ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:44 - 16/04/2020

رێككه‌وتنی ئێران، ئه‌مریكا، بۆ پشتیوانى كازمیى ماناى چییه‌؟‌

پەیسەر

تائێستاش هه‌ڵوێستی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خۆشحاڵن به‌ كاندیدكردنی مسته‌فا كازمی بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، به‌ به‌رده‌وامی وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی و وڵاتانی تر، به‌رده‌وامن له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌یاننامه‌ی پشتیوانی بۆ ئه‌و راسپاردنه‌، له‌گه‌ڵ هیوای ئه‌وه‌ی كه‌ده‌ستنیشانكردنی كازمی جوڵه‌یه‌ك بێت، بۆ پرۆسه‌یه‌كی وه‌ستاوی چه‌ند مانگه‌، له‌ هه‌مان كاتدا ناردنی بروسكه‌ی پشتیوانی له‌ناوخۆدا بۆ نوسینگه‌ی كازمی به‌رده‌وامه‌، جوڵًه‌یه‌كی كرده‌یی بۆ دروستكردنی ره‌وشێكی ئه‌رێنی به‌مه‌به‌ستی تێپه‌راندنی كابینه‌یه‌ك به‌بێ ئاسته‌نگ و كێشه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ تاقیكردنه‌وه‌كانی پێشوو ڕوویدا.
كازمی پشتیوانی ئاشكرای نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیشی پێگه‌یشت له‌ سه‌ر زاری جینین بلاسخارت نێرده‌ی تایبه‌تی رێكخراوه‌كه‌ كه‌ سه‌ردانی باره‌گای كازمی كرد، كاندیدی راسپێردراو له‌میانی كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان گفتوگۆیان ده‌رباره‌ی به‌ره‌وپێش چوونه‌كانی پرۆسه‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت كردووه‌.

نوسینگه‌ی رۆژنامه‌وانی كازمی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند كاندیدی راسپێردراو له‌باره‌گای حكومه‌ت پێشوازی له‌نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كردووه‌، و له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا باسی پرسی پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت و هه‌وڵه‌كانی ڕووبه‌ڕوووبونه‌وه‌ی كۆرۆنا و به‌رده‌وامی هاوكاری و هه‌مه‌هه‌نگی له‌نێوان عێراق و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كراوه‌.

لای خۆیه‌وه‌ نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان پشتیوانی هه‌وڵه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌تی كردووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م رێككه‌وتنی نیشتمانی و خواستی خۆشی بۆ زیادكردنی هاوكاری هاوبه‌ش دووپات كردۆته‌وه‌.

ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ پشتیوانی و خۆشحاڵی وڵاتانی ئێران و توركیا و سعودیه‌ و ئوردن و ئیمارات و ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و وڵاتانی تری په‌یوه‌ندیدار به‌كاروباری عێراق، ئه‌وه‌ش به‌واتای ئه‌وه‌ی هێشتا دۆسیه‌ی عێراق به‌لای وڵاته‌ گه‌وره‌كانه‌وه‌ له‌پێشینه‌یه‌، و ده‌توانێت رۆڵێكی كاریگه‌ر له‌ناوچه‌كه‌دا بگێرێت، ئه‌گه‌ر كازمی سه‌ركه‌وتووبێت له‌ پاڵنانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی هاوسه‌نگ، دوور له‌ جه‌مسه‌ربه‌ندی ناوچه‌كه‌، ئه‌و ئومێده‌ تازه‌ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ وڵاته‌ گه‌وره‌كان ده‌یانه‌وێت عێراقێكی سه‌قامگیری خاوه‌ن سه‌روه‌ری ته‌واو ببینن، كه‌ له‌ناو خۆدا جێگه‌ی ره‌زامه‌ندی بێت، و توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت به‌رگری له‌ یه‌كگرتووی وڵاته‌كه‌ی بكات، ئه‌وه‌ش له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه‌ له‌یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌یان به‌رامبه‌ر راسپاردنی كازمی جه‌ختی له‌سه‌ركرایه‌وه‌.

له‌قۆناغی داهاتوودا دۆسیه‌ی ده‌ره‌وه‌ و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ گۆڕانكاری ڕیشه‌یی به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، كازمی دیدگایه‌كی ڕوونی هه‌یه‌ له‌پێناوی پرۆژه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مدارانه‌ی وڵاته‌ دژه‌كان، ئه‌و پیاوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ به‌شداری ده‌كات له‌ گفتوگۆی نێوان تاران و واشنتۆن، له‌پێناوی گه‌یشتن به‌ لێكتێگه‌یشتنێك بۆ دورخستنه‌وه‌ی عێراق له‌ ئاڵۆزی و پێكدادانی ئه‌و دوو وڵاته‌، هه‌روه‌ك كازمی وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ پێداگره‌ له‌سه‌ر دروستكردنی دیدگایه‌كی نیشتمانی یه‌كگرتووی گشتگیر ده‌رباره‌ی بوونی بیانیه‌كان له‌ وڵات، و دووباره‌ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه‌ی بابه‌تیانه‌ی پرسه‌كه‌، له‌پێناوی ته‌واوكردنی پرۆسه‌ی پاشه‌كشه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌عێراق.

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ماڵپه‌ری عێراق الیوم بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و په‌یسه‌رپرێس كردویه‌تی به‌كوردی