ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

03:00 - 01/04/2020

شیعه‌كان سێ ناوى دیكه‌ بۆ شوێنگره‌وه‌ى زورفى ده‌خه‌نه‌ سه‌رمێز‌

پەیسەر

سه‌ركرده‌یه‌كی دیاری شیعه‌كان ناوی سێ كاندید بۆ سه‌رۆك وه‌زیران ئاشكرا ده‌كات كه‌ "رێككه‌وتنیان له‌سه‌ركراوه‌"، لایه‌نه‌كان چاوه‌ڕێى كه‌وتنى زورفى ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى جارێكى پێكهێنانى حكومه‌ت به‌ كاندیدێكى دیكه‌ بسپێرن.

سێ كاندیدمان ئاماده‌یه‌
سه‌عد مەتڵه‌بی سه‌ركرده‌ له‌ ده‌وڵه‌تی یاسا، به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند، له‌ ئێستادا كوتله‌شیعییه‌كان له‌ گفتوگۆكانیان به‌رده‌وامن، له‌كاتی سه‌رنه‌كه‌وتنی عه‌دنان زورفی له‌ به‌ده‌ستهێنانی زۆرینه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بۆ متمانه‌دان به‌كابینه‌كه‌ی، ئه‌و سێ ناوه‌ له‌لایه‌ن كوتله‌شیعییه‌كانه‌وه‌ رێككه‌وتنیان له‌سه‌ر كراوه‌، بریتین له‌هه‌ریه‌ك له‌ قاسم ئه‌عره‌جی، عه‌بدولحوسێن عه‌تان و عزه‌ت شابه‌نده‌ر.

شابه‌نده‌ر گونجاوترینه‌
به‌گوته‌ى مه‌تڵه‌بی عیزه‌ت شابه‌نده‌ر"مێژوویه‌كی دووروودرێژی له‌پرۆسه‌ی سیاسی هه‌یه‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ش له‌پرسی رێكخستنی هاوكێشه‌ و په‌یوه‌ندی نێوان حزبه‌ سیاسییه‌ عێراقییه‌كان و پێكهاته‌كان به‌شداربووه‌، پێم وایه‌ شابه‌نده‌ر ده‌رفه‌تی باشتری هه‌یه‌ له‌م بابه‌ته‌دا، ئه‌و له‌سه‌رده‌می به‌عسدا ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ئێران نه‌ماوه‌ته‌وه‌، ته‌نها چه‌ند مانگێكی كه‌م له‌وێ بووه‌ و ژیانی سیاسی خۆی له‌سوریا به‌رێكردووه‌، ئه‌وه‌ش گرنگه‌ هه‌روه‌ها ئه‌و ملكه‌چی ده‌سه‌ڵاتی ئێران و ئه‌مریكیش نابێت، ئه‌وه‌ له‌كاندیده‌كانی تری جیاده‌كاته‌وه‌".

كاندیدی جێگره‌وه‌ پێشكه‌ش ناكرێت
تا ئێستا عه‌دنان زورفى كاندیدى راسپێردراو بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت، له‌ هه‌وڵه‌كانى نه‌وه‌ستاوه‌، له‌رووى ده‌ستوورییه‌وه‌ هێشتا سه‌رۆك وه‌زیرانى راسپێردراوه‌و ئه‌گه‌ر بتوانێت حكومه‌ته‌كه‌ى دروست بكات، له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ى داده‌نیشێت، بۆیه‌ش ناكرێت شوێنگره‌وه‌ى له‌ ئێستاوه‌ پێشكه‌ش بكرێت.

كاندیدی جێگره‌وه‌ پێشكه‌ش ناكرێت ته‌نها له‌دوو حاڵه‌تدا نه‌بێت، یاخود ئه‌وه‌ی عه‌دنان زورفی پاشه‌كشه‌ بكات و ده‌ست له‌كاربكێشێته‌وه‌، یاخود ماوه‌ی ده‌ستووری كۆتایی بێت و نه‌توانێت كابینه‌كه‌ی پێكبهێنێت، به‌گوته‌ى مه‌تڵه‌بى، ئه‌گه‌ر زورفی سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت كاندید ئاماده‌یه‌، و سه‌ركه‌وتنی زورفیش قورسه‌.

سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵه‌ی كرد
شیعه‌كان به‌م دواییه‌ له‌ كۆشكى سه‌لام نیگه‌رانن و پێیان وایه‌ به‌رهه‌م ساڵح نه‌یتوانیوه‌ هاوسه‌نگى و بێلایه‌نى رابگرێت. سه‌عد مه‌تڵه‌بی گوتى:"كێشه‌ له‌چۆنیه‌تی كاندیدكردنی به‌رێز زورفی هه‌بوو، ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی كه‌ سه‌رۆك كۆمار كردی له‌كاندیدكردنی، چونكه‌ زرفی كاندیدی زۆرینه‌ی شیعه‌كان نییه‌ و كاندیدی 50 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌ كه‌ به‌شێكیان سوننه‌بوون، له‌كاتێكدا پێویستی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران كاندیدی زۆرینه‌ی شیعه‌كان بێت".

نیازه‌كانی ئه‌مریكا له‌عێراق نهێنین
ئه‌مریكا هاوكات له‌گه‌ڵ گفتوگۆى توند و گه‌رمى پێكهێنانى حكومه‌ت، له‌ میحوه‌رى خۆیه‌وه‌ ده‌ستى كردووه‌ به‌ جموجوڵ، شیعه‌كان گومان و تریشیان هه‌یه‌ و له‌و جموجوڵانه‌ هه‌ندێك ده‌ڵێن، به‌نیازى كوده‌تا یاخود گورزى سه‌ربازییه‌.

ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی ده‌وڵه‌تی یاسای گوتى:"دۆخی ئاڵۆسكاوی ناوچه‌كه‌ پێمان ده‌ڵێت، پێویستمان به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانێكه‌ كه‌ له‌ كێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ تێبگات و پێویسته‌ به‌لای هیچ لایه‌نێكدا نه‌شكێته‌وه‌، ده‌بێت له‌ ناوه‌ڕاستی رێگاكه‌دا بێت و په‌یوه‌ندیه‌كی هاوسه‌نگ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ئێران دروست بكات، ناكرێت عێراق بكرێته‌ گۆڕه‌پانی كێشه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌، كابینه‌كه‌ی به‌رێز عه‌بدولمه‌هدی به‌شێوه‌ی گه‌وره‌ به‌لای ئێراندا شكایه‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ئه‌مریكا وروژا، پێشتر حه‌یده‌رعه‌بادی به‌لای ئه‌مریكادا شكایه‌وه‌ و لایه‌نی ئێرانی وروژا".

ئێستا زرفی ده‌ڵێت بێلایه‌نه‌، به‌ڵام سه‌عد مه‌تڵه‌بى ده‌ڵێت، پرۆسه‌ی سیاسی عێراق پێویستی به‌كه‌سێكه‌ مێژووی پێشووتری به‌لایه‌كدا نه‌شكابێته‌وه‌، زورفی له‌ ئه‌مریكا بووه‌ و ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌مریكی هه‌یه‌، له‌راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌بینم كه‌ ئێران پێی وایه‌ زرفی له‌ئه‌مریكاوه‌ نزیكه‌.