ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:04 - 09/04/2020

زورفی چۆن رۆیشت و كازمی چۆن هات؟‌

پەیسەر

دواجار عه‌دنان زورفی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كشایه‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رۆك كۆمار مسته‌فا كازمی سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری عێراقی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت راسپارد، زورفی چۆن رۆیشت و كازمی چۆن هات؟

كورد و سوننه‌ پشتیوانی ره‌هایان بۆ كازمی ده‌ربڕی

ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌په‌یسه‌رپرێسی راگه‌یاند ئه‌و پشتیوانیه‌ ره‌هایه‌ی كورد وسوننه‌ بۆ كازمی رێگایان پێنادات جارێكی تر كه‌ هیچ گله‌ییه‌ك له‌ كازمی بكه‌ن، و پشتیوانی ره‌ها به‌بێ مه‌رج "خۆ خستنه‌ خانه‌ی ئیحراجییه‌".

زورفی سێ رێگای دانابوو بۆ كشانه‌وه‌

ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید ده‌ڵێت، زورفی سێ رێگای دانابوو بۆ لایه‌نه‌ شیعیه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرن تا ئه‌و پاشه‌كشه‌ بكات، یه‌كێكیان ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ ئه‌و كوتله‌ شیعیانه‌ی ئاماده‌نین پشتگیری بكه‌ن با به‌یاننامه‌ ده‌ربكه‌ن ڕوونی بكه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌بوو كوتله‌ شیعیه‌كان به‌یاننامه‌یان ده‌ركرد، جگه‌ له‌وه‌ ئه‌و كوتله‌ شیعیانه‌ په‌یوه‌ندی به‌هێزیان له‌گه‌ڵ كورد و سوننه‌ هه‌یه‌ و داوایان كرد هه‌ردووكیان به‌یاننامه‌ ده‌ربكه‌ن، ئه‌وه‌بوو هه‌م كورد و هه‌م سوننه‌ به‌یاننامه‌یان ده‌ركرد. 

رێگای دووه‌م ئه‌وه‌بوو كه‌ په‌رله‌مانتاره‌ شیعه‌كان كۆببنه‌وه‌ و به‌ده‌نگدان له‌نێوان كازمی و زورفی یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرن، رێگه‌ی سێیه‌میش ئه‌وه‌بوو كابینه‌كه‌ی به‌رێته‌ په‌رله‌مان و له‌وێ متمانه‌ی پێ نه‌درێت، به‌ڵام لایه‌نه‌ شیعیه‌كان رێگه‌ی یه‌كه‌میان هه‌ڵبژارد و ئه‌ویش پاشه‌كشه‌ی كرد.

سه‌رۆكی هه‌رێم پێش به‌یاننامه‌كه‌ی په‌یوه‌ندی به‌لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ كردووه‌

ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید ده‌ڵێت:"نێچیرڤان بارزانی په‌یوه‌ندی به‌پێنج هێزه‌ سیاسیه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ كردووه‌، پێی گوتوون كه‌ مسته‌فا كازمی به‌ڵێنی زۆرباشی پێداون، به‌ڵام من تێبینم هه‌یه‌ له‌سه‌ر پشتیوانی ره‌ها به‌بێ مه‌رج، بۆیه‌ پشتیوانی مه‌رجدار ده‌كه‌م".

نه‌ده‌بوایه‌ به‌یاننامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم پشتگیری رەهابووایە

به‌هار مه‌حمود ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ فراكسیۆنی گۆڕان به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند، به‌یاننامه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌ناوی دامه‌زراوه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ ده‌ریكردووه‌ وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم، و به‌ناوی فراكسیۆنه‌كانه‌وه‌ ده‌رنه‌كراوه‌" كه‌س ناتوانێت رێگری لێبكات به‌یاننامه‌ ده‌ربكات، ئه‌و ته‌عبیری له‌بۆچوونی خۆی كردووه‌، له‌راستیدا ئه‌و به‌یاننامه‌ پشتگیری ره‌ها بوو نه‌ده‌بوایه‌ به‌وشێوه‌ ره‌هایه‌ پشتگیری كازمی بكات، چونكه‌ پێم وایه‌ ده‌بێت كورد مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی حكومه‌ت بكات نه‌ك كه‌سه‌كان".

ئه‌و پێى وابووو به‌وپێیه‌ى پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران به‌پێی عورفی سیاسی پشكی شیعه‌كانه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ كورد به‌لایه‌وه‌ گرنگ نه‌بێت كازمی كاندید ده‌بێت یان زورفی و یان هه‌ر كاندیدێكی تر، ده‌بێت كورد به‌رنامه‌ی حكومه‌ت و داننان به‌مافه‌ ده‌ستوریه‌كانی به‌لاوه‌ گرنگ بێت، من پێم باش بوو ئه‌و پشتگیرییه‌ بۆ به‌رنامه‌ی كازمی بوایه‌ نه‌ك بۆخۆی،به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌و به‌یاننامه‌ بۆ ئه‌وه‌بێت كه‌ كورد نایه‌وێت ببێته‌ به‌شێك له‌كێشه‌ی ناوماڵی شیعه‌،پێشتریش هه‌رێم رایگه‌یاندووه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی زۆرترین رێژه‌ی پشتیوانی شیعه‌ی له‌گه‌ڵ بێت هه‌رێمیش پشتیوانی ده‌كات بۆیه‌ ره‌نگه‌ ئه‌و به‌یاننامه‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بێت.

ده‌بوایه‌ پشتگیری سه‌رۆكی هه‌رێم مه‌رجداربوایه‌

به‌هار مه‌حمود ده‌ڵێت، پشتگیرییه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌م زووبوو هه‌میش ره‌هابوو، ده‌بوایه‌ مه‌رجی ئه‌وه‌ی تێدابووایه‌ كه‌ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی كورد جێبه‌جێ بكات.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌ڵێت:"ئاگادارنیم كازمی هیچ به‌ڵێنێكی به‌كوردابێت، دوای ئه‌م قۆناغه‌ دانوستانی كورد و كازمی ده‌ستپێده‌كات و كورد هه‌ر پێداگری له‌سه‌ر داواكارییه‌كانی پێشووی ده‌كات، به‌لای گوڕانه‌وه‌ گرنگ نییه‌ وه‌زیری نوێ داده‌نێت یان وه‌زیره‌ كۆنه‌كان داده‌نێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی به‌لای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌ گرنگه‌ جێبه‌جێكردنی مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی كورده‌".

كورد و سوننه‌ پارسه‌نگی كازمیان قورس كرد

دوێنێ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند:"سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕوانگه‌ی باوه‌ڕی به‌ سه‌قامگیریی سیاسی و ئه‌منیی عێراق و ئاماده‌یی بۆ كاری جددی له‌و پێناوه‌دا، پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ به‌ پشتیوانیی هه‌موو لایه‌نه‌ نیشتمانییه‌كان زۆر به‌ پێویست ده‌زانێ. له‌و پێودانگه‌وه‌ پێشوازی له‌ كاندیدكردنی به‌ڕێز مسته‌فا كازمی ده‌كه‌ین بۆ پۆستی سه‌رۆكی وه‌زیرانی حكوومه‌تی فیدراڵی له‌لایه‌ن هێزه‌ سیاسییه‌كانی پێكهاته‌ی شیعه‌وه‌. داوا له‌ هه‌موو لایه‌كیش ده‌كه‌ین پشتیوانی بكه‌ن تا به‌ زووترین كات ئه‌ركه‌كانی پێكهێنانی حكوومه‌ت ته‌واو بكات".

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ هاوپه‌یمانی هێزه‌ عێراقییه‌كان كه‌ گه‌وره‌ترین كوتله‌ی سوننی ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌، دوێنێ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند" هاوپه‌یمانی هێزه‌ عێراقیه‌كان پشتیوانی و پاڵپشتی خۆی بۆ رێككه‌وتنی كوتله‌سیاسییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌سه‌ر كاندیدكردنی مسته‌فا كازمی ده‌رده‌برێت بۆ سه‌رۆكایه‌تی وپێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت".

 ئه‌مریكا نیگه‌رانه‌

به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌ر پرێس پێشتر لایه‌نه‌ شیعیه‌كان مسته‌فا كازمیان قبوڵ نه‌بووه‌، ده‌یانگوت له‌ ئه‌مریكا نزیكه‌، باس له‌وه‌ده‌كرێت رێككه‌وتنێك ئاشكرابووه‌ كه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌ی دووقۆڵی نێوان مسته‌فاكازمی و عه‌لی شه‌مخانی ئه‌مینداری ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران له‌به‌غداد كراوه‌، له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌ی شه‌مخانی و وه‌فدی یاوه‌ری به‌هۆیه‌وه‌ هه‌ڵوێستی ئێران به‌رامبه‌ر كازمی گۆڕانی به‌سه‌رداهاتووه‌ و له‌به‌رامبه‌ردا  ئه‌مریكیه‌كان لێی نیگه‌رانن.

رۆژی 7/3/2020 عه‌لی شه‌مخانی به‌سه‌رۆكایه‌تی وه‌فدێكی باڵای ئێران گه‌یشته‌ به‌غداد و چاوی به‌ چه‌ند به‌رپرسێكی عێراقی كه‌وت له‌ناویاندا مسته‌فا كازمی.

رۆژی 9/4/2020 به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق مسته‌فا كازمی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت راسپارد و به‌پێی ده‌ستوریش ماوه‌ی 30 رۆژی له‌به‌رده‌مه‌ بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت.