ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:34 - 20/04/2020

پەیسەر دواین زانیاری دەربارەی داواكاری سێ پێكهاتەكەی عێراق ئاشكرادەكات‌

پەیسەر

شیعەكان
ئەگەر چی لەسەرەتادا كوتلەشیعیەكان مستەفا كازمی كاندیدی راسپێردراوی پێكهێنانی حكومەتیان سەرپشك كرد، لەدیاریكردنی كاندیدی وەزارەتەكان بەڵام لە ئێستادا هەڵوێستیان گۆڕانی بەسەرداهاتووە، ماڵپەری العەربی الجدید بڵاویكردەوە مەرج و داواكردنی پۆسیتی وەزاری بە بەهێزی سەریهەڵداوە و كازمیش دەیەوێت لەرێگەی ئەوەی كە ئەم كابینەیە بۆماوەیەكی كورت و كابینەی سەردەمی قەیرانە، لایەنەكان رازی بكات دەستبەرداری داواكاریەكانیان ببن.

كۆتایی هەفتەی رابردوو كازمی رایگەیاند كە لە پێشكەشكردنی كابینەكەی بۆ دەنگدانی پەرلەمانی نزیك بۆتەوە، ماڵپەرەكە بڵاویكردۆتەوە كازمی لەبەردەم سێ جۆر داواكاریدایە، جۆری یەكەم/ هاوپەیمانەكانی ئێرانن كە سورن لەسەر ئەوەی لەكارنامەی كابینەی حكومەت پرسی جێبەجێكردنی 

بڕیاری پەرلەمان بۆ دەركردنی هێزە بیانیەكان جێگیربكرێت، هەروەها چەند مەرجێكیان هەیە سەبارەت بە پۆستی وەزاری و بەهێزكردنی پێگە و هەژمونی حەشدی شەعبی.

جۆری دووەم /مەرجی لایەنە سوننیەكان كە خۆی لە دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان و گەراندنەوەی ئاوارەكان و دەركردنی گروپەچەكدارەكان لەناو شارەكانیان دەبینێتەوە، جگە لەوەش سوننەكان، داوای چارەسەری پرسی رفێندراو و دەستگیركراوەكان و قەرەبووكردنەوەی قوربانیانی پرۆسەكانی تیرۆر دەكەن، هەروەها دەیانەوێت بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی ساڵی 2018 پۆستی وەزاری وەربگرن.

جۆری سێیەم/ داواكاری كوردەكان كە خۆی لە بەڵێندانی كازمی بۆ جێبەجێكردنی تەواوی رێككەوتنەكانی هەرێم و بەغداد دەبینێتەوە كە لەسەردەمی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی واژۆكراون سەبارەت بەپشكی هەرێم لە بودجە.

كازمی چی دەوێت؟
بەپێی زانیاریەكانی پەیسەرپرێس كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت داوای لەلایەنە سیاسیەكان كردووە كەسانی دیاری ناو حزبەكانیان بۆ پۆستە وزاریەكان كاندید نەكەن و بەڵكو كەسانێك كاندید بكەن كە لەناو پرۆسەی سیاسی دیار زۆر دیار نەبوون، جگە لەوەی داواشی كردووە بۆ هەر پۆستێك لایەنەكان سێ كاندید پێشكەش بكەن و ئەو خۆی یەكێكیان هەڵبژێرێت، سوریشە لەسەر هێشتنەوەی چۆنیەتی دابەشكردنی وەزارەتەكان بەم شێوەیە 11 وەزارەت بۆ شیعە و 6 وەزارەت بۆ سوننە و 3 وەزارەت بۆ كورد.

 سەرباری ئەوەی كازمیی دەیەوێت لایەنەكان رازی بكات كە ئەركی ئەم كابینەیە ئامادەكاریە بۆ هەڵبژاردنێكی پەرلەمانی پێشوەختە و كێشە خزمەتگوزاریەكان، نەك چارەسەركردنی هەموو ئەو كێشە هەڵواسراوانەی لە ساڵی 2003 وە هەن، بەڵام ئاستەنگی یەكەمی بەردەم كابینەكەی نارێكی ناو ماڵی شیعەیە، بەجۆرێك عەسائیبی ئەهلی هەق و دەوڵەتی یاسا و رەوتی سەدرل لەسەر چەند پۆستێك پەیوەندیەكانیان ئاڵۆزبووە، رەوتی سەدریش هەرەشەی ئەوەی كردووە كە بەشداری كابینەی حكومەت ناكات و دەبێتە ئۆپۆزسیۆن.

هەروەها سوننەكانیش دەیانەوێت گۆڕانكاری لەو وەزارەتانە بكەن كە وەریان دەگرن، ئەوان لە دانوستانەكاندا جەختیان لەوە كردۆتەوە كە دەیانەوێت وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران وەربگرن، بەوپێیەی زۆرترین ئاوارە و كۆچبەریان هەیە.

شاندی یەكگرتووی كورد دەستی بەگفتوگۆ نەكردووە
رۆژی دووشەممە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ جێگرانی سەرۆكی هەرێم كۆبۆوە و بەپێی زانیارییەكانیش یەكێك لەتەوەركان پرسی پێكهێنانی كابینەی مستەفا كازمی بووە، دوای كۆبونەوەكەش نێچیرڤان بارزانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وێرای جەختكردنەوە لە پشتگیری كازمی رایگەیاند" بڕیاری سەرۆكایەتی هەرێم بۆ مستەفا كازمی بڕیاری هەموو هێزە سیاسیەكان بووە. بەم نزیكانە فراكسیۆنە كوردستانیەكان پێكەوە دەكەونە دانوستان لەگەڵ كازمی".

سەرباری هەوڵەكان بەڵام تائێستا شاندنی هاوبەشی كوردی بەیەكەوە دەستیان بەگفتوگۆ لەگەڵ كازمی نەكردووە، بەپێی زانیاریەكانیش پارتی دیموكراتی كوردستان تاك لایەنە و لەدەرەوەی لایەنەكانی تر چەند خولێكی گفتوگۆی لەگەڵ مستەفا كازمی ئەنجامداوە و داوای مانەوەی فواد حوسێنی كردووە لە پۆستی وەزارەتی دارایی، لەبەرامبەردا بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق ئاگاداری پرۆسەی دانوستانی پێكهێنانی كابینەی حكومەتە، بەڵام دیارنیە ئەو وەك سەرۆك كۆمار چاودێری پرۆسەكە دەكات یان نوێنەرایەتی یەكێتیش دەكات.

كەی دەنگ بەكابینەكە دەدرێت؟
ئەگەرچی هێشتا ڕوون نیە ململانێی لایەنەكان لەسەر كاندیدی وەزارەتەكان چ ئەنجامێكی دەبێت بەڵام زۆرینەی لایەنەكان سورن لەسەر تێپەراندنی كابینەكەی كازمی، لەبارەی كاتی كۆبونەوەی پەرلەمان بۆ دەنگدان بە كابینەی نوێ، حەسەن شاكر كەعبی سەرۆكی فراكسیۆنی بەدر لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند دوای رێككەوتنی لایەنەكان لەسەر كاندیدەكان و بەرنامەی حكومەت كاتی كۆبونەوەی نائاسایی پەرلەمان بۆ دەنگدان بەكابینەی حكومەت دیاری دەكرێت.

رۆژی 9/4 بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق مستەفا كازمی بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت راسپارد و بەپێی مادەی 76 لە دەستوری عێراق ماوەی 30 رۆژی لەبەردەمە بۆ پێشكەش كردنی كابینەكەی، بەرای چاودێرانیش كابینەی داهاتوو ڕووبەڕووی چەندین قەیران دەبێتەوە لەوانەش قەیرانی دارایی كەهۆكارەكەی دابەزینی نرخی نەوت و ڤایرۆسی كۆرۆنایە، هەروەها پرسی ململانێكانی ئەمریكا و ئێران و چەكی دەستی میلیشیاكان دوو ئاڵنگاری تری بەردەمی دەبن.