە پێی هەواڵەكان دوێنی لەگەڵ هەڵگرتن و گۆڕینی سزای
شوڵكاریی گیانی لە دەست دابێت. نەك هەر ئەو بەڵكو دكتۆر عبدالحمید 69 ساڵ بە 10 ساڵ
زیندانی و محمد القحطانی بە 11 ساڵ
زیندانی سزا دراون لەبەر بۆچوونی جیاوازو دادگای ئەو وڵاتە تاوانی دروستكردنی
نائارامی و پشێوی نانەوەی خستۆتە پاڵیان.
یەكێكی دیكە لەو كێشانەی كە
عەرەبستانی سعودیی لەبارەی كەمینە شیعیەكانی ناو وڵاتەكەیاندایە، سەرەڕای ئەوەی
شیعەكانی ئەو وڵاتە دەرەكی نین و هەر لە دێرزەمانەوە نیشتەجێی ئەو وڵاتەن و دەكەونە
رۆژهەڵات و پارێزگاكانی قەتیف و ئەحساو بە پێێ هەندێك لە ئامارەكان (10 بۆ 15%) ی
دانیشتوانی سعودیە پێكدەهێنن و هیچ مافێكی سیاسی و ئۆپۆزسیۆن بوونیان نیەو و لە 2016
دا نەمر باقر النمر لە سێدارەدرا.
دەبێت بگوترێت كە لە ڕاپۆرتێكی
ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی كە چەند رۆژێك پێش ئێستا بڵاوكراوەتەوە هاتووە:
بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو ژمارەی ئەو كەسانەی لە عەرەبستانی سعودیە لە سێدارە
دەدرێن زیاد دەكات و ساڵی ڕابوردوو 2019 ش ئەو ڕێكخراوە ئاماژەی بەوە دابوو كە 180
كەسی بە تاوانی جیاجیا لە سێدارەوە داوەو بەو پێیەش عەرەبستانی سعودیە بەیەكێك لەو
وڵاتانەی جیهان دادەنرێـت كە سزای لەسێدارەدان جێبەجێ دەكات و تا دێت زیادیش
دەكات.
بە پێی سەرچاوە ئیسلامیەكان سزای جەڵد
–شوڵكاریی- بۆ ئەو كەسانە دانراوە كە تاوانێكی دیاریكراو ئەنجام دەدەن كە بریتین
لە (پەیوەندی سێكسی بۆ –كچ و كوڕ واتە هێشتا نەچووبنە نێو پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە،
نێربازیی، تۆمەت دروستكردن بۆ كەسانی داوێن پاك ، دزیی، خواردنەوەی سەرخۆشكەرەكان،
هەڵگەرانەوەی چەكداریی و لادان لە موسڵمانان و لەو ڕێگەیەوە ڕێگریی لە خەڵك
بكرێـت، هەڵگەڕانەوە لەدین و دواتر پەشیمان بووەنەو گەڕانەوە)، هەموو ئەوانەش
لەنێو دەقە ئیسلامیەكاندا باسیان كراوەو گفت و گۆی زۆریان لەبارەوە كراوە.
لەسەرەتای دروستبوونی سعودیەوە هەردوو دەسەڵاتی شەرعی و سیاسی دەست لە كاروباری یەكدی وەرنادەن
عەرەبستانی سعودیە بە سەرەكی ترین
وڵاتی ئیسلامی سونی دێتە ئەژمار كە پەیڕەویی لە شەریعەتی ئیسلامی دەكات و لە
سەرەتای هاتنی ئیسلامەوە تا ئێستا پەیڕەویی لە جێبەجێكردنی شەریعەت كردووەتەوە،
ئەم گۆڕانكارییەش كە لەژێر فشاری ڕێكخراوە نێو دەوڵەتیەكاندا ئەنجام دراوە، بەڵام
وەك سەرچاوەكان ئاماژەی پێدەكەن، موفتی عەربستانی سعودیەو ئەوانەی كە پەیوەندیدان
بەو دۆخەوە هەیە هەڵوێستیان ڕوون نیەو نازانرێت سەری لە چییەوە دەردەچێت، هەرچەندە
لەسەرەتای دروستبوونی ئەو دەوڵەتەوە هەردوو دەسەڵاتی شەرعی و سیاسی لە یەكتری
جیاوازن و بە پێی ڕێكەوتنی ستراتیژیی نێوانیان هیچیان دەست لە كاروباری ئەوی دیكە
وەرنادەن، بەڵام پرسیار ئەوەیە: ئاخۆ هەڵگرتنی یەكێك لە سزاكانی شەریعەتی ئیسلامی
كە تا ئێستا پەیڕەوی لێكراوە دەچێـتە خانەی كام لەو دەسەڵاتانەوە، سیاسیەكان یان
شەرعیەكانی سعودیە؟