ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

02:36 - 08/04/2020

زانیاری ورد دەربارەی سەردانەكەی قائانی‌

پەیسەر

پشت پەردەی سەردانەكەی جێگرەوەی سولەیمانی بۆ عێراق... نەسروڵا فەرمان بەسەر حەشدی شەعبیدا دەكات.. و قائانی ناوی سەرۆكی داهاتووی حكومەت دەخاتەڕوو

ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بەسوپای پاسداران لەكۆبونەوەی لەگەڵ سەكردە سیاسیەكانی شیعە لەعێراق لەیەكەم سەردانیدا رایگەیاندووە " ریگە بەبوونی سەرۆك وەزیرانێك نادەین رەخنە لەئێران بگرێت"

بەرپرسێكی شیعە كەنەیویستووە ناوەكەی ئاشكرا بكرێت بە " عەرەبی پۆستی " راگەیاندووە سەردانەكەی قائانی بەمەبەستی كۆتایی هێننان بەو ناكۆكیانەبووە كە لەسەر عەدنان زورفی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت هەیە.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشكردووە " ناكۆكی سیاسی گەورە هەیە لەلایەك لەناو ماڵی شیعە و لەلایەكی ترەوە لەنێوان شیعە و كورد و سوننە.

ئیسماعیل قائانی لەگەڵ سەركردەە دیارەكانی شیعە كۆبۆوە لەهەوڵێكدا بۆ گەیشتنە چارەسەرێك دەربارەی كێشەی دانانی سەرۆك وەزیرانێكی نوێ و پێدانی متمانە پێی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەو كۆبونەوەیە بە " عەرەبی پۆست" ی راگەیاندووە هێزە شیعیەكان بەهەموو توانایانەوە هەوڵی پێكهێنانی كابینەی حكومەت دەدەن بەڵام راسپاردنی عەدنان زرفی لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە كارەكەی خراپتركردووە.

ئەگەرچی رۆژی 16ی ئازار بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق عەدنان زورفی بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت راسپاردووە و بەپێی دەستوریش وادەكەی لە 16ی نیسان كۆتایی دێت بەڵام تائێستا هەموو گروپە شیعیەكان پشتیوانی ناكەن و دابەش بوونێك هەیە لەناو ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان یان رەتكردنەوەی كابینەكەی زورفی، ئەوەش وایكردووە خستنە دەنگدانی كابینەكەی لەئەنجومەنی نوێنەران مەترسی رەتكردنەوەی لەسەر بێت.

كوتلەی فەتح بەسەرۆكایەتی هادی عامری و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتی نوری مالكی دژایەتی راسپاردنی زرفی دەكەن بۆ سەرۆكایەتی حكومەت.

عەدنان زورفی چەند جارێك رایگەیاندووە كە پشتیوانی هاوپەیمانیەتی عێراق و ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا دەكات و رەخنەی لەهەژمونی ئێران گرتووە لەعێراق، یەكێك بووە لەو پەرلەمانتارانەی دژی بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەران بووە بۆ دەركردنی هێزە بیانیەكان.

ئەو سەرچاوەیە پێی وایە هەڵوێستە سیاسیەكانی زورفی ئاڵۆزی نوێ لەپرۆسەی سیاسی عێراق دروست دەكات ئەگەر پۆستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران وەربگرێت.

ئێران لەگەڵ مانەوەی عەبدولمەهدیە
لەكۆبونەوەی لەگەڵ سەركردە سیاسیەكان قائانی رایگەیاندووە وڵاتەكەی حەزناكات دەست لەكاروباری ناوخۆی عێراق وەربدات لەم قۆناغەدا بەڵام لەگەڵ ئەوەش نین زورفی كە رەخنەگرێكی ئێران ئەو پۆستە وەربگرێت.

سەرچاوەكە دەڵێت " قائانی ئەوەی ئاشكراكردووە كە پێیان باشە عادل عەبدولمەهدی لەپۆستی سەرۆك وەزیران بمێنێتەوە تا هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی ساڵی 2022، سەرچاوەكە دەڵێت سیاسیە شیعیەكانیش و گروپە چەكدارەكانی نزیك لەئێران لەناو حەشدی شەعبی پشتیوانی دەكەن.

رەوتی سەدر بێدەنگە
هاوپەیمانی سائیرون ی سەر بەرەوتی سەدر كە بەگەورەترین كوتلەی ناو ئەنجومەنی نوێنەران دادەنرێت، لەسەرەتای راسپاردنی زورفی هەندێك هەڵوێستی پیشاندابەڵام تائێستا هەڵوێستێكی ئاشكرایان لەوبارەیەوە نیە، بەپێی سەرچاوەیەكی نزیك لەموقتەداسەدر، سەدر دووجار بەدووقۆڵی لەگەڵ ئیسماعیل قائانی كۆبوەتەوە، سەرچاوەكە ئەوەی بە عەرەبی پۆست گوتووە كە سەدر گومانی زۆری دەربارەی زورفی هەیە بەهۆی ئەوەی هاوسۆزی لەگەڵ ئەمریكیەكاندا هەیە و لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە كاندیدكراوە  كە هەڵوێستی بەرامبەر ئێران نەرێنیە.

سەرچاوەكە پێی وایە ئەگەرەبەهێزەكە ئەوەیە عەدنان زورفی تەنانەت ئەگەر هاوپەیمانی لەگەڵ كورد و سوننەش بكات، هەر شكست بهێنێت لەكۆكردنەوەی دەنگی پێویست لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

كورد و سوننە چاوەرێی هەڵوێستی شیعەدەكەن 
دەزگا میدیایەكانی عێراق لەسەرچاوەیەكی نزیك لە عەدنان زوفیان گواستەوە كە رۆژانە لەگەڵ سەركردەكانی كورد و سوننە كۆدەبێتەوە بەمەبەستی گرەنتیكردنی پشتیوانیان لەپەرلەمان بەڵام پێناچێنت ئەوەندەش ئاسان بێت.

سەرچاوەیەكی حكومی كە نەیویست ناوەكەی ئاشكرا بكرێت رایگەیاند ژمارەیەك لەئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لەكورد و سوننە پشتیوانی مانەوەی عادل عەبدولمەهدی دەكەن تا هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران.

سەرچاوەكە بەعەرەبی پۆستی راگەیاندووە تەنانەت ئەگەر گریمانەی ئەوەش بكەین كە زورفی پشتیوانی كورد و سوننەش بەدەست بهێنێت بەڵام ئەوە ناتوانێت متمانەی پەرلەمانی بۆ مسۆگەر بكات، دەشڵێت دەبێت هەموان چاوەرێی هەڵوێستی شیعەبن.
قائانی هەوڵی چارەسەری كێشەی ناوخۆی شیعەكان دەدات

سەردانەكەی قائانی لەبنەرەتدا بۆ چارەسەری كێشەكانی ناوخۆی شیعەكان بوو، هەوڵێك بوو بۆ ئەوەی كێشەكان لەسەر پرسی سەرۆك وەزیران چارەسەر بكات، لەسەر رێبازەكەی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندس، ئەركێكی تری قائانی پەیوەندی بە گروپە چەكدارەكانی لایەنگری ئێران لەناو حەشدی شەعبی و كاردانەوەی هێرشەكەی ئەم دوایانە بۆسەر هێزەكانی ئەمریكا لەعێراقەوە هەبووە، لەدوای كوژرانی سولەیمانی حەشدی شەعبی بەدەست كێشەی ناوخۆیەوە دەناڵێنێت، لەدوای مردنی سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندس گروپەكانی ناو حەشد هەوڵیاندا كەسێك بۆ جێگرەوەی موهەندس دیاری بكەن بۆ بەرێوەبردنی كاروبارەكان بەڵام بەهۆی ئەوەی هەموو گروپەكانی حەشد لەژێر هەژمونی ئێراندا نین و بەشێكیان لایەنگری نەجەف و سیستانین بۆیە هەرلایەكیان هەوڵیدا كۆنترۆڵی حەشد بكات و بەوەش ناكۆكی لەنێوان گروپی سیستانی و گروپی خامەنەیی رابەری ئێران دەركەوت، ژمارەیەك لەسەركردەكانی حەشد بەتایبەتی ئەوانەی لەئێرانەوە نزیك بوون گروپێكی حەوت كەسیان بۆ بەرێوەبردنی كاروبارەكان پێكهێنا لەترسی ئەوەی حەشد بكەوێتە زەلكاوێكەوە.

نەسروڵا فەرماندەی راستەقینەی حەشدی شەعبیە
بەپێی سەرچاوەكانی نزیك لە حەشدی شەعبی بەم دوایانە ئەبو فەدەك ئەمینداری گشتی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراق باڵا دەستە لە بڕیارەكانی حەشدی شەعبی و ئیسماعیل قائانی تائێستا بەشێوەیەكی كاریگەر دەستوەردانی نەكردووە، ئەو سەرچاوەیە بە " عەرەبی پۆست" ی راگەیاندوە ئەگەر قائانی خۆی لەعێراق نەبێت ناتوانێت پەیوەندی بەهێز لەگەڵ هەموو گروپەكانی حەشد دروست بكات، سەرچاوەكە دەڵێت تائێستا حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنانی خاوەن بڕیاری كاروباری گروپە چەكدارەكانە لەعێراق.

ئەگەری پێكدادانی ئێران و ئەمریكا
هەندێك لە شارەزایان لەناو ئێران پێیان وایە واشنتۆن و تاران ئامادەیی ئەوەیان هەیە لە عێراق ئاڵۆزیەكانیان زیاتر بكەن، " شهید رەنجی پور" شیكەرەوەی سیاسی بە" عەرەبی پۆست" ی راگەیاندووە لەئێستادا ئەگەری ئاڵۆزبوونەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لەعێراق لەهەر كاتێكی تر زیاترە، دەشڵێت دەكرا كێشەی كۆرۆنا خاڵی ئەرێنی بێت لەپەیوەندی دیبلۆماسی نێوان ویلایەتەیەكگرتووەكان و ئێران بەڵام بەپێچەوانەوە رویدا و سیناریۆی كەمكردنەوەی گرژیەكان كەمترە لە رابردوو.