ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

05:34 - 13/04/2020

پەلیكان، دەوڵەتە نهێنیەكەی تۆركیا، بڕیاردەری پشتی ئەردۆگان‌

پەیسەر

كاتێك ئەحمەد داود ئۆغڵو وازی لە پارتی دادو گەشەپێدان هێناو ڕوونكردنەوەی داو گوتی پەلكیان لەپشتی دەسەڵات و سەرۆكیشەوە بڕیاردەدات، تا ئەو كات خەڵك نەیزانیبوو كە گروپێكی نهێنی مەترسیداری بڕیار بەدەست لە پشتی دەسەڵاتەكەی ئەردۆگانەوە كارەكان ڕێكدەخەن و زاواكەی سەرۆكایەتی دەكات، ئەوان نەك هەر مافی ڕاوێژكارییان هەیە، بەڵكو بڕیار لەسەردانان و لابردنی وەزیرەكانیش دەدەن، دەست لە كارویاری دادگاكان و میدیای وڵاتەكەش وەردەدەن و ئاڕاستەی هەڵبژاردنەكانیش دەگۆڕن، ئەی وازهێنانی وەزیری ناوخۆ چ پەیوەندییەكی بەوانەوە هەیە؟

 

شەوی ڕابوردوو لە بڕیارێكی پێشبینی نەكراودا وەزیری ناوخۆی توركیا – سلێمان سۆیلو- دەستی لەكار كێشایەوە، ییانووەكانی بۆ كارەكەی لە توێتێكدا خستوویەتی ڕوو، نوسیویەتی: لە پرۆسەیەكی وردی جێبەجێكارییدا لە پێناوی ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كۆتایی ئەو هەفتەیە بڕیاردرا بە ڕاوەستاندنی سەرجەم جمووجووڵەكان، ئەوەش لەسەر كەسێتی من زۆر كەوتووە،، لە هەمان كاتدا بارتەقا نەبوو لەگەڵ ئەو هەموو كارانەی كە بە نموونەیی و كەم وێنە ئەنجامم داوە... هەموو ئەزموون و بەرپرسیارێتی من كەهەمە نابێت لە ئاوا ڕووداوێك و بڕیارێكدا لەدەست بدرێت، بڕیارەكەمان لە نیەتی باشەوە داوە بۆ ئەوە بووە سنوورێك بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایەدابنێین و لەكۆتایی هەفتەشدا بوو...ئەمە بەشێكەلە نوسینەكەی ناوبراو دوای ئەو بڕیارەی كە بۆ ماوەی 48 كاتژمێر بەتەواوی هاتووچۆ قەدەغەكرا لە 31 شاری گەورەدا و لەناویشیاندا ئەستانبوڵ و ئەنكەرەشیان تێدابوو، لەنیوەشەوانێكی درەنگدا بڵاوكرایەوە زۆرینەی دوكان و ماركێت و سەمونخانەو نانەواكان بەرنەدەكەوتن بۆ شت و مەك كڕینی هاوڵاتیان وئەوەش نیگەرانی گەورەی لێكەوتەوەو لە نێو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا هێرشی بەرفراوانی زۆر كرایە سەر حكومەت و وەزیری ناوخۆ بەتایبەتی لەبەر ئەوەی بەرپرسیارێتی ئەو دۆخەی لە ئەستۆدابووە. ئەوە لەكاتێكدا كە ئەكرەم ئیمام ئۆغڵوی سەرۆكی شارەوانی بێئاگایی خۆی لەو بڕیارە دەربڕی و گوتی تاك لایەنە بڕیارەكە دراوە.

وەك شارەزایان باسی دەكەن، توێتەكەی ناوبراو ڕەنگدانەوەی هەستەكانی خۆیەتی كە زۆر نیگەران بووە لەوەی ڕابوردوی خۆی لە پێناوی پارتی دەسەڵاتداراو خزمەتكردنی بە حكومەتی ئەو وڵاتە بە هەدەر چووە، ئەگەر ئەوە دیوێكی ڕووداوەكە بێت، یان بیانووە ئاشكراكەی بووبێت، ئاخۆ چی لە پشتی پەردەوە هەیەو بۆچی وەزیری ناوخۆ لەناكاوێكدا دەگاتە ئەو بڕوایەی لەڕێگەی توێتەرەكەیەوە دەست لەكار بكێشێتەوە، ئەوە لە كاتێكدایە كە ئەگەر تواناكانی ئەو كەسە لەبەرچاو نەگیرایە بۆ ئەوەی ئەمنیەتی ئەو وڵاتە پڕلەكێشەیە بەڕێوە ببات بێگومان هەر لەسەرەتاوە متنمانەی پێنەدەبەخشرا، ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە ڕووی ڕاستەقینەی دەست لەكار كێشانەوەكەی چیە؟

سەرۆكی حیزبی كۆماریی ئۆپۆزسیۆن –كەمال ئۆغڵۆ- لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا گوتویەتی دەستلەكاركێشانەوەی وەزیری ناوخۆ لە دەستی خۆیدا نەبووەو لە هەمان كاتیشدا ئەردۆگان رەتی دەست لەكار كێشانەوەكەی كردووەتەوە. بە پێی هەندێك لە بەدواداچوونە رۆژنامەوانیەكان دەست لەكار كێشانەوەی وەزیری ناوخۆ هۆكاری دیكەی هەیە كە هەموو كەس نایزانێت. ئەردۆگان لە بارەی سلێمانەوە گوتویەتی ئەو لەدوای كۆدەتاكەی 2016 ئەو پۆستەی وەرگرتووە، ڕۆڵی گەوریی هەیە لە خزمەتی توركیا و بەگژاچوونەوەی تیرۆریستاندا، خەڵكی ئێمەش زۆر خۆشیان دەوێت، بۆیە داواكەی پەسەند ناكەین.

سەرۆكایەتی توركیاش لەو بارەیەوە بەیاننامەیەكی دەركردووەو تیایدا هاتووە سەرەڕا خۆشەویستی جەماورەیی بۆ سلێمان سۆیلۆ ئەو لەدوای كودەتا شكستخواردووەكەی 2016 هاتوەتە پێشەوەو توانای باشی هەیە لە پاشەكشەپێكردنی ڕێكخراوە تیرۆرستیەكاندا، كە مەبەست لێی (پارتی كرێكارانی كوردستان ) و (گروپەكەی فەتحوڵاگولەن)ە.

سایتی هەواڵێ (RT) ڕووسی ڕایگەیاندووە: شارەزایان و پسپۆڕانی توركیا باوەریان وایە كە هۆكاری ڕاستەقینەی دەستلەكار كێشانەوەكە پەیوەندی بە كێشەی ناوخۆیی توركیاوە هەیە، لەبەر ئەوەی كێشەی زۆر هەیە لەنێوان –سلیمان سۆیلو- لەگەڵ – بەرائەت بەیرەق-ی زاوای ئەردۆگان دا، هەرچی بەرائەتە خاوەنی گروپێكی دەستڕۆشتووی نهێنی نێو دەوڵەتەكەی ئەردۆگانەو كار بۆ ئەوە دەكەن كە دەوڵەتەكەی خەزوورەی سەركەوتوو تربێت و ناوی ئەو گرووپە نهێنییشە (پەلیكان)ە و بە عەرەبیش پیی دەگوترێت (بەجەع) و بە كوردیش (سەقا)ی پێدەگوترێت، (پەلكیان- سەقا) باڵدارێكی كێویی شێوە قازە. پەلیكان بە یەكێك لەو گرووپە مافیاو سیاسی و هەواڵگرییانە دادەنرێت كە دەست لە هەموو كاروبارێكی بەڕێوەچوونی وڵاتی توركیا وەردەدات و پەیوەندنی توندو تۆڵیشی لەگەڵ گروپی ئەرگەنەكۆنیش هەیە.

هەندێك  باوەڕیان وایە ناوەكەیان لە ناوی ڕۆمانێكەوە هاتووە كە لەساڵی 1992 لە لایەن –جۆن گریشام-ەوە بڵاوكراوەتەوەوە دواتر بیرۆكەی رۆمانەكە بووەتە فیلمێكی بەناوبانگ و هۆڵیۆد بەرهەمی هێناوە و تیایدا كەسانێكی نهێنی كە هیچ پلەو پۆستێكی دیاریی و بەرجستەی نێو دەوڵەتیان نیە بەڵام سەرجەم كارەكان لەڕێگەی ئەوانەوە ئەنجام دەدرێت و بڕیاری چارەنووس ساز لە لایەن ئەوانەوە دەردەچێت.

هەندێكی دیكەش رۆڵی ئەوان بە پڕكەرەوەی كارەكانی گولەنیەكان دەزانن كە پێشتر بۆ دەوڵەتی توركیایان كردووە و هیچ كارەش نەبوون، بەڵام دواجار بەهۆی ناكۆكی سیاسیەوە لەگەڵ ئەردۆگان جیابوونەوەو شەڕیان لە دژی یەكتری ڕاگەیاند و تائێستاش بەردەوامە.

 بەپێی هەندێك لە سەرچاوەكان ئەحمەد داود ئۆغڵووش بەهۆی تەنگ پێهەڵچنینی –پەلیكان-ەوە دەستی لە كارەكەی و تەنانەت حیزبی دادو گەشەپێدانیش كێشایەوە.
پەلیكان، گروپێكی شاراوەی نێو دەسەڵاتی توركیایە كە لەلایەن – بەرائەت بەیرەق-ی زاوای ئەردۆگان و كچەكەیەوە بەڕێوە دەچێت، ساڵی 2016 دامەزراوە، دەست لە هەموو كاروبارەكان وەردەدات ، ناوی ئەو گرووپە دوای ئەوە هات كە داود ئۆغڵو ساڵی ڕابووردوو دەستی لە كار كێشایەوەو ڕایگەیاند پەلیكان لەگەڵ گروپەكەی گولەن دەستیان تێكەڵ كردووەو دەیانەوێت هەریەكەیان بە جۆرێك حیزبی دادو گەشەپێدان لە پرۆسەی دیموكراسی دوور بخەنەوە، ئیتر چاوی میدیاكان چووە سەر ئەو گروپە شاراوەیە، كە هەندێك پێیان وایە (پەلیكان دەوڵەتە لەناو دەوڵەتدا).

فرانس پرێس هەمان زانیارییەكانی شارەزا ڕوسیەكانیان دووپات كردووەتەوەو گوتویانە كێشەی چواردەورەكەی ئەردۆگان سلێمانی ناچار بە دەست لەكاركێشانەوە كردووە، نەك هیچی تر، هەروەها رۆژنامەی –زەمان-ی ئۆپۆزسۆنی توركیش لەسەر زاری توێژەری سیاسی و سەرنووسەری سایتی هەواڵی –خبردار-ی توركی سەعید سەفا نوسیویەتی: دەستلەكاركێشانەوەو پەشیمان بووەنەوەی سلێمان پەیوەندی بەو ناكۆكیانەوە هەیە كە هەیەتی لەگەڵ گروپی –پەلیكان-دا كە لەلایەن زاواكەی ئەردۆگان و وەزیریی دارایی یەوە بەڕێوەدەبرێت، ئەو گروپە پەیوەندی ژێربەژێری زۆری لەگەڵ دەوڵەتی نهێنی –ئەرگەنەكۆن-ەوە هەیە كە كار بۆ دەوڵەتی قووڵی تورك و مانەوەی ئەردۆگان دەكەن.

ئەو شرۆڤەكارە باسی لەوەش  كردووە كە ئەو دەستلەكاركێشانەوەیە سیناریۆی خۆیانەو دەیانەوێت دەوڵەتەكەی ئەردۆگان لەو قەریرانە بپەڕێننەوە كە بەهۆی كۆرۆناوە بۆیان هاتوەتە پێشەوە، ئەردۆگان خۆی ئاگای لە هەموو شتێك هەبووەو پەیجە ئەلیكترۆنیەكانی خۆیان بابەتەكەیان زەق كردەوە بۆ ئەوەی خەڵك كێشەی خواردن و قەرەباڵغی بەردەم ماركێتەكان و نەتوانایی سیستەمی تەندروستی توركیایان بیربچێتەوە.

سەعید باسی لەوەش كردوو كە –پەلیكان- لەناو دەوڵەتی توركیادا زۆر دەست ڕۆشتووە، دەستی هەیە لە دانان و لابردنی وەزیرەكانیش دا و دەست لە كاروباریی دارایی و تەنانەت  هەڵبژاردنەكانیش وەردەدات. بە بۆچوونی ئەو شرۆڤەكارە دانانی ناوی –پەلیكان- یان سەقا، ئەوەیە چۆن ئەو باڵدارە دەتوانێت لە قوڵاییەكاندا ماسی ڕاوبكات و بیهێنێتە دەرەوە ئەوانیش لە قوڵایی توركیادا نێچیرەكانیان ڕاودەكەن. هەر بۆیە بە عەقڵی ئەردۆگان و بڕیاربەدەستی پشتی پەردەی ئەردۆگان دێتە ئەژمار، بەڵام ئەوجارەیان ناكۆكی كەوتوەتە نێوان زاواكەی ئەردۆگان و سلێمانەوەو ئەویش ویستویەتی بەوشێوەیە نیگەرانیەكانی نیشان بدات، چوون زانیویەتی ئەردۆگان مەبەستی مانەوەیەتی نەك دووركەوتنەوەی.

رۆژنامەی –زەمان-ی ئۆپۆزسیۆن ناوی دوو پارێزەری بردووە كە لە دادگاكانی توركیا داوایان لەسەر ئەو ڕێكخراوە تۆماركردووە لەبەر ئەوەی كارەكانیان بەنهێنی و لەدژیی كەسەكان ئەنجام دەدەن و هاوشێوەی –گلادیۆ-كەی ناتۆیە كە لەدوای جەنگی جیهانی دووەم هاتوونەتە گۆڕەپانەكەو چالاكیەكانیان لەنێو هاوپەیمانی باشووری ئەتڵەسی –ناتۆ- ئەنجام دەدەن لە دژی نەیارەكانیان كە زۆرینەی لە ئەندامانی حیزبی شیوعیدا خۆی دەبینیەوە.

هەروەها ئەو دوو پارێزەرە باسیان لەوە كردووە كەدەستیان لە كاروباری دادگا وەرداوەو دۆسیەیان بۆ چەند كەسێك دروستكردووە كە دواتر دەركەوتووە دەستی ئەوانی لە پشتەوەیە، یەكێكی دیكە لەكارەكانیان دروستكردنی دۆسیەیەكە بۆ ئەندامێكی پەرلەمانی حیزبی دادو گەشەپێدان بەناوی –ئەیهان سەفەر ئۆستۆن- كە سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤیش بوو، ئەوان لەڕێگەی رۆژنامەی –صباح-ی سەر بە ئەردۆگان كە لە لایەن هیلال كابڵان و هاوسەرەكەی –صهیب ئۆیۆت- ی هاوسەرییەوە بەڕێوە دەبرێت چەندین هێرشی كرایە سەر. لەبەر ئەوەی ئەو گوتبووی –پەلیكان- داود ئۆغڵۆیان ناچار كردووە كە دەست لەكار بكێشێتەوە.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی توركیا لەبارەی ئەو گرووپە نهێنیەوە دەڵێت : ئەوانە وەك خانەی شێرپەنجەن، ئەوان لەڕێگەی پاڵپشتی ئەردۆگان و لەژێر چەتری ئەودا كارەكانیان دەكەن، دەبێت بە زوویی لەناوببرێن، چوونكە هیچ شەرعیەتێكیان نیە، ئۆستۆن باسی لەسەرەتای دروست بوونی ئەو گرووپە كردووەو گوتوویەتی: یەكەمجار كە دروست بوون بۆ ئەوە بوو چاودێریی میدیاكان بكەن و بزانن چی لەبارەی توركیا و دادو گەشەو كەسی ئەردۆگانەوە دەگوترێت كۆی بكەنەوەو پاشان ڕەتی بدەنەوە، وەك گروپی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی حیزب دەردەكەوتن، ئەو دەشڵێت سەرەتای كارەكە نیەتی باشی لەپشتەوە بوو، بەڵام دواتر دەركەوت چاویان كرایەوەو زیاتر پەلیان هاویشت ئێستا بەدوای پاراستنی سەركردەكانیانەوەن لەبری ئەوەی پارێزگاریی لە حیزب بكەن، نەك هەر ئەوە ئێستا دەست لە هەموو كاروبارەكانی وڵاتیش وەردەدەن.

رۆژنامەی –العین-ی ئیماراتی لە بارەی پەلیكانەوە نوسیویەتی:  ئەندامەكانی خاوەنی سەرمایەو خاوەنی پرۆژەن، لەناو توركیا دەسەڵاتیان زۆرە، بەتایبەتی لەناو پارتی دادوگەشەدا، دەستیان گرتووە بەسەر ڕاگەیاندنەكانی ئەو پارتەدا، بەتایبەتی رۆژنامەی – صباح- كە لەلایەن برایەكی –بەرائەت بەیرەق-ی زاوای ئەردۆگان و هاوسەرەكەیەوە بەڕێوە دەبرێت،  یەكێك لە كارەكانی ئەو گرووپە هێرشكردن بۆسەر تۆڕە كۆمەلایەتیەكانی لایەنە نەیارەكانی خۆیان و تەنانەت بزانن كەسێك ئەندامی خۆشیانە بەڵام لەگەڵ بۆچوونەكانی ئەواندا نیە، هێرشی دەكەنەسەر، نموونەی ئەوانەش -ئایدن ئۆناڵ-ە كە جێگری بەرپرسی پارتەكەی خۆیان بوو لە شاری ئەنكەرە. ئەو پەرلەمانتارە گوتوشیەتی مەترسیەكانی ئەو گرووپە لە گولەنیەكان و پارتی كرێكارانی كوردستانیش مەترسیدارترن، بۆیە دەبێت بە زووترین كات پاكتاو بكرێن و دەستیان لە هەموو كاروبارێك دووربخرێتەوە.

پەتای كۆرۆناو كێشە ناوخۆیی و ئابوورییەكانی توركیا خەریكە دۆخەكە دەگۆڕێت و ئەو توركیایەی جاران ناهێڵێتەوە كە خەونی بە گەڕانەوەی موڵك و ماڵی عوسمانیەكانەوەو دەبینی و ئەردۆگانیش وێنای خۆی بە كەواوسەڵتەو تاجی سوڵتانییەوە دەبینی، ئەوەندەی زەحمەتە ئەو مافیاو گروپە نهێنیانەی لێهەڵبگەڕێتەوە، ئیتر ئەویش دەبێتە بەشێك لە مێژوو، لاپەڕەیەك لە نموونە خراپەكانی دژ بە مافە نەتەوەییەكان بۆ كورد و مافی مرۆڤیش بە گشتی.